سەهۆڵی ڕەش

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-02-10-21:20:00 - کۆدی بابەت: 10965
سەهۆڵی ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەهۆڵی ڕەش، سەهۆڵەڕەشە یان بەستنی ڕەش (بە ئینگلیزی: Black Ice، بە عەرەبی: جليد أسود) کە هەندێک جار پێی دەوترێت سەهۆڵی ڕوون، بەرگێکی تەنک و باریکە لە سەهۆڵ لەسەر ڕووی زەوی، بەتایبەتی لەسەر شەقامەکان دروست دەبێت. سەهۆڵەکە خۆی ڕەش نییە، بەڵام بە شێوەیەکی بینراو ڕوونە، کە وا دەکات ئەو ڕووەی بە سەهۆڵەکە داپۆشراوە بینراو بێت، بەم شێوەیە سەهۆڵەکەش وەکوو ڕەنگی ڕووەکە دەردەکەوێت، کە تەنانەت بەهۆی زۆر ڕوونییەوە هەندێک کات ناتوانیت سەهۆڵەکە ببینیت لەسەر شەقامەکان. ئاستی نزمی بەستەڵەکی بەرچاو، بەفر، یان بەستەڵەکی چواردەوری سەهۆڵەکە واتای ئەوەیە کە ناوچەکانی سەهۆڵەکە زۆر جار بە شێوەیەکی کرداری نابینرێن بۆ شۆفێرەکان یان خەڵک کە هەنگاویان لەسەر دەنێن، بەم شێوەیە ئەم سەهۆڵە دەبێتە هۆی ڕووداوی مەترسیدار.

کۆمەڵگای کەشناسی ئەمریکی، گڵۆسای کەشناسی، پێناسەی سەهۆڵی ڕەش دەکات وەک "چینێکی تەنک لە سەهۆڵ، تا ڕادەیەک تاریک لە ڕواڵەتدا، کە لەوانەیە دروست ببێت کاتێک نمە باران دەکەوێتە سەر ڕووی ڕێگایەک یاخود شەقامێک کە لە پلەی گەرمی ژێر سفرە، لەبەر ئەوەی کە تەنیا چینێکی تەنک نیشان دەدات، سەهۆڵی ڕەش زۆر ڕوونە و بەم شێوەیە زەحمەتە ببینرێت بە بەراورد لەگەڵ بەفر یاخود بەستەڵەکی بەستوو یان چینی سەهۆڵی ئەستوورتر. ئەم حاڵەتە لێخوڕین، پاسکیل سواری یان ڕۆیشتن لەسەر ڕووە کاریگەرەکان زۆر مەترسیدار دەکات."

چۆنیەتی دروستبوونی

بەفری ڕەش لەوانەیە دروست بێت کاتێک بەفر باریووە و خۆر بەفرەکە دەتوێنێتەوە، لەم کاتەدا ئەگەر پلەی گەرمی زۆر نزم بێت بەفرە تواوەکە دووبارە دەیبەستێتەوە و دەبێت بە سەهۆڵی ڕەش. یان بەهۆی نمە بارانەوە دروست دەبێت کاتێک پلەی گەرما لە پلەکانی ژێر چەقەبەستندایە، ئاوی بارانەکە دەیبەستێت و چینێکی تەنکی سەهۆڵ دروست دەکات.

ئەم دیاردەیە زیاتر لە شەودا ڕوودەدات چونکە پلەی گەرمی کەمترە و تیشکی خۆر نییە. ئەو شوێنە باوانەی کە سەهۆڵی ڕەشیان لێ دروست دەبێت بریتین لە شەقامەکان، شوێنە سێبەرەکان و ئەو شوێنانەی خۆر لێیان نادات هەروەها پردەکان. 

هەروەها سەهۆڵی ڕەش لە دەریاچە و گۆم و کەناڵەکانی ئاویشدا دروست دەبێت، کاتێک پلەی گەرمی لەخوار پلەی بەستنە و شنەبا هەیە، وەک لەژێر فشارێکی بەرزی بەرگەهەوای شەودا لە پاییزدا، چینێکی باریکی سەهۆڵ لەسەر ئاوی کراوەی دەریاچە دروست دەبێت. ئەگەر قوڵایی ئاوەکە زۆر بێت ڕەنگەکەی ڕەش دەردەکەوێت و لە نێو سەهۆڵەکەدا دەبینرێت، بەم شێوەیە ناوی سەهۆڵی ڕەشە.

مەترسی و زیانەکانی سەهۆڵی ڕەش

لەبەر ئەوەی سەهۆڵە ڕەشەکە زۆر تەنک و ڕوونە، پێناچێت بتوانیت لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بیبینیت. ڕێگاکان زۆر لێژ دەبن کاتێک کە سەهۆڵێکی ڕەش دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی کەوتن و زیادبوونی مەترسی ڕووداوەکانی هاتوچۆ. 

لە ڕێکەوتی ١ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣، کۆتایی هەفتەی دوای جەژنی سوپاسگوزاری، ترافیکێکی قەرەباڵغ ڕووبەڕووی سەهۆڵێکی ڕەش بوونەوە لە ڕێگای خێرای وێستباوند ئای-٢٩٠ لە وۆرسێستەر، ماساچوستسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. زنجیرەیەک کاردانەوە بووە هۆی ئەوەی کە سێ تراکتۆر و زیاتر لە ٦٠ ئۆتۆمبێلی تر تێکبشکێن. سەهۆڵەکە لەناکاو لە لێوارێکی زۆر بەرەو خوارەوە دروست بووە، شۆفێرەکان دێنە سەر هێلی گردێک، کە نەیاندەتوانی ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکان لە پێشەوە ببینن تا کاتێک کە زۆر درەنگ بوو بۆ وەستان لەسەر شۆستەی لێخوڕین و ئەوانیش بە هەمان شێوە تووشی ڕووداو بوون.

لە ڕێکەوتی ١ـی کانوونی دووەمی ٢٠١١، سەرەڕای هەوڵەکانی ویلایەتی تێنیسی بۆ باشترکردنی دۆخی تەم و سەهۆڵی ڕەش و ئاگادارکردنەوەی شۆفێران، گەورەترین تێکشکانی ئۆتۆمبێلی ویلایەتەکە لەم ڕۆژەدا ڕوویدا، کە ١٧٦ ئۆتۆمبێلی تێدابوو.  تێکەڵەیەک لە تەم و سەهۆڵێکی ڕەش هۆکارەکەی بوو.

پردی ڕووباری میسیسیپی لە مینیاپۆلیس، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا بڕوخێت بۆ ناو ڕووبارەکە، بە سەهۆڵە ڕەشەکەی ناسرابوو. لە ماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنیدا بووە هۆی چەند ڕووداوی هاتووچۆ و خلیسکانی ئۆتۆمبێل. لە ڕێکەوتی ١٩ـی کانوونی یەکەمی ١٩٨٥ پلەی گەرمی گەیشتە ٣٤ پلەی سیلێزی خوار سفر، بەهۆی سەهۆڵی ڕەش ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل تێکشکان. لە مانگی شوبات و لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦، پردەکە وەک مەترسیدارترین خاڵی ساردی  سیستمی ڕێگای خێرای ناوخۆیی ناسێنرا، بەهۆی ئەو چینە باریکەی سەهۆڵی ڕەش کە دروست دەبوو کاتێ پلەی گەرمی دادەبەزی.

ڕێگاکانی خۆپاراستن 

لە وەرزی زستان بەتایبەتی لەکاتی بەفربارین دڵنیابەرەوە لەوەی پێڵاوێکی گونجاو لەپێ بکەیت کە خلیسک نەبێت. ئەگەر لەکاتی بەپێ ڕۆشتن تووشی سەهۆڵی ڕەش بوویت هەوڵبدە وەکوو پەنگوین بڕۆیت، هەوڵبدە تا ئەو ڕادەیەی دەتوانیت پەیوەندی لەگەڵ زەوییدا بهێڵیتەوە.

لە کاتی بەفربارین، بەفری بەردەم ماڵەکەت و ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆیت ڕابماڵە، بەم شێوەیە ئەگەری دروستبوونی سەهۆڵی ڕەش کەمدەبێتەوە. یاخود بەکارهێنانی خوێ (کلۆریدی سۆدیۆم) کاریگەرە بۆ تواندنەوەی بەفر و سەهۆڵ بۆ پلەی گەرمی نزیکەی ١٨ پلەی ژێر سفری سیلیزی. پێکهاتەی تر وەک کلۆریدی مەگنیزیۆم یان کلۆریدی کالسیۆم بۆ پلەی گەرمی زۆر ساردتر بەکارهاتوون.

کاتێک بە شوێنێکدا دەڕۆیت بە پیادە بێت یاخود ئۆتۆمبێل، ئەگەر سەهۆڵی ڕەشت بینی کەسانی پێش خۆت ئاگاداربکەرەوە یاخود نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچەیە دابنێ.

کاتێک بە ئۆتۆمبێل تووشی سەهۆڵی ڕەش دەبیت چەرخی ئاراستەکردنەکەت ڕێک بهێڵەوە. ئەگەر چەرخەکە بگۆڕیت، ئەگەری زیاتر هەیە بۆ خزین و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت. هەروەها برێک دامەگرە چونکە دەبێتە هۆی خلیسکانی ئۆتۆمبێلەکەت، بەتایبەتی ئەگەر زۆر بە قورسی برێک بکەیت. خێراییەکەت زیاد مەکە، لەو کاتەدا خێرایی کەم بکەرەوە و ئەگەر بەردەمت چۆڵ بوو ڕێگە بە ئۆتۆمبێلەکەت بدە خۆی بوەستێت. ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت خلیسکا هەوڵبدە ئاڕاستەکەی بگۆڕیت بۆ شوێنێک کە بەفر یاخود گژوگیای لێیە.


سەرچاوەکان



499 بینین