بۆچی نابێت هەموو ڕۆژێک ئارایشت بکرێت؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-03-00:00:00 - کۆدی بابەت: 10530
بۆچی نابێت هەموو ڕۆژێک ئارایشت بکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئارایشت یان مکیاج (بە ئینگلیزی: Cosmetics یان Makeup) پێکهاتەیەکی کیمیاییە، لە سەرچاوەی دەسکرد یان سروشتییەوە وەرگیراون، بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێن، هەندێک جۆری ئارایشت تایبەتە بە گرنگیدان بە پێست وەکوو خاوێنکردنەوەی پێست، هەندێکیشیان بۆ مەبەستی جوانکاری و چەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێن.

بۆچی نابێت هەموو ڕۆژێک ئارایشت بکرێت؟

بۆچی نابێت هەموو ڕۆژێک مکیاج بکەین؟ (بە ئینگلیزی: ?Why You Shouldn’t Wear Makeup Every Day) ئارایشت کردن وا لە خانمان دەکات زیاتر بڕوایان بە خۆیان بێت، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی ئارایشتکردنی بەردەوامیان، ئەگەر یەکێکیت لەو کەسانەی ڕۆژانە ئارایشت دەکەیت ئەوە پێویستە پشوویەک بە پێستت بدەیت، چونکە ئارایشتکردنی بەردەوام چەندین کێشە بۆ پێستت دروست دەکات کە هەندێک جار لێی بێ ئاگاین، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئارایشتی ڕۆژانە بریتین لە:

  • زوو پیربوونی پێست: بە شێوەیەکی گشتی خانمان نایانەوێت زووتر پێستیان پیر بێت، بەڵام کاتێک هەموو ڕۆژێک ئارایشت دەکەیت، مەترسی ئەوە هەیە کە ئەمە ڕووبدات. ئارایشت کاریگەری نەرێنی لەسەر پێست هەیە. دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە خانەکانی پێست، کاریگەری لەسەر کۆلاجین هەیە و ئەمەش وا دەکات بە تەمەنتر دەربکەویت. وردە وردە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هێڵی ورد، ئەگەر بەردەوام بیت لە ئارایشتی ڕۆژانە دەبێتە هۆی چرچی و لۆچی و گەورەبوونی کونیلەکانی پێست، بۆیە ئەگەر دەتەوێت تەندروستی پێستت بگەڕێنیتەوە پێویستە تا دەتوانیت ئارایشتی ڕۆژانە کەم بکەیتەوە.
  • زیانەکانی خۆر: مەترسی بەکارهێنانی ئارایشتی ڕۆژانە ئەوەیە کە لەوانەیە لەبیرت بچێت پێشوەختە دژەخۆر بەکاربهێنیت، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە. زۆرجار خانمان پێیان وایە پێویست ناکات دژەخۆر بەکاربهێنن ئەگەر بەرهەمەکانیان (SPF)ـی تێدا بێت، بەڵام ئەم (SPF)ـە پارێزگارییەکی پێویست پێشکەش بە پێستت ناکات. شارەزایان دەڵێن پێویستە پێش ئەوەی ئارایشت بکەیت و دوای ئەوە هەر دوو کاتژمێر جارێک دژەخۆرێک لە دەموچاوت بدەیت، بۆ ئەوەی بە تەواوی پێستت پارێزراو بیت.
  •  تێچووی زۆرە: تا کەمتر ئارایشت بکەیت، کەمتر پێویستت بە کڕینی بەرهەمەکانی ئارایشت دەبێت، هەروەها ئارایشتی کەمتر دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی کات.
  • ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی پێست: پێست توانای نوێبوونەوەی هەیە، بەڵام کاتێک ئارایشتی بەردەوام دەکرێت ڕێگە لەو نوێبوونەوەیە دەگریت، بۆیە پێویستە ڕێی پێ بدەیت پێست کاری خۆی بکات. بە پێی ماڵپەڕی (Well+Good) نوێبوونەوەی پێست لە خولێکدا ٢٨ ڕۆژ دەخایەنێت، تا زیاتر پێستت بێ ئارایشت بێت، باشتر پلەی گەرمی پێستت ڕێکدەخرێت، چەوری پێستت کۆنتڕۆڵ دەبێت، شێداردەبێت و پرۆسەی سروشتی نوێبوونەوەی پێستت ڕێکدەخات. ئەگەر هەموو ڕۆژێک ئارایشت بکەیت، تەنانەت ئەگەر گرنگیپێدانێکی ڕۆژانەی چڕ و پڕی پێست پەیڕەو بکەیت، هێشتا پێستت ناتوانێت بەباشی کاری خۆی بکات. 
  • خراپبوونی پێستت: ئەگەر ئارایشت بە مەبەستی شاردنەوەی زیپکە و پەڵەکانت دەکەیت، بەسەر زیپکەکاندا ئارایشت دەکەیت، ئەوە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی چاکبوونەوەی پێستت یان ڕەنگە خراپتری بکەیت، کاتێک کەم و کورتییەک لە پێستت هەبوو هەوڵ بدە ئارایشتی ڕۆژانە تا دەتوانیت کەم بکەیتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر پێستت دەر نەکەوێت. 
  • بەکارنەهێنانی ئارایشتی خراپ و نەگونجاو: پێستی مرۆڤەکان جیاوازە، هەر کەسێک جۆرێک پێستی هەیە، ڕەنگە پێستت چەور، وشک، تێکەڵ یان ئاسایی بێت، بۆیە پێویستە بەپێی پێستت بەرهەمی گونجاو هەڵبژێریت، ئەگەر ڕۆژانە ئارایشت دەکەیت و ئارایشتەکانیشت بۆ پێستت گونجاو نین دەکرێت کاریگەرییەکی نەرێنی گەورە لەسەر پێستت دەر بکەوێت، بۆیە پێویستە ئارایشتی کوالێتی بەرز و گونجاو بۆ پێستت بەکاربهێنیت. 
  • ئارایشت نەکردن لە کاتی وەرزش و ڕاهێنان: ئەگەر دەچیتە هۆڵەکانی لەشجوانی و وەرزش و ڕاهێنان دەکەیت، پێویستە ئارایشت نەکەیت چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی پێستت نەتوانێت پشوو بدات و کونیلەکانی پێستت لەکاتی ئارەقکردنەوە گیراون، ئەمەش دەکرێت کاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر پێستت دروست بکات.
  • خراپترکردنی ئەگزیما و سەدەف: نەخۆشییەکانی پێستی وەکوو ئەگزیما و سەدەف تا ڕادەیەک باون، ئارایشتی ڕۆژانە دەکرێت خراپتریان بکات. لەکاتی وشکبوونەوەی تووندی ئەگزیمادا ئارایشت نەکردن دەتوانێت ڕێگە بە پێست بدات زووتر خۆی چاک بکاتەوە.


سەرچاوەکان



407 بینین