هونەری دیجیتاڵ

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-02-22-11:55:00 - کۆدی بابەت: 11080
هونەری دیجیتاڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هونەری دیجیتاڵی (بە ئینگلیزی: Digital art یان Computer art،  بە عەرەبی: فن رقمي) ئاماژە بە هەر ڕاهێنانێک یان کارێکی هونەری دەکات کە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی تێدا بەکارهاتووە. هونەری دیجیتاڵ لە بنچینەدا تێکەڵەی هونەر و تەکنەلۆجیایە، ڕێگایەکی نوێی بێشوماری دروست کردنی  کاری هونەریی دەکاتەوە و ڕێگە بە هونەرمەندان دەدات کە تەکنەلۆجیای جۆراوجۆر تێکەڵ بکەن. لە ١٩٦٠ـەکانەوە، ناوی جۆراوجۆر بۆ باسکردنی چەمکی هونەری دیجیتاڵ بەکارهاتووە، لەوانە: هونەری کۆمپیوتەر، هونەری فرەمیدیا و هونەری میدیای نوێ. هەر شتێک بە یارمەتی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ دروست بکرێت دەکرێت بە کاری هونەری دیجیتاڵی پۆلێن بکرێت. هونەری دیجیتاڵ بە شێوەیەکی سەرەکی بەکارهێنانی جۆراوجۆری هەیە لە بواری بازرگانی وەک (ڕیکلامی میدیا، کاریگەری گرافیکی بینراو، مۆدێلی سێ ڕەهەندی، ئەنیمەیشن لە فیلم و یاریی ڤیدیۆیی). 

یەکێک لە بەناوبانگترین کارە هونەرییە دیجیتاڵییەکان تابلۆیەکە بە ناوی "هەموو ڕۆژێک: یەکەم ٥٠٠٠ ڕۆژ" (Everyday: the first 5000 days)، لەلایەن مایک وینکلمان هونەرمەندی دیجیتاڵی ناسراو بە بیپل کە یەکێکە لە هونەرمەندە گەورەکان کێشراوە، لەلایەن ماڵی مەزادی کریستیی، تابلۆی هەموو ڕۆژێک بە ٦٩.٣ ملیۆن دۆلار فرۆشرا، کە بووە بە بەرزترین فرۆشتنی پارچەی هونەری دیجیتاڵ.

مێژوو

جۆن ویتنی کە پێشەنگی گرافیکی کۆمپیوتەرە، لە سەرەتای ١٩٦٠ـەکان بە سوود وەرگرتن لە کردارە بیرکارییەکان بۆ دروستکردنی هونەر، یەکەمین کاری هونەریی بەرهەمهێنراوی کۆمپیوتەری پەرەپێدا. لە ساڵی ١٩٦٣، ئیڤان سازەرلاند یەکەم پڕۆگرامی کۆمپیوتەریی تایبەت بە گرافیک داهێنا کە بە سکێچپاد ناسراوە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ زاراوەی هونەری دیجیتاڵ لەلایەن هونەرمەند هارۆڵد کۆهین ناسێندرا و بەناوبانگ بوو، کە لەگەڵ ئەندازیارانی کۆمپیوتەردا کاری دەکرد بۆ دروستکردنی ئامێرێک وەک یەکەم شێوەی سۆفتوێری وێنەکێشان و تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد کە ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێت. (AARON) ئارۆن ناوی ئەم ئامێرە ڕۆبۆتە بوو، کە بۆ دروستکردنی وێنە لەسەر پەڕەی گەورە بەرنامەڕێژ کرابوو. لە سەرەتاوە کۆهین تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئارۆن تەنها میکانیزمێک بێت بۆ گەیاندنی ئیلهامی داهێنەرانەی خۆی، ئەمە لە سەرەتادا بەکارهێنراوە بۆ وێنەکێشانی ئەبستراکت و دواتر پەرەی سەندووە بۆ هەبوونی شێوەی ئەندامیی زیاتر و بەکارهێنانی ڕەنگ. ساڵانی نەوەدەکان یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی هونەری دیجیتاڵیی لەگەڵ خۆیدا هێنا ئەویش ئەوە بوو کە هەر هونەرمەندێک لە ئینتەرنێت و کۆمپیوتەرە کەسییەکاندا ئازادانە دەیتوانی ئەم تەکنەلۆجیایە نوێیه تاقیبکاتەوە. هەر کەسێک دەتوانێت وێنەیەک بە دیجیتاڵیی سکان بکات، لەگەڵ سۆفتوێر وێنە بکێشێت یان گرافیک و دەنگ بژار بکات بۆ ناو ڤیدیۆیەک. ئیشە هونەرییە دیجیتاڵییەکان ئێستا دەتوانرێن بە ئاسانی بڵاوبکرێنەوە و لەلایەن خەڵکانی ترەوە ببینرێن. 

جۆرەکانی هونەری دیجیتاڵ

وێنەکێشانی دیجیتاڵ: ئەم جۆرە بڵاوترینیانە، پرۆسەی وێنەکێشانە بە دیجیتاڵیی لەسەر کۆمپیوتەر یان تابلێت بە بەکارهێنانی سۆفتوێری وێنەکێشان. ئەم سۆفتوێرە تەکنیک و ئامرازی وێنەکێشانی کۆنی وەک فڵچە، پێنووس، ڕەنگی ئاویی، سڕە (لاستیک) و هتد بەکاردەهێنێت. دیزاینە دوو ڕەهەندییەکان 2D دەتوانرێت بە تەواوی پێشکەش بکرێن لە ئامێری دیجیتاڵ. ئەم دیزاینانە دەتوانن زیاتر وەک بناغەیەک بۆ مۆدێلی سێ ڕەهەندیی دەربکەون. 

فۆتۆگرافی: وێنەگرتنی دیجیتاڵ تەکنەلۆجیایەکە کاتێک وێنەگرەکان بە بێ بەکارهێنانی فیلم وێنەی دیجیتاڵیی دەگرن، دروستی دەکەن، (ئیدیت) بژاری دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. وێنەگرتنی دیجیتاڵ کۆنتڕۆڵێکی زیاتری شێوازی ڕووی وێنەکە دەکات، دەکرێت ڕاستەوخۆ ببینرێت و دەستکاری بکرێت لەسەر کۆمپیوتەر. چەندین بەرنامەی سۆفتوێری فۆتۆگرافی دیجیتاڵی هەیە کە توانای چاککردن و دەستکاری کردنی ڕووکەش و ڕەنگ و درەوشانەوە و تایبەتمەندیەکانی تریان هەیە.

ڤیدیۆ و ئەنیمەیشن: ڤیدیۆ میدیایەکی بینراوە کە وێنەی جووڵاوی تێدایە (بە دەنگ یان بەبێ دەنگ). ئەنیمەیشن بریتییە لە هاوشێوەکردنی جووڵە لەلایەن کۆمەڵێک وێنە لە زنجیرەیەکی یەک بەدوای یەک.

پەیکەرتاشیی دیجیتاڵ: پرۆسەی دەستکاریکردنی شتە دیجیتاڵییەکانە بە بەکارهێنانی هەندێک کرداری سۆفتوێر، لەبەر ئەوەی کە پەیکەری سێ ڕەهەندی پێکدێنێت، پێی دەوترێت پەیکەرتاشیی سێ ڕەهەندی. پەیکەرتاشیی دیجیتاڵیی تەنێکی دیجیتاڵیی پێکدێنێت بەهۆی ماددەی هاوشێوەی دار یان قوڕی دیجیتاڵکراو. ئامرازە جۆراوجۆرەکانی سۆفتوێری کۆمپیوتەر بەکاردێنێت بۆ پاڵنان، ڕاکێشان، کێشکردن، سافکردن، یان ئامرازەکانی تر بۆ دروستکردنی تەنە دیجیتاڵیەکان. تەنە پەیکەرکراوەکان دەتوانن وەک مۆدێلی فیزیکی پێشکەش بکرێن، وەک وێنەی گریمانەیی پیشان دەدرێن، یان دەتوانن وێناکردنی سێ ڕەهەندی دابین بکەن. پڕۆسەی دروستکردنی پەیکەرێکی گریمانەیی زۆر ئاڵۆزە.

نەخشەکێشانی پڕۆژە: تەکنیکێکە کە ڕێگە دەدات بە پرۆژەکردن لەسەر هەر ڕووێک، تەنانەت ئەگەر ڕووەکە بە شێوەیەکی ناڕێکوپێکیش بێت. کاتێک نەخشەکێشانی پرۆژە بۆ یەکەم جار پێشکەش کرا سنووردار بوو بە ڕووە سپییە تەختەکان، بەڵام لە ئێستادا دەتوانیت ڤیدیۆ لەسەر ڕووکەشێکی نا تەخت یان ڕەنگاوڕەنگ دروست بکەیت.

بەناوبانگترین شێوە بریتییە لە نەخشەکێشانی بیناکان، بەڵام هەندێک لە ڕووکەشەکانی تر بریتین لە ڕێگاکان، شەقامەکان، بۆری ئاو و نەوت و چەندین بابەتی تر. نەخشەکێشانی پڕۆژە چەندین بەکارهێنانی هەیە، بە گشتی لە ڕیکلامکردن، شانۆ، کۆنسێرت، فیستیڤاڵ، دیکۆرکردن بەکاردێت.

هونەری دیجیتاڵیی یەکخراو (میدیای تێکەڵ): تەکنیکێکە کە دوو تەکنیکی دیجیتاڵیی تێکەڵ دەکات (وەک وێنەکێشانی دیجیتاڵ، فۆتۆگرافی، مۆدێلی سێ ڕەهەندی، ڕاستی گەورەکراو، پەیکەرتاشی و هەتا دوایی). لە کاتی تێکەڵکردنی تەکنیکەکان، میدیای کۆن زاراوەی میدیای تێکەڵ بەکاردێنێت، لە کاتێکدا میدیای دیجیتاڵ زاراوەی هونەری دیجیتاڵی تێکەڵ بەکاردێنێت. میدیای کۆن سنووردارترە لە میدیای دیجیتاڵ لە ڕووی دروستکردن و یەکخستنەوە. لە هەندێک باردا کارە هونەرییە دیجیتاڵییەکان تێکەڵی شێوەکانی تری هونەری وەک (مۆسیقا، نووسین، فیلم و شانۆ) دەکەن.

سوودەکانی هونەری دیجیتاڵ

گرنگترین سوودی ئەوەیە کە ڕاستکردنەوەی هەڵە ئاسانترە، کاتێک هەڵەیەک دەکەیت دەتوانیت تەنها بە کلیک لەسەر Undo هەڵەکەت ڕاستبکەیتەوە و بە ئاسانی دەستکاری کارەکەت بکەیت، لە کاتی کارکردن لەسەر بابەتێکی هونەری ئاسایی لەوانەیە هەڵەیەک ببێتە هۆی تێکچوونی تەواوی کارەکەت.

پێویستت بە فڵچە، ڕەنگەکان، قەڵەم، کانڤاس یاخود هەر ئامڕازێکی تر نییە، هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی دیجیتاڵی بەردەستن لەو پڕۆگرامەی بەکاریدەهێنیت. چەندین ئامڕازی جۆراوجۆر لەبەردەستتدا هەیە و پێویست ناکات هەموو جارێک ئەو بەرهەمانە بکڕیتەوە، هەروەها بەرهەمهێنانی ئەو کەرەستانە لە ژیانی ڕاستیدا پێویستی بە چەندین بابەتی کیمیایی و ماددەی تر هەیە، لەم بارەدا ئەوانەش بەفیڕۆ نادرێن.

بوار و هەلی کار زیاد دەکات، بە تایبەتی لە پیشەسازی خۆشباری و یاری. تەکنەلۆجیا بەردەوام لە پێشکەوتندایە، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاکانمان، خەڵک زیاتر پشت بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی وەک فۆتۆشۆپ دەبەستن بۆ دروستکردنی هونەر بۆ مەبەستی بازرگانی، بۆیە شارەزایی لە بواری هونەری دیجیتاڵ هەلی کاری باشت بۆ دروست دەکات.

کات کەمتر بەفیڕۆ دەڕوات، کاتێک بە کۆمپیوتەر کاردەکەیت، پێویست ناکات پێش دەستپێکردن ئامادەکاری بکەیت و ئامڕازەکانی کارکردن ئامادە بکەیت، بەهەمان شێوە پێویست بە پاککردنەوە و کۆکردنەوەی شوێنی کار ناکات. هەموو ئەوەی دەیکەیت هەڵکردن و کوژاندەوەی ئامێرەکەتە. هەروەها وەکوو باسکرا کاتێک هەڵەیەک دەکەیت کاتێکی زۆرت ناوێت بۆ ڕاستکردنەوەی. 

هونەری دیجیتاڵیی باشە بۆ ئەوانەی تازە دەست بە کاری هونەری دەکەن، بەکارهێنانی تۆنەکان و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان ئاسانترە. کاری دیجیتاڵی ئاسانترە لە کارە هونەرییە ئاساییەکان بەڵام بەمەرجێک کە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو پرۆگرامە بزانیت کە کاری لەسەر دەکەیت.

زیانەکانی هونەری دیجیتاڵ

یەکێک لە کێشەکان لەگەڵ هونەری دیجیتاڵ ئەوەیە کە  لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشە تەکنیکیەکان ببیتەوە. کۆمپیوتەرەکەت لەوانەیە تێکبشکێت و بەباشی کارنەکات، یان کارەبا ببڕێت لەکاتی کارکردن، هەروەها لەوانەیە کلیکێکی هەڵە ببێتە هۆی سڕینەوەی کارەکەت، دیارنەمان و ونبوونی فایلی کارکردنیش کێشەیەکی تەکنیکیی ترە.

دەبێت لەکاتی کاری دیجیتاڵی بەردەوام سەیری شاشەکەت بکەیت، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر بکەیت دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە چاو. ئەگەر کار بە هونەری دیجیتاڵ بکەیت، گرنگە لە نێوان کارەکەت پشووی ماوە کورت بدەیت بۆ خۆلادان لە فشار خستنە سەر چاوەکانت و خراپکردنی بینایی چاوەکانت. هونەریی ئاسایی زۆر ئاسانترە لەسەر چاوەکان ئەگەر لە ژوورێکی ڕووناکیی باشدا کار بکەیت.

لە سەرەتای دەستپێکردن پێویستت بە لاپتۆپ یان تابلێت، قەڵەمی تایبەت، هەروەها چەند پڕۆگرامێک کە دەبێت بیانکڕیت، بۆیە لە سەرەتادا پێویستت بە پارەیەکی زۆر دەبێت، بەڵام وەکوو هونەری ئاسایی پێویست ناکات بەردەوام ئامرازەکان بکڕیتەوە.

هەندێک پڕۆگرام زۆر ئاڵۆزن، بەتایبەتی ئەگەر شارەزایی باشت لە ئامێرە تەکنەلۆجییەکان نەبێت، بۆیە پێش دەستپێکردن بە هونەری دیجیتاڵ دەبێت شارەزاییت لەو بەرنامە و پڕۆگرامانە هەبێت کە بۆت گرنگن، ئەویش بە بەشداریکردن لە خول یاخود فێربوون لە یوتیوب.

بەڕای کۆمەڵێک لە هونەرمەندان هونەری دیجیتاڵ بیرۆکەی داهێنەرانە کەمدەکاتەوە و کارەکە زیاتر ڕەنگدانەوەی پڕۆگرامەکەی لەسەرە وەک لە خودی خۆت. کاتێک بەدەستی خۆت ڕەنگەکان تێکەڵ دەکەیت، تۆنەکان و هێڵەکان دەکێشیت جیاوازە لەوەی لە کۆمپیوتەرەکەتدا دەیکەیت، بۆیە ناتوانیت ئەو ئەزموونەی لە هونەری شێوازی کۆندا دەیکەت لە هونەری دیجیتاڵدا بیکەیت.

کاری دووبارە، بەهۆی ئینتەرنێت کۆپیکردنی کاری یەکێکی تر یاخود هاککردن و دزینی کارەکانت ئاسانترە لە هونەرمەندە دیجیتاڵییەکاندا. لەبەر ئەوەی کارەکەت لەسەر شۆشیاڵ میدیاکان پۆست دەکرێت، دەکرێت کەسێک وەک کاری خۆی بیفرۆشێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە ئیشیان لەگەڵ دەکەن. هەروەها سەلماندنی ئەوەی کە کارێکی دیجیتاڵیت کۆپی کراوە یاخود دزراوە لەچاو کارێکی هونەریی ئاساییدا قورسترە.


سەرچاوەکان



782 بینین