چاندنی کەلەرم

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-22:02:00 - کۆدی بابەت: 11039
چاندنی کەلەرم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی کەلەرم (بە ئینگلیزی: Planting cabbage، بە عەرەبی: زراعة الملفوف)، یەکێکە لە ئەو سەوزانەی کە تایبەتە بە وەرزە فێنکەکان و لە هەردوو بەهار و پاییزدا گەشە دەکات، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە جیاوازن لە قەبارەی بەرهەم، کاتی پێگەیشتن، وەرزی چاندن، توانای بەرگرییان بۆ نەخۆشی لەگەڵ تایبەتمەندی جیاوازی تر.

ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و کەڕوویی دەبێتەوە تەنانەت نەرمۆکەکانیش هێرش دەکەنە سەری، نیشانەی زۆر و جیاواز هەیە بۆ هەریەک لە هۆکارەکان، بۆ نموونە، دروستبوونی پەڵە و نیشانە لەسەر گەڵاکان، زەردبوونی گەڵاکان، کونبوونی هەردوو ڕەگ و گەڵاکانی هێمایەکە بۆ هەبوونی کرم و مێروو کە کەلەرمەکە دەخۆن، دروستبوونی کەڕووی نەرمی ڕەنگ جیاواز لە بەشی ژێرەوەی گەڵاکان، لەگەڵ چەندین نیشانەی تری جیاواز.

پێش چارەسەرکردن سەرەتا پێویستە جۆرێک هەڵبژێردرێت بۆ چاندن کە توانای بەرگەگرتنی هەبێت، پاشان ئەوەی زیانی پێگەیشتووە لاببرێت، دواتر ڕێگای جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردن لەوانە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوی گەشەکردن، هەبوونی هەواگۆڕکێ، ڕشتنی دەرمانی قڕپێکەر بۆ هۆکاری نەخۆشییەکە لەگەڵ چەندین چارەسەری تری جیاواز. 

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا پێویستە خاکەکەی بۆ ئامادە بکرێت.
  • دواتر تۆوەکان لە قوڵایی ٠.٦ سانتیمەتردا بچێنرێت.
  • مەودای نێوان ڕیزەکان ٣٠-٦٠ سانتیمەتر ببێت، بەگوێرەی قەبارەی خواستراو بۆ کەلەرمەکە، واتە بۆ بەدەستهێنانی کەلەرمی گەورەتر دەبێت مەودای نێوان ڕیزەکانیش زیاتربێت.
  • کاتێک درێژی کەلەرمەکان دەگاتە نزیکەی ١٣ سانتیمەتر دەبێت تەنک بکرێتەوە، ئەوانەی کە دەردەهێنرێن لە جێگەی تردا دەچێنرێن.
  • هەفتانە ئاودانی ڕێکخراوی هەبێت، لەگەڵ زیادکردنی چینێک سەماد بۆ خاکەکە بۆ پاراستنی ڕێژەی شێ و هێشتنەوەی پلەی گەرمییەکەی بە جێگیری.

شێوازی گرنگیپێدان

یەکێکە لە ئەو جۆرە سەوزانەی کە لە خاکی هاوکێشدا گەشەدەکات، دەبێت ڕۆژانە ڕووناکی خۆری بەربکەوێت بەلایەنی کەمەوە ٦-٨ کاتژمێر، هەروەها پێویستی بە کەشێکی فێنکە، لە کاتی گەشەکردنیدا ئاو و ماددەی خۆراکی زۆری پێویستە، بۆیە دەبێت بەدرێژایی ماوەی گەشەکردنی ئاودانی بەردەوام و بەپیتکردنی خاکی هەبێت، بە بەکارهێنانی پەیینی کۆن و پەیینی ڕووەکی، لەهەمان کاتدا خاکەکەشی بە تەواوەتی وشک ببێتەوە، چونکە کەڵەکە بوونی ئاو زیان بە بەرهەمەکە دەگەیەنێت.  

پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ لە چاندنی تۆوەکەی کەلەرمەکان پێدەگەن، بۆ دڵنیابوونەوە لە پێگەیشتنی ئەوا قەبارەی سەری بەرهەمەکە زۆر گەورە دەبێت، بۆ ئەوەی دووبارە کەلەرم دروستبکاتەوە ئەوا دەبێت تەنها بەشی سەرەوەی لێبکرێتەوە، واتە ڕەگ و گەڵاکانی بەشی خوارەوەی بهێڵرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە تەواوی ڕووەکەکە و ڕەگ و گەڵاکانی دەربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی نەخۆشی لە خاکەکەدا، پاش لێکردنەوەی دەکرێت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەفرگردا هەڵبگیردرێت، بەڵام سەرەتا دەبێت وشک بکرێتەوە و ئاوی پێوە نەبێت.  


سەرچاوەکان



381 بینین