جامی کەنداو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-30-19:52:00 - کۆدی بابەت: 10808
جامی کەنداو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جامیی کەنداو، جامیی وڵاتانی کەنداو، جامیی کەنداوی عەرەبی یاخود جامیی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی (بە عەرەبی: كأس الخليج، بە ئینگلیزی: Arabian Gulf Cup) پاڵەوانییەکی تۆپی پێی تایبەتە بە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ماوەی دوو ساڵ جارێک لە یەکێک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەڕێوەدەچێت، یەکەمین پاڵەوانییەتی لە ساڵی ١٩٧٠ بوو لە وڵاتی بەحرەین بەڕێوەچوو، ساڵانە ژمارەی وڵاتانی بەشداربووی ئەم جامە هەشت وڵاتن کە پێکهاتوون لە سعودییه، عێراق، ئیمارات، بەحرەین، کوەیت، قەتەڕ و عوممان.

مێژووی جامیی کەنداو

بیرۆکەی دروستبوون و ئەنجامدانی جامیی کەنداو لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٨ دەستیپێکرد، بە دیاریکراوی لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی مەکسیک. شا خالید فەیسەڵ ئەمیری ناوچەی مەککە بوو لە سعودییە، یەکەم کەس بوو پێشنیاری بۆ وەفدی بەحرەین کرد کە لە یارییە ئۆڵۆمپییەکانی مەکسیک وەکوو تاکه وڵاتی عەرەبی بەشدار ببوون، کە پێشنیار بۆ ستانلی ڕۆس سەرۆکی فیفای ئەو کاتە بکەن، کە بیرۆکەی دانانی پاڵەوانییەتییەکی تایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو بکەن.

دوای گەڕانەوەی وەفدی بەحرەین لە مەکسیک لە ساڵی ١٩٦٩ لە مەننامەی پایتەخت کۆبوونەوە و بیرۆکەکە پێشنیار کرا و لەلایەن فیفاوه پەسەند کرا، لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم پاڵەوانییەتی بە بەشداری چوار وڵاتی کەنداو بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوون لە وڵاتانی سعودییە و کوەیت لەگەڵ قەتەڕ و بەحرەین، خولی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لە بەحرەین ئەنجامدرا، خولەکە لە ٢٧ـی مانگی ئازار دەستیپێکرد و لە ٣ـی مانگی نیسان بە بردنەوەی هەڵبژاردەی وڵاتی کوەیت کۆتایی هات.

لە خولی دووەم و پاڵەوانییەتی ساڵی ١٩٧٢ هەڵبژاردەی وڵاتی ئیماڕاتیش بەشداری پاڵەوانێتییەکەی کرد، لە خولی سێیەم هەڵبژاردەی وڵاتی عوممانیش بەشدار بوو، دواتریش لە خولی چوارەم هەڵبژاردەی وڵاتی عێراقیش بووە ئەندام لەم پاڵەوانێتییەکە. لە سەرەتای دامەزراندنی پاڵەوانێتییەکەوە بۆ ماوەی چوار خول لەسەریەک وڵاتی کوەیت براوەی جامەکە بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ عێراق بووە براوەی جامەکە.

لە پاڵەوانێییەتی ساڵی ١٩٩٠ کە لە وڵاتی کوەیت ئەنجامدرا، هەردوو هەڵبژاردەی وڵاتی سعودییە و عێراق لە جامەکە کشانەوە، وڵاتی عێراق بە بیانووی ئەوەی کە ناوبژیوانی یارییەکە دژی ئەوانە و لە یارییەکیان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتی ئیماڕات کشانەوە، وڵاتی سعودییەش بە بیانووی بوونی هێمایەک لە لۆگۆی جامی کەنداوی ئەو ساڵە کشایەوە، چونکە هێماکە ئاماژە بوو بۆ جەنگی جەهرا کە لە ڕابردوودا لە نێوان وڵاتی سعودییە و وڵاتی کوەیت ڕوویدابوو.

لە خولی ساڵی ١٩٩٢ هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی جەنگی دووەمی کەنداوەوە لە یاریکردن لەو پاڵەوانێتییە قەدەغە کرا و هەڵبژاردەی قەتەڕ پاڵەوانێتییەکەی ئەو ساڵەی بەدەست هێنا. لە ساڵی ٢٠٠٣ هەڵبژاردەی وڵاتی یەمەن بۆ پاڵەوانیەتییەکە زیاد کرا، سەرباری ئەوەی یەمەن سەر به وڵاتانی کەنداو نییە. لە ساڵی ٢٠٠٤ هەڵبژاردەی وڵاتی عێراق گەڕایەوە خولەکە و ژمارەی تیپە بەشداربووەکانی جامیی کەنداو لەو ساڵەوە بووە هەشت وڵات.

دیزاینی جامیی کەنداو

تاکوو پاڵەوانییەتی ساڵی ٢٠١٤ شەش دیزاینی جیاواز بۆ جامیی کەنداو کراوە گرنگترین دیزاینەکانی جامی کەنداو بریتیین لە:

- یەکەمین دیزاینی جامی کەنداو لە شاری مەنامەی پایتەخەتی بەحرەین دیزاینی بۆ کرا، پاشان لە وڵاتی لوبنان لە زیو دروستکرا و شێوەیەکی شەش لای هەبووە و بە دوو چڵە زەیتوون لایەکانی نەخشێنرا بوو.

- لە ساڵی ١٩٧٦ وڵاتی قەتەڕ دیزاینێکی تری بۆ جامەکە پێشنیار کرد و لە ئاڵتوون جامەکە دروستکرا.

- لە ساڵی ١٩٨٨ دیزاینی سێیەمی جامەکە لەلایەن وڵاتی سعودییەوە پێشنیار کرا، کە لەسەر شێوەی لقی دارێک دیزاین کرابوو و نەخشەی وڵاتانی کەنداوی لەسەر نەخشێنرابوو و لەوڵاتی فەڕەنسا جامەکە دروستکرا، هەڵبژاردەی کوەیت ئەم جامەی بردەوە، بەڵام لەکاتی جەنگی کەنداو و هێرشی عێراق بۆ سەر وڵاتی کوەیت ئەم جامە دزرا و دیارنەما.

- لە یازدەیەمین خول و لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن سلێمان مالیک هونەرمەندی وڵاتی قەتەڕ، دیزاینێکی تری جامەکە پێشنیار کرا و بە ئاڵاکانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو نەخشێنرا و جامەکە لە ئیتاڵیا لە زێڕ دروستکرا.

- وڵاتی سعودییە بۆ جاری دووەم دیزاینی پێنجەمین جامی پێشکەش کرد کە پاڵەوانێتییەکە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ڕیاز بەڕێوەچوو، جامەکە بە هێڵی ڕەنگاوڕەنگی ئاڵای وڵاتانی کەنداو نەخشێنرابوو.

- لە ساڵی ٢٠١٩ پاڵەوانێتییەکە لە قەتەر ئەنجامدرا، لەلایەن ئەو وڵاتەوە چەند دیزاینێک بۆ جامەکە پێشنیار کرا، تا دیزاینی جامێکیان هەڵبژێردرا کە جەمەدانی عەرەبی لەسەر نەخشێنرا بوو، لە کارگەی بێرتۆنی لە ئیتاڵیا دیزاینی جامەکە کرا، کە هەمان کارگە بوو جامیی جیهانی لێدەنەخشێنرا، بەرزی جامەکە ٤٧ سانتیمەتر بوو و لە زێڕ دروستکرابوو، وڵاتی قەتەڕ زۆرترین پێشنیاری بۆ دیزاینی جامیی کەنداو پێشکەش کردووە.

ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە لە وڵاتانی بەشداربوو

هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەی کە پاڵەوانێتییەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت بەشێوازی ڕیزبەندییە، تاکوو ئێستا لە هەموو وڵاتانی بەشداربوو جگە لە یەمەن پاڵەوانێتییەکە ئەنجام دراوە. یەکەم پاڵەوانێتی لە وڵاتی بەحرەین ئەنجامدرا، پاشان لە سعودییە و دواتر لە کوەیت و پاش ئەویش لە قەتەڕ، لە وڵاتی عێراقیش یەکجار ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی باری ناهەمواری سیاسی لە عێراق بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە و پاشان دوای بەشداریکردنەوەی وڵاتەکە، بڕیاردرا لە ٢٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ پاڵەوانێتییەکە لە شاری بەسڕە لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی سزا سەپێندراوەکانی فیفا بۆ سەر یاریگاکانی عێراق لەو ساڵە نەکرا پاڵەوانێتییەکە لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت. بۆیە بڕیاردرا ٢٥ـەمین پاڵەوانێتی جامیی کەنداو لە یاریگاکانی پارێزگای بەسرە لە عێراق بەڕێوە بچێت، لە ڕۆژی شەشی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات تاکوو ڕۆژی ١٩ـی هەمان مانگ بەردەوامی دەبێت.

ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە خاوەنی جامیی کەنداو

هەڵبژاردەی وڵاتی کوەیت لە پێشەنگی وڵاتانی بەشداربووە و دە جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە، هەریەک لە هەڵبژاردەکانی وڵاتانی سعودییە و قەتەر و عێراق هەریەکی سێ جار نازناوەکەیان بەدەست هێناوە. هەریەک لە هەڵبژاردەکانی وڵاتانی ئیماڕات و عوممان دووجار نازناوەکەیان بەدەست هێناوە، هەڵبژاردەی وڵاتی بەحرەین یەک جار نازناوەکەی بەدەست هێناوە، هاوکات هەڵبژاردەی وڵاتی یەمەن هیچ نازناوێکی پاڵەوانێتییەکەی نییە.


سەرچاوەکان



859 بینین