چاندنی شێلم

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-13-23:46:00 - کۆدی بابەت: 10999
چاندنی شێلم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی شێلم (بە ئینگلیزی: planting turnip، بە عەرەبی: زراعة اللفت)، یەکێکە لە ئەو جۆرە سەوزانەی کە لە جێگەی خۆرەتاودا گەورە دەبێت، تایبەتە بە کەشی سارد لە هەردوو وەرزی پاییز و بەهاریشدا دەکرێت پێبگات، بەڵام ئەوانەی لە کۆتایی هاویندا دەچێنرێن دواتر بۆ پاییز بەرهەمێکی شیرینتریان هەیە، هەروەها لەم کەشەدا کەمتر ڕووبەڕووی مێروو و نەخۆشی دەبێتەوە، شێلم بەخێرایی پێدەگات و دواتر سوود لەهەردوو ڕەگ و گەڵاکەشی وەردەگیرێت.

دوای پێگەیشتنی بە چەندین شێوازی جیاواز ئامادەدەکرێت و دەخورێت، هەردوو گەڵا و ڕەگەکەشی دەکرێنە خواردنەوە، بۆ گەڵاکەی هەموو جۆرەکان گونجاون بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ڕەگێکی گونجاو چەند جۆرێکی دیاریکراو هەن کە بەرهەمی باشتریان دەبێت، دەکرێت شێلم ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاوازی کەڕوو و مێروویی ببێتەوە، بۆ چارەسەرکردنیش سەرەتا پێویستە هەلومەرجی گونجاوی گەورەبوونی دابینبکرێت، پاشان ئەو جۆرانە هەڵبژێردرێت کە توانای بەرگەگرتنیان باشترە، پاشان ئەگەر شێلمەکە تووشی نەخۆشییەکان بوو ئەوا پێویستە تووشبووەکان هەڵکەنرێن و ماددەی قڕپێکەریش بڕژێنرێت بەسەر بنجەکانی تردا.

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا دەبێت خاکەکەی بۆ ئامادەبکرێت، جێگەکە بکێڵرێت و بە پەیینی کۆن و ماددەی ئەندامی بەپیتبکرێت.
  • پاشان کاتی چاندنی بە گوێرەی کاتی پێگەیشتنی جیاوازە، بۆ نموونە ئەگەر لە کۆتایی بەهارەوە بەرهەمی هەبێت ئەوا دەبێت لە پاش سەرمای زۆرەوە بچێنرێت، بەڵام ئەگەر بەرهەمەکەی بۆ پاییز بێت ئەوا دەبێت لە کۆتایی هاوینەوە بچێنرێت.
  • تۆوەکان لە قوڵاییەکی کەمدا دەچێنرێن و لەماوەی تەنها چەند ڕۆژێکدا چەکەرەدەکەن، مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر دەبێت ٢.٥ سانتیمەتر ببێت و مەودای نێوان ڕیزەکانیش ٣٠-٤٥ سانتیمەتر ببێت.
  • دواتر بە بەردەوامی ئاو بدرێت بۆ جێگیربوونی تۆوەکان.

شێوازی گرنگیپێدان

پێویستە لە خاکێکدا بچێنرێت کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان کەمێک ترش بۆ هاوکێش بێت، ئەگەر ژمارەی بنجە گەشەکردووەکان زۆر بێت ئەوا دەبێت تەنکبکرێت، بۆ نموونە کاتێک بەرزی گەڵاکانی دەگاتە ١٠ سانتیمەتر ئەوا دەبێت مەودای نێوان بنجەکانیش بکرێتە ١٠-١٥ سانتیمەتر، ئەگەر تەنک نەکرێن و لەنزیک یەکترییەوە بن ئەوا گەشە ناکەن و بەرهەمێکی بچووکی دەبێت.  

دەکرێت گژوگیای زیانبەخش لەگەڵ شێلمەکاندا گەورەببن، دواتر دەبێت لاببرێن بەڵام بە وریاییەوە بۆ ئەوەی زیان بە ڕەگی شێلمەکە نەگات، یاخود چینێک سەماد بۆ جێگەکەیان زیاد بکرێت کە لەهەمان کاتدا ڕێگە لە گەورەبوونی گژوگیا دەگرێت و خاکەکەش بە شێداری دەهێڵێتەوە، شێلم جگە لە ئاودانی بەردەوام گرنگیپێدانی زۆری ناوێت، بەڵام هەفتانە دەبێت نزیکەی دوو سانتیمەتر ئاوی پێبدرێت.

گەشەکردنی شێلم خێرایە و لە ماوەی مانگێكدا گەڵاکانی پێدەگەن و لێدەکرێنەوە، چونکە لەوکاتەدا تامیان خۆشترە، پاش مانگی دووەم ڕەگەکەشی پێدەگات و ئامادە دەبێت بۆ دەرهێنان، کە زیاتر شێلمەکان بە بچووکی دەردەهێنرێن و چاوەڕێ ناکرێت هەتاکوو زۆر گەورە ببن. 


سەرچاوەکان



561 بینین