کەی پێویستە دەست بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیری بکرێت؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-01-23:23:00 - کۆدی بابەت: 10516
کەی پێویستە دەست بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیری بکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

کەی پێویستە دەست بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیری بکرێت؟ 

کەی پێویستە دەست بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژەپیری بکەین؟ (بە ئینگلیزی: ?When Should I Start Using Anti Aging Products) هەندێک کەس کاتێک سەیری بەرهەمەکانی پێست دەکەن، بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیری پشت گوێ دەخەن، چونکە پێیان وایە پێویستیان پێی نییە، لەوانەیە وا بیر بکەنەوە ئەگەر گەنج بیت بۆچی بەرهەمەکانی دژە پیری بەکاربهێنیت، بەڵام لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی پێویست دەکات بەرهەمەکانی دژە پیری بەکاربهێنیت، گرنگ نییە لە چی تەمەنێکدا بیت. 

شارەزایان دەڵێن لە تەمەنی بیست ساڵیدا پێست دەست بە پیربوون دەکات. ئەم گۆڕانکارییە بەشێکە لە پرۆسەی پیربوونی سروشتی، بەڵام زۆرێک لە هۆکارەکانی وەک خوو و ژینگە و هەڵبژاردنی شێوازی ژیان دەتوانن پیربوونی پێست خێراتر و خراپتر بکەن. لێرەدا چەند نیشانەیەی دیاری پیربوون بە پێی کتێبخانەی نیشتیمانی پزیشکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخەینەڕوو، کە بریتین لە:

  • پێستت دەست بە دەرکەوتنی هێڵی ورد و چرچی دەکات
  • پێستت هەست بە زبری، وشکبوونەوە، یان خوران دەکات
  • پێستت دەست بە شلبوونەوە دەکات
  • تێبینی ئەوە دەکەیت پێستت تەنکتر دەبێت
  • پێستت هەست بە ناسکی و هەستیارتربوون دەکات
  • پێستت بە ئاسانی شین دەبێتەوە

لەبەر ئەوەی پیربوونی پێست دەتوانێت لە هەر کاتێکدا دەست پێبکات، چەندین هۆکاری دەرەکی و ناوەندی کاریگەرییان دەبێت، بۆیە بەرهەمەکانی دژە پیربوون سوودبەخشتر دەبن لەوەی زۆربەی خەڵک بیری لێدەکەنەوە.

شارەزایان پێشنیاری بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیربوون دەکەن لە تەمەنی بیستەکاندا. بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیربوون پێش ئەوەی نیشانەکان بە تەواوی لەسەر پێستت دەربکەون، ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ خاوکردنەوەی پرۆسەی پیربوون و دواخستنی دەستپێکردنی. تا زووتر دەست بکەیت بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژە پیربوون، ئەگەری تووشبوونت بە هێڵی ورد و چرچ و لۆچی و پەڵەی ڕەش لەسەر پێستت کەمتر دەبێتەوە.

چۆن پیربوونی پێست خاو بکەمەوە؟

زوو ڕێگای خۆپاراستن دەستپێبکە، ئەمە یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ خاوکردنەوەی پیربوونی پێست. گرتنەبەری هەنگاوی خۆپارێزی لە تەمەنێکی بچووکتردا، وەکوو دەستپێکردن لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا نەک تەمەنی ٣٠ ساڵی.

بەگوێرەی کتێبخانەی نیشتیمانی پزیشکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زۆربەی هۆکارەکانی پیربوونی پێست پەیوەندییان بە بەرکەوتنی تیشکی خۆرەوە هەیە، بۆیە خۆپارێزی لە زیانەکانی خۆر زۆر گرنگە. بەرکەوتنی خۆر کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی پێست هەیە. 

هەر جارێک کە دەچیتە دەرەوە، دژەخۆرێکی باش بەکاربهێنە، تەنانەت لە ڕۆژانی ساردتر و لە وەرزی زستانیشدا. بێگومان خۆراکی باش و خواردنەوەی ئاوی زۆریش یارمەتیدەرە بۆ تەندروست و شێدارکردنی پێست.

هەروەها ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا ستراتیجییەکی کاریگەرە بۆ ئەوەی پێستت گەنج و تەندروست دەربکەوێت. چاپخانەی تەندروستی هارڤارد پێشنیاری ئەوە دەکات کە کاتەکانی حەمامکردنت کورت بکەیتەوە چونکە زۆر تەڕکردنی پێستت شێداری دەبات، هەروەها ئاوی گەرم دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زەیتی سروشتی پێست. لە وەرزی سەرمادا هەوای ناو ماڵەکەت بە شێداری بهێڵەرەوە بە یارمەتی شێدارکەرەوەیەک. ئەگەر جگەرە دەکێشیت، وازی لێ بێنە. جگەرەکێشان سوڕی خوێن کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی چرچبوونی پێست. 

لە کۆتاییدا هەموو ڕۆژێک شێدارکەرەوە بەکاربهێنە. زۆرێک لە بەرهەمەکانی دژە پیربوون پێکهاتەی شێدارکەرەوەیان تێدایە بۆ ئەوەی پێست چەور و شێدار و تەندروست بمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە زیادکردنێکی زۆر باش بن بۆ گرنگیدانی ڕۆژانەی پێست. هەروەها تا زووتر دەست بکەیت بە گرنگیدان بە پێستت، لە ماوەی درێژخایەندا سوودی زیاتری دەبێت. 

بەرهەمەکان 

لەکاتی بەدەستهێنانی یەکەم کۆمەڵەی بەرهەمەکانی دژە پیربوون، زۆر گرنگە دەربارەی ئەو براندانەی کە دروستیان دەکەن بزانیت. تەنها ئەو بەرهەمە کوالیتی بەرزانە هەڵبژێرە کە بە پێکهاتەی سەلامەت و سەلمێنراوی کلینیک دروستکراون، ئەگەر نا ڕەنگە بەرهەمەکە تەنها زیانێکی زیاتری بۆ پێستت هەبێت نەک سوود. هەرچەندە هەر پێستێک جیاوازە، دۆزینەوەی باشترین بەرهەمی دژە پیربوون بۆ چاودێریکردنی پێست تاقیکردنەوەی دەوێت، بەڵام دەتوانیت بەدواداچوون بۆ براندەکان بکەیت و بەرهەمی گونجاو بۆ پێستی خۆت هەڵبژێریت. 


سەرچاوەکان



243 بینین