ڕەشبینی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-19-19:26:00 - کۆدی بابەت: 10717
ڕەشبینی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕەشبینی (بە ئینگلیزی: Pessimism، بە عەرەبی: تشاؤم)، واتە ئارەزوو بۆ بوونی بیرکردنەوەی نەرێنی و بەردەوام بە نەرێنی بیرکردنەوە، کەسی ڕەشبین زۆربەی جار سەرنجی دەخاتە سەر لایەنە نەرێنیەکانی بابەتەکان و هەمیشە چاوەڕێی خراپترینەکان دەکات. ڕەشبینی واتا بینینی لایەنە تاریکەکانی هەر ڕووداوێک، کەسانی ڕەشبین وا خۆیان وەکوو دەبینن کە لە هیچ شتێکدا ڕۆڵیان نییە و ناتوانن هیچ کاریگەریەک لە سەر جیهان دابنێن، هەمیشە سەرکەوتنیان دەبەستنەوە بە هۆکارە دەرەکییە کۆنتڕۆڵ نەکراوەکان. 

هۆکارەکانی ڕەشبینی چین؟

- لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ڕەشبینی دەکرێت لە ڕێگەی جیناتەوە بە بۆماوەیی بۆ مرۆڤ بمێنێتەوە، واتا لە بنەڕەتەوە سروشتی کەسەکە وایە، تێڕوانینێکی خراپی هەیە بۆ جیهان و ئەمەش هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەردەکەوێت. 

- لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارە ژینگەیی و پەروەردەییەکان ڕۆڵێکی زیاتریان هەیە بۆ دروستبوونی ڕەشبینی لە مرۆڤدا. 

- هاوڕێیەتیکردنی کەسانێک کە بەردەوام باس لە نائومێدی و خراپی ژیان دەکەن، دەبێتە هۆی ڕەشبینی.

- هەروەها ئەو دایک و باوکانەی کە ویست و جوانی خەونەکان لە منداڵەکەیاندا سەرکوت دەکەن، دەتوانن ببنە هۆی ڕەشبینی. 

- ئەزموونی شکستهێنانی یەک لەدوای یەک لە ژیاندا، مرۆڤ تووشی خەمۆکی و نائومێدی دەکات و دەبێتە هۆی ڕەشبینی زیاتر.

ئایا ڕەشبینی هیچ سوودێکی هەیە؟

- ڕەنگە سەیر بێت بەڵام ڕەشبینی بەڕێژەی ئاسایی خۆی دەتوانێت بەسوود بێت، ڕەشبینی تەنیا بیرکردنەوەی نەرێنی نییە، کەسانی گەشبین چاوەڕێی ئەوە دەکەن هەمیشە ئەنجامێکی ئەرێنی بە دەست بهێنن و لە کاتی شکستدا زیاتر ئازاریان پێدەگات، لەکاتێکدا کەسانی ڕەشبین هەمیشە چاوەڕێی خراپترین ئەنجامەکان دەکەن، ئەمەش وا دەکات زیاتر ئامادەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە خراپەکان. 

- جۆرێک لە ڕەشبینی هەیە بەناوی ڕەشبینی بەرگریکردن کە نەک تەنیا کەسەکە بە ئامانجەکانی دەگەیەنێت، بەڵکوو چەندین پاداشتی چاوەڕوان نەکراوی پێدەبەخشێت، ئەم کەسانە کەمتر ئومێدیان بە ئەنجامەکان هەیە و لەکاتی بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی، دڵخۆشییەکی زۆر بەدەست دەهێنن. 

- کەسانی ڕەشبین بەبیستنی هەواڵە خراپەکان کەمتر ئازاریان پێدەگات و تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی متمانە بەخۆبوونیان زیاتر بێت. ڕەشبینی لەوانەیە هەندێک کات یارمەتی ئێوە بدات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، دەبێتە هۆی خراپ بوونی باری تەندروستی دەروونی ئێوە و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا کێشە و ئاڵۆزیتان بۆ دروست دەکات.

ئەو هۆکارانە چین کە دەبنە هۆی زیاتربوونی ڕەشبینی؟

- یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان کە وادەکات کەسی ڕەشبین لەسەر ڕێگا هەڵەکەی خۆی بەردەوام بێت، بریتییە لە هاوڕێیەتی کەسانی تر، کە یارمەتی دەدەن بۆ ئەو ڕێگا هەڵەیە لە جیاتی دوورخستنەوەی لێی، ئەمەش کاتێک کەسانی ڕەشبین خۆیان بە کەسێکی زۆر تێگەیشتوو دادەنێن کە ڕاستییەکان دەبینن، بەهۆی ڕەخنەگرتنی بەردەوامەوە ڕەنگە کار بکاتە سەر خەڵکی و بەمەش کەسانی تر لێی نزیک ببنەوە و وای لێ بکەن بەردەوام بێت.

- ڕەشبینی جۆرێکە لە نەخۆشی کە لەکاتی زۆربوونی ڕێژەکەیدا، دەبێتە هۆی گومان و هەڵە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئازاربەخش. زۆربەی جیابوونەوەکان، کێشە پیشەییەکان و تەنانەت تووڕەبوون و شەڕکردنەکان بەهۆی زۆر بەهاپێدان بە ڕەشبینییەوە ڕوودەدەن.

ئەنجامەکانی ڕەشبینی

- لەوانەیە ڕەشبینی لە سەرەتادا زیان بە ئێوە نەگەیەنێت بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر و لەکاتی زیادبوونی ڕێژەکەی دەبێتە هۆی زۆربەی نەخۆشیە دەروونییەکانی وەکوو خەمۆکی.

- هەمیشە بە نەرێنی سەیرکردنی جیهان، ئاوات و ئومێدی ئێوە بە ژیان کەمدەکاتەوە، تەنانەت بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت ببێتە هۆی خۆکوژی.

- ڕەشبینی دەبێتە هۆی ویستی زیاتر پێشبینیکردنی ئەنجامە نەرێنییەکان و ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی ئاگایی و خۆپارێزی زیاتر و بەوەش ئێوە دووچاری ڕاڕایی و فشاری زۆر دەبن.

- خۆپارێزی و ترس لە ئەنجامەکان، دەبێتە هۆی جیابوونەوەی ئێوە لە کەسانی تر و بەتەنیا مانەوەتان بە تێپەڕبوونی کات هەستی خەم و دڵتەنگی و گومان، بەتەواوی داتان دەگرێت و ڕزگاربوون لە ڕەشبینی زۆر سەخت دەبێت. 

ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ڕەشبینی

١. دوورکەوتنەوە لە کەسانی ڕەشبین: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامی ڕەشبینی هاوڕێیەتییکردنی ئەو کەسانەیە کە بەردەوام ڕەشبینن. هەوڵدەن لەو کەسانە دووربکەونەوە و هاوڕێیەتی کەسانی گەشبین بکەن.

٢. نرخی ئەو شتانە بزانن کە هەتانە: جارێکی تر سەیری ژیانی خۆتان بکەن، سەیری دەورووبەری خۆتان بکەن و هەرچییەکتان هەیە لەسەر پارچە کاغەزێک بینووسن، تەنانەت بچووکترین شتەکانیش بنووسن، ئەگەر پێتان وایە ئەوەندە گرنگ نییە کە بینووسن هەر لەو ساتەدا ئەو شتە لە خۆتان دوور بخەنەوە، بەمشێوەیە دەزانن چیتان هەیە و زیاتر نرخیان دەزانن.

٣. نرخی ژیان بزانن: بیر لەوە بکەنەوە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی ژیانی ئێوەیە. ئەو کارانە چین نەتانکردوون، چ کەسانێک هەن کە خۆشتان دەوێن و پێتان نەگوتوون، ئەو ساتە خۆشانە چین پێشتر بەسەرتان بردووە و لەیادتان کردوون، بەرەو ئەو کارانە بڕۆن و ئەنجامیان بدەن.

٤. کێشەکان گەورە مەکەن: لە بچووکترین بابەت، کێشەیەکی گەورە دروست مەکەن، لەوانەیە لەگەڵ کەسێکی نزیکتان لەسەر بابەتێکی بچووک کێشەتان بۆ دروست بێت، ئەوەندە بە ڕەشبینی و نەرێنی سەیری ئەم بابەتەتان کردووە و گەورەتان کردووە، بووە بە کێشەیەکی گەورە کە ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، دەربارەی کێشەکانتان گفتووگۆ بکەن و بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.

٥. هەوڵ بدەن: کەسانی گەشبین هەستەکان و بیرکردنەوە ئەرێنییەکانیان لەو سەرکەوتنانەوە بەدەست دەهێنن کە بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵیان بۆ داوە، بەگشتی ڕەشبینەکان لەگەڵ یەکەمین شکست، دەست هەڵدەگرن و درێژە بە ڕێگەکەیان نادەن بەڵام کەسێکی گەشبین بەشێوەی بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە و بەدەستهێنانی سەرکەوتن. 

ئەو کەسەی بە بەردەوامی هەوڵ دەدات، متمانە بەخۆبوونێکی بەرزی هەیە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەهێزی گەشبینەکانە. کەواتە ئێوەش دەتوانن وەکوو کەسانی گەشبین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانتان هەوڵ بدەن تاکوو سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، ئەم ڕێکارە دەبێتە هۆی لەناوچوونی بیرۆکە نەرێنییەکان. 

٦. بۆ ئەوە هەوڵ مەدەن کە گەشبین بن: لە لێکۆڵینەوەیەکدا داوایان لە گرووپێک کرد گوێ لە مۆسیقا بگرن بۆ ئەوەی هەستێکی باشتر بەدەستبهێنن، پاشان داوایان لە گرووپێکی تر کرد کە تەنیا گوێ لە مۆسیقا بگرن، گرووپی دووەم لە بەدەستهێنانی هەستێکی باشتردا سەرکەوتووتر بوون چونکە زۆریان لە خۆیان نەکرد بۆ گەیشتن بەو هەستە، گەشبینی بەهەمان شێوە بە سەرنج و بیرکردنەوەی زۆر بەدەست نایەت، کاتێک بیرکردنەوە نەرێنییەکان ڕووتان تێدەکەن، دەتوانن خۆتان بە کارێکەوە سەرقاڵ بکەن بۆ ئەوەی سەرگەرم بن، بۆ نموونە دەتوانن وەرزش بکەن یان گوێ لە مۆسیقا بگرن.

٧. بەتەنیا خۆتان بە تاوانبار مەزانن: کاتێک بیرکردنەوە نەرێنیەکان بە مێشکتاندا دێن، بەشێوەیەک سەیری بابەتەکە بکە کە جگە لە خۆت کەسانی تریش تاوانباربن تێیدا، بۆ نموونە ئەگەر لە میوانییەکدا بەتەنیا دانیشتوویت، لەجیاتی ئەوەی خۆت بە کەسێکی بێ سوود و خۆشنەویستراو دابنێیت، بەخۆت بڵێ ئەگەر من خاوەنی ئەم میوانییە بوومایە، هەرگیز ڕێگەم نەدەدا میوانەکەم بەتەنیا بمێنێتەوە و لەگەڵ میوانەکانی تردا ئاشنام دەکرد، بەڵام ئەوەتان لەیادبێت نابێت کەسانی تر بکەن بە قوربانی هەڵەکانی خۆتان، بەڵکوو مەبەستەکە ئەوەیە سەرەڕای قبووڵکردنی هەڵەی خۆت، ڕۆڵی کەسانی تریش لە دروستبوونی کێشەکەدا لەبەرچاو بگرن. لەکۆتاییدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدەن، بۆ نموونە لە میوانییەکەدا داوا لە خاوەن ماڵەکە بکەن ئێوە بە میوانەکانی تر بناسێنێت.

٨. هاوڕێیەتیکردنی کەسانی گەشبین: هەمیشە هاوڕێیەتییکردنی کەسێک دەبێتە هۆی ئەوەی بیرکردنەوە و هەڵسووکەوتەکانی تاکوو ڕادەیەک کاریگەری لەسەر ئێوە دابنێت. هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسێکی گەشبین دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەوڵ و ماندوبوونەکاندا لەگەڵی بەشداربن و سوود لە بیرۆکە ئەرێنییەکانی وەربگرن.

چەند ڕێگایەکی سادە بۆ کەمکردنەوەی ڕەشبینی

  1. بەکاهێنانی خاڵە بەهێزەکانتان: چەند خاڵێکی بەهێز و باشی خۆتان بدۆزنەوە و بەڕێگایەکی تازە سوودیان لێوەربگرن.
  2. نووسینەوەی ڕووداوە باشەکان: هەموو ڕۆژێک ئەو ڕووداوانە بنووسنەوە کە بوونەتە هۆی دڵخۆشیتان، لەگەڵ هۆکاری هەر ڕووداوێک، ئەم ڕێکارە لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەری دەبێت و دەبێتە هۆی دڵخۆشی و کەمکردنەوەی بیرۆکە نەرێنییەکان.
  3. سوپاسگوزاری: ئەو کەسانەی پێتان وایە زۆر چاکەیان بۆ ئێوە هەبووە، بەڵام هیچکات بەباشی سوپاسی ئەوانتان نەکردووە، نامەیەکیان بۆ بنووسن، لە نامەکەدا سوپاسگوزاری خۆتان دەرببڕن و بەدەستیان بگەیەنن. ئەم کارە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستی دڵخۆشیتان، دڵخۆشیش بیرۆکە نەرێنی و ڕەشبینانەکان لەناو دەبات.

دەرئەنجامەکانی ڕەشبینی

کاریگەرییەکانی ڕەشبینی لەسەر کەسەکان ڕووخێنەرن چونکە بەردەوام بە نەرێنی بیرکردنەوە کاردەکاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر، بۆ نموونە:

  • سکاڵاکردن لە کەسەکان و بارودۆخەکان.
  • نائومێدی بەرانبەر داهاتوو.
  • نەبوونی توانا لە بەڕێوەبردنی کێشەکانی ژیان.
  • هەوڵ نەدان و قبووڵکردنی شکست.


سەرچاوەکان



1298 بینین