ساوز داکۆتا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-15-19:47:00 - کۆدی بابەت: 10911
ساوز داکۆتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ساوز داکۆتا یان داکۆتای باشوور (بە ئینگلیزی: South Dakota، بە عەرەبی: داکوتا الجنوبية)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باکووری ناوەڕاستی ئەمریکا و بەشێکیشە لە دەشتە گەورەکان. داکۆتای باشوور بە ناوی هۆزە ڕەسەنەکانی لاکۆتا و داکۆتاوە ناونراوە، کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. داکۆتای باشوور لە ڕووی ڕووبەرەوە حەڤدەیەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی، بەڵام لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە پێنجەم کەم قەرەباڵغترینی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکایە. داکۆتای باشوور لە ٢ـی تشرینی دووەمی ١٨٨٩ بوو بە ویلایەت. پایتەختی ویلایەتەکە شاری پیێرە و گەورەترین شاری داکۆتای باشوور شاری سیۆکس فۆڵسە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٩٢٫٢٠٠ کەسە.

لەڕووی جوگرافییەوە

داکۆتای باشوور لە لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی داکۆتای باکوور، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ مینیسوتا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئایۆوا، لە باشوورەوە لەگەڵ نبراسکا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ وایۆمینگ و لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ مۆنتانا هاوسنوورە. ویلایەتەکە بە ڕووباری میزۆری کراوە بە دوو بەشی یەکسانەوە کە لەڕووی جوگرافی و کۆمەڵایەتییەوە داکۆتای باشوور دابەش دەکات بۆ دوو نیوەی جیاواز و لەلای دانیشتووان بە "ڕووباری ڕۆژهەڵات" و "ڕووباری ڕۆژئاوا" ناسراون. جگە لەوەش، ڕووبەری ویلایەتەکە ١٩٩٫٧٢٩ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٩٦٫٣٥٠ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٣٫٣٧٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١٫٧٪ـی ڕووبەری گشتی ئاوییە، ئەمەش وایکردووە لەڕووی ڕووبەرەوە ببێتە ١٧ـەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەی. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٤٤ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. سەرەڕای ئەوەش، بەشی ڕۆژهەڵاتی داکۆتای باشوور شوێنی زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتەکەیە و خاکە بەپیتەکەی ناوچەکە بۆ چاندنی بەرهەمی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت. لە ڕۆژئاوای ڕووباری میزۆری چالاکییە کشتوکاڵییەکان زیاتر ئەنجام دەدرێن و ئابووری ناوچەکە پشت بە گەشتیاری و خەرجی بەرگری دەبەستێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی دانیشتووانی داکۆتای باشوور لە یەکی تەممووزی ٢٠٢١ـدا ٨٩٥٫٣٧٦ کەس بوو، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٠٫٩٨٪ زیادیکردووە. هەروەها ٧٫٣٪ـی دانیشتووانی داکۆتای باشوور لە خوار پێنج ساڵی، ٢٤٪ لە خوار ١٨ ساڵی و ١٤٫٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٦٥ ساڵ یان زیاتر بوون. ڕێژەی مێینەکان کەمێک زیاتر بوو بە بەراورد بە نێرەکان و نزیکەی ٥٠٫٢٪ـی دانیشتووانەکەیان پێکهێنا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا، داکۆتای باشوور لەڕووی ژمارەی دانیشتووان و چڕی دانیشتووانەوە لە پلەی پێنجەمی کەم قەرەباڵغترین ویلایەتەکانی وڵاتدا بوو و تەنها ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکانی داکۆتای باکوور، ئالاسکا، ڤێرمۆنت و وایۆمینگ لە ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە کەمتر بوون. جگە لەوانەش، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە نزیکەی ٣٦٫٨ ساڵییە.

شوێنی لەدایکبوون

لە کۆی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە داکۆتای باشوور نیشتەجێن، ٦٥٫٧٪ـیان لە داکۆتای باشوور لەدایکبوون، ٣١٫٤٪ لە ویلایەتێکی تر ئەمریکا لەدایکبوون، ٠٫٦٪ لە پۆرتۆ ڕیکۆ یان ناوچە دوورگەییەکانی ئەمریکا لەدایکبوون و ٢٫٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە وڵاتێکی تر لەدایکبوون.

نەژارد

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ پێکهاتەی ڕەگەزی دانیشتووانی ویلایەتەکه بریتی بووە لە:

  • ٨٤٫٧٪ سپی پێست (٨٣٫٨٪ـیان سپی پێستی ناهیسپانی)
  • ٨٫٨٪ هیندی ئەمریکی و ئالاسکای ڕەسەن
  • ١٫٢٪ ئەمریکی ئەفریقی یان ڕەش پێست
  • ٠٫٩٪ ئەمریکی ئاسیایی
  • ٠٫١٪ ڕەگەزی تر
  • ١٫٨٪ ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە

لەڕووی نەتەوەییەوە، ٢٫٧٪ـی دانیشتووانی داکۆتای باشوور بە ڕەچەڵەک هیسپانی، لاتینی، یان ئیسپانی بوون. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا، پێنج گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • ئەڵمانی: ٤٠٫٧٪
  • نەرویجی: ١٥٫٣٪
  • ئێرلەندی: ١٠٫٤٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٨٫٣٪
  • ئینگلیزی: ٧٫١٪

ئەمریکییە ئەڵمانییەکان گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکین لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا، بەتایبەتی لە ڕووباری ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی ڕووباری میزۆری)، سەرەڕای ئەوەش، لە هەندێک پارێزگادا دانیشتوویەکی زۆری بە ڕەچەڵەک سکاندیناڤیایی هەن. داکۆتای باشوور زۆرترین ژمارەی هوتێریتەکانی وڵاتی لێ نیشتەجێیە، کە لە ساڵی ١٨٧٤ لە گوندە ئەڵمانی زمانەکانەوە کۆچیان کرد لە ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ ئۆکرانیایە بەڵام لەو کاتەدا بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا.

مێژووی دانیشتووانی داکۆتای باشوور

ژمارەی دانیشتووانی داکۆتای باشوور لە ساڵی ١٨٦٠ بۆ یەکەمجار ڕاپۆرتکرا کە ٤٫٨٣٧ کەس بوو. پاش دە ساڵ ژمارەی دانیشتووان بەرزبووەیەوە بۆ ١١٫٧٧٦ کەس، پاشان گەورەترین بەرزبوونەوەی مێژوویی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بەدوادا هات کە ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٠٠٪ زیادی کرد و گەشتە ٩٨٫٢٦٨ کەس. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ژمارەی دانیشتووانی داکۆتای باشوور گەیشتبووە ٤٠١٫٥٧٠ کەس.

گەشەی دانیشتووان

پێشبینی دەکرێت گەشەی دانیشتووانی ویلایەتی داکۆتای باشوور بەردەوام بێت، بۆ یەکەمجار گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکەی خێراترە. پێدەچێت ئەم گەشەکردنە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەنجی کارکردوو، بەرزی ڕێژەی لەدایکبوون کە لە تێکڕای نیشتمانی زیاترە، کەمی ڕێژەی مردن و کۆچکردنی هاوڵاتیان بۆ ناوچەکەوە بێت. داکۆتای باشوور نەک هەر لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٤٦ـەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە، بەڵکوو لەڕووی چڕی دانیشتووانیشەوە لە هەمان پلەدایە.

ئایین

بەپێی ئاماری دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ٧٣٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی ویلایەتی داکۆتای باشوور مەسیحی بوون. بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری توێژینەوەی پیو‌و لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، گەورەترین گرووپە ئایینییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەپێی ژمارەی پەیڕەوکەران بریتی بوون لە کڵێسای کاسۆلیکی کە ٢٢٪ـی دانیشتووانی پێکهێنا، پاشان پرۆتستانتی ئینجیلی و پرۆتستانتی کۆنەپارێز دێن کە یەکەمیان ٢٥٪ و دووەمیان ٣٢٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. هەموو جۆرەکانی پرۆتستانت بەیەکەوە ٥٧٪ـیان پێکهێناوە. سەرەڕای ئەوەش ئەو دانیشتووانانەی کە پەیڕەوی هیچ ئایینێک نەبوون ١٨٪ـی دانیشتووانەکەیان پێکهێنا. هەر یەکە لە ئایینەکانی تری وەک مسوڵمان لەلایەن ١٪، هیندۆسی ١٪ و بوودی ١٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکران.

زمان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی ساوز داکۆتا ئینگلیزییە و ٩٣٫٤٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لەکاتێکدا تەنها ٦٫٥٣٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. لەنێو ئەو دانیشتووانانەشی کە بە زمانی ئینگلیزی نادوێن گەورەترین گرووپیان بە ئیسپانی قسە دەکەن، کە بە ڕێژە لەلایەن ٢٫١٥٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردەهێنرێت.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن کەشوهەوای ویلایەتی داکۆتای باشوور کیشوەرییە و چوار وەرزی جیاوازی هەیە، زستانی سارد و وشکە و هاوینی گەرم و نیمچە شێدارە. لە وەرزی هاویندا، تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی ویلایەتەکە زۆرجار نزیکەی ٣٢ پلەی سەدییە، بەڵام لە شەودا پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی ١٦ پلەی سەدی دادەبەزن. سەرەڕای ئەوەش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هاویندا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک تا  ٣٨ پلەی سەدی شتێکی نائاسایی نییە. مانگەکانی وەرزی زستان ساردن، لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا، تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە مانگی کانوونی دووەمدا لە خوار پلەی بەستنەوە و تێکڕای پلەی گەرمی نزم لە خوار ١٢- پلەی سەدییەوەیە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٩ پلەی سەدی بوو کە لە ١٥ـی تەممووزی ٢٠٠٦ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٥٠- پلەی سەدی بوو کە لە ١٧ـی شوباتی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا.

ساڵانە لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای داکۆتای باشوور نزیکەی ٣٨٠ مللیمەتر و لە دەوروبەری بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە نزیکەی ٦٤٠ مللیمەتر باران دەبارێت. بەڵام ناوچەیەکی بچووک کە ناوەندەکەی لە شاری لید (Lead)ـە لە زنجیرە چیای بلاک هیڵز (Black Hills) بڕێکی زۆر زیاتر بارانی لێ دەبارێت کە نزیکەی ٧٦٠ مللیمەترە. جگە لەوەش، لە وەرزی هاویندا ڕەشەبای بروسکاوی و هەورەگرمە و تەرزە شتانێکی باون و بەشی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە زۆرجار بە بەشێک لە کۆڵانی گەردەلوول دادەنرێت و ساڵانە بە تێکڕای ٣٠ گەردەلوول هەڵدەکات. زۆرجار لە وەرزی زستانیشدا گەردەلوولی بەفرینی سارد و زریان هەڵ دەکەن.

لەڕووی ئابوورییەوە

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ویلایەتی داکۆتای باشوور لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٣٩٫٨ ملیار دۆلار بوو کە پێنجەم بچووکترین بەرهەمی ناوخۆیی بوو لە ئەمریکا، هەروەها داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە لە هەمان ساڵدا ٣٨٫٨٦٥ دۆلار بوو و لە پلەی ٢٥ـی وڵاتەکەیدا بووە. جگە لەوەش، لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا ١٢٫٥٪ـی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوو و لە مانگی تەممووزی ٢٠١١ ڕێژەی بێکاری لە ویلایەتەکەدا ٤٫٧٪ بوو.

ئابووری ویلایەتی داکۆتای باشوور بە پلەی یەکەم پشت بە پیشەسازی خزمەتگوزاری دەبەستێت کە پیشەسازییەکانی بازرگانی وردە، دارایی و چاودێری تەندروستی لەخۆ دەگرێت. خەرجییەکانی حکوومەت بەشێکی تری گرنگی ئابووری ویلایەتە و زیاتر لە سەدا دەی تێکڕی بەرهەمی ویلایەتەکە دابین دەکات. هەروەها کشتوکاڵی لە مێژووی ویلایەتەکەدا پێکهاتەیەکی سەرەکی ئابووری داکۆتای باشوور بووە.

سەرەڕای ئەوەی پیشەسازییەکانی تر لەم دەیەی دواییدا بە خێرایی پەرەیان سەندووە، بەڵام هێشتاش بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ ئابووری دەوڵەت زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا. پێنج بەنرخترین بەرهەمی کشتوکاڵی لە ویلایەتەکەدا بریتین لە ڕەشەوڵاغ، گەنمەشامی، پاقلەی سۆیا، گەنم و بەراز. لەگەڵ ئەوەشدا، پیشەسازییەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵ وەک پێچاوەنەوەی گۆشت و بەرهەمهێنانی ئیتانۆل کاریگەرییەکی ئابووری بەرچاویان لەسەر ویلایەتەکە هەیە. داکۆتای باشوور شەشەم ویلایەتی پێشەنگی بەرهەمهێنانی ئیتانۆلە لە وڵاتەکەدا. کەرتێکی گرنگی تری ئابووری داکۆتای باشوور، گەشتیارییە. زۆرێک لە گەشتیاران بۆ بینینی شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ویلایەتەکە گەشت دەکەن، بەتایبەتی ئەو شوێنە سەرنجڕاکێشانەی کە لە ناوچەی بلاک هیڵزدان. لە ساڵی ٢٠٠٦، کەرتی گەشتیاری بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بەشداری لە ئابووری داکۆتای باشووردا کرد.


سەرچاوەکان



255 بینین