سوودەکانی قسەکردن لەگەڵ خۆت

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-24-23:48:00 - کۆدی بابەت: 10443
سوودەکانی قسەکردن لەگەڵ خۆت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی قسەکردن لەگەڵ خۆت (بە عەرەبی: فوائد التحدث مع النفس، بە ئینگلیزی: The benefits of talking to yourself)، هەندێک کەس وابیردەکەنەوە کە مرۆڤە شێت و نەخۆشەکان لەگەڵ خۆیاندا قسەدەکەن، بەڵام بەمشێوەیە نییە، بەڵکوو قسەکردن لەگەڵ خۆت چەندین سوودی هەیە.

ئەگەر لەگەڵ خۆتاندا قسەدەکەن زۆر دانان، قسەکردن لەگەڵ خۆت نیشانەی نەخۆشی یان شێتبوون نییە، ئەگەر ئێوەش لەگەڵ خۆتاندا قسە دەکەن باشترە بزانن کەسە زاناکان لەگەڵ خۆیاندا قسە دەکەن، ئایا تا ئێستا لەگەڵ خۆتدا قسەت کردووە؟ بە هێواشی نا، بەڵکوو بە دەنگێکی بەرز، ئێمە زۆربەمان ئەم کارە دەکەین بەڵام ئەگەر کەسێک لەو کاتەدا بمان بینیت هەست بە شەرمەزاری دەکەین. لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن زاناکانی مێشک لە زانکۆی (بنگور) ئەنجام دراوە، قسەکردن لەگەڵ خۆت بە دەنگی بەرز دەتوانێت ببێتە هۆی زیاتر ناسینی خۆت بەمەش توانای کۆنتڕۆڵ کردنت زیاتر دەبێت و ژیانت باشتر دەبێت.  

سوودەکانی قسەکردن لەگەڵ خۆت بە دەنگی بەرز

  • باشترین هۆکارە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ناسینی خۆت.
  • زمان دەتوانێت بۆ ڕێکخستنی بیرۆکەکانمان یارمەتیمان بدات و هەروەها چالاکییەکانیشمان ڕێکدەخات.
  • یادەوەریمان بەهێز دەکات.
  • وا دەردەکەوێت کە تواناکانمان زیاتر دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانمان، لە تاقیکردنەوەیەکدا، سەلمێنراوە کە شێوازی قسەکردنی ئێمە بەدەنگی بەرز لەگەڵ خۆمان، کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر تواناکانی ئێمە لە ئەنجامدانی کار و ئەرکە قورس و ئاڵۆزەکانمان.
  • ڕەفتاری نامۆی زانایەکی شێت کە لەگەڵ خۆیدا قسە دەکات، لەوانەیە لە ڕاستیدا کەسێکی زانا نیشان بدات کە هەموو هۆکارەکانی بەردەستی بەکاردەهێنێت تاکوو توانای مێشکی بەهێزتر و زیاتر بکات.

سوودەکانی گوێگرتن لە دەنگی خۆتان

لە تاقیکردنەوەیەکدا، هەندێک نووسینیان بە بەشداربووان داوە و داوایان لێکردوون کە بە دەنگی بەرز بیانخوێننەوە. پاشان لەسەر ئەو بابەتانە داوایان لێکردوون کە چەند کارێک ئەنجام بدەن و بینییان کە ئەو بەشداربووانەی کە بە دەنگی بەرز خوێندبوویانەوە سەرکەوتووتر بوون لەوانەی کە بە بێدەنگی خوێندبوویانەوە، هەندێک باوەڕیان وایە کە زۆرترین سوودەکان بەهۆی گوێ لێبوونی دەنگی خۆتە.

ئاشکرایە کە فەرمانە دەنگییەکان باشتر لە نوسراوەکان، ڕەفتارەکانی ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکەن، کاتێک کە هەوڵ دەدەن سەرکێشییەک تەواو بکەن، قسەکردن لەگەڵ خۆتان دەتوانێت لە بەدەستهێنانی ئەوەی کە پێویستتانە بۆ سەرکەوتن، یارمەتیتان بدات.  

بە هێزی قسەکردن پاڵ بە خۆتانەوە بنێن

لەکاتێکدا کە زۆربەمان بەبێئاگایی لەگەڵ خۆماندا قسە دەکەین، زۆر بەکەمی ڕێک دەکەوێت کە کەسێک بە دەنگی بەرز فەرمان بە خۆی بکات، تەنیا شتێک کە ئەم حاڵەتەی بە بەردەوامی تێدا ڕوودەدات وەرزشە، کاتێک کە وەرزشوانە کارامەکان بەزۆری فەرمان بە خۆیان دەکەن، کاتێک کە ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە، ئەگەر فیزیکی بێت یان عەقڵی، دەتوانین لەگەڵ خۆماندا قسە بکەین بۆئەوەی تواناکانمان لە کارکردندا زیاتر بکەین. ئەگەر قسەکردن لەگەڵ خۆتدا ناڕەحەتت دەکات، بە گوێگرتن لە گفتووگۆی دەرونی خۆت کە پێشتر لە مێشکی خۆتدا کردووتە، دەست پێبکە. قسەکردن لەگەڵ خۆت چەند سوودێکی تریشی هەیە:

  • یادەوەری دەوروژێنێت 
  • یارمەتی بەهێزبوونی هەستەکان دەدات
  • یارمەتی ڕوونی بیرکردنەوەکان دەدات.
  • یارمەتی مێشک دەدات زیاتر بەکراوەیی کار بکات
  • هاوکاری منداڵان دەکات بۆ فێربوون
  • یارمەتی بەدەست هێنانی ئامانجەکان دەدات
  • یارمەتی کەمکردنەوەی فشار دەدات
  • دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوون


سەرچاوەکان



840 بینین