هێڵی فڕۆکەوانی ئیماڕات

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-06-20:34:00 - کۆدی بابەت: 10569
هێڵی فڕۆکەوانی ئیماڕات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هێڵی فڕۆکەوانی فڵای ئیمارات یان هێڵی فڕۆکەوانی نیشتمانیی ئیماڕات (بە عەرەبی: طيران الإمارات، بە ئینگلیزی: Fly Emirates) هێڵێکی فڕۆکەوانی ئیماراتی تایبەتە بە گەشتی فڕۆکەوانی و ناوەندەکەی لە شاری دوبەی پایتەختی ئیماراتە. هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات لە ١٢٠ وڵات بەردەستە، بە تایبەتی لە وڵاتە ئاسیاییەکان و ناودارە. هێڵێکی ئاسمانییە کە بەرزترین ڕێژی بەکارخستنی فڕۆکەی هەیە لە جیهاندا، هەر فڕۆکەیەکی هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات بە ڕێژەی ١٣.٧ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاردەکات.

لە ساڵی ٢٠٠٨ هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات بەرزترین ڕێژەی گواستنەوەی گەشتیاران و شتومەکی تۆمار کرد، لەو ساڵەدا نزیکەی ٢١ ملیۆن گەشتیار و بە بڕی یەک ملیۆن تەن لە شتومەکی گواستەوە و ڕێژەی پێوانەیی تۆمار کرد. هاوکات ژمارەی کارمەندەکانی سەد هەزار کارمەندی تێپەڕاندووە، هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات بە یەکێک لەو کۆمپانیایانەی دووبەی و ئیمارات دادەنرێت کە بە ماوەیەکی کەم گەشەیەکی زۆری کردووە و بەرەوپێش چووە و ناودار بووە.

جۆری فڕۆکەکانی

جۆری ئەو فڕۆکانەی کە قەبارەیان گەورە و پانە و تایبەتن بە گواستنەوەی گەشتیاران:

  • ئێرباس A330-900neo
  • ئێرباس A350-900
  • ئێرباس A380-800
  • بۆینگ 777-200LR
  • بۆینگ 777-300ER
  • بۆینگ 777-8
  • بۆینگ 777-9

جۆری ئەو فڕۆکانەی تایبەتن بە گواستنەوەی شتومەک:

  • بۆینگ 777F توانای هەڵگرتنی ١٠٣ هەزار کیلۆگرامی لە شتومەک هەیە.
  • بۆینگ 747/400ERF توانای هەڵگرتنی ١١٢٫٧٦٠ کیلۆگرامی لە شتومەک هەیە.

جۆری ئەو فڕۆکانەی تایبەتن بە بەکارهێنانی کارگێڕی

  • لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات خزمەتگۆزاری فڕۆکەی تایبەت بە گواستنەوەی گارگێڕی دابین کردووە، نموونەی فڕۆکەی ئێرباس A319CJ.

خەڵاتەکانی

لە ساڵی ٢٠١٣ و لە ساڵی ٢٠١٦ هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات وەکوو "باشترین هێڵی گواستنەوەی جیهان" هەڵبژێردرا. بەهۆی بەرزی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی زۆرجار خەڵات کراوە، نموونەی خزمەتگوزارییەکانی بریتیین لە پێشکەشکردنی خواردنی باش و ئاست بەرز بە گەشتیاران، دابینکردنی ئینتەرنێت لە نێو فڕۆکەکانی، شوێنی دانیشتنی گەشتیاران فراوانە لەگەڵ چەندان خزمەتگوزاری تر.

لقەکانی هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات

هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات لە زۆر ناوچەی جیهان لقی هەیە، لقی سەرەکی هێڵی فڕۆکەی ئیمارات لە شاری دووبەی وڵاتی ئیماراتە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دووبەی و فڕۆکەخانەی دیرە و جوومەیرە بوونیان هەیە.

هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات و سپۆنسەرکردن و ڕێکلامی وەرزشی

هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات بە پاڵپشتیکاری وەرزشی دادەنرێت و سپۆنسەریی و ڕیکلامی وەرزشی زۆرێک لە یانە و خولە وەرزشییە ناودارەکانی جیهان دەکات. لەم ڕێگەیەوە قازانج و داهاتی بەرز بەدەست دەهێنێت.

ساڵانە زیاتر ١٦٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەم بابەتە تەرخان دەکات و ئەو بڕە بەپێی گرنگی یانە و خولە وەرزشییەکان لەنێوان یانەکانی تۆپی پێ لە کۆمپانیاکەدا دابەشدەکرێت، پاشان بەشێکی تری ئەو بوجەیە تەرخان دەکرێت بۆ چالاکییە وەرزشییەکانی تری نموونەی کریکێت، یاری راگبی، گۆڵف و تێنس.

لە ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ٥٢٪ـی داهاتی ساڵانەی کە بە ٤٦٠ ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندرا لە ڕێگەی سپۆنسەری کردنی خول و یانە وەرزشییەکانەوە بەدەستهێنا، تەنانەت بەو هۆیەوە ژمارەی گەشتیاران و ژمارەی گەشتەکانیشی بە بڕی ١٦٪ زیاتر بوون.

یانەی چێڵسی ئینگلیزی بە کۆنترین یانە دادەنرێت کە مامەڵەی بانگەشەی بازرگانی لەگەڵ هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە واژۆ کردووە، لەو کاتە بۆندی واژۆی نێوانیان بە بڕی ٢٦ ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندرا و بە یەکێک لە بۆندە بازرگانییە گەورەکانی ئەو سەردەمە ناسێنرا. دوای یانەی چێڵسی یانەکانی تریش هەمان کاریان کرد، نموونەی یانەی ئەرسناڵ کە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە بۆندی بازرگانی لەگەڵ هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات بە بڕی ١١٨ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی ١٥ ساڵ واژۆ کرد.

گرنگترین ئەو خولە وەرزشیانەی کە هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات سپۆنسەرییان دەکات

  • پێشبڕکێی فۆڕمۆلا وەن
  • زنجیرە پاڵەوانیەتی جیهانیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی راگبی
  • پاڵەوانیەتی گۆڵفی یو پی ئێس لە هۆنگ کۆنگ
  • پاڵەوانێتی گۆڵفی ئوسترالی
  • پاڵەوانیەتیی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی کریکێت و جامی جیهانی کریکێت
  • پاڵەوانێتی تێنسی ڕۆلاند گارۆس
  • زنجیرەی پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ئەمریکا
  • پاڵەوانێتی تێنسی دووبەی
  • پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی تێنسی ئیتالیا
  • سپۆنسەری زۆرێک لە خولە وەرزشییەکانی توپێ پێی جیهان دەکات


سەرچاوەکان



277 بینین