دیاری قەرەداغی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-01-18-22:55:00 - کۆدی بابەت: 10928
دیاری قەرەداغی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دیاری قەرەداغی (بە عەرەبی: دیاري كراداغي، بە ئینگلیزی: Dyari Qaradaxi) هونەرمەند، ئاوازدانەر، نووسەر، میدیاکارێکی دیاری کوردە. نووسەر و دانەری کۆمەڵێک کتێبە لەسەر میوزیک و گۆرانی و خاوەنی چەندین گۆرانی تۆمارکراو و کلیپە بۆ گۆرانییەکانی. دیاری یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بایەخ بە بواری ڕۆشنبیری و فەرهەنگ دەدات و یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان.

ژیاننامە

ناوی تەواوی دیاری محەمەد زاهید عومەرە، لە بەرواری ٢٠ـی ئابی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری سلێمانی، لە بنەماڵەیەکی ئایین پەروەر، هونەردۆست و ڕۆشنبیر هاتووەتە دنیاوە. سێیەم منداڵی خێزانەکەیەتی و شەش منداڵن. باوکی بە مامۆستا زاهید ناسراوە و دایکیشی ناوی ڕووناکی شێخ مستەفایە و سەر بە بنەماڵەی شێخانی مەردۆخیی قەرەداغن. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو کردووە و خوێندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆ تەواو کردووە. دیاری قەرەداغی لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا بە هونەرمەندێکی جوداخواز ناسراوە و نوێگەری کردووە لە هونەریی مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا.

پێش دەستپێکردن بە کاری هونەری بەتەواوی لە بابەتەکەدا قووڵ بووەتەوە و لە چەندین چاوگەوە دەربارەی هونەری کوردی و بیانیی خوێندووەتەوە. دیاری قەرەداخی لە زاری خۆیەوە ئاماژە بەوە دەکات ویستوویەتی ڕێچکەیەکی نوێ بگرێتە بەر لە هونەری کوردیدا دژی ئەو شێوازە دووبارە و کۆنە بووە کە بەسەر هونەریی گۆرانیی کوردیدا سەپێنراوە. بە سوود وەرگرتن لە ڕەهایی خەیاڵ و جوانی هەوڵیداوە وابەستەی ڕیتم و میلۆدیەکی دیاریکراو نەبێت و بە درککردن بە جوانی و واتای شیعرەکان چەندین شیعری سەروای ئازادی کردووە بە گۆرانی. یەکەمین دەرکەوتنی لەبواری هونەریدا وەکوو گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ لە زانکۆی تەکنەلۆژی بەغداد، کە بەشداری لە ئاهەنگێکی نەورۆزدا کردووە لەگەڵ خوێندکارە کوردەکانی ئەو زانکۆیەدا.

هەڵبژاردنی شیعری گۆرانییەکان لای دیاری قەرەداغی ئەم هونەرمەندەی بە تەواوی جیاکردووەتەوە لەهەر هونەرمەندێکی تر. جگە لە سەروا ئازادەکەیان ئەو شیعرانەی هەڵیاندەبژێرێت بەتەواوی بەر ناخ و دەروونی گوێگرەکانیی خۆی دەکەوێت. ژانەری گۆرانییەکانی تەنها شادیی نین و ماتریاڵی سەرەکی ئەو شیعرانەی هەڵیاندەبژێرێت نامۆیی، تەنهایی، بوون، عیشق، نەهامەتی، هاوڕێ، جەنگ و نیشتمانن. ئەمەش دووبارە هەنگاوێکی ترە لە کارەکەیدا تا لەو فۆرمە تەقلیدییەی گۆرانیی کوردی بێتە دەرەوە.

دیاری بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەودەقانەدا دەکات کە هەڵیان دەبژێرێت، وەکوو گوێگرێکی ئاسایی دەتوانیت هەست بەوە بکەیت بە شێوەیەک وشەکان دەچڕێت وەکوو ئەوەی هەر گۆرانییەکیان چیرۆکێکی هەژمونکراوی لە پشتە. بەوریاییەوە ئەو تێکستانە هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ دەنگ و سەودایدا دەگونجێن. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی شیعری کلاسیکی کەم بەکاردەهێنێت لە کارەکانیدا دەڵێت: "لەوانەیە تەواوی حەقی ئەو شیعرە کلاسیکییە لە گۆرانییەکەم نەدەم، چونکە شیعری کلاسیکی نرخێکی تایبەتی هەیە، چەند وەختە شیعرێکی کلاسیکم لەبەر دەستە و کردوومە بە گۆرانی، جورئەت ناکەم بڵاوی بکەمەوە لە ترسی ئەوەی نەتوانم تەواوی مافی خۆی بدەمێ".

دیاری یەکەم کەس بووە لە کوردستاندا کە کۆنسێرتی شایستەی بۆ گۆرانییەکانی ئەنجامدابێت، لە بەرواری یەکی ئابی ساڵی ١٩٩٦. ساڵێک دواتر و پاشان لە ساڵی ١٩٩٨یشدا دوو کۆنسێرتی لە شاری سلێمانی ئەنجامداوە و لە ساڵی ٢٠٠٠یش کۆنسێرتێکی لە شاری هەولێر ئەنجامداوە. جگە لەمانە لە ناوچەکانی تری کوردستانیش کۆنسێرتی ئەنجامداوە وەکوو دەربەندیخان، کەلار و دیاربەکر. لە دەرەوەی کوردستانیش چووەتە ئەورووپا بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرت بۆ وڵاتەکانی دانیمارک، سوید و ئەڵمانیا.

کارەکانی

لە بواری گۆرانیدا، جگە لە گۆرانی تۆمارکراو و ڤیدیۆکلیپ خاوەنی هەشت ئەلبوومە، ئەلبوومەکان بریتین لە:

١.ئەلبوومی سەراب (١٩٩٤)، گۆرانییەکان

  • باران
  • ماڵئاوا
  • سەراب
  • جوانی
  • بەناز
  • سۆناتای خەم

٢.ئەلبوومی عەشق لێرە (١٩٩٦)، گۆرانییەکان

  • ئافات
  • تەمی شەڕ
  • عەشق لێرە
  • زام
  • هاوڕێ
  • جێم مەهێڵە

٣.ئەلبوومی سەدەیەک بێ ئارامی (١٩٩٧)، گۆرانییەکان

  • تەنهایی
  • پەستم
  • زەمهەریر
  • شەوە شووشەیییەکان
  • زیکری عیشق
  • سەدەیەک بێ ئارامی

٤.ئەلبوومی بێدەنگی دەشکێنم (١٩٩٨)

٥.ئەلبوومی بۆنی خاک (٢٠٠٠)، گۆرانییەکان

  • دەروونی جام
  • دایە سەفەر
  • سەرۆکەکان
  • هەناسەکان
  • بۆنی خاک
  • میهرەبانی
  • فەنابوون
  • عەشق لێرە

٦.ئەلبوومی نیشتمانێک لە گوڵ (٢٠٠٣)، گۆرانییەکان

  • وێرانە
  • لەساتێکی بێزاریدا
  • چرپەیەک لە ئەنفالەوە
  • دڵە بێ ماڵەکان
  • تێکڕژانی دوو هەناسە
  • کزەی دووری
  • گەر تۆ نەبی
  • برادەر
  • نیشتمانێک لە گوڵ

٧.ئەلبوومی سەردەمێکی تر (٢٠٠٨)

٨.ئەلبوومی ڕێی باران (٢٠١١)، گۆرانییەکان

  • ژانی ئەبەدی
  • پاڕانەوە
  • ڕێی باران
  • بیرەوەری
  • بۆ کچێکی کاڵ
  • مەڵێ گریان لە تۆ نایە
  • ڕەهێڵە
  • سروودی ئاشتی
  • تەنها کەرکووک

کۆمەڵێک لەو گۆرانییانەی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوی کردوونەتەوە و نەیکردوون بە ئەلبووم:

  • کۆشکێکی تر
  • یاد و جوانی
  • نامەی دووری
  • تینووی ڕەحمەت
  • یاخیبوون
  • ماڵئاوا
  • شنەی با
  • بەشی من تەنیایی
  • لێرە وایە

لە بواری نووسینیشدا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی هاڕمۆنی بووە و ماوەیەک جێگری سەرنووسەری گۆڤاری شاکار بووە. یەکەمین کتێبی بە ناونیشانی ئاستەنگەکانی بەردەم هونەری گۆرانی و میوزیک بووە، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵە وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر کێشە و گرفتەکانی بەردەم گۆرانی و مۆسیقا. خاوەنی دوو کتێبی تریشە بەناونیشانی ترپە میوزکییەکان و ئەو وتارانەی لە هونەر دەدوێن.

لە بواری میدیاییشدا، بەڕێوەبەری ستۆدیۆی سەنتەری چالاکی گەنجان بووە، بەڕێوەبەری کەناڵی خەندان بووە و بۆ ماوەی ساڵێک و هەشت مانگیش بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو بووە.

 خەڵات

  1. براوەی خەڵاتی باشترین کلیپە بۆ گۆرانی سەرۆکەکان
  2. براوەی خەڵاتی کوردسات تیڤی ٢٠٠١
  3. براوەی خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژە لە فیستیڤاڵی چوارچرای ساڵی ٢٠٠١ بۆ گۆرانی بۆنی خاک

ژیانی ئێستا (٢٠٢٣)

دیاری قەرەداغی لەئێستادا بەردەوامە لە کارەکانی و لەڕێگەی پلاتفۆرمە میدیایییەکانییەوە بەرهەمەکانی پێشکەش بە هەوادار و گوێگرانی دەکات.


سەرچاوەکان



542 بینین