تیوبەکانی تاقیگە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-24-21:54:00 - کۆدی بابەت: 10359
تیوبەکانی تاقیگە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تیووبەکانی تاقیگە (بە ئینگلیزی: Laboratory tubes، بە عەرەبی: أنابيب المختبر) بریتیین لە کۆمەڵێک جۆری تیووب لە کاتی کارکردن لە تاقیگەکاندا بەکاردێن. کاتێک باسی تاقیگە دەکرێت سەرەتا وێنەی تیووبەکان دێنە بەرچاو، یەکێکن لە پێداویستییە گرنگەکانی تاقیگە.

دوو جۆری تیووبەکان بریتین لە:

  • تیووبی چاندن، تیووبی نموونە یان تیووبی پشکنین (test tube)
  • تیووبی کۆکردنەوەی خوێن (blood collection tube)

تیووبی پشکنین

لوولەیەکی شووشەیی باریکە، سەری کۆتایی شووشەکە داخراوە و سەرەکەی تری کراوەیە، بەشی خوارەوەی تیووبەکە بازنەیییە.

ئەم جۆرە تیووبە بەزۆری لە شووشەی پایرێکس (جۆرە شووشەیەکە بەرگری تەواوی گەرمی زۆر و ماددەی کیمیایی و کارەبا دەکات) دروست دەکرێت. تیووبەکانی پشکنین یەکێکن لە زۆرترین پارچە بەکارهێنراوەکانی تاقیگە. دوو کیمیاگەری بەناوبانگ جۆنس جاکوب بێرزلیوس لە ساڵانی (١٧٧٩-١٨٤٨) و مایکڵ فارادی لە ساڵانی (١٧٩١–١٨٦٧) وەک داهێنەری تیووبی پشکنین دادەنرێن. بێرزلیوس کیمیازانێکی بەناوبانگە چەندین تاقیکردنەوەی کیمیایی کە بوونەتە هۆی دۆزینەوەی توخمی کیمیایی ئەنجام داوە. بێرزلیوس پێویستی بە شتێک بوو لە تاقیکردنەوەکانیدا یارمەتی بدات و بتوانێت ماددەکانی لەناودا گەرم بکات، بۆ ئەمەش دەستی بە دروستکردنی شووشەی دژە کوڵان کرد. دواتر ئەم شووشانە بۆ تیووبەکان پەرەیان پێ دراو بوون بە بەشێکی گرنگی تاقیگە. زیاتر بنچینەی بەکارهێنانی تیووبەکانی پشکنین بۆ سەدەی  ١٩ دەگەڕێتەوە. لێکۆڵەرەوان پێیان وایە پێش سەدەی  ١٩ لە تاقیگەکاندا شووشەی شەراب لە جیاتی تیووبی پشکنین بەکارهێنراوە. ئەم تیووبانە بەکارهێنانی زۆریان هەیە و لە زۆربەی بەشەکانی تاقیگەدا بەکاردێن، بەڵام بەشێوەیەکی زۆرتر لەلایەن کیمیازانەکانەوە زیاتر بەکاردێن. لە تاقیگە کیمیاییەکاندا بۆ تێکەڵکردنی ماددەکان بەکاردێن.

بەکارهێنانەکانیان

  1. بۆ هەڵگرتنی بڕێکی کەم ماددە کە لە تاقیکردنەوە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردێن.
  2. یارمەتی تەکنیککارە تاقیگەیییەکان دەدات لە زیانەکانی ئەو ماددانەی لە تاقیکردنەوەکاندا بەکاریان دەهێنن پارێزراو بن.
  3. بۆ تێکەڵکردن ماددەکان.
  4. گەرمکردنی ماددەکان، ئەم شووشانە تەنکن، بەڵام دەتوانن بەرگەی گەرمکردن بگرن.
  5. گەشەکردنی بەکتریاکان.

ئەم تیووبانە بۆ هەڵگرتنیان لە کاتی کارکردندا شوێنی تایبەتیان هەیە، یارمەتییان دەدات بەشێوەیەکی ڕاست دابنرێن و لە ڕژان و کەوتن پارێزراو دەبن.

دوای بەکارهێنان پێویستە تیووبەکان پاک بکرێنەوە و بشۆرێن هەندێک کات بە فڵچەی تایبەت پاک دەکرێنەوە و هەندێک کاتیش تەنها بە ئاو دەشۆرێن.

تیووبی کۆکردنەوەی خوێن

کۆمەڵێک تیووبن بە ڕەنگ و جۆری جیاواز، بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی خوێن لە تاقیگەدا بەکاردێن. تیووبەکانی خوێن لە ڕەنگ و پێکهاتەدا جیاوازن، جیاوازی ڕەنگەکانیش بۆ ئاسانکاری ناسینەوەی تیووبەکان دەگەڕێتەوە. بەزۆری تیووبەکانی کۆکردنەوەی خوێن دوو پێکهاتەیان تێدایە، یان پێکهاتەیەک ڕێگری لە مەیینی خوێن دەکات یان پێکهاتەیەک کە دەبێتە هۆی مەیینی خوێن. تیووبەکانی خوێن لە ساڵانی ١٩٤٧ لەلایەن جۆزێف کلینەرەوە پەرەیان پێدرا.

جۆرەکانی تیووبی خوێن

ئەم تیووبانە ڕێژەیەکی دیاریکراوی خوێن کۆدەکەنەوە کە لەسەر تیووبەکە دیاریکراوە و پێویستە بەپێی پشکنینەکان تیووبەکان بەکاربهێنرێن. دەبێت بە وریایی مامەڵە لەگەڵ تیووبەکان بکرێت، دەکرێت ببنه هۆی هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا.

بۆ نموونە هەندێک جۆری تیووبەکان پێویستە زۆر بە هێواشی بجووڵێنرێن تاکوو ماددەکەی ناو تیووبەکە لەگەڵ خوێنەکە تێکەڵ ببێت. خێرا جووڵاندنی تیووبەکان دەبێتە هۆی تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکان و دواتریش هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دروست دەبێت. هەروەها گرنگە ڕێژەی سەنتەرفیوجکردنی تیووبەکانیش بزانرێت تاکوو نەبنە هۆی هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا.


سەرچاوەکان



682 بینین