چاندنی تووتڕک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-07-21:55:00 - کۆدی بابەت: 10580
چاندنی تووتڕک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی توودڕک یان تووتڕک یاخود ناشتنی توڕک (بە ئینگلیزی: Planting raspberry، بە عەرەبی: زراعة التوتتوودڕک یەکێکە لە باوترین جۆری تووەکان و هەر دەوەنێکی لە وەرزی بەرگرتندا سەدان توودڕک دەگرێت، جگە لە ئەوەی کە بە تازەیی لە لقەکان دەکرێتەوە و دەخورێت، ئەوا چەندین سوودی جیاوازی تریشی هەیە وەک بەکارهێنانی لە دروستکردنی مرەبا، کێک، نان و خواردنەوە جیاوازەکان، جگە لە ئەمانەش توودڕک بڕێکی زۆر ڤیتامین C تێدایە و هاوکاری بەرگری جەستەی مرۆڤ دەکات.

دوو جۆر دەوەنی توودڕکی سەرەکی هەیە یەکێکیان تەنها لە وەرزی هاویندا بەردەگرێت، جۆرەکەی تر لە هەردوو وەرزی هاوین و پاییزیشدا بەرهەمی دەبێت، هەموو جۆرەکان خۆیان دەپیتێنن و پێویستیان بە هۆکاری دەرەکی نییە، بەڵام ئەگەر هەنگەکان هەبن دەکرێت خێراتر و باشتر گوڵەکانیان بپیتێنرێت، تەنها دوای ١-٢ ساڵ لە چاندنیشی دەکرێت بەرهەمی هەبێت. لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە دەوەنە تەنها لە ناوچە فێنکەکاندا توانای گەشەکردنی هەبووە، بەڵام ئێستا لە چەندین جێگەدا دەچێنرێت و جۆری جیاوازی هەیە، کە جۆرە جیاوازەکان لە ئاووهەوای جیاوازدا توانای گەشەکردنیان هەیە.

هەنگاوەکانی چاندن

  • چاندنی توودڕک باشترە بە نەمام بێت و لە وەرزی پاییز یاخود ناوەڕاستی بەهاردا بچێنرێت.
  • پێش چاندنی ١-٢ کاتژمێر ڕەگەکەی لە ئاودا دادەنرێت، دواتر چاڵێک هەڵدەکەنرێت کە ڕەگەکە بتوانێت تێیدا بڵاوببێتەوە.
  • دوای چاندنی نەمامەکە چاڵەکە پڕدەکرێتەوە بە خۆڵ و باشترە ماددەی خۆراکیشی بۆ زیادبکرێت.
  • پاشان چاڵەکە بە پێ بکوترێتەوە بۆ ئەوەی هەر بڵقێکی هەوای تێدابێت نەمێنێت.
  • بەگوێرەی جۆرەکەشی دەکرێت ڕاگری بۆ دابنرێت یان نەیەوێت، بەڵام ئەگەر چاندنی ڕیزێک یاخود زیاتر لە نەمامێکبێت باشترە پەرژینێکی هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشەکردنیدا خۆی پێدا هەڵبواسێت.

شێوازی گرنگیپێدان

توودڕکەکان لە جێگەی خۆرەتاودا گەشەدەکەن بەڵام دەکرێت جێگەکەشی نیوەی کاتەکان سێبەر بێت، باشترە خاکەکەی بەپیت بێت و ساڵانە پەینی بۆ زیادبکرێت، هەروەها ئاو بەباشی پێیدا تێپەڕببێت چونکە ئارەزووی جێگەی زۆر تەڕ ناکەن، هەواگۆڕکێی هەبێت بەڵام نەک با و ڕەشەبا چونکە تەنها دەوەنێکە و بە ئاسانی زیانی پێدەگات، هەفتانە یەک جار ئاوبدرێت بۆی گونجاوە، بەڵام ئاودانەکەی هەموو کات ڕێکخراوبێت باشترە لە ئەوەی کە ئاوی زۆری پێبدرێت بە ناڕێکی.  

بەری توودڕکەکان لەماوەی دوو هەفتەدا پێدەگەن بۆیە باشترە چەند ڕۆژ جارێک چاودێری بکرێن و لێبکرێنەوە، هەروەها باشترە لە ڕۆژێکی خۆرەتاودا لێبکرێتەوە کاتێک کە توودڕکەکان وشکن، کاتێک کە بەتەواوەتی پێگەیشتوون بە ئاسانی لە لقەکانیان دەبنەوە، بەڵام باشترە کە لە ماوەیەکی کورتدا بخورێت چونکە توودڕکەکان دوای لێکردنەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر نامێننەوە، بەڵکو تەنها دەکرێت پێنج ڕۆژ لە بەفرگردا هەڵبگیردرێت.  

هەموو توودڕکێک پێویستە ساڵانە هەڵبپاچرێت، چونکە ئەو لقانەی کە گوڵ و بەر دەگرن تەمەنیان دوو ساڵە، واتە پێویستە ساڵانە ئەو چڵانە لێبکرێتەوە بۆ ئەوەی چڵی نوێ لە جێگەکەیانەوە چەکەرەبکات، بۆ زیاتر دڵنیابوونەوەش لە ئەوەی چڵەکە تەواو بەرناگرێت ئەوا سەیری ڕەنگی قەدەکەی دەکرێت، ئەوانەی قەدەکەیان سەوزە پێویست ناکات لێبکرێنەوە بەڵام ئەوانەی کە قاوەیین واتە ساڵانی دواتر بەرناگرن و باشترە ببڕدرێن.


سەرچاوەکان



186 بینین