چاندنی داری لالەنگی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-10-20:28:00 - کۆدی بابەت: 10608
چاندنی داری لالەنگی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری لالەنگی (بە ئینگلیزی: Planting tangerine tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الیوسفي)، ئەم درەختە شێوەیەکی زۆر نزیکی لە پرتەقاڵەوە هەیە، بەڵام تامی شیرینترە و لەکاتی پاککردنیشدا بەئاسانی توێکڵەکەی لێدەبێتەوە، چاندنی ئەم دارە لە ناوچەی خولگەیی و ئاووهەوا مامناوەندەکانیشدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام بە بەراورد بە زۆرینەی مزرەمەنییەکانی تر توانای بەرگەگرتنیان بۆ پلەی گەرمی نزم زیاترە، لە بنەڕەتدا گەشەسەندنی درەختەکە بەندە لەسەر خۆر و گەرمییەکەی، بۆیە باشترە لە جێگەیەکدا بچێنرێت کە زۆرترین تیشکی خۆری بەربکەوێت.

دەکرێت دارێکی لالەنگی بەدەستبێت لە چاندنی تۆوەکەیەوە، بەڵام لە زۆرینەی ئەگەرەکاندا بەرهەمی نابێت، بۆیە باشترە نەمامێکی ئامادەکراوی باخچەکان بچێنرێت، کە پێشوەختە ئامادەکراوە و زۆرینەیان تەمەنیان لە نێوان ١-٢ ساڵ دەبێت، کاتێک داری لالەنگی دەگاتە گەشەکردنی تەواو تەنها ٣-٤ مەتر بەرز دەبێت، هەندێکیشیان بە دەگمەن دەگەن بە بەرزی ٧.٦ مەتر.  

هەندێک جۆری کورتەباڵا لە درەختی لالەنگی هەیە کە بۆ چاندنی ماڵەوە گونجاون، گەڵای سەوزی تۆخ و گوڵی پێنج پەڕ دەگرن، کە بەگشتی درەختەکانی لالەنگی لە سەرەتای بەهاردا گوڵی سپی بۆندار دەگرن، هەندێکجاریش دەکرێت لە وەرزی بەرگرتندا دووبارە گوڵبگرنەوە.  

هەنگاوەکانی چاندن بە نەمام

  • باشترە سەرەتا لقە درەختەکە لە گۆزەیەکدا بچێنرێت.
  • پاشان چاڵی بۆ هەڵبکۆڵرێت بەڵام مەودایەکی گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی ڕەگەکەی بڵاوببێتەوە، واتە چاڵەکە فراوانتربێت لە ڕەگەکە.
  • لە ماوەی سەرەتادا و بەلایەنی کەمەوە ١-٢ هەفتە پێویستە ئاوی زۆری پێبدرێت، بە بەردەوامی جێگەکەی شێداربێت بەڵام زۆر تەڕ نەبێت.
  • دواتر ئاودانێکی ڕێکخراوی ئاسایی پێویستە.

شێوازی گرنگیپێدان

ساڵەکانی سەرەتای پێویستە بەلایەنی کەمەوە هەموو ساڵێک دووجار خاکەکەی بەپیتبکرێت، بەڵام جیاواز لە زۆرینەی جۆرەکانی تری درەختەکان لالەنگی پێویستی بە هەڵپاچینی ساڵانە نییە، بەڵکو خۆی لەگەڵ گەشەکردندا شێوە وەردەگرێت، تەنها ئەگەر چڵ و لقی نەخۆش و سیسبووی هەبێت دەکرێت لێبکرێتەوە، نەمامە گەنجەکان ٣-٤ ساڵیان پێویستە هەتاکوو بەردەگرن، لەدوای گوڵگرتن بەرەکان دەردەکەون کە زیاتر دەگاتە مانگی ١٠-١١، بەڵام هەندێکیان زووتر و هەندێک جۆری تریشیان درەنگتر گوڵدەگرن.

هەرچەندە ئەگەر هەلومەرج و جێگەی گونجاوی بۆ دابینبکرێت، ئەوا درەختی لالەنگی زۆر بەدەگمەن و بەکەمی تووشی نەخۆشی دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێکیان تووشی نەخۆشی جیاواز و بەتایبەتی مێروویی دەبنەوە، کە لەهەمان کاتدا زیان بە درەختەکە دەگەیەنێت و هۆکارێکیشە بۆ پیتاندنی گوڵەکانی و بەرگرتنی زیاتر.


سەرچاوەکان



201 بینین