گەڵای غار

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-14-21:03:00 - کۆدی بابەت: 10900
گەڵای غار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەڵای غار یان گەڵای بەی (بە عەرەبی: ورق غار، بە ئینگلیزی: Bay Laurel، ناوی زانستی: Laurus nobilis) بەرهەمی دارێکی بۆندارە هەمیشە سەوزە و بە زۆری لە ناوچەکانی وڵاتی هیندستان و وڵاتانی عەرەبی بەرهەم دەهێنرێت، نیشینگەی سەرەکی ناوچەکانی نزیک دەریای سپی ناوەڕاستە. گەڵای غار سوودێکی زۆری هەیە و لە چەندین بواردا بەکاردەهێنرێت، لە چێشتلێنان و خوانەکان، لە ئامادەکردن و دروستکردنی بۆن، لە پێکهاتەی بابەتە هەمەجۆرەکانی جوانکاری، لە پێکهاتەی دەرمان و پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت و سوودی لێ دەبینرێت.

بەهۆی بوونی زەیت لە پێکهاتەکەیدا لەڕووی پیشەسازییەوە سوودێکی زۆر لە زەیتەکەی دەبینرێت، لە دروست کردنی شامپۆ، سابوون نموونەی سابوونی ڕەقی، کرێم، بۆن بەکاردەهێنرێت. لە سەردەمی یۆنان و ڕۆمانەکاندا گەڵای غار گەڵایەکی پیرۆز بووە و بەکارهاتووە، هێمای تەندروستی و هێز و جوانی بووە، ئەوان وەکوو دەرمانی پزیشکی بەکاریان هێناوە، هاوکات بۆ ڕازاندنەوە و جوانکاریش سوودیان لێ بینیوە.

گەڵای غار تامێکی تاڵی تیژی هەیە بەشێوەی گەڵای ساغی وشک و گەڵای سەوزی تازە یان گەڵای کوترا و هاڕدراو بەردەستە، لە زۆرێک لە خوانەکانی گۆشت وەکوو بەهارات بەکاردەهێنرێت و سوود لە تام و بۆنەکەی وەردەگیرێت، چونکە بەکارهێنانی بە بڕێکی دیاریکراو بۆنی ساردی گۆشت و مریشک و ماسی لەناودەبات. هەروەها دەکرێت گەڵای غار لەگەڵ ئاودا بکوڵێنرێت و گیراوەکەی وەکوو چایی بخورێتەوە و سوودی تەندروستی زۆری هەیە.

داری غار هەمیشە سەوزە و لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست دەچێندرێت و بەربڵاوە چونکە توانای بەرگەگرتنی پلەی گەرمی نزمی نییە و لە ناوچە گەرم و مامناوەندەکان گەشە دەکات، دارەکان گەڵاکانی شێوەیەکی چڕیان هەیە و زوو هەڵدەوەرن و بەرزی دارەکەی نزیکەی دوو بۆ چوار مەترە، گەڵاکانی شێوەی هێلکەییان هەیە و قەبارەیان بچووکە و توێکڵێکی ئەستووریشیان پێوەیە. دارەکانی زۆر بە زوویی گەشە دەکات و لە مانگی نیسان گوڵ دەگرێت و دەبێتە بەرێکی هاوشێوەی زەیتوون کە ڕەنگێکی قاوەیی تۆخ و تێری هەیە، گوڵەکانی لە وەرزی پاییز پێدەگەن و دەبنە بەر، پاشان وەکوو بۆڵ لێدەکرێنەوە و زەیتێکی بۆنداری لێ بەرهەم دەهێنرێت، کە بە زەیتی غار ناسراوە و لە دروستکردنی سابوون نموونەی سابوونی ڕەقی و شامپۆ بەکاردەهێنرێت.

سوودەکانی گەڵای غار

  • ئازاری ڕۆماتیزم و هەوکردنی جومگەکان کەم دەکاتەوە.
  • خواردنەوەی ئاوی کوڵاوی گەڵای غار وەکوو چای بۆ کرمی ڕیخۆڵە باشە و لەناویان دەبات، هەمان گیراوە بۆ کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی ئازارەکانی ددان بەسوودە.
  • گەڵای غاری فرێش بۆنێکی خۆش و پەسەندی هەیە، ئەگەر بکوڵێندرێت بۆ بۆنخۆشکردنی هەوای نێو شوێنە داخراوەکان بەکاردەهێنرێت.
  • بەکارهێنانی کوتراوی گەڵای غاری وشک بۆ بیخی سەر بۆ کەمکردنەوە و لەناوبردنی کڕێشک و ڕشک و ئەسپێی قژ بەسوودە، هەروەها زەیتەکەی بۆ بیخی سەر زۆر باشە و قژ بەهێز دەکات و لە هەڵوەرین دەیپارێزێت.
  • گەڵای غار گیایەکی گرنگە کە یارمەتی پاراستنی دڵ دەدات، چونکە پێکهاتەی وەکوو سالیسیلات و ترشی کافێیک لەخۆدەگرێت، ئەم دوو پێکهاتەیە یارمەتی پاراستنی تەندروستی دڵ و دەمارەکان دەدەن.
  • بۆ داگرتنی ئاستی شەکرەی خوێن بەسوودە.
  • زەیتی گەڵای غار بۆ کەمکردنەوەی ئازار سوودی هەیە، بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ئێسک بەکار دەهێنرێت و وەکوو هێورکەرەوە وایە.
  • گیراوەی گەرمی گەڵای غار بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی پەتا و سەرما و هەڵامەت سوودی هەیە و بە تایبەتی ئەگەر هەڵمەکەی هەڵبمژێت.
  • زەیتی گەڵای غار لە دروستکردنی ماسک و سابوون و کرێمی تایبەت بە پێست بەکاردەهێنرێت، چونکە یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی پێست دەدات و بە دژەئۆکسێن زۆر دەوڵەمەندە.
  • خوێن خاوێن دەکاتەوە.
  • گیراوەی ئاوی گەڵای غار بە گەرمی سوودی بۆ تەندروستی کۆئەندامی هەرس هەیە و کارئاسانی لە کرداری هەرس دەکات.

زیانە تەندروستییەکانی گەڵای غار

سەرەڕای بوونی سوودە گرنگەکانی گەڵای غار، بەڵام زیادەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی گەڵای غار زیانی تەندروستی دروست دەکات، گرنگترین زیانەکانی گەڵای غار بریتیین لە:

  • بەکارهێنای گەڵای غار بەشێوەیەکی نادیاریکراو و بێسنوور لە خوانەکاندا دەبێتەهۆی دروستبوونی تامی تاڵی.
  • ئەو کەسانەی هەستیارییان بە چەند جۆرێکی دیاریکراوی بەهارات هەیە، پێویستە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هیچ هەستیارییەکیان بە گەڵای غار نییە.
  • ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستیان لە کۆئەندامی هەرس و سورێنچک و گەدە و قۆڵۆن هەیە، پێویستە ئاگاداری بەکارهێنانی گەڵای غار بن و دڵنیابن کە کێشە تەندروستییەکانیان زیاتر ناکات.


سەرچاوەکان



1063 بینین