ئایا پێویستە توێکڵی میوە و سەوزە پاک بکەیت؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-03-19:00:00 - کۆدی بابەت: 10536
ئایا پێویستە توێکڵی میوە و سەوزە پاک بکەیت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا پێویستە توێکڵی میوە و سەوزە پاک بکەیت (بە ئینگلیزی: Should you peel your fruits and vegetables، بە عەرەبی: هل يجب عليك تقشير الفواكه والخضروات أم لا). بێگومان سەوزە و میوەکان چەندین سوودی تەندروستییان لەخۆ گرتووە. چەندین بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی ئەوەی پێویستە توێکڵێ میوەکان لێبکرێنەوە یاخود نا. زۆربەی کەس وەکوو خویەک توێکڵی میوە و سەوزەکان لێدەکەنەوە، بەڵام لێکردنەوەی ئەم بەشە وەکوو ئەوە وایە پڕ پێکهاتەترین بەشی خۆراکەکەت فڕێدابێت. 

سوودەکانی توێکڵی میوە و سەوزەکان

بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندن

توێکڵ چەندین پێکهاتەی تەندروستی تێدایە، بڕی پێکهاتەکە بە جۆری میوە و سەوزەکەوە پەیوەستە. هەر میوە و سەوزەیەک بە توێڵەکەوە بڕێکی زیاتر لە ڤیتامین و کانزا و پێکهاتەی ڕووەکی تێدایە بە بەراورد بە میوەیەک پاککرابێت. بۆ نموونە سێوێک کە توێکڵی پێوە بێت بێگومان بڕێکی زۆرتر لە ڤیتامین K، A، C، کالسیۆم و پۆتاسیۆم بۆ جەستە دابین دەکات. بە هەمان شێوە، پەتاتەیەکی کوڵاو کە توێکڵەکەی پێوەبێت، بڕێکی زیاتر لە ڤیتامین C و پۆتاسیۆم و فۆلەیت و مەگنیسیۆم و فۆسفۆری تێدایە بە بەراورد بە دانەیەکی بێتوێکڵ. هەروەها توێکڵی سەوزەکان بڕێکی زیاتر لە ڕیشاڵ و پێکهاتەی دژەئۆکسانی تێدایە، بۆ نموونە زیاد لە ٣٣% ئەو ڕیشاڵەی لە سەوزەکاندا هەیە لە توێکڵەکەیەوە دابین دەکرێت. کەواتە خواردنی میوە و سەوزەکان بە پاککراوی، بڕی پێکهاتە خۆراکییە سوودبەخشەکانی کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا سوودەکەی کەم دەکات. 

هەستی تێربوون زیاد دەکەن

توێکڵی میوە و سەوزەکان هەستی برسێتی کەم دەکەنەوە و یارمەتیت دەدات هەست بە تێری بکەیت. هۆکاری ئەمەش بۆ ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵ دەگەڕێتەوە، بڕی ئەم ڕیشاڵە بەپێی جۆری خۆراکەکان دەگۆڕێت، زیاتر لە سێیەکی ئەو میوە و سەوزانەی توێکڵەکەیان پێوەیە لە ڕیشاڵ پێکهاتوون. هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕیشاڵ بۆ ماوەیەکی درێژ بەتێری دەتهێڵێتەوە لەبەرئەوەی بەهێواشی هەرس دەکرێت و بۆ ماوەیەکی زۆرتر لە گەدەدا دەمێنێتەوە، واتە درەنگ لە گەدەوە بەتاڵ دەکرێتەوە یان کار لەسەر ڕێژەی خێرایی دەردانی ئەو هۆڕمۆنانە دەکات کە لە هەستی تێربوون بەرپرسن. هەروەها ڕیشاڵ وەکوو خۆراکێک بۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە وایە. کاتێک ئەم بەکتریایانە لەڕێگەی ڕیشاڵەوە خۆراک وەردەگرن، لە ئەنجامدا زنجیرەی بچووک لە ترشی چەوری بەرهەم دەهێنن، کە بە هەمان شێوە هەستی تێربوون زیاد دەکەن. چەند توێژینەوەیەکی تریش دەریانخستووە، ڕیشاڵ هەستی برسێتی کەم دەکاتەوە، لە ئەنجامدا بڕی ئەو کالۆرییەی ڕۆژانە وەریدەگریت کەم دەبێتەوە و کێشی لەشیش دادەبەزێت. کەواتە خواردنی میوە و سەوزەکان بە پاک نەکراوی و بە توێکڵەکەوە هەستی برسێتی کەم دەکاتەوە و تەنانەت یارمەتی دابەزینی کێشی لەشیش دەدات. 

ڕێگری لە هەندێک جۆری نەخۆشی دەکات

میوە و سەوزەکان دژەئۆکسانیان تێدایە، کە پێکهاتەی ڕووەکی سوودبەخشن و ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی جۆراجۆر کەم دەکەنەوە. ئەرکی سەرەکی دژەئۆکسان بریتییە لە ڕێگریکردن لە دروستبوونی تەنۆلکەی سەربەست، ئەگەر ڕێژەی تەنۆلکەی سەربەست لە لەشدا زیاد بکات، ئەوا خانەکان بەئاسانی زیانیان پێ دەگات و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات. توێژینەوەکان دەریانخستووە، پێکهاتەی دژەئۆکسان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و چەند جۆرێک لە نەخۆشی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە. هەندێک جۆری دژەئۆکسان کە لە میوە و سەوزەکاندا هەیە، لە هەمان کاتدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە دەمارییەکانیش کەم دەکەنەوە، وەکوو نەخۆشی ئەلزەهایمەر. میوە و سەوزەکان بە شێوەیەکی سروشتی ڕێژەی دژەئۆکسانیان زۆرە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەم پێکهاتەیە زیاتر دەکەوێتە بەشی دەرەوەی خۆراکەکە، واتە توێکڵەکەی. کەواتە ئەگەر دەتەوێت بڕێکی باش لەم پێکهاتەیە وەربگریت ئەوا پێویستە توێکڵی میوەکە یان سەوزەکە پاک نەکەیت. 

ئایا توێکڵی هەموو میوە و سەوزەیەک دەخورێت؟

هەندێک توێکڵی میوە و سەوزە ئاساییە بخورێت و هیچ زیانێک بە تەندروستی ناگەیەنێت، بەڵام هەندێکی تر بەپێچەوانەوە نابێت بخورێن و بۆ تەندروستی باش نییە. ئەو میوە و سەوزانەی نابێت توێکڵەکەیان بخورێت بریتیین لە:

ئەو میوە و سەوزانەی توێکڵەکەیان دەخورێت، بریتیین لە:

کەواتە لەبەر ئەم سوودانەی توێکڵی میوە و سەوزەکان، وا باشترە ئەو خۆراکانەی توێکڵەکەی ڕێگەپێدراوە بخورێت، توێکڵەکەی لێ نەکرێتەوە تاکوو بە تەواوی لەش لە پێکهاتە ڕووەکی و سوودبەخشەکانی ناوی سوودمەند بێت.


سەرچاوەکان



437 بینین