شێوازی چاندنی ئەنەناس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-13-22:47:00 - کۆدی بابەت: 10242
شێوازی چاندنی ئەنەناس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی ئەنەناس (بە ئینگلیزی: Planting pineapple، بە عەرەبی: زراعة الاناناس)، نشینگەی بنەڕەتی ئەم جۆرە ڕووەکە ئەمریکای باشوورە، دواتر بۆ ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی و وڵاتەکانی تریش گوازراوەتەوە، ئەنەناس یەکێکە لە میوە پەسەند و دڵخوازەکانی منداڵ و پێگەیشتووەکان، تام و چێژێکی خۆشی هەیە و وەک ڕووەکی ماڵەوەش دەچێنرێت، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە توانای بەرگەگرتنیان بۆ کەشوهەوا دەگۆڕێت و جیاوازی زیاتریشیان هەیە، هەروەها چەندین ڕێگەی جیاواز بەکاردەهێنرێت بۆ زیادکردنی وەک، تۆو و چاندنی بەشی سەرەوەی یان چاندنی چەکەرە و لقە بچووکەکانی.

بۆ نموونە چاندنی بە تۆو زۆر بەکەمی بەکاردەهێنرێت و تەنها بۆ مەبەستی دروستکردنی جۆری نوێ و دۆزینەوە و لێکۆڵینەوەیە، بەڵام پەل و لقی چەکەرە بچووکەکانی دەکرێت بچێنرێت، کە بریتین لە درێژەوەبووی سەوز لە ڕەگیدا یاخود لە بەشەکەی سەرو ڕەگەکەی، یان بەکارهێنانی بەشە سەوزەکەی سەرو بەرەکەی کە ماوەیەک پێش چاندنی دەخرێتە ئاوەوە و دواتر کە ڕەگی داکوتا دەچێنرێت، پاش گەشەکردن درێژی ئەنەناس دەگاتە ٩٠-١٠٠ سانتیمەتر و تیرەکەشی لە نێوان ١٣٠-١٥٠ سانتیمەتر دەبێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • خاوێنکردنەوەی جێگەی چاندنەکەی لە هەموو هۆکارەکانی نەخۆشی و ڕەگی ڕووەکی پێشووتر کە تێیدابووبێت، واتە خاکەکەی بەتەواوەتی خاوێنبکرێتەوە و شی ببێتەوە.
  • چاندنەکەی بەهەر جۆرێکیبێت، ئەوا پێویستە زۆر بە چڕی بێت و ژمارەیەکی زۆری ئەنەناس هەبێت لە جێگەکەدا.
  • هەروەها دەبێت مەودای نێوان ئەنەناسێک بۆ دانەیەکی تر ٢٥-٣٥ سانتیمەتر ببێت.
  • پاشان ئاودانی بۆ ئەوەی جێگیرببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

بۆ گەشەکردنی گونجاو ئەنەناس لە زۆرینەی جۆری خاکەکاندا بەرگە دەگرێت، بەڵام باشترە خاکەکەی کەمێک ترشبێت، هەروەها ئاوی بەباشی تێپەڕبێت و کەڵەکەنەبێت، دەکرێت خاکەکەی بەپیتبکرێت بە زیادکردنی ماددەی ئەندامی، دانانی سەماد لە پێش چاندنی گونجاوترە کە دوای چاندنیشی هەر بنجێکی ئەنەناس بەشی پێویست سەمادی ئەندامی دەبێت، هەروەها لە کاتی گەشەکردنیدا دەبێت ماددەکانی کبریتی پۆتاسیۆم و فۆسفاتی ئەمۆنیۆمی بۆ زیادبکرێت.

بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە ڕەگی ئەنەناس بۆ بەشی سەرەوەی خاک گەشەدەکات واتە ناچێتە قووڵاییەوە، پێویستە لە ماوەی کورت و نزیکدا ئاو بدرێت و شێداربکرێتەوە، هەرچەندە ئەم ڕووەکە توانای بەرگەگرتنی وشکی و گەرمی هاوینیشی هەیە، هەروەها بەرهەمی ئەنەناس دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕەگەکەی و بە چاو نابینرێت چونکە بە گەڵا داپۆشراوە و لە ژێر خاکدایە، سەرەتا تەنها نیشاستە کۆدەکاتەوە هەتاکوو دەگاتە کاتی پێگەشتنی میوەکەی، درێژی ئەو بەشە ساغەش کە دەبێتە میوەکەی ٢٠-٢٥ سانتیمەترە، کاتی پێگەیشتنی میوەکە بەگشتی لە نێوان نیوەی مانگی شەش هەتاکوو کۆتایی مانگی هەشت دەخایەنێت، پاشان دەکرێت بە دەست یاخود بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتوو لێبکرێتەوە.  

نیشانەی پێگەیشتنی بەری ئەنەناس گۆڕانی ڕەنگییەتی لە سوورەوە بۆ پرتەقاڵییەکی نزیک سەوز و بۆنێکی بەهێز و خۆشی هەیە، هەروەها ئەو ئەنەناسانەی کە بەتەواوەتی پێگەیشتوون دەبێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا بەکاربهێنرێن، چونکە لە ڕۆژەکانی دواتر خراپ دەبن، بەڵام ئەگەر بە تەواوەتی پێنەگەشتبێت ئەوا دەبێت بۆ ماوەی ٦-١٢ ڕۆژ لە پلەی گەرمی ٧-١٠ پلەی سەدیدا هەڵبگیرێت هەتاکوو پێدەگات.


سەرچاوەکان



308 بینین