کۆنیشانەی تونێلی مەچەک

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-19-22:19:00 - کۆدی بابەت: 10312
کۆنیشانەی تونێلی مەچەک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆنیشانەی تونێلی مەچەک یان گیرانی دەماری ناوەڕاستی مەچەک (بە ئینگلیزی: Carpal tunnel snyndrme، بە عەرەبی: متلازمة النفق الرسغيیەکێکە لە کێشە هەرە باوەکان کە کاریگەری لەسەر دەست هەیە. ئەو کەسانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن ڕەنگە هەست بە ئازار، لاوازی و مێروولەکردن لە دەست و مەچەکیاندا بکەن. ئەم حاڵەتە بەهۆی زیادبوونی پەستان لەسەر دەماری ناوەند لە مەچەکدا دروست دەبێت، ئەم دەمارە توانای هەستکردن بۆ پەنجەکانی دەست جگە لە پەنجەی بچووک دابین دەکات. بۆ یەکەم جار لە ساڵانی  ١٨٠٠  باسی ئەم حاڵەتە کرا و یەکەم نەشتەرکاریش بۆ چارەسەرکردنی کۆنیشانەی تونێلی مەچەک لە ساڵانی ١٩٣٠ ئەنجامدرا. تونێلی مەچەک بۆشاییيەکی تەسکە لە مەچەکدا، ئەم بەشەی مەچەک ڕێگە بە دەماری ناوەند و ژێیەکان دەدات کە بە دەست و مەچەکەوە ببەسترێن. کۆنیشانەی تونێلی مەچەک کاتێک ڕوودەدات بۆشایی تونێلی مەچەک تەسک دەبێتەوە و فشار لەسەر دەماری ناوەندی و ژێیەکانی مەچەک دروست دەبێت، دەبێتە هۆی هەڵئاوسانیان و توانای هەستکردنی پەنجەکان و دەست نامێنێت.

نیشانەکان

بەزۆری نیشانەکان لە سەرەتادا بەهێواشی دەست پێ دەکەن. نیشانە سەرەتایییەکان بریتین لە:

  • سڕبوونی دەستەکان لە شەودا.
  • مێروولەکردن یان هەستکردن بە ئازاری پەنجەکان.

هەندێک خەڵک لەسەر مەچەکیان دەخەون، لەبەر ئەمەش نیشانەکان لە شەواندا زیاتر باون. هەندێک کات بەهۆی سڕبوون و ئازاری دەستەکانیان لە خەو بەخەبەر دێن. جووڵە کردن بە دەستەکان لە قۆناغەکانی سەرەتادا دەتوانێت سوودی لە کەمکردنەوەی نیشانەکان هەبێت.

نیشانەکان لە ڕۆژدا

  • مێروولەکردنی پەنجەکان.
  • کەمبوونەوەی توانای هەستکردن لە بەشی سەرەوەی پەنجەکاندا.
  • کەمبوونەوەی توانای بەکارهێنانی دەستەکان لە ئیشە سەرەتایییەکانی وەک:

هەڵگرتنی شتی بچووک.

هەڵگرتنی کتێبێک بۆ خوێندنەوە.

بەکارهێنانی تەختەکلیلی کۆمپیوتەر.

کاتێک نەخۆشییەکە قورستر دەبێت نیشانەکانیش سەختر دەبن، نیشانەکان لە قۆناغەکانی تردا بریتین لە:

  • لاوازی دەست.
  • بێ توانایی ئەنجامدانی کاری سادەی وەک داخستنی قۆپچەی کراس و هەڵگرتنی کەلوپەلی سادە.

لە سەخترین حاڵەتدا، بە ئاشکرایی ماسولکەکان لە بەشی خوارەوەی پەنجە گەورەی دەست لە قەبارەدا بچووک دەبنەوە.

دەستنیشانکردن

سەرەتا پزیشک دەربارەی نیشانەکان لەگەڵ نەخۆشەکە گفتوگۆ دەکات، دواتر کۆمەڵێک پشکنین ئەنجام دەدرێت پشکنینەکان بریتین لە:

  • پزیشک پەستان دەخاتە سەر دەماری ناوەڕاستی مەچەک تاکوو بزانێت هەستی مێروولەکردن لە پەنجەکاندا دروست دەبێت یان نا.
  • نەخۆش ئانیشکەکانی لەسەر مێزێک دەچەسپێنێت و دەستەکانی بۆ پێشەوە دەبن، ئەو کەسانەی کۆنیشانەی تونێلی مەچەکیان هەیە لەماوەی ٦٠ چرکەدا هەست بە سڕبوونی دەست و مێروولەکردنی پەنجەکان دەکەن. تاکوو نیشانەکان خێراتر دەربکەون، نەخۆشی تونێلی مەچەک توندتر دەبێت.
  • تیشکی X.
  • هێڵکاری کارەبایی ماسولکە (Electromyography).

لەڕێگەی ئەم پشکنینەوە دەتوانرێت دەستنیشانی چالاکی دەماری ناوەند و توانای دەمارەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی ماسولکە بکرێت.

چارەسەرکردن

کۆنیشانەی تونێلی مەچەک دەتوانرێت بە دوو شێواز چارەسەر بکرێت:

  • بەبێ نەشتەرکاری: بە شێوەیەکی ئاسایی چارەسەر بەبێ نەشتەرکاری بۆ حاڵەتە کەمتر توندەکان بەکاردێت. ئەم ڕێگەیە یارمەتی نەخۆش دەدات بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی.
  • لەڕێگەی نەشتەرکاری: چارەسەر لەڕێگەی نەشتەرکاری بۆ حاڵەتە توندەکان بەکاردێت و دەرئەنجامی ئەرێنی زۆرە.

چارەسەر بەبێ نەشتەرکاری

زۆرجار سەرەتا ئەم ڕێگەیە تاقی دەکرێتەوە و چارەسەرەکان بریتین لە:

یەکێک لە ڕێگاکان گۆڕینی ئەو ژینگەیەیە کە نەخۆشەکەی تێدا دەژی، بۆ نموونە دەتوانرێت هەندێک گۆڕانکاری  لە شوێنی کارکردندا بکرێت  گۆڕانکارییەکان بریتین لە:

  • بەرزکردنەوە یان نزمکردنەوەی کورسی کارکردن.
  • گواستنەوەی تەختەکلیلی کۆمپیوتەرەکەت.
  • گۆڕینی شوێنی مەچەک یان دەست لە کاتی کارکردندا.
  • ئەنجامدانی ڕاهێنان.

چارەسەر بە ڕێگەی نەشتەرکاری

ئامانجی ئەنجامدانی نەشتەرکاری، زیادکردنی قەبارەی تونێل یان ئەو بۆشایییەیە کە لە مەچەکدا هەیە  بۆ کەمکردنەوەی پەستان لەسەر دەماری ناوەندی مەچەک و ژێیەکان کە بەو ناوەندەدا تێدەپەڕن. لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرکاری ئەو بەستەرەشانەی دەوری تونێلی مەچەکی داوە دەبڕدرێت. ٢٤ بۆ ٧٢ کاتژمێر لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرکارییەکە نیشانەکانی کە لە شەواندا زیاتر دەردەکەوتن بەرەو کەمبوونەوە دەچن.

ڕێژەی سەرکەوتنی نەشتەرکاری بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە ٩٠٪ یە، لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرکارییەکە هەندێک لە نیشانەکان نامێنن و هەندێکیشیان بۆ باشبوون کاتی زیاتریان پێویستە. ئەو کەسانەی دوای ئەنجامدانی نەشتەرکاریش هەست بە ئازار دەکەن و نیشانەکانیان بەرەو کەمبوونەوە ناچێت، دەکرێت بەتەواوی دەماری ناوەندی مەچەک چارەسەر نەکرابێت یان بە هەڵە دەستنیشانی حاڵەتەکەى کراوە، هەموو سڕبوون یان ئازارێکی دەست نیشانەی تووشبوون بەم حاڵەتە نییە.

لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرکاری دەبێت نەخۆش کۆمەڵێک ڕاهێنان لەژێر چاودێری پزیشکدا ئەنجام بدات. نابێت کاری  قورس یان ڕاهێنانی  قورس ئەنجام بدات. ماوەی چاکبوونەوەی نەخۆشەکە بەپێی تەمەن دەگۆڕێت. شێوازی ژیانی نەخۆشەکە و ئەو کارانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەنجامیان دەدات لە چاکبوونەوەدا یارمەتیدەر دەبێت.


سەرچاوەکان



726 بینین