چاندنی جەرجیر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-21:32:00 - کۆدی بابەت: 11036
چاندنی جەرجیر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی جەرجیر (بە ئینگلیزی: Planting arugula، بە عەرەبی: زراعة الجرجیر)، یەکێکە لە ئەو سەوزە گەڵا سەوزانەی کە لە کەشی فێنکدا بە خێرایی گەشەدەکات، پەیوەندی و پەیوەستی هەیە لەگەڵ خێزانی برۆکلی و کەلەرمدا، چەندین سوودی جیاوازی هەیە و بە گشتی خەڵکی بۆ ناو زەڵاتە بەکاریدەهێنن کە دەبێتە هۆی پێدانی تامێکی تیژ، هاوشێوەی جۆرەکانی تری سەوزەکان چەندین جۆری جیاوازی هەیە، کە جیاوازی هەیە لە شێوەی دەرەوەیاندا لەگەڵ تام و توانای بەرگەگرتنیان بۆ کەشوهەوا.  

جەرجیر ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و کەڕوویی دەبێتەوە، بۆ نموونە کەڕووەکان دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵەی ڕەنگ زەرد لە سەر گەڵاکان و لە ژێرەوەش کەڕووی نەرمی ڕەنگ جیاواز دروستدەکات، یاخود مێرووەکان گەڵاکانی جەرجیرەکە دەخۆن و لە ژێرەوەش هێلکەکانیان دادەنێن، بۆ چارەسەرکردنیان دەبێت جۆری گونجاو لە جەرجیر کە توانای بەرگەگرتنی باشی هەیە هەڵبژێردرێت، لەگەڵ دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەکردن و هەواگۆڕکێ.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • باشترین کات بۆ چاندنی تۆوەکەی سەرەتای بەهار و پاییزە.
  • تۆوەکەی لە قوڵایی کەمتر لە سانتیمەترێکدا دەچێنرێت، دەبێت مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر نزیکەی ٣ سانتیمەتر ببێت و مەودای نێوان ڕیزەکانیش بگاتە نزیکەی ٢٥ سانتیمەتر.
  • لە ماوەی هەفتەیەکدا تۆوەکان چەکەرە دەکەن، ئەگەر کەشوهەوا ساردبێت ئەوا کاتی زیاتری پێویستە، هەروەها بۆ خێراکردنی چەکەرەکردنی تۆوەکەی دەکرێت چەند کاتژمێرێک پێش چاندن بخرێتە ئاوەوە.
  • تۆوی جەرجیر لە خاکێکی فێنکدا زۆر خێرا چەکەرەدەکات، هەروەها توانای بەرگەگرتنی کەمێک سەرمای هەیە، بەڵام لە کەشی زۆر سارددا پێویستی بە پاراستنە.
  • باشترە هەموو تۆوەکان لە هەمان کاتدا نەچێنرێت، بەڵکو لە نێوان چاندنەکاندا مەودای ٢-٣ هەفتە هەبێت، بۆ ئەوەی دواتر لە کاتی جیاوازدا بەرهەمی هەبێت.
  • پێویستی بە ئاودانی باش هەیە بەتایبەتی لە کەشی گەرم و کاتی گوڵگرتنی.
  • پاش ٦-٨ هەفتە لە چاندنی تۆوەکەی، گەڵا سەوزەکانی جەرجیر پێدەگات.

شێوازی گرنگیپێدان

جێگەی چاندنەکەی دەکرێت بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری هەبێت یاخود بەشێک لە کاتەکان سێبەر بێت، باشترین گەشەکردنی لە جێگەیەکدا دەبێت کە ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، لە جێگەیەکدا کە بەشێک لە کاتەکانی سێبەر بێت سەوز دەبێت بەڵام بەباشترین شێوە پێناگات، پلەی ترشێتی خۆڵەکەشی لە نێوان کەمێک ترش بۆ هاوکێشبێت واتە بە نزیکەیی ٦-٧ پلە ببێت، جگە لە ئەمانەش زیاتر خاکێکی دەوڵەمەند بە ماددەی خۆراکی گونجاوە، بەڵام توانای بەرگەگرتنی چەندین هەلومەرجی جیاوازیشی هەیە، ئەمەش وایکردووە چاندن و گەورەبوونی ئاسانبێت تەنانەت لە ناو گۆزە و ئینجانەشدا دەچێنرێت.   

لە سێ وەرزی بەهار و هاوین و پاییزیشدا خونچە دەکات و ڕەنگی گوڵەکەی سپییە و شیاوی خواردنە، هەروەها دوای ئەوەی جەرجیرەکان سەوز دەبن باشترە کەمێک تەنک بکرێن و مەودای نێوان بنجەکان زیادبکرێت، هەروەها ئەگەر لە وەرزی هاویندابێت باشترە سێبەری بۆ دابینبکرێت،  نابێت ڕێگەبدرێت کە گەڵاکەی زۆر گەورە ببێت، چونکە ئەگەر پیر ببێت ئەوا تامێکی تاڵ و نەخوازراوی دەبێت، بۆیە باشترە بە گەنجی کاتێک درێژی گەڵاکان لە نێوان ٥-٧ سانتیمەتردایە لێبکرێتەوە و بەکاربهێنرێت.  


سەرچاوەکان



338 بینین