چاندنی تەماتە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-11-22:47:00 - کۆدی بابەت: 10623
چاندنی تەماتە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی تەماتە (بە ئینگلیزی: Planting tomato، بە عەرەبی: زراعة الطماطم)، یەکێک لە باوترین ئەو بەرهەمانەی کە لە زۆرینەی باخچەکاندا دەچێنرێت تەماتەیە، بەڵام دەکرێت بەرهەمەکەی تووشی نەخۆشی ببێت و بە تەواوەتی لەناو بچێت، بۆیە باشترە بۆ چاندنی تەماتە پێشوەخت هەلومەرجی گونجاوی بۆ دابینبکرێت، هەروەها کاتێک تەماتە ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاواز دەبێتەوە، پێویستە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا زیان بە هەموو بەرهەمەکە نەگات، باشترە ڕۆژانە سەیری گەڵا و بەرهەمەکەی بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە.   

چاندنی لە گۆزەدا یاخود بە تۆو و شەتڵیش سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام هەریەکەیان پێویستی بە کات و جێگەی دیاریکراوە، دواتریش شێوازی گرنگی پێدانیان کەمێک جیاوازی تێدایە، واتە پێویستە بەگوێرەی جۆر و چۆنیەتییەکەی پێویستییەکانی دابینبکرێت، هەروەها لە جۆرەکانیشدا چەندین قەبارە و ڕەنگ و تامی جیاواز هەیە، کە باخەوانەکان دەتوانن بە خواستی خۆیان جۆری گونجاو هەڵبژێرن.

هەنگاوەکانی چاندن

  • زۆرینەی باخەوانەکان تەماتە بە شەتڵ و نەمامی بچووک دەچێنن، چونکە چاندنی بە تۆو کاتێکی زۆر دەخایەنێت.
  • شەتڵی تەماتەکان نابێت هیچ گەڵایەکی زەرد و چڵی زیان پێگەیشتووی هەبێت، یاخود زۆر گەورە بووبێت و گوڵ و بەری گرتبێت، بەڵکوو تەنها پێویستە چڵێکی بچووک بێت کە بەنزیکەیی قەدەکەی هێندەی قەڵەمێک ببێت.
  • دەبێت پێش چاندنی خاکی جێگەکەی بە قوڵی ٣٠ سانتیمەتر هەڵبکۆڵرێت و لەگەڵ پەییندا تێکەڵ بکرێت، دواتر بۆ ماوەی دوو هەفتە جێدەهێڵرێت.
  • پاش دڵنیابوونەوە لە نەمانی مەترسی سەرما لە قوڵاییەکی گونجاودا دەچێنرێن و مەودایەکی باشیش لە نێوان بنجێک بۆ دانەیەکی تر هەبێت بۆ ئەوەی بڕی تەواو ڕووناکی خۆر و هەواگۆڕکێ بوونی هەبێت.
  • دواتر پێویستە ٢-٣ ڕۆژی سەرەتا بڕێکی زۆر ئاوی پێبدرێت بۆ ئەوەی جێگیر ببێت، لە ڕۆژەکانی دواتریشدا پێویستی بە ئاودانێکی ڕێکخراوە.
  • پاش تێپەڕبوونی پێنج هەفتە باشترە کە چینێک سەماد بۆ بنجی تەماتەکان زیادبکرێت بۆ ئەوەی شێی بۆ بگەڕێنێتەوە.

شێوازی گرنگیپێدان

تەماتە ئارەزووی هەبوونی بڕێکی زۆری ڕووناکی خۆر دەکات و بەرگەی سەرما ناگرێت، بۆیە باشترە لە زۆرینەی ناوچەکاندا لە کۆتایی بەهارەوە بچێنرێت کاتێک کە خاکەکە گەرمبووەتەوە، هەروەها بە گوێرەی جۆرەکەی ٦٠-١٠٠ ڕۆژی پێویستە هەتاکوو بەتەواوەتی پێدەگات، دەبێت خاکەکەشی ئاو پێیدا تێپەڕبێت و کەڵەکە نەکات.

باشترین کات بۆ ئاودانی بەیانیانە بۆ ئەوەی تەماتەکان بەرگەی گەرمی ڕۆژەکە بگرن، واتە باشترە لە کاتە زۆر گەرمەکانی ڕۆژدا ئاو نەدرێت، هەروەها نابێت ئاو بە گەڵا و لقەکانیدا بکرێت بەڵکوو بە بنجەکەیدا بڕوات، لە ماوە وشک و گەرمەکاندا بۆ ئەوەی شێداری خاکەکە بپارێزرێت دەکرێت بەردی تەخت بۆ بنجی تەماتەکان دابنرێت، کە ڕێگریدەکەن لە بەهەڵمبوونی ئاو.

کاتی گونجاو بۆ لێکردنەوەی بەرهەمی تەماتە کاتێکە کە ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ ڕەنگە گونجاوەکەی، بەگوێرەی جۆرەکان دەکرێت هەریەک لە سوور، مۆر، پەمەیی، پرتەقاڵی یاخود ڕەنگی تر بێت، واتە بەبێ گوێدانە قەبارەکەی لێدەکرێتەوە کاتێک ڕەنگە گونجاوەکەی وەردەگرێت، ئەگەر شەتڵەکان گوڵ نەگرن ئەوا واتە بەشی پێوست ئاو یان ڕووناکی نییە، یاخود گوڵی زۆربگرن بەڵام بەرنەگرێت ئەوا دووبارە واتە بڕی پێویست ڕووناکی خۆر و ئاوی نییە، یان دەکرێت بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی و نەبوونی پەڕاندنی پێویستەوە بێت، یاخود ئەگەر شەتڵەکە گوڵ بگرێت بەڵام گوڵەکانی بوەرن، ئەوا هۆکارەکەی پلەی گەرمی بەرزی ڕۆژە، واتە بە دابینکردنی سێبەرێک بۆ جێگەکەی چارەسەر دەکرێت.


سەرچاوەکان



581 بینین