شێوازی چاندنی شووتی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-13-23:07:00 - کۆدی بابەت: 10244
شێوازی چاندنی شووتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی شووتی (بە ئینگلیزی: Planting watermelon، بە عەرەبی: زراعة البطیخ)، زۆرینەی جارەکان چاندنی شووتی لە باخچەی ماڵەکاندا دەکرێت تامێکی زۆر خۆشی نەبێت، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو و شارەزا گرنگی بە شووتی بدرێت، گونجاوترین کات بۆ چاندنی لە بەهارەوە هەتاکوو سەرەتای هاوین دەگرێتەوە، واتە لە کاتێکدا کە پلەی گەرمی خاکەکە کەمێک بەرزبێت و مەترسی سەرما نەمێنێت.   

کاتی پێگەیشتنی بەرەکەی لە هاویندایە کە تامێکی شیرین و پێکهاتەیەکی ئاوداری هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی شووتی ناتوانێت خۆی بپیتێنێت، ئەوا پێویستی بەو بوونەوەرانە هەیە کە دەبنە هۆی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵەکانی بەتایبەتی هەنگ، واتە لە ئەنجامدا ژمارەی زۆری بەرهەمەکەی بەندە لەسەر هەبوونی گوێزەرەوەی دەنکە هەڵاڵەکان.

هەروەها ڕووەکی شووتی ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی میکرۆبی و مێروویی دەبێتەوە، بەتایبەتی نەخۆشی کەڕووەکان کە لەسەر گەڵاکانی دوو هێندە خێراتر زیاد دەبن و گەشەدەکەن، بۆ هەموو هۆکارەکانی نەخۆشی پێویستە دەرمان وەربگیردرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

هەنگاوەکانی چاندن

  • هەڵبژاردنی جێگەی گونجاو.
  • هەڵکۆڵینی چاڵ، باشترە مەودای نێوان ڕووەکێکی شووتی بۆ دانەیەکی تر بە نزیکەیی ١-١.٥ مەتر ببێت.
  • هەروەها باشترە لە پاش چاندنی ڕووەکەکە، چینێکی تەنک پەینی ڕووەکی کۆن بۆ بنجی ڕووەکی شووتییەکان زیادبکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی پێدانی سەرەتایەکی باش بۆگەشەسەندن.
  • ئاودانی زۆر و بەردەوامی پێویستە بۆ بەرگرتن، بەڵام نابێت ئاوی زۆر بەر گەڵاکانی بکەوێت.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم ڕووەکە پێویستی بە خاکێکی بەپیتە و بەنزیکەیی جۆرێکی ترشبێت، بەباشی ئاوی پێدا تێپەڕببێت و کۆنەبێتەوە، هەروەها باشترە کە خاکەکەی شێداربێت و سەماد بۆ بنجی ڕووەکەکان زیادبکرێت، لە پێش گەشەسەندنی لق و پەلەکانی شووتییەکەشەوە باشترە کە هەموو گژوگیا زیانبەخشەکان لاببرێن، چونکە دوای گەشەسەندن ڕووەکی شووتی زۆر بڵاودەبێتەوە و بژارکردنی قورس دەبێت، بەتایبەتی کە چونە نێو شووتییەکەوە دەبێتە هۆی شکانەوە و برینداربوونی گەڵا و پەلەکانی.  

شووتی پێویستی بە ئاودانی زۆر هەیە و باشترە کە خاکەکەی بە شێداری بمێنێتەوە، بەڵام نابێت زیاد لە پێویست ئاو بدرێت کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی کەڕوو، بۆ ڕێگریکردنیش باشترە بڕی پێویستی ئاو بخرێتە بنجی ڕووەکەکانەوە بەڵام لە بەیانیاندا، بۆ ئەوەی دواتر هەتاکوو خۆرئاوابوون هەموو بەشەکانی وشکببێتەوە و ڕێگربێت لە بڵاوبوونەوەی هۆکاری نەخۆشی.  

ڕووەکی شووتی گوڵ دەگرێت لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، نێرینەکان سەرەتا دەردەکەون و دوای هەفتەیەک دەوەرن، مێینەکان درەنگتر دەردەکەون کە بە هۆی هەنگەکانەوە دەپیتێنرێن و دواتر دەبێتە بەرهەمەکە کە شووتییە، لە ڕابردوودا باوەڕ وابووە کە لێکردنەوەی هەموو گەڵاکان و تەنها هێشتنەوەی ئەو لقەی کە شووتی گرتوە دەبێتە هۆی گەورەبوونی زیاتری، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئەوەیان ڕەتکردوەتەوە و دەڵێن بەرهەمهێنانی شەکر و ڕادەی شیرینی بەرهەمەکەی بەهۆی ژمارەی گەڵاکانەوەیە، واتە هەتاکوو گەڵا و پەلی زیاتری هەبێت شەکری زیاتر بەرهەم دەهێنرێت، لە ئەنجامدا تامی بەرهەمەکەشی شیرینتر و بەچێژتر دەبێت.  

بۆ پێگەشتن بەری ڕووەکی شووتی پێویستی بە ٢-٣ مانگ لە کەشوهەوای گەرم هەیە، کە لە دوای پێگەیشتن ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ سەوزی کاڵ و تۆخ، هەروەها کاتێک بە دەست و پەنجەکان لێی دەدرێت یاخود پێیدا دەکێشرێت، پێویستە دەنگێکی هەبێت کە وەک دەنگی بۆشایی یاخود چاڵێکی بەتاڵبێت، جگە لە ئەمانەش کاتی پێگەیشتنی هەموو شووتییەکان زۆر بەخێرایی و بەدوای یەکترییەوەیە، بۆ نموونە کاتێک یەکەم دانە پێدەگات زۆرینەیان لە هەفتەی دواتردا ئامادەدەبن بۆ لێکردنەوە.


سەرچاوەکان



385 بینین