ئابووریی ڕەش

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-23-19:07:00 - کۆدی بابەت: 10419
ئابووریی ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئابووری ڕەش (بە ئینگلیزی: Black Economy، بە عەرەبی: الاقتصاد الأسود) بەشێکە لە چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتێک، لەو سەرچاوانەوە وەرگیراوە کە دەکەونە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانی وڵات سەبارەت بە بازرگانی. چالاکییەکان دەکرێت یاسایی بن یان نایاسایی بەپێی ئەوەی چی کاڵا و خزمەتگوزارییەک تێیدا بەشدارن. 

ئابووریی ڕەش پەیوەندی بە چەمکی بازاڕی ڕەشەوە هەیە، ئابووریی ڕەش لە کۆی چالاکییەکانی بازاڕی ڕەش لە ئابوورییەکدا پێکدێت. 

تێگەیشتن لە ئابووریی ڕەش

خەڵکی لە ئابوورییە ڕەشەکاندا بە قاچاخ کار دەکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە باج و یاساکان بەدوور بگرن، یان کۆنتڕۆڵی نرخەکان بکەن. ئابوورییە ڕەشەکان کاتێک سەر هەڵدەدەن کە حکوومەتێک چالاکییە ئابوورییەکان بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییە تایبەتەکان سنووردار بکات، یان نایاساییکردنی مامەڵەکان و دانانی باج لەسەر شتەکان دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو کەس بە ئاسانی ناتوانێت دابینیان بکات. ڕەنگە بازاڕی ڕەش بۆ بەدەستهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە نایاساییەکان یان بۆ بەدەستهێنانی شتە گرانبەهاکان بە پارەیەکی کەمتر زیاتر سەرهەڵبدات. 

نموونەی ئابووریی ڕەش وەکوو کرێکارێک ئەگەر بە شێوەیەکی یاسایی پێویست بکات کە باج بدات، بەڵام بە شێوەیەکی نایاسایی پارەی پێبدرێت نە باج بدات، نە خاوەن کار باج لەسەر داهاتەکەی دابنێت، نایاساییە، کاری بیناسازی یاساییە بەڵام نەدانی باجە کە بە بەشێک لە ئابووریی ڕەش پۆلێن دەکرێت. 

مامەڵە نایاساییەکانی تر وەکوو شتێک کە بەپێی دەسەڵاتی دادوەری نایاساییە، بە بەشێک لە ئابووریی ڕەش دادەنرێت، وەکوو مامەڵەکردن بە ماددە نایاساییەکان و چەکی نایاسایی. هەروەها ئەو چالاکیانەی کە وابەستەی یاسا ناوخۆییەکانن، وەکوو ئەنجامدانی نۆژەنکردنەوەی بێ مۆڵەت یان وەرگرتنی پارە بۆ کردەوەیەکی لەشفرۆشی.

چۆن ئابووریی ڕەش بە شاراوەیی دەمێنێتەوە؟

لەبەر ئەوەی خۆ دزینەوە لە باجدان یان بەشداریکردن لە بازاڕێکی ڕەشدا نایاساییە، بۆیە ئەوانەی بەشداری لەو جۆرە کردەوەیەدا دەکەن هەوڵ دەدەن چالاکییەکانیان لە حکوومەتەکان یان دەسەڵاتە ڕێکخەرەکان بشارنەوە. 

بەشداربووانی ئابوورییە ڕەشەکان بە شێوەیەکی نەریتی مامەڵە نایاساییەکان بە پارەی نەختینەیی ئەنجام دەدەن، چونکە پارەی نەختینەیی شوێنەوار بەجێ ناهێڵێت. 

لەم دواییانەدا دراوە ئەلیکترۆنییەکان هەلی نوێی بۆ پارەدان کردووەتەوە، بە تایبەتی لە ڕێگای دارک وێبەوە (وێبسایتێکی نایاساییە). جۆرە جیاوازەکانی چالاکییە ژێر زەمینییەکان بەپێی ئەو یاسایانەی کە پێشێلی دەکەن جیادەکرێنەوە. 

ئابووریی ڕەش لە زۆر بازاڕی نهێنی پێک دێن وەکوو بازاڕی ڕەش، ئەم ئابوورییە لە هەموو شوێنێکدا هەیە، لە بازاڕی ئازاد و وڵاتانی کۆمۆنیست چی پێشکەوتوو بن یان گەشەسەندوو. 

تێچوون و سوودەکانی ئابوورییە ڕەشەکان

تێچووی ئابوورییەکان و سوودەکانی چالاکییەکان لە ئابووریی ڕەشدا بەپێی جۆری چالاکییەکە و چوارچێوەی چالاکییەکەدا دەگۆڕێت. زۆرجار چالاکییەکانی بازاڕی ڕەش ڕەنگە سوود بە بەشداربووانی ڕاستەوخۆ بگەیەنن بە شێوەیەک کە زیان بە کەسانی تر بگەیەنن، وەکوو کڕین و فرۆشتنی موڵکی دزراو.

چالاکییەکانی بازاڕی ڕەش بە جۆرێکی دیاریکراو دەتوانن زیانێکی زۆر بە کۆمەڵگا بگەیەنن، وەکوو خزمەتگوزارییەکانی کوشتن بە کرێ. 

ڕەنگە چالاکییەکانی تری بازاڕی ڕەش زیانی ئابووری ڕاستەوخۆ بە کەس نەگەیەنن بەڵام دەتوانن کاریگەری ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییانە کەمبکەنەوە کە سوود بە کۆمەڵگا دەگەیەنن، وەک ڕاوکردنی گیانلەبەرە کێوییەکان، فڕێدانی نایاسایی پاشماوەی ژەهراوی یان خۆدزینەوە لەو باجانەی کە لەسەر کاڵای گشتی دانراوە. 

لە هەندێک کاتی تردا ئابووریی ڕەش دەتوانێت قازانجێک بە کۆمەڵگا بگەیەنێت، بۆ ئەو کێشە ئابوورییانەی کە بەهۆی سیاسەتی حکوومەتەوە دروست دەبن.

قاچاخچی و بازاڕەوانەکان دەکرێت تاکە سەرچاوەی خۆراک و دەرمان بن بۆ خەڵکی برسی لە ناوچە جەنگاوییەکان، هەروەها ڕادیۆ و هەواڵنامە نایاساییەکان دەتوانن دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان بەدەربنێن. 

هەروەها خزمەتگوزارییە کەسییەکان وەک ژەمەکانی لە ماڵەوە دروست دەکرێت و دەفرۆشرێت، یان پەروەردەکردنی منداڵ لەلایەن کەسێکەوە لەناو ماڵێکدا، بە شێوەیەکی گشتی سوودبەخشن بۆ کۆمەڵگا، بەڵام بەشێکن لە ئابووریی ڕەش چونکە بە تەواوی لە دەرەوەی هەر گرێبەستێکی فەرمی و یاساییە یان لە مامەڵەی بازاڕدا تۆمار ناکرێن. 

چوار جۆری ئابووریی ڕەش

چوار جۆری سەرەکی پۆلێنی ئابووریی ڕەش هەیە کە بریتین لە: 

ئابووریی نایاسایی: بریتییە لەو داهاتەی لە ئەنجامی چالاکییە ئابوورییە نایساییەکانەوە بە پێشێلکردنی یاساکان کە دانراوە بەدەست دەهێنرێت، داگیرکردن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەشێکن لە ئابووریی نایاسایی.

ئابووریی ڕاپۆرتنەکراو: لە ئابووریی ڕاپۆرتدنەکراودا هەوڵ دەدەن خۆیان لە یاسا داراییە دامەزراوەییەکان بپارێزن ئەمەش کۆدی باج (یارمەتی خاوەن کار یان پارەدار دەدات کە چەنێک باج لە موچەیەک ببڕێت) دەگرێتەوە، دامەزراندنی بن دیوار و مامەڵەی تایبەتی بێ باج بەشێکن لە ئابووریی ڕاپۆرتنەکراو. 

ئابووریی تۆمارنەکراو: ئەو چالاکییە ئابوورییانە دەگرێتەوە کە بەدەر لە یاسا دامەزراوەییەکانن، کە پێداویستییەکانی ڕاپۆرتکردنی دەزگا ئامارییەکانی حکوومەت دیاری دەکەن. ئەمەش دەکرێت بەهۆی شاردنەوەی زانیارییەکانەوە بێت، بە هۆکاری یاسایی یان نایاسایی یان بەهۆی کێشە پراکتیکییەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان. 

ئابووریی نافەرمی: لەو چالاکییە ئابوورییانە پێکدێت کە لە ڕێگەی تێچوونەکانەوە فێڵ لە یاسا دەکەن کە لە یاسا و ڕێسا کارگێڕییەکاندا هاتوون، کە ئەمەش پەیوەندییەکانی موڵکایەتی، مۆڵەتی بازرگانی، گرێبەستی کار، نیمچە تاوان و زیان گەیاندن، قەرزی دارایی و سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. هەروەها چالاکییە نابازاڕییەکان، وەکوو بەرهەمهێنانی خزمەتگوزارییەکانی ماڵەوە یان ئەو کاڵایانەی کە لەلایەن هاوڕێ و دراوسێکانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، دەکەونە ئەم پۆلێنەوە. 


سەرچاوەکان



1020 بینین