نۆ شت کە نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجامی بدەیت

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-01-02-21:20:00 - کۆدی بابەت: 10828
نۆ شت کە نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجامی بدەیت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

٩ شت کە نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجامی بدەیت (بە ئینگلیزی: 9 things not to do on an empty stomach، بە عەرەبی: ٩ أشياء لا تفعلها على معدة فارغةخۆراکی مرۆڤ وادەکات سروشتی مرۆڤ چەمکێکی قبوڵکراو بێت، بەڵام ئەو کارانەی كە پێش خواردن ئەنجامی دەدەین کاریگەری گرنگی لەسەر باری جەستەیی و تەندروستیمان هەیە، ئەمانەی خوارەوە چەند کارێکن کە نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجام بدرێت.

٩ شت کە نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجامی بدەیت

١. چوون بۆ بازاڕکردنی خواردن

هەرگیز نابێت بە سكی بەتاڵ بچیتە بازاڕکردن. بە ئەنجامدانی ئەم کارە پارەکەت تەنها بۆ خواردنە ناتەندروستەکان خەرج دەکەیت کە سوودیان بۆ تەندروستی جەستەت نییە. لەڕاستیدا بە قسەی توێژەران، پەیامی "خواردنم دەوێت" و پەیامی "دەمەوێت" تێكەڵ دەكەیت لە کاتێکدا بازاڕی دەکەیت و لە هەمان كاتدا برسیتە، لە کۆتاییدا ئەو شتانە دەکڕیت کە پێویستت پێی نییە. لە جێی ئەوە پێش ئەوەی بچیتە بازاڕکردن لیستێک لە پێداویستییەکانت بنووسە بۆ ئەوەی لە پێویستییە سەرەكییەكان لانەدەیت. هەروەها لە کاتی بازاڕکردندا تەنها پارەی کاش بەکاربهێنە بۆ ئەوەی كڕینەكانت سنووردار بکەیت بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو کە پێشتر دیاریت کردووە و کارت بەکارمەهێنە.

٢. خەوتن

هەستکردن بە برسێتی لە شەودا و کەمی گلوکۆز دەتوانێت بێبەشت بکات لە خەوێكی خۆشی شەوانە و زوو لە خەو هەڵسان. جگە لەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی برسێتی، خووی خراپی خەوتنە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دوای خەوێکی ناخۆش، دەتەوێت نانی بەیانی زیاتر بخۆیت. بەڵام زیادەڕۆیی لە خواردن دوای خەوێکی خراپ هەرگیز بیرۆکەیەکی باش نییە. بەڵکو پێویستە هەوڵبدەیت بەر لە خەوتن بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەک شیر بخۆیت. چونکە خۆراکە شیرەمەنییەکان بڕێکی زۆر کالسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە و یارمەتیتدەدات باشتر بخەویت.

٣. خواردنەوەی قاوە

خواردنەوەی قاوە دوای نەخواردنی ژەمێک دەبێتە هۆی کەمی سیرۆتۆنین و لە کۆتاییدا بەدرێژایی ڕۆژ هەست بە خراپی دەكەیت. تەنانەت خواردنەوەی قاوەی بێ کافایین دەبێتە هۆی دڵەکزێ، کێشەی هەرسکردن و هەستکردن بە بێهێزی. لەجێی ئەوە پێویستە هەوڵبدەیت قاوە لەگەڵ شیردا بخۆیتەوە چونکە چەوری شیر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ.

٤. ئەنجامدانی وەرزشی قورس

واز لەو تێڕوانینە هەڵەیە بهێنە كە دەڵێت وەرزشکردن پێش خواردن دەبێتە هۆی سووتاندنی کالۆری زیاتر. ئەمە نەک هەر بارستەی ماسولکەیی دروست ناکات، بەڵکوو ئەگەر ئەم كارەت ئەنجامدا، پێویستە چڕی ڕاهێنانەکان کەم بێت، چونکە جەستە وزەی پێویستی نییە بۆ وەرزشکردن. بەم پێیە پێویستە بەردەوام بیت لە خواردن، لە هەمان کاتدا پشوو بدەیت لە نێوان ڕاهێنانەکاندا.

٥. گفتوگۆکردن

هەرگیز بە سکی بەتاڵ گفتوگۆ و بڕیاری گرنگ مەدە. برسێتی ئارامیت لەدەست دەدات، چونکە بۆ کۆنتڕۆڵكردنی جەستە پێویستمان بە وزە هەیە. بەڵام کاتێک گەدەت بەتاڵ دەبێت وزەت کەمتر دەبێت لە بڕی پێویست. بۆیە پێش ئەوەی بچیتە ناو گفتوگۆیەکەوە، شتێک بخۆ یان خواردنەوەیەکی گەرم بخۆرەوە.

٦. بنێشت جوین

کاتێک بنێشت دەجویت، جەستەت ترشی هەرس دەرئەدات. کاتێک هیچ شتێک لە گەدەدا نەبێت بۆ هەرسکردن، ئەم ترشە زیان بە گەدە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئاوسانی گەدە. ئەگەر بەڕاستی حەزت لە جوینی بنێشت هەیە، ئەوا ئەو بنێشتە بەکاربهێنە کە شیرینکەرەوەی سروشتی تێدایە. دوور بکەوەرەوە لەو بنێشتانەی کە شەکری تێدایە و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ خولەک هیچ بنێشتێك بەكارمەهێنە.

٧. خواردنی دەرمانی دژە هەوکردن

دوور بکەوەرەوە لە خواردنی ئەسپرین، پاراسیتامۆڵ و دەرمانەكانی تری NSAID بە گەدەی بەتاڵ. گەدەی بەتاڵ کاریگەری ئەم دەرمانانە کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جددیتر وەک خوێنبەربوونی گەدە. هەمیشە پێش خواردنی دەرمان بڕێک خواردن بخۆ و لەگەڵ دەرمانی دژە هەوکردن بڕێک شیر یان ئاو بخۆرەوە.

٨. خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵ و شەربەتی مزرەمەنییەكانی تر

پێش ئەوەی پەرداخێک ئاوی پرتەقاڵ یان ئاوی لیمۆ لەسەر سکی بەتاڵ بخۆیتەوە، باش بیربکەرەوە، چونكە ڕیشاڵی بەهێز و ڕێژەیەکی زۆر ترش دەبێتە هۆی هەوکردن لە گەدەدا. بەتایبەت کاتێک خوێنبەربوونی گەدەت هەبێت، خواردنی ئەم شەربەتانە بە گەدەی بەتاڵ بەهیچ شێوەیەک پێشنیار ناکرێت. ئەگەر تووشی کێشەی ڕیخۆڵە بوویت، ئەوا بە زیادکردنی بڕێک ئاو شەربەتەکە ڕوونبکەرەوە.

٩. خواردنەوەی کحول

کاتێک بە سکی بەتاڵ کحول دەخۆیتەوە، جەستە دوو هێندە خێراتر هەڵیدەمژێت. جگە لەوەش کاتێکی زیاتری دەوێت تاکوو جەستە کحول شیدەكاتەوە. هەمووان دەزانن کە کحول کاریگەری نەرێنی لەسەر جگەر، گورچیلە و دڵ هەیە. چالاکییەکانی ڕۆژانە، لە بازاڕکردنەوە تا وەرزشکردن، بەسکی بەتاڵەوە ئەنجاممەدە. چونكە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کارەکانی جەستەت و وزەت لێ دەبات.


سەرچاوەکان



697 بینین