پارێزەر

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-09-24-14:49:00 - کۆدی بابەت: 10345
پارێزەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پارێزەر (بە ئینگلیزی: lawyer، بە عەرەبی: محامي)، کەسێکە لە کۆلێجی یاسا خوێندوویەتی و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بەشی یاسادا و لە دادگا بەپێی یاسا پارێزگاری لە مافی بریکارەکەی دەکات. کارکردن وەک پارێزەر بریتییە لە بەکارهێنانێکی کردارییانەی تیۆرییەکان و زانیارییە یاسایییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە تاکەکەسییە تایبەتەکان، یان پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانەی کە پارێزەر بەکرێ دەگرن. هاوکات ئافرەت، پیاو، گەنج و پیر دەتوانن ببنە پارێزەر بە مەرجێک دەرچووی بەشی یاسا بن، هەروەها زۆر هەلی کارکردن هەن بۆ پارێزەران و هەڵبژاردنیان دەکەوێتەوە سەر خواست و ئارەزووی کەسی پارێزەر، بۆ نموونە وەک پارێزەری بازرگانی و پارێزەری باج و چەندانی تر.

چەند جۆرێکی جیاوازی پارێزەر

پارێزەر بەتەنیا یەک جۆری تایبەتی نییە بەڵکوو لە چەندین جۆری جیاواز پێکهاتوون و هەریەکەیان لە بوارێکدا پارێزەرایەتی دەکەن، هاوکات جۆرەکانی پارێزەر لە جیهان بەپێی وڵاتان جیاوازن و ئەمانە چەند جۆرێکی باویانن، کە بریتین لە:

پارێزەری بازرگانی (Business lawyer)

ئەم جۆرەیان بە (پارێزەری هاوبەش)ـیش ناسراوە، کە کاریان بریتییە لە پارێزگاریکردن لە شێوازی بەڕێوەبردن و هێشتنەوەی کاروبارەکانی کۆمپانیا لە چوارچێوەی یاسادا و ئەنجاندانی کارەکان بەشێوەیەکی یاسایی.

پارێزەری باج (Tax lawyer)

ئەم جۆرەی پارێزەر بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ پاراستن و چاودێریکردنی بڕی باجی دامەزراوەکان دەکات بۆ نموونە لە دامەزراوە بازرگانییەکان و دامەزراوە ژمێریاییەکان و دەزگا حکوومییەکاندا. سەرەڕای سەختی و قورسی کارەکەیان بەڵام پێویستە پارێزەرانی باج چاودێری هەموو نەخشەسازی و نوێگەری و گۆڕانکارییەک بکەن کە لە باجدا ڕوودەدات.

پارێزەری داکۆکیکاری دۆسیەی تاوان (Criminal defense lawyer)

ئەو پارێزەرانەن کە لایەنگری و پارێزگاری لە بریکارەکەیان دەکەن لە دۆسیەیەکی تاوانبارییدا کە تاوانبارکراون و بەپێی یاسا و دەستوور و داوای ئازادی و مافە سەرەتایییەکانی بریکارەکەیان دەکەن. هاوکات ئەگەر کەسێک پارێزەری نەبوو، ئەوکات دەوڵەت بۆی دابین دەکات.

پارێزەری خێزان (Family lawyer)

ئەو پارێزەرانەن کە مامەڵە لەگەڵ جیابوونەوەی هاوسەران و سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان و نووسینی وەسێتنامە و کێشەکانی تەمەنی گەنجییەتی منداڵەکانیان و دابینکردنی ئاساییش بۆ منداڵەکان دەکەن.

پارێزەری کۆچبەران (Immigration lawyer)

کاری ئەم جۆرەی پارێزەر بریتییە لە بەدەستهێنانی مافی هاونیشتیمانیبوون و ڕەگەزنامە بۆ پەنابەران و کۆچبەران لەو وڵاتەی کۆچیان بۆی کردووە.

پارێزەری بەرهەمە چێژبەخشەکان (Entertainment lawyer)

کاری ئەم جۆرە پارێزەرانە بریتییە لە پارێزگاریکردن لە کارێکی تایبەتی هونەرمەندان، وێنەکێشان، و نواندنکاران و براندەکانی تری پەیوەست بە میدیاوە، کە تێیدا ئەم پارێزەرانە یارمەتیدەر دەبن لە پاراستنی خاوەندارییەتی بەرهەمەکان و مافی لەبەرگرتنەوەیان.

پارێزەری بواری پزیشکی (Medical Malpractice lawyer)

ئەم پارێزەرانە لەو کاتانە یارمەتیدەرن کە پزیشکێک هەڵەیەک دەکات و مەترسی لەسەر گیانی نەخۆش دروست دەکات یان چارەسەرییەکی نادروست پێشکەش بە نەخۆش دەکات و بەشێوەیەکی هەڵە نەخۆشییەکان دەستنیشان دەکات.

پارێزەری برینداربوونی کەسیی (Personal injury lawyer)

ئەم جۆرەی پارێزەر بۆ ئەوکاتانەیە کە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا برینداربوون و زیانی ماددی دروست دەبێت، کە تێیدا ئەم جۆرەی پارێزەر قەرەبووی زیانەکان بۆ خاوەن زیان وەردەگرێتەوە.

پارێزەری میرات (Estate planning lawyer)

ئەم جۆرەی پارێزەران کاریان بریتییە لە پارێزگاریکردن لە موڵک و ماڵە تایبەتەکانی وەسێتنامە و میراتی، هاوکات یارمەتیدەرن لە داڕشتنی وەسێتنامەیەک بۆ گواستنەوەی سەروەت و سامان، هەروەها ئەم پارێزەرانە دەتوانن یارمەتیدەربن تاوەکوو میراتییەک دابنێن کە بۆ پێداویستییە داراییەکانی داهاتووی منداڵەکان گرنگن.

پارێزەری ڕێگریکردن لە مایەپووچبوون (Bankruptcy lawyer)

ئەم جۆرەی پارێزەر یارمەتیدەری ئەو کەسانەن کە گومانیان لە مایەپووچبوونی خۆیان هەیە بەوەی کە ڕێوشوێنی پێویستیان پێ نیشان دەدەن تاوەکوو لە مایەپووچبوون بەدووربن.

پارێزەری دامەزراندن (Employment lawyer)

کاتێک لە کۆمپانیایەکدا کار دەکەیت و کێشەت لەگەڵ کارمەندێک دەبێت یان کارمەندێکی تر لەگەڵ کۆمپانیاکەدا کێشەی بۆ دروست دەبێت، ئەوا پارێزەری دامەزراندن هەڵدەستێت بە خستنەڕووی یاساکانی کارکردن لە کۆمپانیادا و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری سەبارەت بە پرسە یاساییەکانی کۆمپانیا کە لە گرێبەستی دامەزراندا هەن.

پارێزەری کۆمپانیاکان (Corporate lawyer)

ئەم پارێزەرانە مامەڵە لەگەڵ بابەتە یاساییەکانی سەبارەت بە کۆمپانیاکان دەکەن و لەوە دڵنیا دەبنەوە کە هەموو مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ یاسادا دەگونجێن، هاوکات کار لەسەر هاوبەش پەیداکردن و یەکگرتن و دەستکەوت دەکەن، لەگەڵ ئەمانەشدا لێکۆڵینەوەی یاسایی ئەنجام دەدەن و گرێبەستەکان دەنووسن و پێداچوونەوەیان بۆ دەکەن.


سەرچاوەکان



1274 بینین