وشکبوونی چاو لە وەرزی زستاندا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-18-17:21:00 - کۆدی بابەت: 10924
وشکبوونی چاو لە وەرزی زستاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

وشکبوونی چاو لە وەرزی زستاندا (بە ئینگلیزی: eye dryness in winter، بە عەرەبی: جفاف العين في الشتاء). وشکبوون و خورانی چاو دەشێت لە هەموو وەرزەکاندا دووچاری کەسەکان ببێتەوە، هەست بە ئازار و نائارامی بکەن، بەڵام هەندێک کەس تەنها لە وەرزی زستاندا دووچاری وشکبوونی چاو دەبنەوە. وشکبوونی چاو کێشە لە توانای سەرنجدان دروست دەکات و کار لەسەر چالاکییە ڕۆژانەییەکان دەکات، تەنانەت دەشێت هەندێک کەس نەتوانن کاروباری ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن و پێویست بکات لە ماڵەوە بمێننەوە. ڕاستە ئەم کەسانە لە وەرزی زستاندا دووچاری بێزاری و نیگەرانی دەبن، بەڵام خۆشحاڵانە ئەم حاڵەتە چارەسەری هەیە. 

هۆکاری وشکبوونی چاو لە وەرزی زستاندا 

لای زۆربەی کەس ئاشکرایە، کە لە وەرزی زستاندا هەندێک ئەندامی جەستە وەکوو لێو و هەروەها پێست، تووشی وشکبووەوە دەبن، هەروەها لێوەکان دەقڵیشێن. بەهەمان شێوەی ئەم بەشانەی جەستە، چاوەکانیش بە دابەزینی پلەی گەرما و نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان، دەکرێت تووشی هەمان کاریگەری ببنەوە. ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کاتێک شێداری لە ناوچەی چاودا بەپێی پێویست نییە، لە ئەنجامدا چاوەکان وشکدەبنەوە و دەخورێن. ئەمەش واتای ئەوەیە، فرمێسک زۆر بەخێرایی وشک دەبێتەوە، یان بەهیچ شێوەیەک بەرهەم ناهێنرێت. ئەم بارودۆخە زۆر دەگمەنە، زیاتر لە وەرزی زستاندا ڕوودەدات، بەهۆی کەش و هەواکەوە، کە وشک و ساردە. 

ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی چاو لە زستاندا 

چەند ڕێگایەک هەیە، کەسی تووشبوو دەتوانێت لە کاتی تووشبوون بە وشکبوونی چاو پەیڕەویان بکات و وەکوو چارەسەرێک بەکاریان بهێنێت:

ڕێکخستنی ژینگەی دەوروبەر

ڕاستە، کۆنتڕۆڵکردنی ژینگەی دەرەوە لەژێر دەستی مرۆڤدا نییە، بەڵام دەکرێت کەش و هەوای ماڵەکە لەلایەن کەسەکەوە ڕێکبخرێت و گرنگی پێ بدرێت. دەبێت کاتەکانی داگیرساندنی ئەو ئامێرانەی بۆ گەرمکردنەوە بەکاردەهێنرێت ڕێکبخرێت و زیاد لە بڕی پێویست نەبێت. هەروەها ئەگەر ئامێری شێدارکەرەوە بەکاربهێنرێت ئەوا زۆر باشترە و بەم شێوەیە چاوەکان بە شێداری دەمێننەوە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئامێری شێدارکەرەوە، بەکتریا و کەڕوو بۆ خۆی ڕادەکێشێت و کۆیدەکاتەوە، کەواتە دەبێت بە بەردەوامی گرنگی بە پاک ڕاگرتنی بدرێت. 

بەکارهێنانی قەترە بۆ چەورکردن یان شێدارکردنەوەی چاو 

بەکارهێنانی قەترەی چاو بە یەکێک لە خێراترین و کاریگەریترین ڕێگاکانی چارەسەرکردنی وشکبوون و خورانی چاو دادەنرێت. لەبەرئەوەی شێداری لەناو چاودا کەمە یان نییە، بەکارهێنانی یارمەتی شێدارکردنی چاوەکان دەدات. دەکرێت ئەم هەڵبژاردەیە بەبێ ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێت و لە دەرمانخانەکان بەدەست بهێنرێت، بەڵام ئەو کەسانەی هاوێنەی چاو بەکاردەهێنن، دەبێت ئاگاداربن و ئەو جۆرانە بکڕن کە لە کاتی بەکارهێنانی هاوێنەش گونجاوە. 

گرنگیدان بە چاو 

بێجگە لە بەکارهێنانی قەترە بۆ هێشتنەوەی شێداریی چاوەکان، دەکرێت مەرهەمیش بەکاربهێنرێت. بەهەمان شێوە دەتوانرێت ئەمەش بەبێ ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێت، کە بۆ بەشی خوارەوەی برژانک بەکاردەهێنرێت. مەرهەم پێویستە کەمێک پێش کاتی نووستن بەکاربهێنرێت، لەبەرئەوەی پێکهاتە خەستەکەی دەبێتە هۆی لێڵبوونی چاو. هەروەها ئەگەر چاوەکان تووشی خورانێکی زۆر و سووربوونەوە بوونەوە ئەوا دەکرێت پارچە خاولییەکی گەرم بۆ ماوەی دە خولەک لەسەری دابنرێت، ئەمەش بە ڕێگایەکی کاریگەر دادەنرێت. 

گرنگیدان بە خواردنی تەندروست 

ئەو خۆراکانەی ڕۆژانە دەخورێت، کاریگەری لەسەر چاوەکان و هەروەها تەندروستی گشتی جەستەدا هەیە. ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی ڤیتامینەکانیان هەیە، ئەگەر دووچاری نەخۆشییەک ببنەوە، ئەوا کاتێکی زۆرتریان دەوێت تاکوو چاک ببنەوە. پێویستە گرنگی بە خواردنی سەوزە و میوە جیاوازەکان بدرێت، تاکوو لەش بتوانێت بە ماوەیەکی کەم نەخۆشی تێ بپەڕێنێت. هەروەها وشکبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی تووشبوون بە وشکبوونەوەی چاوەکان، کەواتە پێویستە لەش بە شێداری بهێڵدرێتەوە، گرنگە ڕۆژانە بڕی پێویست لە ئاو بخورێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژانە نزیکەی هەشت پەرداخ ئاو پێویستە. 

سنوورێک بۆ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان دابنێرێت

پێویستە کاتی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەکوو مۆبایل و تەلەفزیۆن ڕێکبخرێت، هەوڵبدرێت  بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارنەهێنرێن. سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ ماوەیەکی زۆر دەکرێت ببێتە هۆی وشکبوونی چاوەکان، لەبەرئەوەی سەرنجدان لەسەر تەنەکە زۆرتر دەبێت و بەمەش تروکاندی چاو کەم دەبێتەوە. کەواتە هەوڵبدە مەودایەکی گونجاو و پێویست دابین بکەیت، تاکوو کاریگەری نەرێنی لەسەر چاوەکان دروست نەبێت.


سەرچاوەکان



954 بینین