سابوون چۆن دروست دەکرێت؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-09-20-23:08:00 - کۆدی بابەت: 10322
سابوون چۆن دروست دەکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سابوون چۆن دروست دەکرێت (بە ئینگلیزی: How soap is made، بە عەرەبی: كيف يصنع الصابون). سابوون تێکەڵەیەکە لە چەوری ئاژەڵ یان ڕووەک لەگەڵ سۆدەی سووتێنەر (caustic soda). کاتێک لە ئاودا دەتوێتەوە، پیسی سەر ڕووکارەکان دەتوێنێتەوە و لێیان دەکاتەوە. بە درێژای چەندین ساڵ سابوون بۆ پاککردنەوە، چارەسەری کێشەکانی پێست و قژ، هەروەها وەک مەرهەمی پێست بەکارهاتووە. بەڵام لە سەردەمی پێشکەوتوودا بەشێوەیەکی گشتی زیاتر سابوون بە مەبەستی خاوێنکردنەوە و بۆنخۆشکردن بەکاردێت.

ماددەی خاو

دروستکردنی سابوون پێویستی بە دوو ماددەی سەرەکی هەیە: چەوری و ئەلکالییەکان (ماددەی تفتی لە ئاودا تواوەن). باوترین تفت کە بەکاردێت بریتییە لە هایدرۆکسیدی سۆدیۆم (sodium hydroxide). هەروەها دەتوانرێت هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆمیش (Potassium hydroxide) بەکاربێت. ئەو سابوونانەی لە تفتی پۆتاسیۆم دروست دەکرێن بەرهەمی زیاتر لە ئاودا تواوە بەرهەم دەهێنن بەبەراود بەوانەی کە لە تفتی سۆدیۆم دروست دەکرێن، هەروەها پێیان دەوترێت سابوونی نەرم (soft soap). سابوونی نەرم هەر خۆی بەتەنها یان لەگەڵ سابوونی تفتی سۆدیۆم بەیەکەوە لە بەرهەمەکانی تاشینی موودا زیاتر بەکاردێت.
لە کۆندا چەوریی ئاژەڵ بۆ دروستکردنی سابوون ڕاستەوخۆ لە کوشتارگەکانەوە دەهێنرا. بەڵام لە پڕۆسەی پێشکەوتووی دروستکردنی سابووندا ئەو چەورییەی بەکاردێت دەستکاری دەکرێت و دەکرێت بە ترشە چەوری (fatty acids)، بەم شێوەیەش زۆربەی ماددە نەخوازراوەکانی ناوی لادەبرێن و بەرهەمە لاوەکییەکەی لەجیاتی گلیسرین بریتی دەبێت لە ئاو.
هەندێک لە چەوری ڕووەکی وەک زەیتی زەیتوون و زەیتی گوێزی هیندی بە هەمان شێوە لە دروستکردنی سابووندا بەکاردێن.
ماددە زیادکراوەکانیش بۆ جوانکردنی ڕەنگ و دەرکەوتە و بۆنی سابوون بەکاردێن. ماددەی بۆنخۆشکەر و بۆنیش بەهەمان شێوە دەکرێنە سابوونەوە بە مەبەستی نەهێشتنی بۆنی ناخۆش و جێهێشتنی بۆنێکی خۆش.
ئەو سابوونەی بەبێ تێکردنی ڕەنگ دروست دەکرێت ڕەنگێکی قاوەیی یان خۆڵەمێشیی هەیە.

چۆنیەتی بەرهەمهێنانی سابوون

لە کۆندا پڕۆسەیەکی بەرهەمهێنان بەکاردەهات کە پێی دەوترا شێوازی کتری (kettle method) کە تاکوو ئێستاش لەلایەن هەندێک کۆمپانیای بچووکی بەرهەمهێنانی سابوونەوە بەکاردێت، لە ئەم شێوازەدا پڕۆسەی بەرهەمهێنان نزیکەی چوار بۆ دوانزە ڕۆژی پێدەچوو، هەروەها کوالیتی هەر بەرهەمێک جیاواز بوو چونکە ڕۆنی جیاواز بەکاردەهات. 
لە نزیکەی ساڵانی ١٩٤٠ ئەندازیار و زاناکان پڕۆسەیەکی سەرکەوتووتریان پەرەپێدا، کە پێی دەوترا پرۆسەی بەردەوام (continuous process). ئەم پرۆسەیە لە سەرتاسەری جیهاندا لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی سابوونەوە بەکارهات و جێگیرکرا.
هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە لە پڕۆسەی بەردەوامدا سابوون بەشێوەیەکی بەردەوام بەرهەم دەهێنرێت، نەک وەک پڕۆسەی کتری لە یەک کاتدا تەنها بەیەک جار و یەک کۆمەڵە بەرهەم بهێنرێت.
لە پڕۆسەی بەردەوامدا تەکنیککارەکان زیاتر جڵەویان بەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنانەکەدا هەیە، هەروەها هەنگاوەکانی بەرهەمهێنان بە بەراورد بە پڕۆسەی کتری خێراترن، واتە بۆ بەرهەمهێنانی هەر کۆمەڵەیەکی سابوون تەنها شەش کاتژمێری پێویستە. 

پڕۆسەی بەردەوام

١. کەرتکردن

یەکەمین هەنگاوی پڕۆسەی بەردەوام کەرتکردنی چەوری سروشتییە بۆ ترشە چەوری و گلیسرین. ئەو کەلوپەلەی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێت ستوونێکی ستیلی ستەینلسە لەگەڵ بەرمیلێک کە پێی دەوترێت شیکەرەوەی ئاوی (hydrolizer)، بەرزییەکەی نزیکەی ٢٤ مەترە. پەمپ و پێوەر پەیوەستکراون بە ستوونەکەوە تاکوو پێوانێکی ورد و جڵەوی پڕۆسەکە بکەن.
چەوری شلکراوە دەکرێتە سەرێکی ستوونەکەوە و لە سەرێکی ترەوە ئاوی بە پلەیەکی گەرمی بەرز (١٣٠ پلەی سیلیزی) و پەستانێکی بەرز تێدەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دوو کەرت بوونی چەوری بۆ دوو پێکهاتەی جیاواز، کە بریتیین لە ترشە چەوری و گلیسرین. ئەم دوو پێکهاتەیە هەتاکوو چەوری زیاتر و ئاوی زیاتر بکرێتە ناو ستوونەکەوە بە بەردەوامی بۆ دەرەوە پەمپ دەدرێن. پاشان بە مەبەستی پوختەکردن ترشە چەورییەکان دەدڵۆپێنرێن.

٢. تێکەڵکردن

لە هەنگاوی دووەمدا ترشە چەورییە پوختەکراوەکان لەگەڵ بڕێکی دیاریکراوی تفتدا تێکەڵ دەکرێن تاکوو سابوونیان لێ دروست بکرێت. هەروەها پێکهاتەی تری وەکوو لووسکەر و بۆنخۆشکەری تێدەکرێت. بەم شێوەیە سابوونێکی شلی گەرم دروست دەبێت.

٣. ساردکردنەوە و ئامادەبوون 

ئەو سابوونەی دروست بووە دەکرێتە ناو قاڵبی گەورەوە و وازی لێدەهێنرێت تاکوو سارد دەبێتەوە و قاڵب دەگرێت. دەکرێت لە بەستەری تایبەتدا سارد بکرێتەوە. سابوونە قاڵبە گەورەکە لەت دەکرێت بۆ بەشی بچووکتر بە قەبارەی سابوونێکی ئاسایی. پاشان دەپێچرێتەوە و ئامادەی بۆ بەکارهێنان. تێکڕای پرۆسەی بەردەوام هەر لە هەنگاوی یەکەم تاکوو کۆتایی تەنها چەند کاتژمێرێکی پێدەچێت.

زۆربەی ئەو سابوونانەی بەشێوەیەکی جیاواز و جوان دروست دەکرێن بە پڕۆسەیەکی تردا تێپەڕدەکرێن کە پێی دەوترێت هاڕین. ئەو سابوونەی بە هەنگاوی هاڕیندا تێپەڕدەکرێت باشتر یەک دەگرێت بە بەراورد بەو سابوونەی کە بەم هەنگاوەدا تێپەڕ ناکرێت.
لەم هەنگاوەدا سابوونی ساردکراوە بە چەند هاڕەرێکدا تێپەڕدەکرێت، کە دەیهاڕن و وردی دەکەن. گونجاوترین کات بۆ ئەوەی کە بۆنی بۆ زیاد بکرێت کاتی هاڕینی سابوونەکەیە، چونکە ڕۆنە بەهەواداچووەکان لە کاتێکدا سابوونەکە ساردە ناتوانن بەهەواد بچن، بەم شێوەیەش ئەو بۆنەی زیادکراوە لە سابوونەکەدا دەمێنێتەوە. دوای ئەوەی کە سابوونەکەی بەناو هاڕەرەکاندا تێپەڕبوو، بە پەستان دەخرێتە ناو لوولەکێکی ساف و قاڵب وەردەگرێت، دواتر ئەم قاڵبە گەورەیە لەت لەت دەکرێت بۆ سابوونی بچووکتر و دەپێچرێتەوە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.

٤. هاڕین

زۆربەی ئەو سابوونانەی بەشێوەیەکی جیاواز و جوان دروست دەکرێن بە پڕۆسەیەکی تردا تێپەڕدەکرێن کە پێی دەوترێت هاڕین. ئەو سابوونەی بە هەنگاوی هاڕیندا تێپەڕدەکرێت باشتر یەک دەگرێت بە بەراورد بەو سابوونەی کە بەم هەنگاوەدا پێتەڕ ناکرێت.
لەم هەنگاوەدا سابوونی ساردکراوە بە چەند هاڕەرێکدا تێپەڕدەکرێت، کە دەیهاڕن و وردی دەکەن. گونجاوترین کات بۆ ئەوەی کە بۆنی بۆ زیاد بکرێت کاتی هاڕینی سابوونەکەیە، چونکە ڕۆنە بەهەواداچووەکان لە کاتێکدا سابوونەکە ساردە ناتوانن بەهەواد بچن، بەم شێوەیەش ئەو بۆنەی زیادکراوە لە سابوونەکەدا دەمێنێتەوە. دوای ئەوەی کە سابوونەکەی بەناو هاڕەرەکاندا تێپەڕبوو، بە پەستان دەخرێتە ناو لوولەکێکی ساف و قاڵب وەردەگرێت، دواتر ئەم قاڵبە گەورەیە لەت لەت دەکرێت بۆ سابوونی بچووکتر و دەپێچرێتەوە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.


سەرچاوەکان



1391 بینین