قەڵآی شێروانە

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2023-01-12-18:51:00 - کۆدی بابەت: 10889
قەڵآی شێروانە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەڵای شێروانە (بە عەرەبی: قلعة شيروانة، بە ئینگلیزی: Sherwana Castle یان Shirwanah Castle، بە فارسی: قلعه شیروانه). قەڵای شێروانە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکان و دەکەوێتە بەشی باشووری شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و سەر بە پارێزگای سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان، بە ماوەی هەشت ساڵ دروست کراوە و لە دوای دروستکردنییەوە چوار جار نۆژەنکراوەتەوە. قەڵای شێروانە جێگایەکی مێژوویی گرنگ و پڕ بایەخە و بووەتە یەکێک لەناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەبۆنە نیشتیمانییەکاندا خەڵکی سەردانی دەکەن.

مێژووی دروستبوونی

بە وتەی بەشێک لە مێژوونوسان و شوێنەوارناسان، قەڵای شێروانە لە ساڵی ١٨٦٦ بۆ ١٨٧٤ زایینی، لەلایەن محەمەد پاشای جاف لەسەر گردی شوێنەواری شێروانە لە شارۆچکەی کەلار دروستکراوە، ئەم گردە دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاشییەکان و ساسانییەکان، دروستکردنەکەشی هەشت ساڵی خایاندووە.

شێوازی قەڵاکە

قەڵای شێروانە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کەلارەوە، پێکهاتووە لە سێ نهۆمی سەرەکی، لەوانە، بەشی یەکەم و دووەم پێکهاتووە لە سێ ژووری گەورە و لەکۆمەڵێک ژوور و ڕێڕەو، قادرمە، تاق یاخود ڕەفە، ئاگردان و دوکەڵکێش، نهۆمی سێیەمی قەڵاکە، کە بەکڵاو فەرەنگی ناسراوە، بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ـەوە ڕووخاوە، بەشێکی زۆری دوو نهۆمەکەی تری قەڵاکەش درزیان بردووە، شوێنەواری گەرمیان سەرقاڵی نۆژەن کردنەوەی شوێنە زیان لێکەوتووەکانن.

دەرگای سەرەکی قەڵای شێروانە تەنها دەرگایەکی دوولاییە، کە ڕووی سەرەوەی تەواو کراوە بەشێوەی کەوانێکی نیوبازنەیی، قەڵا لەهەر چوار لاتەنیشتیەکانەوە چوار بورجی هەیە، ڕووبەری ئەو زەوییەی قەڵاکەی لەسەر دروستکراوە، نزیکەی ٤٠٠ مەتر دووجایە، پانییەکەی لە ڕووی پێشەوەی ١٩ مەتر و ٣٥ سانتیمەترە، پشتەوەی ٥ مەتر و  ١٨ سانتیمەترە، درێژی لای ڕاست ١٥ مەترە و ٤٠ سانتیمەترە و لای چەپیشی ١٥ مەتر و ٢٠ سانتیمەترە، بەرزی قەڵا لە ڕووی پێشەوەی بە ستارەکەیەوە  تاکوو نهۆمی دووەم ٧ مەتر و ٩٥ سانتیمەترە، لە ڕووی پشتەوەشی ٧ مەترە.

ئەو ماددانەی لە دروستکردنی قەڵای شێروانەدا بەکارهاتوون بریتین لە خشتی خوڵ، بەرد، قسڵ و گەچ، کە بەشێوەی جوان و توندوتۆڵ دروستکراوە، هەروەها داری تێدا بەکارهاتووە وەک داری گوێز بۆ دروستکردنی دەرگا و پەنجەرەکانی، ئەو ماددانەشی لە دروستکردنی قەڵادا بەکارهاتوون لە شوێنەوارە مێژووییەکانی گوندەکانی، شێرەوەن، بنکورە، شێخ باوە، کوڵەجۆ و زەنگاباد لە سنووری گەرمیانەوە بۆی براون، کەرەستەکان بە زۆری بە گوێدرێژ و هێستر گوازراونەتەوە و بە هەمان شێوەش لە ڕووباری سیروان ئاو هێنراو بۆ کارکردن لە قەڵاکەدا. سێ جار نۆژەنکراوەتەوە و هەنگاو بۆ چوارەم جار دەنرێت.

قەڵای شێروانە، دوای دروستکردنی سێ جار نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵەکانی ١٩٢٥ و ١٩٨٨ و ١٩٩٨، دواجار بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧، کڵاو فەرەنگی قەڵاکە ڕووخاوە و کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردەوە و لەدوا قۆناغی کارکردنیشیدا بڕیاردرا ڕێکخراوی پریس کڵاوی هۆڵەندی چاکیبکاتەوە و تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی بە نۆژەنکردنەوەی هات و بە ڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا کرایەوە.

حەمە پادشای جاف کێیە؟

ناوی محەمەد پادشای کوڕی سلێمان بەگی کوڕی زاهیر بەگی کوڕی یار ئەحمەد بەگی سەیفوڵا سەید ئەحمەد جوانڕۆییە، لە ساڵی ١٨١٤ زایینی لەدایکبووە، سەرۆک هۆزی جاف بووە سنووری دەسەڵاتداریی زۆر بووە، بە جۆرێک لە شارەزوورەوە بۆ کرماشان. بەپێی وتەی مێژوونووسان حەمە پادشای جاف قەڵای شێروانەی زیاتر بۆ دوو هۆکار دروستکردووە، یەکەم سیاسی بووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچەدا هەبێت کە لەژێر دەستی خۆیدایە و دووەمیش بە مەبەستی جێگای حەوانەوەی خۆی و بەشێک لە خانەوادە و هۆزەکەی، کە ئەو کات کوێستان و گەرمیانیان کردووە.


سەرچاوەکان



2315 بینین