چاندنی فاسۆلیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-21:42:00 - کۆدی بابەت: 11037
چاندنی فاسۆلیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی فاسۆلیا (بە ئینگلیزی: Planting bean، بە عەرەبی: زراعة الفاصولیا)، چاندنی فاسۆلیا بۆ زۆرینەی باخەوانەکان کارێکی ئاسانە، چونکە گرنگیپێدانی زۆری ناوێت و ماددەی خۆراکی گرنگ و بەسوودی تێدایە کە خەڵکێکی زۆر ئارەزووی خواردنی دەکەن، دوو جۆری سەرەکی هەیە و بە گوێرەی خواستی باخەوانەکە هەڵدەبژێردرێت.

یەکەمیان فاسۆلیای جەمسەرییە کە درێژ دەبێت و دەگاتە نزیکەی ٣-٥ مەتر، ئەم جۆرەیان پێویستی بە پاڵپشتێکە بۆ ئەوەی پێوەی بنووسێت و بۆ باخچە بچووکەکان گونجاوە، پێش چاندنی تۆوەکان دەبێت پاڵپشتەکە لە قوڵاییەکی گونجاودا دابنرێت، دواتر کە تۆوەکان چەکەرەیان کرد و گەشەیان کرد پاڵپشتێک هەبێت پێوەی بنووسێن، جۆری دووەمیان فاسۆلیای دەوەنە و بەشێوەیەکی ئاسایی وەکو زۆرینەی ڕووەکەکان گەورە دەبێت، ئەم جۆرەیان پاڵپشتی پێویست نییە و بەرهەمەکەشی پێش جۆرە جەمسەرییەکە پێدەگات.

 هەنگاوەکانی چاندن

  • باشترین کات بۆ چاندنی تۆوی فاسۆلیا لە وەرزی بەهاردایە، بە دیاریکراوی لە نێوان مانگەکانی ٣-٤، ئەگەر درەنگتر بچێنرێت لەوانەیە بەرهەمی باشی نەبێت.
  • سەرەتا دەبێت خاکەکەی بۆ ئامادەبکرێت بە زیادکردنی پەیین و ماددەی خۆراکی.
  • پاشان تۆوەکەی دەچێنرێت لە قوڵاییەکی کەمی چەند سانتیمەتریدا، بەڵام دەبێت مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر بە نزیکەیی ٢٢-٣٠ سانتیمەتر ببێت.
  • بۆ خێراکردنی چەکەرەکردنی تۆوەکان دەکرێت لە ماوەی ٣-٤ ڕۆژی سەرەتادا ئاوی زۆری پێبدرێت، دواتریش لە کاتی گەشەکردندا پێویستی بە ئاودانی ڕێکخراوە و دەبێت هەفتانە دوو جار ئاوبدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

فاسۆلیا توانای بەرگەگرتنی باشی هەیە، دەکرێت لە جێگەیەکدا گەشەبکات کە بەشێک لە کاتەکان سێبەربێت یاخود لە جێگەیەک کە ڕووناکی خۆری زۆری هەبێت، باشترە خاکەکەی دەوڵەمەندبێت بە ماددەی خۆراکی و بە باشی وشکببێتەوە واتە ئاو تێیدا کەڵەکە نەکات، دوای ئەوەی ڕووەکەکە بەر دەگرێت دەبێت چینێک سەماد و ماددەی خۆراکی بۆ بنجەکەی زیاد بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاری بکات لە پێگەیشتن، پاشان کاتێک دەنکە فاسۆلیاکان گەورە دەبن شێوەیان لە ناو بەرگەکەیاندا دەردەکەوێت، دواتر کە گەشتنە قەبارەی کۆتایی لێدەکرێنەوە و بەکاردێن.


سەرچاوەکان



328 بینین