ورمێ

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-23-13:06:00 - کۆدی بابەت: 10341
ورمێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ورمێ یان ئورمییە (بە فارسی: ارومیە‎، بە عەرەبی: أرومية، بە ئینگلیزی: Urmia، بە کوردیی باکوور: Ûrmiye، بە ئازەربایجانی: Urmu یان Urmiya، بە ئەرمەنی: Ուրմիա) یەکێکە لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران، ناوەندی پارێزگای ورمێ و شارستانی ورمێیە، بە بەرزی ١٣٣٢ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، کەوتووەتە سەر چەمی بەردە سوور (چەمی شار) و دەشتی ورمێ، لە ڕۆژهەڵاتییەوە دەریاچەی ورمێیە و لە ڕۆژاواوە ناوچە شاخاویەکانی سنووری دەستکردی باکووری کوردستانە، هەوای هاوینانی کەمێک گەرمە و زستانی ساردە.

ورمێ لە ڕووی دانیشتووانەوە دەیەمین شاری ئێرانە لە ڕیزبەندیدا، دانیشتووانی ئەم شارە لە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی کورد و ئازەری و ئاشووری و ئەرمەنی پێکهاتووە. ئەم شارە ناوەندی بازرگانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە بەتایبەتی سێو و ترێ، هەروەها توتنیشی تیادا دەچێنرێت. زۆرینەی دانیشتووانی ئیسلامن و هەروەها ئایینەکانی مەسیحی و یارسانیشی تێدایە.

شارێکی گرنگبوو لەڕووی ئایینەکانەوە لە سەدەی نۆزدەیەمدا، دانیشتووانی پێکهاتبوو لە ئیسلام (شیعە و سوننە) و مەسیحی (کاسۆلیکی و پرۆتێستانتی و سریانی و ئەرسەدۆکسی) و یارسانی و جوو و بەهایی و سۆفیگەری. لە ساڵی ١٩٠٠ـدا مەسیحییەکان لە ٪٤٠ـی دانیشتووانیان پێکدەهێنا، بەڵام لە ساڵی ١٩١٨ ژمارەیان کەمی کرد، کاتێک ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لەجەنگدا بوو لەگەڵ قاجاڕەکان، شاری ورمێ داگیرکرا لەلایەن عوسمانییەکان و ئەرمەنی و ئاشوورییەکان کۆمەڵکوژکران.

ناو

  1. وشەی ورمێ ‌لە دوو بەشی ئور (شار) و میە (ئاو) داتاشراوە کە بە زمانی ئاشووری یانی شاری کەنار ئاو، هەڵکەوتی شاری ورمێش لە کەنار دەریاچەی ورمێیە.
  2. بە بۆچوونی (ڕیچارد نیڵسۆن فری) وشەی ئورمێیە لە وشەی ئورارتوو هاتووە کە ئەوکات لەژێر فەرمانڕەوای ئەواندا بووە.
  3. ناوی ئەم شارە لە سەردەمی پەهلەویدا ١٩٢٥-١٩٧٩ گۆڕدرا بۆ (رضائیە) بەهۆی ناوی ڕەزاشا کە کاتی خۆی فەرماندەی سوپا بوو لەم شارەدا.

مێژوو

پێش ئیسلام

مێژووی ورمێ زۆر دێرینە. باوەڕ وایە کە شاری ورمێ دامەزراوە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین. بەپێی وتەی ڤلادیمیر مێژووی گوندەکانی دەشتی ورمێ دەگەڕێنەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵی پێش زایین، کە لەژێر دەسەڵاتی ئورارتووەکان بوون، بەپێی ئەو پشکنینانەی کە لە دەوری ورمێ کراوە ئەوە دەسەلمێنن کە شارستانییەتی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەمی پێش زایین، لە سەدەکانی کۆندا بە کەناری ڕۆژاوای ورمێ دەوترا (گیلزان) و لە سەدەی ٩ـی پێش زاییندا حوکمداری ناوچەی ورمێ حووکمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، لەدواییدا چووە ناو ئیمپراتۆریەتی (ئورارتوو و مانناکان)، لەسەدەی ٨ـی پێش زاییندا ناوچەکە سەر بە حکوومەتی ئاسوژ بوو، تاکوو چوونە ناو ئیمپڕاتۆری ماددەکانەوە.

دەرکەوتن و دۆزینەوەی شوێنەواری زۆر کۆن لە گردە جیاوازەکانی نزیکی ئەم شارە وەک گردەکانی (گۆک تەپە، دیگاڵە، تەپە ئەحمەد، سارالان، دیزە تەپە)، ورمێ دەکەوتە ئورارتووی کۆن لە هەزارەی دووەم و یەکەمی زاییندا، لەڕووی زمانەوانییەوە پەیوەندی هەبوو بە حووریەکانەوە، بەڵام کاتێک ئاشوورییەکان بەهێز بوون کاریگەریان لەسەر ئەم ناوچەیە هەبوو، لە باشووری دەریاچەی ورمێ شار هەبووە کە سەر بە ئیمپڕاتۆریەتی مانناکان بووە، لە سەدەی هەشتەمی پێش زاییندا کاتێک ئاشوورییەکان بەهێزبوون، بە سەرکردایەتی سار گونی دووەم کۆتایی بە دەسەڵاتی ئورارتوو هاتووە لە ساڵی ٧١٤ پێش زایین، ناوچەکەش کەوتە دەست ئاشووریەکان.

دوای ئیسلام

ادقی کوڕی عەلی یەکێک لە کارمەندانی عەزد دەولەی دەیلمی، ورمێی داگیرکرد و چەندین قەڵای دروست کرد. عومەری کوڕی خەتتاب، عەتبەی کوڕی فەرقەدی نارد بۆ داگیرکردنی مووسڵ لە ساڵی ٦٤٠ زایینی، ورمێشی گرت. جوگرافیناسانی سەدەی چوارەمی کۆچی وەک (ئیبن حەقول و ئەستەخری) ورمێیان بە سێیەم شاری ناوچەکە دانا دوای هەریەکە لە (مەراغە و ئەردەبیل)، وتوویانە شارێکی پڕ ئاوە، جەختیان کردوەتە سەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە میوە و خاکێکی بەپیتە. لەو سەردەمەدا ورمێ کەوتبووە سەر ڕێگای بازرگانی (ئەردەبیل-مەراغە-ورمێ-بێگری (مورادیە)-ئامەد)، لەوکاتەدا هێشتا تەبرێز گرنگی نەبوو، لەبەرئەوەی ڕێگاکان بە شارە گەورەکاندا تێپەڕدەبوون. ناوچەی ورمێ لەسەردەمی ئیسلامدا تەنها دانیشتووانی پێکهاتبوو لە کورد و مەسیحی.

ئەم شارە لەمێژووی ئیسلامدا ڕۆڵێکی گەورەی نەبوو، لەکاتی تیولیدا ناوچەی ئازەربایجان و ورمێ دابەش ببوون بەسەر دەوڵەمەندەکاندا و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبران، بەشێوەی گۆشەگیری دەژیان، لەسەردەمی دەسەڵاتی دەیلەمەکاندا بەسەر ناوچەکەدا، لە ورمێ جەستانی کوڕی شەرمەزن بەرهەڵستییان دەکات لە ساڵی ٩٥٣ زایینیدا و فەرماندەیەکی ئەوکاتەی کورد لە ناوچەکە بە ناوی دەیسەم کوڕی ئیبراهیمی کورد دەبێت، دواتر دەیلەمەکان، ئەرمەنیەکان تێکدەشکێنن کە لەو کاتەدا دەیسەم لەژێر دەسەڵاتی ئەرمەنییەکاندا بوو، کاتێک جەستان چووە شوێن دەسەڵاتی باوکی لەساڵی ٩٥٧ زایینی نەچووە ژێر دەسەڵات و فەرمانی دەیلەمەکان، سەرەتا ورمێی جێهێشت و بووە هاوپەیمانی ئیبراهیمی کوڕی مەرزەبان و پێکەوە مەراغەیان گرت و پاشان ئیبراهیمی جێهێشت و گەڕایەوە ورمێ و دیواری بە دەوری ورمێدا کرد و سەربازگەیەکی بەهێزی تێدا دروستکرد، دواتر خزمەتی بە خەلافەتی عەباسی کرد، موستەکفی بیلا دڵخۆش بوو بە پشتگیری کوردە قەحتانییەکان بەڵام کوڕەکانی مەزروبان (جاستان و ئیبراهیم) تێکشکان هەرچەندە کوردە هەزەبانیەکان یارمەتییاندان.

لە ساڵی ٩٦٠-٩٦١ زایینی برایەکی مەزروبان توانی دەسەڵات لە ئیبراهیم وەربگرێت و شکستی پێبێنێت و ئیبراهیم دەستگیربکات و مەراغە تاکوو ورمێ بەیەکەوە ببەستێتەوە، لە ساڵی ٩٦٦ زایینی بەهۆی نێوەندگیری ڕوکن دەولەی بویی دووبارە دەسەڵاتی ئیبراهیمی بە فەرمی ناسێندرا. کاتێک ئۆغوزە تورکەکان لە ساڵی ١٠٢٩-١٠٤١ زایینی ئازەربایجان و ناوچەکەیان داگیرکرد، حاکمی ورمێ، ئەبی هیجا هەزەبانی بوو بە سەرکردەی کوردە هەزەبانیەکانیش کە دایکی خوشکی ئەمیری ئەوکاتی تەبرێز بوو، کوڕی ئەبی هیجا هەزەبانی توانی (٢٥٠٠٠-٣٠٠٠٠) ئۆغوز تێکبشکێنێت و لەناویان بەرێت کە بە نیازبوون بپەڕنەوە زەوییەکانی ئەمان، هەموو ئۆغوزەکان نەگەڕانەوە و هەندێکیان لە ئازەربایجانی ئەمڕۆدا مانەوە، ئۆغوزەکان لەژێر فەرمانڕەوایی فەرماندەیەکی زانای خۆیاندا لە دەوری ورمێ مانەوە، دوای ئەوەی لە دەوری ورمێ دەرچوون هێرشیان کردە سەر ئەرمەنییەکان و زۆریان کوشتن و بەدیل گرتن و تاڵانیان کردن، کوردە هەزەبانیەکان لە ورمێ و دەوروبەری شەڕی ئۆغوزەکانیان کرد، ئۆغوزەکان هەندێ کوردیان کوشت و پاشان گوندەکانیان تاڵان کرد، لەبەر ئەم ڕاو رووت و داگیرکارییەی ئۆغوزەکان، کوردەکان بە سەرکردایەتی ئەبی هیجا هەزەبانی بوونە نەیار بۆ ئۆغوزەکان.

لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٠٦٣ زایینی سوڵتان تۆغرول بە ورمێدا تێپەڕبووە، کاتێک سوڵتان مەسعودی خەزنەوی لە بەغدادەوە گەڕایەوە ئازەربایجان، ئەمیر حاجیبی تاتار شوێنی خۆی بەهێز دەکات لە ورمێ، بەڵام دوای خۆی بەدەستەوە دەدات بۆ سوڵتان، لەساڵی ١١٤٩ زایینیدا ورمێ درا بەمەلیک محەمەدی کوڕی مەحموودی کوڕی محەمەد کە برازا و زاوای مەسعودی کوڕی محەمەدی کوڕی مەلەکشا بوو. قزڵ ئەرسەلان پشتگیری ئەمیر حەسەنی کوڕی خەنجاخی کرد بۆ گەمارۆدانی ورمێ لە ساڵی ١١٨٩ و شارەکە داگیرکرا و وێرانکرا. لە ساڵی ١٢٢٣ زایینیدا ئەبوبەکر ئەتابەگی تەبرێز، شنۆ و ورمێی دا بە عەلائەدین. لەسەردەمی دەسەڵاتداری جەلالەدینی خوارەزم شا بەسەر ئازەربایجان و ناوچەکەدا ورمێ و خۆی و سەڵماس بەدەست میرنیشینی سەلجوقییەوە بوون.

لە ساڵی ١٢٢٦ خێڵە تورکمانەکان ورمێیان داگیرکرد و باجیان خستەسەر، لەسەر گلەیی ئەمیرەی هاوسەری، جەلالەدین سوپای نارد بۆ تێکشکاندنی تورکمانەکان، لەلایەکی ترەوە بەپێی میژووی جیهانکشای، فەرماندەکانی گورجستان (شیلوا و ئیڤانی) لە جەنگی گڕنی بەدیل دەگیرێن هەر لە سەرەتاوە مامەڵەی باش و ڕێزیان لێدەگیرێت لەلایەن جەلالەدینەوە، بەماوەیەکی کەم دوای ئەم جەنگە جەلالەدین دەمرێت لە شارۆچکەی مەرەند، لە ساڵی ١٢٣٠-١٢٣١ زایینی خوارزم شا کەوتە ژێر فشارێکی توندی مەغۆلەکان وە زستانی لەناوچەی ورمێ و شنۆ بردەسەر و مایەوە لە ناوچەکەدا و  قوبەیەکی دروست کردووە و هەر لە ورمێ بەخاکسپێردراوە. تاکوو سەدەی دەیەمی کۆچی شاری ورمێ دانیشتووانەکەی تەواوی کورد بوون.

تەیموور لەنگ، ورمێی بەبێ باج داوەتە گرگین بێگی ئەفشار، کە ئەإشارەکان نیشتەجێ بوون لە قەڵای تۆپراق کە چارەکە میلێک لە شاری ورمێ دوورە، هەرچەندە لە زەفەرنامەدا هاتووە کە ساڵی ١٣٠٧ زایینی تەیمووری لەنگ دەسەڵاتی سەپاندووە بەسەر ورمێدا. لە ساڵی ١٤٢٣ تەیموور، خێڵی (ئەوسانلو) ئەفشاری هێنا بەمەبەستی سەرکوتکردنی کوردەکان و خێڵە ڕاپەڕیووەکانی ورمێ و دیاریکردنی گرگین بێگی ئەوسانلو بۆ حکوومداری ورمێ، دوای مردنی کوڕەکەی عەلامە، سوڵتان چووە جێگەی باوکی بۆ ماوەی سێ ساڵ. لە شورای دادگای شاری ورمێدا فەرمانیان دا بە دەسەڵات گرتنە دەستی برا گەورەکەی بەناوی یادگار سوڵتان کە دەسەڵاتی شار بگرێتە دەست.

سەردەمی سەفەوییەکان

شەڕی دمدم لە مێژووی سەفەوییدا جێگایەکی گرنگی هەیە، بۆیە شا تەهماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لەدوای مردنی شا تەهماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی میر عومەری میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری میرنشینی برادۆست بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەک دەست ناسرا. دوای ئەوەی شا عەباسی یەکەم ١٥٨٧-١٦٢٩ بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە خانی لەپ زێڕین بوو.

میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ، قەڵای ورمێی پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر هێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، دووبارە بە هەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە دوژمنایەتی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی میر پیربداغ بەگ بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شا عەباسی یەکەم باسیان کرد کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شا عەباسی یەکەم یاخی ببێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شا عەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم هەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تاکوو تەواوی کرد.

قەڵای دمدم پێکهاتبوو لە قەڵایەکی گەورە و چەند قەڵایەکی بچووک لە ناوەوە و دروستکردنی چەندین قولەی سەربازی لە هەرچوار لای قەڵا گەورەکە بۆ پارێزگاریکردن لە هێرشی دوژمنان دروست کرابوون. هەروەها چەندین گەنجینەی گەورە بۆ ئازووقە و چەک و کۆگای سەربازی. شا عەباسی یەکەم کەوتە پلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار هێرشی سەربازیی کردە سەر بەڵام شکستی هێنا، تاکوو ئەوەی کە بیست کەسی هۆزی جەلالیانی کوردی باکوور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان هەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران هێنا، شا عەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی و نزیکەی ١٠ هەزار کەسیان لەگەڵ حەسەن خانی والی هەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەتکردەوە لە ترسی یاخیبوونی دانیشتووانی میرنشینەکەی لە دژی، لە کاتێکدا میر نیازی وابوو میرنشینەکەی سەربەخۆ بکات لە دەسەڵاتی سەفەوییەکانی ئێران، بۆیە هێرشی کردە سەر سوپای سەفەوییەکان کوشتارێکی زۆری لێکردن.

شا عەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی ئیعتمادودەولەی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێکرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی ٥/١٢/١٦٠٨ شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردیی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستیپێکرد و نزیکەی ٤ مانگی خایاند، تا ئەوەی بە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان زانی و سەرچاوەکەیان لە قەڵا بڕی، نزیکەی ٢١ ڕۆژ سەربازان و دانیشتووانی قەڵاکە بێ ئاو بوون، بەڵام لەو کاتەدا بارانێکی زۆر باری و بووە یارمەتیدەرێک بۆ سەربازان و دانیشتووانی قەڵاکە، بەمەش بۆ چەند مانگێک توانییان خۆیان لە بەردەم هێرشەکە بگرن.

بەڵام هێزی سەفەوییەکان، توانی یەکێک لە تاوەرەکانی قەڵاکە داگیر بکەن. لەو شەڕەدا سەڕەرای کەمبوونەوەی چەک و گوللە تۆپ لە سوپای میرنشینی برادۆست، لەو کاتەدا ئیعتمادودەولەی وەزیر کۆچی دوایی کرد و محەمەد بەگی بێگدلی لە شوێنی بووە سەرکردە کە میر پیربداغ بەگی والی ئازەربایجانی لەگەڵدا بوو. ئەوەبوو میر قەرەتاج نامەیەکی بۆ نووسی پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر بەڵێنم پێ بدەن و نەمکوژن، خۆم ڕادەست دەکەم، بێگومان ئەمەش فێڵێک بوو تا ئەوەی داگیرکەران سەرقاڵ بکات و ڕیزەکانی سوپاکەی دووبارە ڕێک بخاتەوە.

بەمشێوەیە بووە میوانی، هاوکات محەمەد بەگی بێگدلی ویستی میر قەرەتاج بکوژێت، بەڵام میر هەستی پێکرد شوێنەکەی بەجێهێشت و بەمەش دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستی پێکردەوە، تا ئەوەی میر قەرەتاج ناچاربوو قەڵای دمدم ئاگر تێبەر بدات، چونکە دەیزانی ڕۆژ بە ڕۆژ چەک و سەربازی کەم دەکات و ناتوانێت لەوە زیاتر بەرگری بکات و بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەگیرێت و نەبرێتە لای شا عەباسی یەکەم. شا عەباس فەرمانیدا بە کۆمەڵکوژی لە موکریان و برادۆستدا، خێڵی تورکی ئەفشاری دووبارە لەناوچەکەدا نیشتەجێکرد و هەندێک لە خێڵە کوردەکانی بردە خۆراسان.

سەرەتای گۆڕینی دیمۆگرافیای ورمێ و ناوچەکە دەستیپێکرد و کوردان لە شوێنی خۆیان هەڵکەندران. لە ساڵی ١٧٢٩ تەهماسب قولی سوپا سالاری نادر شا، توانی یوسف پاشای حکوومداری عوسمانی شاری ورمێ لە قەڵای دمدمدا بشکێنێت و دواتر فەرمانییدا بە هەڵوەشاندن و وێرانکردنی تەواوی قەڵاکە. هەروەها تاوانبارکرا بەهێنانی دەستەی تازەی شیعە و لەناو خەڵکی ناوچەکە و ورمێدا جیاکاری دروستکرد، تاکوو ئەمڕۆش کوردەکانی ئەم ناوچەیە لەسەر مەزهەبی سوننەن و لە ژێر کاریگەری ڕێبازی نەقشبەندیدان و ئەم کاریگەرییەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٣٩ زایینی. شێخ مەحمودی ئەرماوی کە نەقشبەندی بوو ٣٠٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠٠ پشتیوانی هەبوو، سوڵتان موراد لە ساڵی ١٦٥٥ زایینی دا لە ئامەد لە سێدارەی دا.

لە شەڕی ساڵی ١٧٢٤ زایینی عوسمانییەکان کوردەکانی هەکاری بەکارهێنا تاکوو ئەفشارەکان دوربخەنەوە، کە سەرچاوەی خواردنی هێزی ئێرانییەکانیان دابین دەکرد، لەو کاتەی تورک لە ساڵی ١٧٢٥ دەسەڵاتییان بەسەر ئەم ناوچەیەدا هەبوو حووکمی ورمێ بەدەست خێڵی قاسملۆی ئەفشارەوە بوو بەشێوەیەکی میراتی، بەناونیشانی خانەدانی ورمێ بە فەرمی ناساند. نادر شا لە ساڵی ١٧٢٩ـدا مەراغە و مەهاباد و قەڵای دمدمی لە تورکەکان سەندەوە، حەکیم ئۆغلو پاشا شاری ورمێی داگیرکردەوە لە ساڵی ١٧٣١. ورمێ ڕادەستی ئێلی پنیانشینی هەکاری کرا، ئەمە دوای ڕێکەوتنامەی ١٧٣٦ بوو کاتێک تورکەکان ئازەربایجانیان جێهێشت.

سەردەمی قاجاڕەکان

پاش لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەفشارەکان لە ساڵی ١٧٤٨ ئازادخانی ئەفغانی یەکێک لە فەرماندەکانی نادر شا سوودی لە کێشمەکێشی ئەفشارەکان وەرگرت و ورمێی داگیرکرد، بە ڕەزامەندی فاتیح علی خان، ورمێ بووە پایتەختی کاتی میرنیشینی ئازادخان. ناوی چیای ئۆغان داغی لە باکووری ورمێ دەگەڕێتەوە بۆ ناوی سەردارێکی ئەفغان. محەمەد حەسەن خانی قاجار سەرکەوت بەسەر ئازادخان لە گەیلان و ورمێی گرت. فاتیح عەلی خانی ئەفشار پەیوەندی کرد بە محەمەد حەسەن خانی قاجار ، بە مردنی محەمەد حەسەن خانی قاجار، عەلی خانی ئەفشار گەڕایەوە ورمێ و مەراغە و تەبرێزی گرت. کەریم خانی زەند لە زستانی ساڵی ١٧٩٤ ـدا ورمێی گەمارۆدا و پاش چەند مانگێک لە گەمارۆدان ورمێی گرت، ساڵی دواتریش ئازەربایجان چووە ژێر فەرمانڕەوای کەریم خانی زەند.

پاش کۆتایهاتنی خانەدانی زەند، ئەفشارەکانی ورمێ و شقاقیەکانی سەراب و دونبەلیەکانی خۆی هاوپەیمانیان ڕاگەیاند دژی قاجاڕەکان بەڵام سەرنەکەوتن، فەتحعلی شای قاجاڕ دەستورییدا کە محەمەد عەلی خان حکومداری ورمێ بێت تاکوو دەمرێت، لەشکری ڕووس لە کاتی جەنگی ڕووس و ئێراندا، لە ساڵی ١٨٢٨ـدا ورمێیان داگیرکرد بۆ چەند مانگێک، لەنەبوونی حاکمی شار شازادە مەلەک میرزا قاسم بەیلەربەگی نەجەف حووکمی ورمێی کرد.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری کە خەڵکی شەمزینان بوو لە ساڵی ١٨٨٠ـدا ئازەربایجانی داگیرکرد، بەمجۆرە شۆڕشی چەکدارانەی شێخ عوبەیدوڵڵا لە تشرینی یەکەمی ١٨٨٠ دەست پێدەکات و هێزەکانی خۆی دابەش کرد بەسەر چەند بەرەیەکدا بە سەرکردایەتیی شێخ عەبدولقادر و هەمزاغای مەنگوڕی و مامش، بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی موکریان، مەهاباد و میاندواو و مەراغە. هەروەها بە سەرکردایەتیی موحەممەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا بۆ رزگارکردنی شاری ورمێ و بە سەرکردایەتیی خەلیفە موحەممەد بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی خۆی و سەڵماس.

لەگەڵ دروستبوونی شۆڕشدا عەرەبەکانی ویلایەتی بەغدادیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا، بە مەرجێک شێخ عوبەیدوڵڵا ویلایەتی مووسڵیان بۆ ڕزگار بکات. لەو کاتەدا زۆربەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان دایانە پاڵ بزوتنەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ ئیدارەیەکی کاتیی پێکهێنا و توانیان ناوچەکانی مەهاباد و میاندواو و مەراغە ئازاد بکەن. بەهۆی نەبوونی ڕێکخستن لە ڕیزی جەنگاوەرەکاندا و نەبوونی شارەزایی سەربازی لەلای سەرکردەکان، جگە لەمە هەر خێڵێک هێزەکانی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕابەرەکانی خۆیدا هێشتبووەوە و چەکی پێویستیان نەبوو، سەرباری ئەوە کە ئەو هێزانە کەم مەشق بوون و خواردن و ئازوقەکەش هەر عەشیرەتێک دەبوایە خۆی دابینی بکردایە، لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەک خەڵکی لە هۆزەکان بە مەبەستی تاڵانی و زەوتکردن چووبوونە پاڵ بزوتنەوەکەی شێخ، ئەوان بارودۆخەکەیان بە هەل زانیبوو، بۆ فەرهودی گوندە ئازەری و شیعەکان و سەروەت و سامانی گاور نەستورییەکانی ناوچەی ورمێ، کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کاتیی کوردەوە ئەمەش خاڵی لاوازیدا بە دەست دوژمنانی کوردەوە.

شێخ عوبەیدوڵڵا کاتێک نزیکی شاری ورمێ بوویەوە،‌ چەند نوێنەرێکی خۆی ناردە ناو شار بۆ دانوستان بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان. حاکمی شاریش فەرمانی دا کە نێردراوەکان بکوژرێن. ئەمەش ڕقی کوردی وروژاند و چوونە شارەکە و بەپێی هەندێک سەرژمێری نزیکەی ٣٠٠ کەسیان کوشت و گەورەترین هەڵە بوو کە هێزەکانی شێخ کردیان و حکوومەتی ئێرانیش خراپ سوودی لێوەرگرت بۆ ناشرینکردنی جووڵانەوەکە لە ناوەندە ڕەسمییەکاندا. بەڵام خەڵکی شار بە ‌سەرۆکایەتیی ئیقبالوددەولە بەرگرییەکی سەختیان لە شارەکە کرد و نەیاندا بەدەستەوە. هەر لەو کاتەدا دکتۆر جۆزێف کاکرن کە لە کۆمیسیۆنی موژدەبەرانی ئەمریکایی کاری دەکرد، چووە لای شێخ و تکای لێکرد مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان ڕوون بکاتەوە و ئاگاداریی پێدا کە نابێت هیچ زیانێک بە فەلەکان و گاورەکانی شار بگات. داوای لێکرد پێویستە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر هەڵمەتەکەیان بۆ سەر شارەکە ڕابگرن تا ماوەی خەڵک بدرێت لە شارەکە دەرچنە دەرەوە، بەڵام ئەمە پلانێکی نێوان دوکتۆر کاکرن و فەرماندەی سەربازیی ئێران بوو.

ئەوان دەیانزانی یارمەتیی ئێرانی بەڕێوەیە و ویستیان ئەم دەرفەتە وەربگرن، تاکوو لە ئازەربایجان ئەو هێزە بۆ شکاندنی گەمارۆکەی سەر ورمێ، ئەمەش بە کردەوە ڕوویدا و شێخیش ئەو دەرفەتە مێژوییە گرنگەی لەدەستدا. دواجار شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئێران شکایەوە، چونکە هێزەکە گەیشت و چەکی بەسەر جەنگاوەراندا دابەش کرد. بۆ ماوەی دە ڕۆژ شەڕ قەوما بەبێ ئەوەی هێزەکانی شێخ بتوانن سەرکەوتنی تێدا بەدەستبهێنن و بەپێچەوانەوە شێواوی و لێکترازان بەئاشکرا بە هێزەکانیانەوە دیاربوو. ئەو هێزەی کە هاتبوو بۆ فریاکەوتنی شار هێزە ئێرانییەکە لەسەر دەستی ئەفسەرانی ئینگلیز و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و نەمسا و ڕووسیا مەشقیان پێکرابوو. بەمشێوەیە سوپای ئێران توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بکەوێتە ڕاوەدوونانی کوردەکان. چونکە ئەو هێزانەی کە بۆ تاڵانی هاتبوون، مەیدانی شەڕەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش کاریگەریی مەعنەوی لەسەر هێزەکان هەبوو.

سەردەمی هاوچەرخ

دوای لاواز بوونی ڕووسیا بەهۆی شکانی لەسەریەکی لە جەنگی ڕووسیا و ژاپۆندا، عوسمانییەکان لە ئابی ١٩٠٦ ناوچەی ورمێیان داگیرکرد جگە لە شاری ورمێ، بەبیانووی کێشەی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی کە هەرگیز ئەم کێشە سنووریەیان بۆ یەکلانەدەبووەوە، پاشان عوسمانیەکان سەربازەکانی کۆکردەوەوە بردنی بۆبەرەی باڵکان کە لەوێ توشی شاکان ببوون، دوای پێکدادان لە تەبرێز ڕووسەکان ورمێیان داگیر کرد لە ساڵی ١٩١١.

لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا شاری ورمێ کەوتبووە کێشەوە بە دەست زلهێزەکانی ناوچەکەوە، دوای شۆڕشی ڕووسیا لەساڵی ١٩١٧، بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی شاری ورمێ ڕادەستی ئەنجومەنی مەسیحی ئاشووری (موتاوا) کرد. پاش زنجیرە تاوانێکی خوێناوی وەک سەربڕین و ڕەشەکوژی موسوڵمانان لە ورمێ لەلایەن مەسیحیەکانەوە لە ٢٢/٢/١٩١٨. ئەم تاوانانە وای لە کوردەکان کرد بکەونە خۆیان و شۆڕش بەرپا بکەن، ئەوەبوو بەسەرکردایەتی سمکۆی شکاک دەستی پێکرد و هەر لەو ساڵەدا مارشەمعونی سەرکردەی ئاشووریەکان بە دەستی سمکۆ کوژرا، هاتنی ٢٠هەزار ئاوارەی ئاشووری لەوانەوە بۆ ناوچەی ورمێ لە ئەنجامی شەڕی عوسمانی و ئاشووری، نزیکەی ٥٠ هەزار بۆ ٧٠ هەزار ئاشووری کۆچیان پێکرا لە ورمێوە بۆ باشووری ئێران تاکوو لە ژێر پاراستنی بەریتانیادا بن، ئەم کۆچە بەکۆمەڵە لە ژنان و منداڵان بەرەو ناو ساینقەڵا و هەمەداندا بران، دواتر ئاوارەکان برانە بەعقوبەی باکووری شاری بەغداد نیشتەجێکران، دوای ڕۆیشتنی ئاشوورییەکان سۆنتاگ، قەشەی پیرۆزی کاسۆلیکی و ئێچ فلاومەری موژدەبەر کوژران لە ئابی ١٩١٨ لە ورمێ.

ئیسماعیل ئاغا کە ناسرابوو بە سمکۆی شکاک شاری ورمێی ڕزگارکرد لە هاوینی ساڵی ١٩١٩، لە ساڵی ١٩٢١ هێزێکی زۆر لە تارانەوە، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی ئێران لە ناوچەکە، گەیشتە شاری تەبرێز. هێشتا سوپای ئێران لە تەبرێزەوە بەرەو کوردستان بەڕێنەکەوتبوون کە سمکۆ فەرمانی گرتنی شاری مەهابادی دەرکرد. رۆژی ٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢١، هێزەکانی کورد شاری مەهابادیان گەمارۆدا. ئێران گرووپێکی ٥٥٠ کەسی بریندار و سەربازیان لە مەهاباد گەمارۆدابوو. پاش چەند ڕۆژێک لە گەمارۆدانی شار، بەهۆی هێرشی خێرای هێزەکانی سمکۆ، سەنگەرەکانی چەکدارانی ئێران یەک لە دوای یەک گیران و توانای بەرگریکردنیان نەما. لە ئەنجامدا ١٥٠ ئەفسەر و سەربازی ئێرانی کوژران و چوارسەد کە‌سی تریشیان لێ بەدیل گیرا.

دوابەدوای داگیرکردنی مەهاباد لەلایەن سمکۆی شکاکەوە، ئەفسەرێکی سویدی بەناوی لاند بێرگ، فەرماندەیەتیی هێرشێکی تازەی پێ سپێردرا. لەشکری لاند بێرگ، بەڕێکەوت بەرەو ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان و نزیکبوویەوە. سمکۆ هێزێکی ٢٠٠ کەسیی کۆکردەوە و بەرنامەی تێکشکانی لەشکری ئێران بە فەرماندەیی ئەفسەری سویدی داڕشت. لە هێرشێکی خێرا و لەناکاوی هێزی چەکداری کوردستاندا، بە سەدان چەکداری ئێرانی کوژران و پاشماوەی هێزەکەشیان هەڵاتن و لەناوچەکە دوورکەوتنەوە. لەو شەڕانەدا فەرماندەی هێزی ئازەرییەکان (سام خانی ئەمیر ئەرشەد) بوو.

ئەمیر ئەرشەد برای زەرغام فەرماندەی سوپای ئازەرییەکان و ئەو کەسە بوو کە لە شاری تەبرێز بە داڕشتنی پیلان جەعفەر ئاغای برا گەورەی سمکۆی کوشتبوو. سام خانی ئەمیر ئەرشەد، بەدەستی سمکۆ کوژرا و بەو جۆرە تۆڵەی خۆی لە زەرغامی دوژمن بە کورد و بکوژی براکەی سەندەوە. هێزەکانی ئێران لەبەرامبەر هێزەکانی سمکۆدا، زیاتر تووشی شکست دەبوون و شار و ناوچەیەکی زیاتری کوردستان ئازاد دەکرا و دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی سمکۆوە. فەرماندەکانی ئێران، جارێکی تر هێز و توانای خۆیان تاقیکردەوە و هێرشیان دەست پێکردەوە. لەدوو جەنگی گەورە و خوێناویدا کە لە ئەزدیکان و قەرەتەپە ڕوویاندا، هێزەکانی ئێران تێکشکان و بەرەو شاری خۆیان هەڵاتن، بەڵام هێزی کوردستان بەردەوامبوون لە هێرشیان و لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢١ـی زایینی، سەرکەوتووانە چوونە ناو شاری خۆی و ئەو شارەی کوردستانیش لە هێزەکانی داگیرکەری ئێرانی پاک کرایەوە.

هەر لە سنووری باکووری کوردستان لە ماکۆوە تاکوو بانە و مەریوان بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر، لەژێر دەستی هێزەکانی داگیرکەری ئێران پاک کرایەوە. لە ساڵی ١٩٢٢ـدا، هێزێکی ئامادەیی پەروەردەکراو لە تارانەوە بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ جهانبانی، هەروەها لە شکرێک لە ئازەرییەکان ئامادە دەکرێت.

ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنییەکانی ئێران، خولی ڕاهێنانی سەربازیی تەواو دەکەن و خۆبەخشانە گرووپێکی سەربازیی پێکدێنن. کابرایەکی ئەرمەنی بە ناوی زرایۆف، دەبێتە فەرماندەی گرووپی ئەرمەنییەکان کە لە سوپای پێشووی ڕووسیای تزاریدا ئەفسەر بووە. دواتر نەخشەی هێرش بۆ سەر داگیرکردنەوەی کوردستان و لەناوبردنی هێزی چەکداری کورد دادەڕێژن. سوپای ئێران بەرەو شارەکانی سەڵماس و ورمێ دەڕوات. هێزەکانی کوردستان سێ هێرشی گەورە دەکەنە سەریان و زەرەر و زیانێکی زۆر بە دوژمن دەگەیەنن، بەڵام وەک جارەکانی پێشوو ناتوانن هێزی دوژمن بشکێنن.

بۆ جارێ چوارەم هێرش دەبەنەوە سەریان و لە زۆر جێگەدا بەرەو ڕووی یەکتر دەبنەوە و لێیان دەبێتە شەڕی دەست و یەخە و بە خەنجەر و شمشێر، پەلاماری یەکتر دەدەن. لەئاکامدا بەهۆی تۆپبارانی خەستی تۆپخانەی ئینگلیزەکان و زۆربوونی ژمارەی چەکدار و چەک و فیشەکی دوژمنەوە لەشکری کورد دەشکێت و بە ناچاری پاشەکشە دەکات. سوپای دوژمن پاش چەند ڕۆژێک شاری ورمێ داگیر دەکاتەوە. شاری ورمێ بۆ ماوەی چوار ساڵ لەژێر دەسەڵاتی کوردا بوو.

لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە ورمێ بەدەست کوردەوە بووە، رۆژنامەیەکی کوردی بەناوی ڕۆژی کورد و شەوی عەجەم بڵاودەکرایەوە کە سەرنووسەرەکەی ناوی محەممەدی تورجانیزادە بوو. هێزەکانی ئێران پاش داگیرکردنەوەی ورمێ درێژەیان بە هێرشەکانیاندا و هەموو ناوچەکانی کوردستانیان داگیر کردەوە و دەستیان کرد بە گرتن و کوشتن و لەسێدارەدانی کوردەکان و سوکایەتیکردن بە خەڵکی کوردەواریی. لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا بەیارمەتی ئینگلیزەکان، حکومەتی ناوەندی ئێران تەواو کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کرد، وە ناوی شاری ورمێیان گۆڕی بۆ ڕەضائیة، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ناوەکەی گۆڕدرایەوە بە ورمێ.

سروشتی

جوگرافیا و شوێنەکەی

ورمێ بە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ هەڵکەوتووە، بە بەرزی ١٣٣٢ مەتر لەئاستی ڕووی دەریا. ورمێ کەوتووەتە دەشتی ورمێوە و دەورەدراوە بە چیایەکانی (سیر و پەنجە عەلی و ناوسەر و کەمەر زەرد و گردەسەر و مەلا عەلی)، شاری ورمێ دەکەوێتە بازنەی ٣٧ پلە و ٣٢ خولەکی نیوەگۆی باکوور لە سەروو هێڵی کەمەرەیی زەوی، هەروەها دەکەوێتە سەر هێڵی درێژی ٤٥ پلە و ٢ خولەکی ڕۆژهەڵاتی هێڵی گرینویج.

ڕووبار

پردی سوور یاخود چەمی شار، ئەم ڕووبارە لە چیا سەختەکانی سنووری دەستکردی باکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەناو دۆڵەکاندا دێتە خوار و لە نزیک گوندی نوشانا سەرێ بەنداوی (شارچای) لەسەر کراوە و دواتر بەناو شاری ورمێدا تێپەڕدەبێت و شار دەکات بە دوو بەشەوە، پاشان دەچێتە دەشتی ورمێ و ئینجا دەڕژێتە دەریاچەی ورمێ.

بوومەلەرزە

پارێزگای ورمێ یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە، هەرچەندە بوومەلەرزەی بەهێز تیایدا ڕووی نەداوە. بەڵام کۆتا بوومەلەرزە ڕوویدابێت لە ورمێ لە ساڵی ١٨٨٣ زایینیدا بووە و بومەلەرزەی ساڵی ١٩٨٧ بەهێزی ٤ پلەی ڕێختەر لە سلیڤانای داوە، بومەلەرزەیەکی تر لە ساڵی ٢٠١٢ کە لە ناوچەکانی ئاهر و ورزقان ڕوویدا کە ماوەی ١٠ خولەکیان نێوان بوو، لەساڵی ٢٠١٣ بوومەلەرزە لە ناوەندی سلیڤانایدا و بەهێزی ٤،٦ پلەی ڕێختەر، هەروەها لە ئەیلوولی ٢٠١٥ کۆتا بومەلەرزە لە ناوچەکەیدا بەهێزی ٤،٢ پلەی رێختەر لە سێرۆ.

دانیشتووان

زمان

ئەم شارە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی دانیشتووانی هەیە کە لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتوون و هەر نەتەوە و بە زمانی دایکی خۆی دەدوێت بەڵام زمانی کاروباری میری و خوێندن بە فەرمی زمانی فارسییە، هەرچەندە زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارە بە زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی و کەمێک سۆرانی دەدوێن. ئازەریەکان بە زمانی ئازەربایجانی شێوەزاری تەبرێزی دەدوێن. ئاشوورییەکان کە بەزمانی سریانی یان ئاشووری دەدوێن. ئەرمەنییەکان بە زمانی ئەرمەنی دەدوێن. ژمارەی دانیشتووانی شاری ورمێ دەکاتە (٥٧٧,٣٠٧) کەس کە بەپێی نەتەوە بەم شێوەیەیە:

نەتەوە

ژمارەی کەس

بە ڕێژە

دانیشتووان

کورد

٣٢٩,٠٦٥ 

٥٧٪

شاری ورمێ

ئازەری

٢١٩,٣٧٧

٣٨٪

شاری ورمێ

کورەسوننی

١٧,٣١٩

٣٪

شاری ورمێ

مەسیحی

٧,٧٩٣

١،٣٥٪

شاری ورمێ

جوو

١,٤٤٣

٠،٢٥٪

شاری ورمێ

یارسان

١,١٥٥

٠،٢٪

شاری ورمێ

بەهایی

١,١٥٥

٠،٢٥٪

شاری ورمێ

ئایین

کوردەکانی ئەم شارە زۆرینەیان سوننە مەزهەبن و هەندێکیان یارسانین، کورەسوننیەکان سوننە مەزهەبن، ئازەریەکان شیعە مەزهەبن، ئەرمەنی و ئاشورییەکان مەسیحیین، تاکوو ساڵی ١٩٠٠ نزیکەی نیوەی دانیشتووانی شار مەسیحی بوون و بەڵام تاکوو ساڵی ١٩١٨ ژمارەیان زۆر کەمیکرد بەهۆی شەڕ و کوشتار و کۆچپێکردنیان. لەسەردەمی ڕەزا شای پەهلەویدا زۆرێک لە ئاشوورییەکان گەڕانەوە بۆ ئەم شارە.

بازرگانی

لە کۆندا ورمێ، شا ڕێگای بازرگانی قەوقاس و میزۆپۆتامیا و ئاسیای بچووک بووە. ورمێ کەوتووەتە سەر ڕێگای بازرگانی هەناردەکردنی شتوومەک و هاوردەکردنی شتوومەک. هەروەها بازرگانی کردن بە بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمی ناوچەیی دەورووبەری.

ڕێژەی دانیشتووان

ورمێ لە سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی ٢٠١١ ٦٦٧،٤٩٩ کەس بووە لەو ژمارەیە ٣٣٤،١٣٤ نێر و ٣٣٣،٣٦٣ مێ بووە و لە ١٩٧،٧٤٩ خێزان پێکهاتووە. دووەمین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دوای کرماشان لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە و دەیەمین شاری ئێرانە. ورمێ قەرەباڵغترین شاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە.

ساڵی سەرژمێری دانیشتووان پلەی لە ئێراندا:

ساڵی سەرژمێری

دانیشتوان

پلەی لە ئێراندا

١٩٥٦

٦٧٬٦٠٥

١١

١٩٦٦

١١٠٬٧٤٩

١١

١٩٧٦

١٦٤٬٦١٩

١١

١٩٨٦

٣٠٤٬٨٢٣

٩

١٩٩١

٣٥٧٬٣٩٩

١١

١٩٩٦

٤٣٥٬٢٠٠

١٠

٢٠٠٦

٥٧٧٬٣٠٧

١٠

٢٠١١

٦٦٧٬٤٩٩

١٠

٢٠١٦

٧٣٦٬٢٢٦

١٠

داب و نەریت

ئەم شارە لەبەرئەوەی لە چەندین نەتەوە پێکهاتووە لەبەرئەوە لەڕووی نەریتەوە جیاوازە و لە چەندەها نەریت پێکهاتووە یاخود تێکەڵی نەریتەکان بووەتە هۆی دروست بوونی نەریتێکی نوێ.

کوردەکان ئاهەنگ و جەژنی خۆیان هەیە کە تایبەتە بە کولتووری کوردەواری و لەهەمان کاتدا نەریتی ئایینی سوننەیان هەیە وەکوو ناوچە کوردنشینەکانی تر. وەکوو جەژنی نەورۆز و جەژنە ئایینییەکانی قوربان و ڕەمەزان.

ئاشوورییەکان و ئەرمەنیەکان ئاهەنگ و جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەڕووی ئایینییەوە لەیەکتر نزیکن بەهۆی ئەوەی کە یەک ئایینیان هەیە، ئاشوورییەکان یەکەم نەتەوە بوون کە بوونەتە مەسیحی، یەکێک لە قەشەکان هەموویانی لە ئاوی دەریاچەی ورمێ هەڵدەکێشا، پاش ئەوە ئاشوورییەکان هەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن. جەژنی ڕۆژی دایک هەموو ساڵێک لە هەینی یەکەمی ساڵی نوێ یاد دەکەنەوە، بۆ یاد و بیرهێنانەوەی حەزرەتی مریەم. نۆرسادێل یان ئاب یەکێکە لە فێستیڤاڵەکانی ئاشوورییەکان، ئەم ڕۆژە ناسراوە لەناو غیرە ئاشوورییەکانیشدا لە ورمێ، لەبەرئەوەی ئاشوورییەکان ئاو دەپرژێنن بە هەموو کەسێکدا.

ئازەری ئەمانیش وەک نەتەوەکانی تری ئێران بەشداری و ئاهەنگ دەگێڕن لە کاتی جەژنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، مۆسیقای ئاشیق کە یەکێکە لە نەریتە دەرکەوتووەکانی تورک زمان لە جیهاندا، کە چەند خوێندنگەیەکی فێربوونی هەیە لە ئێراندا، یەکێک لەوانە خوێندنگەی عاشقی ورمێیە، لەلایەن چەند کەسێکی پسپۆڕەوە بەڕێوەدەبرێت.

سینەما و کتێبخانە

سەرەتای سینەما کە هاتە ورمێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٠ـەکان دەگەڕێتەوە، لە ورمێ ٥ سینەما و ٣ هۆڵ هەیە، بەردەوامیان هەیە بەشێوەیەکی ناچالاک، سینەمای ئازادی کە لە پێشدا ناسرابوو بە پەرسیپۆلیس سینەما دامەزراوە لە ساڵی ١٩٤٠، سینەما ئێران و سینەما ئینقلاب دامەزراوە لە ساڵ ١٩٦٥. لە ورمێ ١٨٠٠٠ کەس ئەندامن لە ١٣ کتێبخانەی گشتی ورمێدا.

شارەوانی

یەکەم شارەوانی کەدامەزرا بەناوی بەلەدییەی ڕەزائیە بوو، لەسەردەمی پەهلەویدا وشەی بەلەدییە گۆڕدرا بە شارەوانی، بەمەش بووە شارەوانی ڕەزائیە. شارەوانی ڕەزائیە ناوەکەی گۆڕا بە شارەوانی ورمێ لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، تاکوو سەرەتای سەردەمی پەهلەوی شارەوانی هەر لەگەڵ پارێزگای ئازەربیجانی ڕۆژاوا بەڕێوەدەچوون، پاش سەردانی ڕەزاشا بۆ ورمێ تەلارێک بۆ شارەوانی کرایەوە، شارەوانی ورمێ لە ساڵی ١٩٦١ـدا بەفەرمی کرایەوە و بووە ٢٢ـەمین شارەوانی ئێران.

کونسوڵخانە

کونسوڵخانەی تورکیا لە ورمێ بۆ کاروباری دیبلۆماسی و ڕامیاری لە ورمێ کاردەکات لە ژێر فەرمانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران، جگە لە ورمێ کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری تەبرێزیش هەیە.

ناوی وڵات

ڕەوشی کونسوڵگەری

عێراق

چالاک

تورکیا

چالاک

ڕووسیا

ناچالاک

ئینگلتەرا

ناچالاک

ئەمریکا

ناچالاک

ڤاتیکان

ناچالاک

پەروەردە

خوێندنی گشتی

پێش سەردەمی پەهلەوی، خوێندن بەشێوەیەکی گشتی بەڕێوەدەچوو لە خوێندنگاکاندا، خوێندنگاکان لە گەڕەکە گەورەکاندا هەبوو، شارەکە قەرەباڵغ بوو، زۆرینەی لە مزگەوت و تەکییەکان و ماڵەکاندا دەیانخوێند. یەکەم شێوازی تازەی خوێندنگە دامەزرا لە ورمێ لە ساڵی ١٩٣٢ و ١٧ ساڵ لەدوای ئەو ڕێکەوتە ئەکادیمیای هونەریش دامەزرا.

خوێندنی باڵا

یەکەم ناوەندی پەروەردە و فێرکردنی پزیشکی دامەزرا لە ئێراندا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ورمێ لە ساڵی ١٨٨٥، چالاکی ئەم پەیمانگایە بەردەوام بوو تاکوو دامەزرێنەرەکەی لە ژیاندا بوو کە (جۆسێف کارکران) بوو. خوێندنی باڵا لە ساڵەکانی دواتردا پەرەیسەند وەکوو کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە ورمێ.

ناوەندی فێرکردنی زانستە ئایینییەکان

یەکەم خوێندنگەی ئایینی لە ساڵی ١٧٦٣ لە ورمێدا دامەزراوە، ئەم خوێندنگەیە ناسراوە بە خوێندنگەی ئیمام خومەینی لە ورمێ و نزیکەی ١٥٠ خوێندکار تیایدا دەخوێنن، هەروەها خوێندنگەی ئایینی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ورمێ، هەروەها خوێندنگەی ئایینی زەینەبی کوبرا تایبەتە بە ژنان کە زانستە ئایینییەکانی تێدا دەخوێندرێت.

گواستنەوە

شار

دووری نێوانیان

ئەهواز

١٠٦٤ کیلۆمەتر

ئیلام

٧٦٦ کیلۆمەتر

بازەرگان

٣١٤ کیلۆمەتر

بەندەر عەباس

٢٠٢٦ کیلۆمەتر

تەبرێز

١٣٠ کیلۆمەتر

تاران

٧٨٠ کیلۆمەتر

زەنگان

٥٨٨ کیلۆمەتر

ڕەشت

۹١٤ کیلۆمەتر

سێرۆ

٥٣ کیلۆمەتر

سنە

٤٤٦ کیلۆمەتر

کرماشان

٥٨٢ کیلۆمەتر

کرمان

١٦٥٠ کیلۆمەتر

مەشهەد

١٨٠١ کیلۆمەتر

هەمەدان

٦١٠ کیلۆمەتر

بۆکان

١٨٤ کیلۆمەتر

فڕۆکەخانە

لە شاری ورمێ فڕۆکەخانەیەکی چالاکی نێودەوڵەتی هەیە، فڕۆکەخانی ورمێ، گەشتی ئاسمانی ناوخۆیی هەیە بۆ تاران و مەشهەد و گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ وڵاتانی تورکیا و شانشینی سعودییە و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان. کۆمپانیاکانی (ئاسمان و ئێران ئێر و ئاتا) لێپرسراوی گەشتی ئاسمانیین لە فڕۆکەخانەی ورمێ.

ڕێگای ئاسن

پڕۆژەی دروست کردنی ڕێگای ئاسنی نێوان میاندواو و مەراغە و مەهاباد و نەغەدە و ورمێ بە درێژی ١٨٤ کیلۆمەتر لە ساڵی ٢٠٠١ـدا دەستیپێکرد. بڕیار وابوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ تەواو ببێت بەڵام تەواو نەکراوە. بەم پلانە شاری ورمێ دەبەسترایەوە بە تۆڕی ڕێگای ئاسنینی نیشتیمانییەوە.

تێرمیناڵ (گەراج)

گەراجی شەوانە و ڕۆژانەی شەهید کامیل لە ورمێ ڕۆژانە ١٧٠٠٠ گەشتیاری هەیە لە ورمێوە بۆ شارەکان و بە پێچەوانەوە. بەهۆی نەبوونی شارەزای تایبەت بۆ دروست کردنی تێرمیناڵ، خەریکی دروستکردنی تێرمیناڵێکن بە ڕووبەری ١٨ هێکتار لە سەر ڕێگای سێرۆ.

پاسی خێرا

بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و ڕێکخستنی هاتوچۆی ڕێگا سەرەکییەکانی شاری ورمێ، شارەوانی ورمێ سیستمێکی ئۆتۆبوسی دانا. ئەم پڕۆژەیە لە تەممووزی ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکرد. ئەم سیستمە لە ورمێ پێکهاتووە لە دوو هێڵی ئۆتۆبوس. هێڵی یەکەم بەدرێژایی ١٣ کیلۆمەتر و لە ١٤ وێستگە پێکهاتووە و لە شارەوانی ئیسارەوە بۆ مەیدانی خاتم ئەنبیا. ناوچەی ٢ و٣ـی شارەوانی پێکەوە گرێدەدات. ئەم هێڵە لە ٥٤٪ دانیشتوانی شاری ورمێ لە خۆ دەگرێت. هێڵی دووەم لە شارەوانی بەهداری بۆ گۆڕەپانی شوهەدا دەروات.

تەکسی

شاری ورمێ زیاتر لە ٧٠٠٠ تەکسی هەیە، ئەم ژمارەیە دەکاتە ٣٥٪ بەشی گواستنەوە لە شارەکەدا. لەم ژمارەیە ١٧٢٦ تەکسی چالاک هەڵگری تابلۆی سوورن و ٢٠٤٢ تەکسی هەڵگری تابلۆی سپیین و کە گرێدراون بە سەندیکاکانی گواستنەوەوە.


سەرچاوەکان



450 بینین