ئەو شتانەی کە دەتوانرێت بە جلشۆر بشۆردرێن جگە لە جلوبەرگ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-09-26-00:50:00 - کۆدی بابەت: 10380
ئەو شتانەی کە دەتوانرێت بە جلشۆر بشۆردرێن جگە لە جلوبەرگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو شتانەی کە دەتوانرێت بە جلشۆر بشۆردرێن جگە لە جلوبەرگ (بە عەرەبی: استخدام الغسالة لغسل اشياء منوعة، بە ئینگلیزی: Washable items with washer other than clothing)، ئەگەر تاکوو ئەمڕۆ بە ئامێری جلشۆرەکەتان تەنها جلوبەرگ، خاولی، سەرچەف و بوکەڵەی پەڕۆتان شۆردووە، ئەوا ناحەقیتان بەرانبەر بەم ئامێرە کردووە. ئێوە زۆر زیاتر لەمانە دەتوانن جلشۆرەکەتان بەکاربهێنن و سوودی لێوەربگرن، دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە شۆردنی زۆربەی کەلوپەلەکانتان بە جلشۆر دەسپێرن و لە شۆردنیان بە دەست ڕزگارتان دەبێت.

کەلوپەلەکان

  1. دۆشەکی سەر کورسییەکانی حەوشە و باڵکۆن: دۆشەکی سەر کورسییەکانی حەوشە، لەبەرئەوەی لە شوێنێکی کراوەن زۆر زوو پیس دەبن، لەکاتی پێویستدا بە سپڕایەکی دژەپەڵە، پەڵەی چەوری یان ڕەشی و دوکەڵ لەسەر دۆشەکەکان پاک بکەنەوە، پاشان دۆشەکەکان بە ئاوی سارد لە جلشۆرەکەدا بشۆن، دوای شۆردن دۆشەکەکان لە هەوای کراوەدا دابنێن تا جوان وشک دەبنەوە.
  2. گاعی ئۆتۆمبێل: ئەگەر گاعی ئۆتۆمبێلەکانتان زۆر قورس و گەورە نەبن، دەتوانن بە جلشۆر بیانشۆن.
  3. بەرپێی بچووک: باشتر وایە هەتا دەتوانن بۆ پاککردنەوەی بەرپێیەکان گسک بەکاربهێنن، لەکاتێکدا کە هەستتان کرد بەرپێیەکان پێویستیان بە شۆردنە، دەتوانن بیانکەنە ناو ئامێری جلشۆرەوە.
  4. پەردە تۆڕی: بۆ شۆردنی پەردە تۆڕی، بیکە ناو کیسەیەکی تۆڕییەوە، پاشان کیسەکە بکە ناو جلشۆرەوە، دەبێت ماوەکەی کەم بێت، ئامێری جلشۆر بۆ شۆردنی پەردەی سەتەن یان پەردەی قورس هەڵبژاردنێکی باش نییە.
  5. جانتای چەرم: ئەگەر شۆردنی جانتای چەرم بە جلشۆر لەلای تۆ پەسەند نییە و گومانت لێی هەیە، ئەوەندە بەسە کە یەکێک لە جانتا چەرمەکانتدا کە پێویستی بە شۆردنە بیکەیتە ناو جلشۆرەکەوە و بە ئاوی گەرم و شامپۆی جلشۆرین بیشۆیت، ئەنجامی کۆتایی بەتەواوی ڕات دەگۆڕێت و گومانت نامێنێت.
  6. کۆڵەپشت: کۆڵەپشت، جانتا، تورەگەی پەڕۆ و جانتای وەرزشیش دەتوانیت بە ئامێری جلشۆر پاکییان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی کە زنجیری جانتاکە یان هەر بەشێکی ئاسنی ئەم کەلوپەلانە زیان بە جلشۆرەکە نەگەیەنێت، باشتر وایە سەرەتا جانتاکە بکەنە ناو بەرگە پشتییەکی کۆن پاشان بیکەنە ناو جلشۆرەکە یان جانتاکە هەڵگەڕێننەوە، ئەگەر لەبیرت کردبێت کە هەموو شتەکانی ناو جانتاکە بەتاڵ بکەیت، ئەوا دانانی جانتاکە لەناو بەرگی پشتی ڕێگری دەکات لەوەی کە کەلوپەلەکان گیر ببن لە بەشەکانی ناوەوەی جلشۆرەکە.  
  7. جلوبەرگ و کەلوپەلی وەرزشی: بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت لە بۆنی ناخۆشی جلی وەرزشی ئەوا لەناو ئامێری جلشۆردا بیانشۆ. بەبێ خەم دەتوانیت جلەکان، سەر ئەژنۆ، سەر مەچەک، پارێزەری مل و کڵاوی پەڕۆیی بە جلشۆر بشۆیت، ئاوی گەرمی ئاسایی بەکاربێنە بۆ شۆرینی جلە وەرزشییەکان.
  8. لاستیکی قژبەستن: لاستیکی قژ یەکێکە لەو شتانەی کە دەبێت ماوەی جارێک بشۆردرێت، چونکە بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامی لەسەر قژ، بەرکەوتنی زەیتی قژ و ئەو سیڕۆمانەی کە بۆ قژ بەکاردەهێنرێت، پیس دەبن. هەموو لاستیکەکانی قژت بکە ناو تورەکەیەکی تۆڕی و سەری تورەکە ببەستە، لەگەڵ جلەکان بیانکە ناو جلشۆرەکەوە.
  9. دۆشەکی یۆگا: هەستکردن بە بۆنی ئارەقە لە دۆشەکەکەت، لەکاتی ئەنجام دانی جوڵە ئارامکەرەوەکانی یۆگادا زۆر بێزارکەر دەبێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دۆشەکەکەت بە ئامێری جلشۆر بشۆ، بەڵام پێش ئەوەی بیکەیتە ناو جلشۆرەکە ڕێنمایی شۆردنەکەی بخوێنەوە، بۆ شۆرینی دۆشەکی وەرزشی، ئاوی سارد و پاککەرەوەیەکی ئاسایی بەکاربهێنە و جلشۆرەکە لەسەر خێراییەکی کەم دابنێ.
  10. جێگای خەوی ئاژەڵی ماڵی: جێگای خەوی ئاژەڵی ماڵی بەگشتی دەکرێت بگۆڕدرێت یان بشۆردرێت، تەنانەت ئەگەر نەتوانی بەرگی جێگای خەوی ئاژەڵەکەت بگۆڕیت، دەتوانیت بە چەند هەنگاوێکی سادە پاکی بکەیتەوە، سەرەتا ڕووەکەی بە گسکی کارەبایی یان فڵچەیەک لە مووەکانی ئاژەڵەکە پاک بکەوە، پاشان بە ئامێری جلشۆر بیشۆ، پاشان لە دەرەوە دایبنێ تا وشک دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



702 بینین