جەنگی یەرمووک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-15-19:10:00 - کۆدی بابەت: 10910
جەنگی یەرمووک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی یەرمووک یاخود شەڕی یەرمووک (بە عەرەبی: معركة اليرموك، بە ئینگلیزی: The Battle of the Yarmuk) جەنگێکی سەردەمی ئەبوبەکری سدیق بوو، لە ساڵی ١٥ـی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٦٣٦ زایینی لە نێوان سوپای موسڵمانان بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمی بێزەنتی هەڵگیرسا، لە ئەنجامدا سوپای موسڵمانەکان سەرکەوتن و وڵاتی شام فەتح کرا و ئیسلامی پێگەیشت. ئەم جەنگە بە دەستپێک و سەرەتای سەرکەوتنەکانی موسڵمانان و فتوحاتەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبی دادەنرێت و یەکەم جەنگی سوپای موسڵمانان بوو کە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ لە دەرەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبی هەڵگیرسا، بە چوار ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەرﷺ جەنگی یەرمووک بە فرمانی ئەبووبەکری سدیق هەڵگیرسا.

هۆکارەکانی هەڵگیرسانی جەنگی یەرمووک

دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ، ئەبووبەکری سدیق بووە یەکەم جێنشین و خەلافەتی ڕاشیدەین ڕاگەیەنرا و دەسەڵاتی وەرگرت، هەر لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیەوە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بووەوە کە لە ئیسلام پاشگەز ببوونەوە و جەنگی دژی هەڵگەڕاوەکانی ئیسلام ڕاگەیاند و تێیدا سەرکەوتوو بوو، دوای یەکخستنی ناوچەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی ژێردەسەڵاتی، بڕیاری فەتحکردنی ناوچەکانی دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی و حیجازی دا، بۆیە سوپایەکی بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید ڕەوانەی ناوچەکانی عێراقی ژێر دەسەڵاتی فارسەکان کرد، دوای ئەوەش بڕیاری فەتحکردنی ناوچەکانی شامی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتی دا.

هۆکاری ناونانی جەنگەکە

بەهۆی ئەوەی سوپای موسڵمانان و سوپای ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم لە یەرمووک کۆبوونەوە و جەنگەکە لەو ناوچەیە هەڵگیرسا، بۆیە ناوی جەنگەکە بە هەمان ناوی ئەو شوێنەوە ناونرا "جەنگی یەرمووک" کە جەنگەکەی تێیدا ڕوویدا. ناوچەی یەرمووک شارۆچکەیەکی بچووکە و لەسەر ڕۆخی ڕووبارێکە کە هەمان ناوی هەیە، شارۆچکەی یەرمووک سەر بە پارێزگای ئەربەدە لە وڵاتی ئوردن

ئامادەکردنی سوپا 

دوای ئەوەی سوپای ڕۆمی بێزەنتی هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر كامپێکی سەربازی لە ناوچەی سنووری تەیما لە حیجاز کە سوپای موسڵمانانی لێ جێگیر کرابوو، سوپای موسڵمانان لەو ناوچەیەدا زیانیان بەرکەوت، بۆیە ئەبووبەکری سدیق بڕیاری دا کە چوار سوپای بەهێز بنێرێتە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی شام، سوپای موسڵمانانی دابەش کردە سەر چوار سوپا و هەر دانەیەکیشیانی ناردە ناوچەیەکی سەرەکی وڵاتی شام، یەکەم سوپا بە سەرکردایەتی شەرحەبیلی کوڕی حەسەن بوو ڕەوانەی ناوچەکانی سنووری ئوردنی کرد، دووەم سوپا بە سەرکردایەتی یەزیدی کوڕی ئەبووسوفیان بوو ڕەوانەی دیمەشقی کرد، سێیەمین سوپاش بە سەرکردایەتی ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح بوو و ڕەوانەی حومس کرا، چوارەمین سوپاش بە سەرکردایەتی عەمری کوڕی عاس بوو ڕەوانەی ناوچەکانی فەڵەستین کرا.

لە سەرەتادا پلان دانرا کە هەر سوپایەک بە سەربەخۆ هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچەیەی کە لێی جێگیر کراوە، بەڵام کاتێک هەر چوار سوپاکە گەیشتنە شام ڕووبەڕوی سوپایەکی زۆر گەورە و بەهێزی ڕۆمەکان بوونەوە، هەر چوار سەرکردەکە بڕیاری پاشەکشێیاندا و گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە لە شوێنێک کۆببنەوە و هەر چوار سوپاکان یەکبخەن، لە ناوچەی یەرمووک کۆبوونەوە و نێردراویان نارد بۆ ئەبووبەکری سدیق داوای کۆمەک و پاڵپشتی سەربازی زیاتریان کرد. ئەبووبەکر فرمانی بە سوپاکەی خالیدی کوڕی وەلید کرد کە لە ناوچەکانی عێراق جێگیر کرابوو کە لەگەڵ نیوەی سوپاکەی بچێتە هانای سوپای موسڵمانان لە یەرمووک و هەر خۆیشی سەرکردایەتییان بکات.

ژمارەی جەنگاوەران

ژمارەی جەنگاوەرانی موسڵمان لە سەرەتادا سی هەزار کەس بوون، پاش گەیشتنی پاڵپشتی سوپاکەی خالیدی کوڕی وەلید کە بە نۆ هەزار سەرباز خەمڵێندارن ژمارەی تەواوی سوپای موسڵمانان بووە نزیکەی چل هەزار جەنگاوەر. لە بەرانبەردا سوپای ڕۆمەکان نزیکەی ٢٤٠ هەزار سەرباز بوون و هاوکات کۆمەکییان لە دوو هەزار جەنگاوەری عەرەبە غەساسینەکان ورگرت.

قۆناغەکانی فەتحی شام و هەڵگیرسانی جەنگەکە 

فەتحکردنی شام بە زنجیرەیی و پلەبەندی بوو و قۆناغ قۆناغ ناوچەکان فەتح دەکران، دوای فرمانکردنی ئەبووبەکری سدیق بە خالیدی کوڕی وەلید بە خۆی و سوپاکەیەوە بەرەو شام کەوتنەڕێ کە ماوەی گەشتەکەی لە عێراقەوە بۆ شام چەند مانگێکی خایاند، لە ڕێگەی گەشتنی بەرەو یەرمووک خالیدی کوڕی وەلید لەگەڵ ئەو سوپایەی کە هەیبوو چەند جەنگێکی تۆمار کرد و غەساسینەکانی لە ناوچەی بەسری دەرکرد، دواتر لەگەڵ سوپاکەی ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح یەکیان گرت و گەمارۆیان خستە سەر شاری دیمەشق، بەڵام هەواڵی جەنگی ئەجنادەینیان پێگەیشت چوون بۆ هاوکاری ئەو جەنگە و سوپای موسڵمانان لەو جەنگە سەرکەوتوو بوو.

لەو قۆناغەدا ئەبووبەکری سدیق کۆچی دواییکرد و عومەری کوڕی خەتتاب بووە جێنشین و دەسەڵاتداری موسڵمانان، عومەر ئەبوو عوبەیدەی لە جێگەی خالید کردە سەرکردەی سوپای موسڵمانان. توانرا بە پلەبەندی بە چەند قۆناغێک دیمەشق و دواتر بەعلەبەک و ناوچەکانی فەڵەستین لەگەڵ حومسیش ئازاد بکرێن و دەسەڵاتی ڕۆم زۆر سست و لاوازکرا. سوپاکەی خالید کاتیک گەیشتە یەرمووک خۆی سەرکردایەتی جەنگەکەی کرد و جەنگی یەرمووک شەش ڕۆژی خایاند، خالید سوپاکەی دابەش کردە چەند بەشێکەوە و بۆ هەر بەشێک سەرکردەی تایبەتی دانا، پاشان هێرشی لەناکاوی دەکردە سەر سوپای ڕۆمەکان و زیانی پێدەگەیاندن. 

بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی سوپای ڕۆم و ناهەمواری کەشوهەوای ناوچەکە لە چوارەم ڕۆژی جەنگەکە ئاستی موسڵمانان لاواز بوو، بۆیە عەکرەمەی کوڕی ئەبووجەهل کە موسڵمان ببوو بڕیاریدا تەکتیکێکی قوربانیدان بەکاربهێنێت، خۆی و ٤٠٠ جەنگاوەر خۆیان هاویشتە نێو ناوەندی سوپای ڕۆمەوە و بە سەختی شەڕیان کرد تاکوو هەموویان کوژران، ئەو هێرشە لەناکاوە زیانی زۆری بە سوپای ڕۆمەکان گەیاند و بووە خاڵی وەرچەرخانی جەنگەکە و موسڵمانان توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

دەرەنجامی جەنگەکە

جەنگی یەرمووک بە سەرکەوتنی سوپای موسڵمانان کۆتایی هات و بە گەورەترین جەنگەکانی مێژووی ئیسلامی دادەنرێت. چونکە لەم جەنگەدا گەورەترین هێز و دەسەڵاتی ئەو سەردەمە کە ڕۆمەکان بوون شکستیان هێنا و هەرقلی سەرکردەیان بەوهویەوە بە تەواوی شامی جێهێشت، ئەم جەنگە بووە دەستپێک بۆ جەنگ و فتوحاتەکانی دواتری نێو ئیسلام کە لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب ڕوویاندا و گەشتنە لوتکە.


سەرچاوەکان



1026 بینین