دامەزراوە داراییەکان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-27-22:00:00 - کۆدی بابەت: 10789
دامەزراوە داراییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێکخراوە داراییەکان، هەندێک جار پێیان دەوترێت دامەزراوەی بانکی (بە ئینگلیزی: Financial Institutions، بە عەرەبی: المؤسسات المالية) کورتکراوەی (FI)، بەشێکە لە سیستمی دارایی کە خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات، ئەو دامەزراوانەن کە سەرقاڵی مامەڵە داراییەکان و دراوییەکانن وەکوو سپاردەکان، قەرز، وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی دراو. دامەزراوە داراییەکان کۆمەڵێک کاروباری بازرگانی بەرفراوان لە ناو کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا لەخۆدەگرن لەوانە بانکەکان، کۆمپانیاکانی متمانە، کۆمپانیاکانی بیمە، کۆمپانیاکانی دەڵاڵی و بریکارەکانی وەبەرهێنان.

بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەر کەسێک کە لە ناوچەیەکی ئابووریی پێشکەوتوودا دەژی، پێویستییەکی بەردەوام یان لایەنی کەم جارجار بە خزمەتگوزارییەکانی دامەزراوە داراییەکان هەیە.

تێگەیشتن لە دامەزراوە داراییەکان

دامەزراوە داراییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە زۆربەی خەڵک دەکەن، بەو پێیەی کارە داراییەکان بەشێکی گرنگی هەر ئابوورییەکن، تاک و کۆمپانیاکان بۆ مامەڵەکردن و وەبەرهێنان پشت بە دامەزراوە داراییەکان دەبەستن.

حکوومەتەکان بە پێویستی دەزانن سەرپەرشتی و ڕێکخستنی بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان بکەن، چونکە ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە ئابووریدا. بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو مایەپووچبوونی دامەزراوە داراییەکان دەتوانێت ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکات.

جۆرەکانی دامەزراوە داراییەکان

دامەزراوە داراییەکان کۆمەڵێک بەرهەم و خزمەتگوزاری بەرفراوان پێشکەش بە کڕیارە تاکەکەسییەکان و بازرگانییەکان دەکەن. ئەو خزمەتگوزارییە تایبەتانەی کە پێشکەش دەکرێن لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی دامەزراوە داراییەکاندا جیاوازن. جۆرەکانی دامەزراوە داراییەکانیش بریتین لە:

بانکە بازرگانییەکان

بانکی بازرگانی جۆرێکە لە دامەزراوەی دارایی کە سپاردەکان وەردەگرێت، خزمەتگوزاری پشکنینی هەژمار پێشکەش دەکات، قەرزی بازرگانی و کەسی، گرێبەستی خانووبەرە دەدات، بەرهەمە داراییە سەرەتاییەکانی وەک بەڵگەنامەی دانانی پارە (CDs) و پاشەکەوتکردنی هەژمار پێشکەش بە تاک و بازرگانییە بچووکەکان دەکات. بە پێچەوانەی بانکی وەبەرهێنانەوە بانکی بازرگانی ئەو شوێنەیە کە زۆربەی خەڵکی کارەکانی بانکی خۆیانی تێدا ئەنجام دەدەن. 

بانکەکان و دامەزراوە بازرگانییە هاوشێوەکان، وەکوو سەندیکاکانی پاشەکەوتکردن یان قەرز، باوترین خزمەتگوزارییە داراییە ناسراوەکان و زۆر بەکارهێنراوەکان پێشکەش دەکەن، کە ئەوانیش پشکنین و پاشەکەوتکردنی هەژمار، گرێبەستی خانووبەرە و جۆرەکانی تری قەرز بۆ کڕیارانی تاکەکەسی و بازرگانی دەدەن. هەروەها بانکەکان وەک بریکاری پارەدان لە ڕێگەی کارتی بانکیی و گواستنەوەی ئەلیکترۆنی و ئاڵوگۆڕی دراوەوە کاردەکەن.

بانکە وەبەرهێنەکان

بانکە وەبەرهێنەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان کە بۆ ئاسانکاری کارەکانی بازرگانی داڕێژراون تایبەتمەندن، وەکوو پارەدارکردنی خەرجییە سەرمایەییەکان و پێشکەشکردنی پشکەکان، لەوانەش پێشکەشکردنی سەرەتایی گشتی (IPOs) (ئاماژەیە بۆ پرۆسەی پێشکەشکردنی پشکەکانی کۆمپانیایەکی تایبەت بە خەڵک لە دەرکردنی پشکێکی نوێ.) هەروەها بە شێوەیەکی باو خزمەتگوزاری دەڵاڵی پێشکەش بە وەبەرهێنەران دەکەن، وەک بازاڕ سازکەر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی کاردەکەن، یەکخستن، دەستخستن و داڕشتنەوەی کۆمپانیاکانی تر بەڕێوەدەبەن.

کۆمپانیاکانی دڵنیایی (بیمە)

لە نێو ئاشناترین دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کۆمپانیاکانی دڵنیایی هەن. دابینکردنی دڵنیایی، ئینجا بۆ تاکەکان بێت یان کۆمپانیاکان، یەکێکە لە کۆنترین خزمەتگوزارییە داراییەکان.

پاراستنی سەروەت و سامان و پاراستن لە مەترسی دارایی، کە لە ڕێگەی بەرهەمەکانی دڵنیاییەوە مسۆگەر دەکرێت، ئەویش خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتییە وەبەرهێنانی تاکەکەسی و کۆمپانیاکان ئاسان دەکات. 

کۆمپانیاکانی دەڵاڵی

کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و دەڵاڵی، وەکوو دابینکەری سندوقی هاوبەش و سندوقی بازرگانی ئاڵوگۆڕ (ETF) کار دەکەن، تایبەتمەندن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەبەرهێنان کە بەڕێوەبردنی سامان و خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری دارایی لەخۆدەگرێت. هەروەها دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە وەبەرهێنانەکان دابین دەکەن، کە ڕەنگە لە پشک و گرێبەست دەست پێبکەن تا دەگاتە وەبەرهێنانی جێگرەوە کە کەمتر ناسراون، وەکوو سندوقەکانی پاراستن و وەبەرهێنانی پشکی تایبەت.

بۆچی دامەزراوە داراییەکان گرنگن؟

دامەزراوە داراییەکان گرنگن چونکە بازاڕێک بۆ پارە و سەروەت و سامان دابین دەکەن، بۆ ئەوەی سەرمایە بە شێوەیەکی کارا بۆ ئەو شوێنە تەرخان بکرێت کە زۆرترین سوودی بۆی هەبێت. بۆ نموونە بانکێک پارەی پێشەکی لە کڕیارەکان وەردەگرێت و پارەکە بە قەرز دەدات بە قەرزوەرگرەکان. بەبێ بوونی بانک وەک ناوەندێک، هەموو کەسێک ناتوانێی قەرزوەرگرێکی شایستە بدۆزێتەوە یان بزانێت چۆن خزمەتگوزاری قەرزەکە بکات. لە ڕێگەی بانکەوە، وەبەرهێنەرەکان دەتوانن لە ئەنجامدا سوود وەربگرن. بە هەمان شێوە بانکە وەبەرهێنانەکان وەبەرهێنەر دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی پشک یان گرێبەستەکانی کۆمپانیایەکیان بۆ بخەنە بازاڕەوە.

نۆ جۆری سەرەکی دامەزراوە داراییەکان

بانکە ناوەندییەکان: ئەو دامەزراوە داراییانەن کە بەرپرسیارن لە چاودێری و بەڕێوەبردنی هەموو بانکەکانی تر. بانکی ناوەندی عێراق بانکی ناوەندی عێراقە، کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دراو و چاودێری و ڕێکخستنی دامەزراوە داراییەکان. تاکەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بانکی ناوەندیدا نییە، لەبری ئەوە، دامەزراوە داراییە گەورەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانکی ناوەندیدا کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی گشتی.

بانکی تاکەکان و بازرگانییەکان: بە شێوەیەکی نەریتی، بانکی تاکەکان بەرهەمەکانیان پێشکەش بە تاکە بەکارهێنەرەکان دەکرد لە کاتێکدا بانکە بازرگانییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بازرگانەکان کاریان دەکرد. لە ئێستادا زۆرینەی بانکە گەورەکان هەژماری دانانی پارە، قەرزدان، ئامۆژگاری دارایی سنووردار پێشکەش بە هەردوولا دەکەن.

ئەو خزمەتگوزارییانەی بانکی تاکەکان و بازرگانییەکان پێشکەشی دەکەن، پشکنینی هەژمار و پاشەکەوتکردن، بەڵگەنامەی دانانی پارە (CDs)، قەرزی کەسی و خانووبەرە، کارتی بانکی و هەژماری بانکی بازرگانی پێشکەش دەکەن.

بانکەکانی ئینتەرنێت: یەکێک لە دامەزراوە نوێیەکان بانکە ئینتەرنێتییەکانن، کە هاوشێوەی بانکی تاکەکان کاردەکەن. بانکە ئینتەرنێتییەکان هەمان بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی بانکە ئاساییەکان پێشکەش دەکەن، بەڵام لەبری ناوەندێک لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانەوە ئەو کارە دەکەن.

لە بانکی ئینتەرنێتدا دوو پۆلێن هەیە، کە بانکی دیجیتاڵی و نیوبانکە. بانکە دیجیتاڵییەکان پلاتفۆرمی ئۆنلاینن کە سەر بە بانکە تەقلیدیەکانن. بەڵام نیوبانکەکان بانکی دیجیتاڵین کە پەیوەندییان بە هیچ بانکێکەوە نییە جگە لە خۆیان.

یەکیەتییەکانی قەرزدەر: یەکیەتی قەرزکردن جۆرێکە لە دامەزراوەی دارایی کە خزمەتگوزاری بانکی تەقلیدی پێشکەش دەکەن، لەلایەن ئەندامەکانییەوە دروست دەکرێت و خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت. 

لە ڕابردوودا، سەندیکاکانی قەرز خزمەتیان بە لایەنی دیاریکراو دەکرد بۆ هەر بوارێکی پەیوەست بە خۆیان، وەک مامۆستایان یان ئەندامانی سەربازی. بەڵام لەم سەردەمەدا سنووردارکردنی ئەندامیەتییان شل کردووەتەوە و بەڕووی خەڵکی گشتیدا کراوەن.

ئەم دامەزراوانە هاوشێوەی بانکە بازرگانییەکانن بەڵام سەربەستی تەواویان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا نییە.

کۆمەڵەی پاشەکەوت و قەرز: دامەزراوەیەکی داراییە کە بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن کڕیارەکان یان خاوەن پشکەکانەوە خاوەندارێتی و سەپەرشتی دەکرێت. هەژمار و قەرزی کەسی و گرێبەستی خانووبەرە بۆ بەکارهێنەرانی تاک دابین دەکەن.

بە پێچەوانەی بانکە بازرگانییەکان، زۆربەی ئەم دامەزراوانە لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتین و خاوەندارێتی تایبەتیان هەیە، هەرچەندە ڕەنگە هەندێکیان بە شێوەیەکی گشتی بازرگانییان پێوە بکرێت. 

بانکەکانی وەبەرهێنان: بانکە وەبەرهێنانەکان دامەزراوە داراییەکانن کە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن و وەک ناوەندێک لە مامەڵە ئاڵۆزەکاندا کاردەکەن، بۆ نموونە کاتێک کە کۆمپانیایەکی دەستپێشخەری کار خۆی بۆ پێشکەشکردنی سەرەتایی گشتی (IPO) (بریتییە لە پێشکەشکردنی گشتی کە تێیدا پشکەکانی کۆمپانیایەک دەفرۆشرێن بە وەبەرهێنەرانی دامەزراوەیی و بەزۆری بە وەبەرهێنەرانی تاکەکەسیش.) یان یەکخستنەکان ئامادە دەکات. هەروەها دەتوانن وەک دەڵاڵ یان ڕاوێژکاری دارایی بۆ کڕیارانی دامەزراوەیی گەورە وەک سندوقەکانی خانەنشینی کاربکەن.

کۆمپانیاکانی دەڵاڵی: ناوەندێکە کە کڕیار و فرۆشیاران بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ تەواوکردنی مامەڵەیەک بۆ پشکەکان، گرێبەست، بژاردەکان و ئامرازە داراییەکانی تر.

کۆمپانیاکانى دڵنیایى: ئەو دامەزراوە داراییانەی کە یارمەتی تاکەکان دەدەن کە بە کۆمپانیاکانی بیمەش ناسراون، تاک و بازرگانەکان کۆمپانیاکانی دڵنیایی بۆ پاراستن لە زیانە داراییەکان بەهۆی مردن، کەمئەندامی، ڕووداو و زیانگەیاندن بە موڵک و ڕووداوەکانی تر بەکاردەهێنن. 

کۆمپانیاکانی گرێبەستی خانووبەرە: کۆمپانیایەکی دارایی تایبەتمەندە، سەرقاڵی کاروباری سەرچاوەگرتن یان پارەدان بە گرێبەستی خانووبەرە بۆ موڵکی نیشتەجێبوون یان بازرگانییە. زۆرجار کۆمپانیای گرێبەستی خانووبەرە تەنها سەرچاوەی قەرزێکە، خۆی بۆ قەرزدەرە شاراوەکان دەخاتە بازاڕەوە و داوای بودجە لە یەکێک لە چەندین دامەزراوە دارایییەکان دەکات کە سەرمایەی گرێبەستی خانووبەرە دابین دەکەن.

لە کاتێکدا زۆربەی کۆمپانیاکانی گرێبەستی خانووبەرە خزمەت بە بازاڕی بەکارهێنەری تاکەکەسی دەکەن، هەندێکیان تەنها بۆ قەرزدان بە خانووبەرەی بازرگانی تایبەتمەندن. 

زۆرێک لە کۆمپانیاکانی گرێبەستی خانووبەرە ئەمڕۆ بە شێوەی ئۆنلاین کاردەکەن یان شوێنی لقەکانیان سنووردارە، ئەمەش ڕێگە بە کەمکردنەوەی تێچوون و کرێی خانووبەرە دەدات.

جیاوازی سەرەکی نێوان بانک و دامەزراوە داراییەکانی تر چییە؟

کۆمەڵێک جیاوازی گەورە لە نێوان دامەزراوە داراییە بانکییەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان لە ئابوورییەکدا هەیە. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە دامەزراوەیەکی دارایی بانکی دەتوانێت دانانی پارە لە هەژماری جۆراوجۆری پاشەکەوت و وەبەرهێنانی داواکاری وەربگرێت، کە ناتوانرێت لەلایەن دامەزراوەیەکی دارایی نابانکییەوە ئەنجام بدرێت.

دامەزراوەیەکی دارایی نابانکی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشکەش دەکات لەوانە هەندێکیان کە لەگەڵ دامەزراوە داراییە بانکیەکاندا هاوشێوەن وەک قەرز، پێشکەشکردنی ئامۆژگاری دارایی، وەبەرهێنان لە زەمانەتنامە داراییەکان، بەکرێدانی ئامێرەکان و چەندانی تر.

ئامانجە سەرەکییەکانی دانانی پارە لە بانکەکاندا بریتین لە ئاسانکاری، بەدەستهێنانی سوود و پارێزراوی. لە کاتێکدا مەبەستی سەرەکی لە خستنەگەڕی پارە لە دامەزراوە داراییە نابانکییەکاندا بەدەستهێنانی داهاتی زیادەیە.


سەرچاوەکان



777 بینین