متمانە بەخۆبوون

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-16-19:14:00 - کۆدی بابەت: 10676
متمانە بەخۆبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

متمانە بەخۆبوون (بە ئینگلیزی: self confidence، بە عەرەبی: الثقة بالنفس)، بەواتای بڕوابوون بە توانا و لێهاتووییەکانمان دێت، ئەوەی کە کەسێک بزانێت دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکان بکات و ڕێگا نەدات هیچ شتێک بەسەریدا زاڵ بێت، گەشبینە بە دەرئەنجامی کارەکانی و دەتوانێت بەڕێوەیان ببات.

ئەو شتانەی کاریگەرییان لەسەر متمانە بەخۆبوون هەیە

١- ڕۆڵی بۆماوە لەسەر متمانە بەخۆبوون

توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بۆماوە کاریگەری لەسەر ڕێژەی متمانە بەخۆبوونی کەسەکان هەیە، کەسەکان بە ڕێژەی جیاوازی متمانە بەخۆبوونەوە لەدایک دەبن.

٢- کاریگەری ئەزموونی منداڵی لەسەر متمانە بەخۆبوون

ئەزموونی منداڵی و ڕەفتاری دایک و باوک لەگەڵ منداڵ، منداڵ چەند سوکایەتی پێ بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، کەمتر متمانەی بەخۆی دەبێت.

٣- ڕۆڵی کۆمەڵگا لەسەر متمانە بەخۆبوون

کۆمەڵگا و کولتوور کاریگەری تەواو لەسەر متمانە بەخۆبوونی کەسەکان دادەنێن، لە کۆمەڵگایەکدا کە بەردەوام تاکەکان بشکێننەوە و بەهرەکانیان پشتگوێ بخرێت، ناتوانن پەرە بە متمانە بەخۆبوونیان بدەن.

٤- ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان لەسەر متمانە بەخۆبوون

ئەوەی کە ڕاگەیاندنەکان بە خەڵکی دەگەیەنن، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر متمانە بەخۆبوونی تاکەکان هەیە.

متمانە بەخۆبوون بۆچی گرنگە؟

ئەگەر متمانە  بەخۆبوون نەبێت ئەوا:

  • هیچکات دەست ناکەیت بە ئەنجامدانی کارێک و هیچ ڕێگایەک نابڕیت و ڕادەکەیت لە ئەنجامدانیان.
  • کارەکە بە هەڵە و بە کوالێتییەکەی زۆر کەمەوە ئەنجام دەدەیت و دەبێتە هۆی ئەوەی متمانە بەخۆبوونت کەمتر بێت.

چۆن دەری بخەیت کە متمانەت بە خۆتە؟

١- بە چاو پەیوەندی ببەستن، کاتێک لەگەڵ کەسێک قسە دەکەیت سەیری چاوەکانی بکە، چونکە ئەمە خووی ئەو کەسانەیە کە متمانە بەخۆبوونیان بەرزە.

٢- بە ڕێکی بوەستە بۆ ئەوەی متمانە بەخۆبوونت دەربکەوێت پێویستە ڕاهێنانی بەڕێکی وەستان بکەیت، ئەوەش بە ڕێککردنی پشت، شانەکان بەڕێکی و دانەچەمێن و سینە بەرز و ڕێک بگریت.

٣- گوێ لە گۆرانی شاد و پڕ وزە بگرە.

چۆن متمانە بەخۆبوونمان بەهێز بکەین؟

١- تەنیا بیر لە یادگارییە خۆشەکان بکەرەوە

پێش ئەنجامدانی هەر کارێک، لەبری بیرکردنەوە لە یادگاری و ئەزموونە ناخۆشەکان، هەوڵ بدەن یادگارییە ئەرێنی و خۆشەکانت بیر بهێنیتەوە، هەڵبژاردنی خۆتە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوونت یان کەمبوونەوەی.

٢- هۆکارەکانی کەمی متمانە بەخۆبوونت بناسە

پێش ئەوەی بتەوێت متمانە بەخۆبوونت باش بکەیت دەبێت بزانیت کە چی دەبێتە هۆی کەمی متمانە بەخۆبوون و تواناکانت، دەکرێت هۆکارەکە هەرچییەک بێت، دەبێت سەرەتا ئەو شتەی ڕێگری لە متمانە بەخۆبوونت دەکات بیناسیت، دواتر بڕۆیتە لای بەهێزکردنی.

٣- هەوڵ بدە بۆ ناسینی خۆت

بۆ هەبوونی متمانە بەخۆبوون، دەبێت سەرەتا بەباشی خۆت بناسیت، تایبەتمەندییەکانت بەباشی بناسیت و پەرەیان پێ بدەیت، هەروەها خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆت بزانیت، پشت بە خاڵە بەهێزەکانت ببەستیت و تاکوو دەتوانیت خاڵە لاوازەکانت باشتر بکەیت.

٤- ڕووبەڕووی ترسەکانت ببەوە

ترسەکان کاریگەری لەسەر متمانە بەخۆبوون دادەنێن، نەمانی ترسەکان دەبنە هۆی بەهێزبوونی متمانە بەخۆبوون چونکە بیرت دەخەنەوە کە کۆنتڕۆڵی ژیانت لە دەستدایە و توانای پێویستت هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری. لەبەر ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ترسەکان پێشنیارێکی زۆر باشە بۆ بەهێزبوونی متمانە بەخۆبوون.

٥- یارمەتی لە دەروونناس و ڕاوێژکار وەبگرە

دەروونناسەکان و ڕاوێژکارەکان وەکوو ئەو کەسانەی کە ئاشنان بە کارکردنی هزر و دەروونی مرۆڤ، دەتوانن بەشیکردنەوەی ڕووداوەکانی ژیانت، ڕەگی متمانە بەخۆبوونت بدۆزنەوە و بە دووبارەکردنەوە و ڕاهێنان یارمەتیت دەدەن متمانە بەخۆبوونت بەهێز بکەیت.


سەرچاوەکان



12898 بینین