دە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە هەڵئاوسانی چاوەکان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-25-22:29:00 - کۆدی بابەت: 10368
دە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە هەڵئاوسانی چاوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

دە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە هەڵئاوسانی چاوەکان (بە ئینگلیزی: 10ways to get rid of puffy eyes، بە عەرەبی: ١٠علاجات منزلية للتغلب على انتفاخ العين). دەشێت بەهۆی گریان یان نووستنەوە سەرنجی هەڵئاوسانی چاوەکانت دابێت، ئەگەری هەیە ئەمە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئاو یان شلەمەنی جەستە لە دەوروبەری چاو ڕووبدات. هەڵئاوسان و ڕەشبوونی دەوروبەری چاو دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکی جۆراوجۆرەوە ڕووبدات، وەکوو زیادبوونی تەمەن، فشار، زیاد بەکارهێنانی خوێ کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو، وشکبوونەوە و هەروەها ماندووبوونی چاو بەهۆی کەمخەوییەوە. خۆشحاڵانە ئەم حاڵەتە چارەسەری هەیە و پێویست بە نیگەرانی ناکات، دەتوانیت بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی سادە خۆت لە هەڵئاوسانی چاوەکان ڕزگار بکەیت. 

ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە هەڵئاوسانی چاوەکان 

١. بەپێی پێویست بخەوە

خەوتنێکی باش لە شەواندا، لە کەمکردنەوەی هەڵئاوسانی چاوەکان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی لە شەوێکدا پێویستت بە نزیکەی حەوت بۆ هەشت کاتژمێر خەو هەیە، بەڵام بێگومان ئەم کاتە بەپێی تەمەنەکانیش دەگۆڕێت. بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە شەوانە خەوێکی باش دەکەیت، خشتەیەک دروستبکە و هەوڵبدە پێوەی پابەند بیت، لە خشتەکەدا ئەو شتانە بنووسەرەوە کە پێش خەوتن دەتەوێت ئەنجامیان بدەیت. بۆ ئەوەی خەوێکی بە کوالێتیت هەبێت و دوای هەستان لەخەو هەست بە ماندووێتی و هەڵئاوسانی چاوەکان نەکەیت، پێشنیار دەکرێت کە:

  • بە خشتەی خەوتنەکەتەوە پابەند بیت، واتە هەوڵبدەیت هەموو شەوێک لە هەمان کاتدا بخەویت.
  • بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر پێش نووستن لە خواردنەوە کافاییەنەکانی وەک قاوە دووربکەوە. 
  • پێش نووستن، خۆت لە خواردنەوەی ماددە کحولییەکان بەدوور بگرە.
  • هەوڵبدە سێ کاتژمێر بەر لە خەوتن ژەمی ئێوارەت خواردبێت.
  • چەند کاتژمێرێک پێش نووستن، ڕاهێنانە وەرزشییەکانت تەواو بکە.
  • یەک بۆ دوو کاتژمێر پێش نووستن، ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بکوژێنەرەوە و بەکاریان مەهێنە.  

٢. بزانە هەستیاریت بەچی هەیە

ئەگەر هەستیاری وەرزی یان هەر جۆرە شتێکی تری دیاریکراوت هەیە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. دەکرێت هەستیاری ببێتە هۆی سووربوونەوە و هەڵئاوسانی چاو، لەوانەیە ئەم هۆکارە وات لێ بکات زیاتر دەست بە چاوەکانتدا بهێنیت و بیخورێنی، لە ئەنجامدا دەشێت هەڵئاوسانەکەی زیادبکات.  

٣. بەپێی پێویست ئاو بخۆرەوە

دەکرێت هۆکاری هەڵئاوسانی چاو بۆ وشکبوونەوەی جەستە بگەڕێتەوە. دڵنیابەرەوە ڕۆژانە بڕی تەواوەتی لە ئاو دەخۆیتەوە، تاکوو پێستت بە تەندروستی بمێنێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، وا پێویستە ڕۆژانە نزیکەی هەشت پەرداخ ئاو بخۆیتەوە. هەوڵبدە بەردەوام پەرداخێک ئاو لە تەنیشتت بێت بۆ ئەوەی ئەگەر هەستت بە تینووێتی کرد ڕاستەخۆ ئاو بخۆیتەوە. ئەگەر کەسێکیت لەبیری دەکەیت ڕۆژانە ئاو بخۆیتەوە و گرنگی پێ نادەیت، ئەوا دەتوانیت لە مۆبایلەکەتدا زەنگی ئاگادارکردنەوە دابنێیت. 

٤. لە ماددە کحولییەکان دووربکەوە

هەوڵبدە بەشێوەیەکی سنووردار ماددە کحولییەکان بخۆیتەوە یان ئەگەر بە تەواوەتی لە خواردنەوەیان دووربکەویتەوە ئەوا زۆر باشترە، چونکە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی جەستە. هەروەها وشبکوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی چاوەکان، وا باشترە لەجیاتی ئەوە پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە. 

٥. بەکارهێنانی خوێ کەمبکەرەوە

خواردنی بڕێکی زۆر لە خوێ دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە، هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی حاڵەتەکانی تری وەک نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە. بۆ کەمکردنەوەی خواردنی خوێ هەوڵبدە هەندێک جۆری خواردنی وەک پەنیر و گۆشت و نان بە شێوەیەکی سنووردار بەکاربهێنیت. لە کاتی کڕینی خۆراکدا، زانیاری سەر بەرهەمەکە بخوێنەرەوە تاکوو دڵنیابیت لە ڕێژەی ئەو خوێیەی کە تێیدایەتی، بۆ نموونە هەندێک بەرهەمی ئامادەکراوی وەک سوپ بڕێکی زۆر خوێی تێدایە. زیاتر گرنگی بە میوە و سەوزەی نوێ بدە و لە خۆراکی ئامادەکراو دووربکەوە. 

٦. گرنگی بە خواردنی پۆتاسیۆم بدە

پۆتاسیۆم یارمەتی کەمکردنەوەی شلەی زیادەی لەش دەدات، کەواتە هەوڵبدە گرنگی بە خواردنی پۆتاسیۆم بدەیت. دەتوانیت ئەو خۆراکانە بخۆیت کە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن وەکوو مۆز، ماست، فاسۆلیا و گەڵا سەوزەکان. بەڵام ئەگەر کەسێکیت زیاتر ئەو خۆراکانە دەخۆیت کە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن یان کێشەی زۆری ڕێژەی پۆتاسیۆمت هەیە، سەرەتا ڕێنمایی لە پزیشکەکەت وەربگرە. 

٧. شتێکی سارد بەکاربهێنە

دەتوانیت شتێکی سارد بۆ ماوەی دە خولەک لەسەر چاوەکانت دابنێت تاکوو بحەسێنەوە، ئەم تەکنیکە یارمەتی کەمبوونەوەی ئەو شلەمەنییە دەدات، کە لە دەوروبەری چاودا کۆبووەتەوە. هەروەها بەکارهێنانی چای ڕەش یان سەوزی کیسەکان یەکێکی ترە لە چارەسەرە بەسوودەکان. چا ماددەی دژەئۆکسێن و کافایینی تێدایە، کە بۆرییەکانی خوێن گرژ دەکات و هەوکردن کەم دەکاتەوە.

٨. کرێمی چاو تاقیبکەوە

دەتوانیت ئەو کرێمانە بەکاربهێنیت، کە تایبەتن بە هەڵئاوسانی چاو. ئەم کرێمانە پێست تووندەکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا یارمەتی کەمبوونەوەی هەوکردن دەدەن. 

٩. سەرت بە بەرزی ڕابگرە

هەوڵبدە زیاتر لە پشتییەک بۆ ژێر سەرت بەکاربهێنیت و سەرت بەرز ڕابگریت، تاکوو شلەی جەستە لە دەوری چاو کۆنەبێتەوە. 

١٠. لەبارەی نەشتەرکاری جوانکاری ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە

ئەگەر حاڵەتەکە مەترسیدار بێت و گۆڕینی شێوازی ژیان و چارەسەرەکان سوودیان نەبێت، دەشێت لەم حاڵەتەدا پێویست بە نەشتەرکاری جوانکاری بکات.


سەرچاوەکان



410 بینین