كانساس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-14-23:00:00 - کۆدی بابەت: 10905
كانساس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی كانساس یان کانزاس یان کەنزس (بە ئینگلیزی: Kansas، بە عەرەبی: كانساس)، ویلایەتێکە لە ڕۆژاوای ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. پایتەختی ویلایەتەکە تۆپیکایە و گەورەترین شاری ویچیتایە. کانزاس ویلایەتێکی بەندەرییە و لە باکوورەوە لەگەڵ نبراسکا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میزۆری؛ لە باشوورەوە لەگەڵ ئۆکلاهۆما و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ کۆلۆرادۆ هاوسنوورە. ویلایەتی كانساس بە ناوی ڕووباری كانساسەوە ناونراوە و ڕووبارەکەش بە ناوی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کانساوە ناونراوە کە بەدرێژایی ڕۆخی ڕووبارەکە ژیاون.

ماوەی هەزاران ساڵە، ئەو شوێنەی ئێستا كانساسە، شوێنی نیشتەجێبوونی چەندین هۆزی ڕەسەنی ئەمریکی بووە. هۆزەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە بەگشتی لە گوندەکانی قەراغ دۆڵی ڕووبارەکاندا دەژیان. هۆزەکانی بەشی ڕۆژاوای ویلایەتەکە نیمچە کۆچەری بوون و بايسوون (گای ئەمریکی ڕەشتاڵ)ـیان ڕاو دەکرد. ڕووبەری ویلایەتەکە ٢١٣٫١٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و لەڕووی ڕووبەرەوە پازدەیەم گەورەترین ویلایەتە و ٣٦ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی وڵاتەکەیدایە. بە پێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠، ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە ٢٫٩٤٠٫٨٦٥ کەسە. چیای سەنفلاوەر (Sunflower) بەرزترین خاڵە لە کانساس و بەرزییەکەی ١٫٢٣١ مەترە. لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٦١ وەک ویلایەتێکی ئازاد هاتە ناو یەکێتییەوە و نازناوی نافەرمی کانساس "ویلایەتی ئازاد"ـە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نوسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کانساسی بە ٢٫٩١٣٫٣١٤ کەس مەزەندەکرد، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە دوای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەڕێژەی ٢٫١١٪ زیادی کردووە. لە دوایین سەرژمێرییەوە بەهۆی گەشەی سروشتییەوە ٩٣٫٨٩٩ کەس زیادی کرد و بەهۆی کۆچی دانیشووان بۆ دەرەوەی ویلایەتەکە ٢٠٫٧٤٢ کەس کەمیکرد. هەروەها چڕی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٣٫٥ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و لە پلەی ٤٠ـەمی ویلایەتەکانی ئەمریکادا بوو.

ڕەگەز

بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • ئەمریکی سپی پێست، ناهیسپانی: ٧٤٫٧٪
  • هیسپانی یان لاتینی: ١٢٫٧٪
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: ٦٫٢٪
  • هاوایی ڕەسەنی یان دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن: ٠٫١٪
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ٣٫٣٪
  • ئاسیایی: ٣٫٢٪
  • هیندی ئەمریکی و خەڵکی ئالاسکا: ١٫٢٪

لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا، ١٤٩٫٨٠٠ دانیشتووی ویلایەتەکە لەدایکبووی بیانی بوون کە ٥٫٥٪ـی دانیشتووان بوون. دە گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی ڕاپۆرتکراو کە نزیکەی ٩٠٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن بریتین لە:

  • ئەڵمانی: ٣٣٫٧٥٪
  • ئێرلەندی: ١٤٫٤٪
  • ئینگلیزی: ١٤٫١٪
  • ئەمریکی: ٧٫٥٪
  • فەڕەنسی: ٤٫٤٪
  • سکۆتلەندی: ٤٫٢٪
  • هۆڵەندی: ٢٫٥٪
  • سویدی: ٢٫٤٪
  • ئیتاڵی: ١٫٨٪
  • پۆڵەندی: ١٫٥٪

نەوە و کۆچبەرە ئەڵمانییەکان لە باکووری ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژهەڵات نیشتەجێن، لە کاتێکدا نەوە ئینگلیزییەکان و ئەمریکییە سپی  پێستەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتدا جێگیربوون و مەکسیکییەکان لە باشووری ڕۆژاوادان.

زمان

ئینگلیزی زمانی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی کانساسە و لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٩١٫٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ماڵەوە تەنها بە ئینگلیزی قسەیان دەکرد. بەدوای ئینگلیزیدا زمانی ئیسپانی دێت کە لەلایەن ٥٫٥٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردەهێنرێت، پاشانیش زمانەکانی ئەڵمانی و ڤێتامی دێن کە یەکەمیان لەلایەن ٠٫٧٪ و ئەوی تریان لەلایەن ٠٫٤٪ـی دانیشتووانەوە قسەیان پێ دەکرێت.

ئایین

لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٤ـدا پێکهاتە ئایینییەکانی کانساس بەم شێوەیە بوو:

  • مەسیحی: ٧٦٪
  • پرۆتستانت: ٥٧٪
  • پرۆتستانتی ئینجیلی: ٣١٪
  • پرۆتستانتی كۆنەپارێز: ٢٤٪
  • بلاك پرۆتستانت: ٢٪
  • کاسۆلیکی: ١٨٪
  • مۆرمۆن: ١٪
  • گەواهی یهوا: ١٪
  • ئایینه نا مەسیحییەکان: ٤٪
  • جوولەکە: ١٪
  • مسوڵمان: ١٪
  • بوودی: ١٪
  • هیندۆسی: ١٪
  • ئایینەکانی تر: ١٪
  • بێ ئایین: ٢٠٪
  • بێ باوەڕ: ٢٪

نازانم‌ باوەڕی (کەسێک کە پێیوایە هیچ شتێک ناتوانرێت دەربارەی بوون یان سروشتی خوداوە بزانرێت (و لە زانینیش نایەن) بێجگە لە شتە مادی‌یەکان): ٣٪

بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٠ـی (ARDA)، کڵێسای کاسۆلیکی زۆرترین ژمارەی لایەنگرانی لە ویلایەتەکەدا هەیە کە ٤٢٦٫٦١١ کەسە، لە دوای ئەویش کڵێسای یونایتد میتۆدیست دێت کە ٢٠٢٫٩٨٩ ئەندام و کۆنفڕانسی باپتیستی باشوورە کە ٩٩٫٣٢٩ شوێنکەوتەی هەیە.

تەمەنی چاوەڕوانکراو

تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی کانساس نزیکەی تێکڕای نیشتیمانی ئەمریکایە. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا، تێکڕای تەمەنی نێرەکانی ویلایەتەکە ٧٦٫٦ ساڵی بوو بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ٧٦٫٧ ساڵی بوو و تێکڕای تەمەنی مێینەکان ٨١٫٠ ساڵی بوو بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ٨١٫٥ ساڵی بوو.

ئابووری

لە ساڵی ٢٠١٥، كانساس یەکێک بوو لە ویلایەتە کشتوکاڵییە بەرهەمدارەکان، نزیکەی ٩٠٪ـی زەوی کانساس بۆ کشتوکاڵ تەرخانکراوە. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە ڕەشەوڵاغ، مەڕ، لۆکە، بەراز، گەنم، گەنمەشامی، هەرزن، پاقلەی سۆیا و خوێ. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، ٥٩٫٦٠٠ کێڵگە لە ویلایەتەکەدا هەبوو، کە ٨٦ دانە (بە ڕێژە ٠٫١٤٪)ـیان کێڵگەی ئۆرگانیی بڕوانامەدارن. تێکڕای کێڵگەی ئەم ویلایەتە نزیکەی ٧٧٠ ئەیکەرە و لە ساڵی ٢٠١٦ـدا تێکڕای تێچووی بەڕێوەبردنیان ٣٠٠ هەزار دۆلار بووە.‌‌ نوسینگەی شیکاری ئابووری تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) کانساسی لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بە ١٤٠٫٩٦٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندەکرد. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، ڕێژەی گەشەی هەلی کار لە ٠٫٨٪ و لەنێو نزمترین ڕێژەکانی وڵاتەکەیدا بوو. هەروەها لە مانگی نیسانی ٢٠١٦ـدا، ڕێژەی بێکاری دانیشتووانەکەی ٤٫٢٪ بوو. هەروەها بەرهەمە پیشەسازییەکانی ویلایەتی کانساس بریتین لە ئامێری گواستنەوە، فڕۆکەی بازرگانی و تایبەت، پرۆسێسکردنی خۆراک، بڵاوکردنەوە، بەرهەمە کیمیاییەکان، ئامێرەکان، پۆشاک، پەتڕۆڵ و کانسازی.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ویلایەتی کانساس سێ کەشوهەوای هەیە، ئەوانیش:

  • کیشوەری شێدار
  • نیمچە وشک
  • نیمچە خولگەیی شێدار

کەشوهەوای دوو لەسەر سێی بەشی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە (بەتایبەتی بەشی باکووری ڕۆژهەڵات) کیشوەری شێدارە، زستانی فێنک تا سارد و هاوینی گەرم و زۆرجار شێدارە. بەزۆری دابارین لە هەردوو وەرزی هاوین و بەهاردایە. کەشوهەوای بەشی وێستێرن ثێردی ویلایەتەکە نیمچە وشکە، هاوینی گەرم، زۆرجار زۆر گەرمە و بەگشتی ڕێژەی شێی نزمترە. مانگەکانی وەرزی زستان لە نێوان گەرم و زۆر سارددا دەگۆڕێن. لە ناوچەی ڕۆژاوا ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٤١٠ مللیمەتر باران دەبارێت. بای چینوک کە لە ڕۆژاوای ئەمریکای باکوورەوە هەڵدەکات لە زستاندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕۆژاوای ویلایەتەکە تا ٢٧ پلەی سەدی.

بەشەکانی باشووری ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە، کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداریان هەیە لەگەڵ ئەوەشدا هاوینیان گەرم و شێدارە، زستانیان مامناوەندترە و ڕێژەی دابارین زیاترە بە بەراورد بە شوێنەکانی تری کانساس. دەتوانرێت هەندێک تایبەتمەندی هەر سێ کەشوهەواکە لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا هەستیان پێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا شتێکی ئاساییە.

ساڵانە نزیکەی ١٫٢٠٠ مللیمەتر لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەدا تا نزیکەی ٤١٠ مللیمەتر لە باشووری ڕۆژاوا باران دەبارێت. ساڵانە نزیکەی ١٣٠ بۆ ٨٩٠ مللیمەتر بەفر لە ویلایەتەکەدا دەبارێت، سەرەڕای ئەوەش کانساس نۆیەم یان دەیەم خۆرەتاوترین ویلایەتی وڵاتە. بەپێی NOAA، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانساس ٤٩٫٤ پلەی سەدییە کە لە ٢٤ـی تەممووزی ١٩٣٦ـدا تۆماركرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٠- پلەی سەدییە کە لە ١٣ـی شوباتی ١٩٠٥ـدا تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



259 بینین