هێڵی فڕۆکەوانیی تورکی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-06-20:52:00 - کۆدی بابەت: 10570
هێڵی فڕۆکەوانیی تورکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هێڵی فڕۆکەوانی تورکی یان هێڵی ئاسمانی تورکی (بە عەرەبی: الخطوط الجوية التركية، بە ئینگلیزی: Turkish airlines)، هێڵێکی گەشتیاری فڕۆکەوانی نیشتمانی تورکی نێودەوڵەتییە، لە جیهان بە یەکێک لە ناودارترین و پێشکەوتووترین هێڵی فڕۆکەوانی جیهان دادەنرێت. ناوەندی سەرەکی لە شاری ئیستەنبووڵە و بە دیاریکراوی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵی نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی هێڵی گەشتکردنی فڕۆکەوانی تورکیاوە دەتوانرێت گەشتی ئاسمانی بۆ ٣١٥ ڕووگە لە ئەورووپا، ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای باکوور بکرێت.

مێژووی دامەزراندنی

مێژووی دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی تورکی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ـی ئایاری ساڵی ١٩٣٣، لەو سەردەمە کە تازە کۆماری تورکیا دامەزرا بوو و  هێڵی ئاسمانی تورکی سەر بە وەزارەتی بەرگری بوو، هێڵی فڕۆکەوانی تورکی تەنها خاوەن پێنج فڕۆکە و ٢٤ کارمەند بوو، لە سەرەتادا فڕۆکەکانی تەنها تایبەت بوون بە گواستنەوەی شتومەک و پێداویستی سەربازی لەنێو سنووری تورکیا.

لە ساڵی ١٩٣٨ هێڵی ئاسمانی تورکی گواسترایەوە سەر وەزارەتی گواستنەوەی تورکی، پاشان لە ساڵی ١٩٤٧ هێڵی فڕۆکەوانی تورکی یەکەمین گەشتی نێودەوڵەتی خۆی لە دەرەوەی تورکیا ئەنجام دا، یەکەم گەشتی لە دەرەوەی سنووری تورکیا بۆ شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی یۆنان بوو. دوای بەنێودەوڵەتی بوونی هێڵەکە تاکوو ساڵی ١٩٥١ ژمارەی فڕۆکەکانی هێڵەکە زیادکرا بۆ ٥٢ فڕۆکە، گەشتی فڕۆکەوانی بۆ زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێڵی ئاسمانی تورکی بەردەست بوو، نموونەی شارەکانی قاهیرە و بەیرووت و نیقۆسیای پایتەختی قوبرس.

قۆناغەکانی گەشەسەندنی هێڵی فڕۆکەوانی تورکی

- ساڵی ١٩٣٣ بۆ ساڵی ١٩٣٥ سەرەتای دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی تورکی بە پێنج فڕۆکەوە و خاوەنی تەنها ٢٤ کارمەند بوو، تێچوو و بودجەی دامەزراندنەکەی تەنها ١٨٣ هەزار لیرەی تورکی بووە.
- ساڵی ١٩٤٣ بۆ ساڵی ١٩٤٥ زیادکردنی ژمارەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی تورکی بۆ ٥٢ فڕۆکە و ژمارەی ئەو شوێنە ناوخۆییانەی سنووری تورکیا کە گەشتی بۆ دەکرا لە سێ شوێنەوە بۆ ١٩ شوێن زیادکران.
- ساڵی ١٩٤٧ ئەنجامدانی یەکەم گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی هێڵی تورکی بۆ شاری ئەسینای پایتەخەتی وڵاتی یۆنان.
- ساڵی ١٩٥٦ بۆ ساڵی ١٩٥٧ قازانج و داهات و سەرمایەی هێڵی تورکی گەیشتە شەست ملیۆن لیرەی تورکی، بووە ئەندام لە یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتی، هاوکات بووە هاوبەشی هێڵی ئاسمانی-دەریایی بەریتانی ناسراو بە BOAC.
- ساڵی ١٩٥٨ بۆ ساڵی ١٩٦٠ بۆ یەکەم جار پێنج فڕۆکەی تایبەتی خاوەن باشترین بزوێنەری بەهێزی فڕۆکەوانی ئەو سەردەمە بۆ هێڵی فڕۆکەوانی تورکی زیادکران.
- ساڵی ١٩٦١ دانانی لۆگۆی مراویییەکی ڕەنگ سپی و سوور بۆ هێڵی فڕۆکەوانی تورکی.
- ساڵی ١٩٨٥ بۆ ساڵی ١٩٨٧ دانان و زیادکردنی ئاستی پلە یەک First class بۆ چەند فڕۆکەیەکی هێڵەکە.
- ساڵی ٢٠٠٨ بووە ئەندامی Star alliance کە ژمارەیەکی زۆر لە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی جیهان لەخۆدەگرێت، نموونەی هێڵی ئاسمانی سویسری و هێڵی ئاسمانی میسری و چەندانی تر.

خەڵاتەکانی 

- لە ساڵی ١٩٩٦ هێڵی ئاسمانی تورکی وەک باشترین هێڵی ئاسمانی جیهان دیاریکرا.
- لە ساڵی ٢٠١١ تاکوو ساڵی ٢٠١٦ شەش جار لەسەریەک هێڵی ئاسمانی تورکی نازناوی باشترین هێڵی ئاسمانی ئەورووپای پێبەخشرا.
- لە ساڵی ٢٠١٣ تاکوو ساڵی ٢٠١٧ پێنج جار لەسەریەک خەڵاتی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشکردنی خواردنی لە بەشی پلە یەکەکانی فڕۆکەکانی ئەورووپا بەدەست هێناوە.
- لە ساڵی ٢٠٠٩ تاکوو ساڵی ٢٠١٧ نۆ جار لەسەریەک هێڵی فڕۆکەوانی تورکی نازناوی باشترین هێڵی ئاسمانی باشووری ئەورووپای پێبەخشرا.

سپۆنسەری و ڕیکلامی وەرزشی

هێڵی ئاسمانی تورکی سپۆنسەری فەرمی ژمارەیەک لە تیپە وەرزشییەکانی وەک مانچستەر یونایتد و یانەی بەرشەلۆنەیە لەگەڵ چەند یانەیەکی تری وەرزشی تورکی تر نموونەی یانەی گڵەتە سەرای، هاوکات یاریزانی ناوداری تۆپی سەبەتە کۆبی برایانت و یاریزانی تێنسی دانیمارکی کارۆلین فۆزنیاکی لە ڕێگەی بانگەشەی بازرگانی تەلەڤزیۆنییەوە ڕیکلامیان بۆ هێڵی فڕۆکەوانی تورکی کردووە.

لقەکانی

هێڵی ئاسمانی تورکیا خاوەن ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی ئەورووپییە لەوانە:

  • AnadoluJet
  • هێڵی فڕۆکەوانی باکووری قوبرس
  • SunExpress


سەرچاوەکان



359 بینین