چاندنی تاڵیشکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-24-21:38:00 - کۆدی بابەت: 11096
چاندنی تاڵیشکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی تاڵیشکە (بە ئینگلیزی: planting chicory، بە عەرەبی: زراعة الهندباءگژوگیایەکە شیاوی خواردنە و نشینگە بنەڕەتییەکەی ئۆراسیایە، بە تایبەتی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و باکووری ڕۆژئاوای ئاسیا، بەیەکەم بینین قەد و گەڵایەکی باریک و بچووکی هەیە بەهۆیەوە لەوانەیە خەڵکی ئارەزوو نەکەن لە باخچەکانیاندا هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا بەرز دەبێت و گوڵێکی جوان و سەرنجڕاکێش دەگرێت، لە ئێستادا لە باخچە بچووکەکانی ماڵەوە دەچێنرێت بە مەبەستی خواردن، لە ڕابردووشدا لە باخچەی ڕووەکناسە بەناوبانگەکاندا بوونی هەبووە، بەدرێژایی مێژوو و لە زۆرینەی کلتوور و ناوچەکاندا بەکارهێنانی جیاوازی هەبووە، هەتاکوو ئێستاش بە بەردەوامی سوود و بەکارهێنانی نوێی دەدۆزرێتەوە.  

هەموو بەشەکانی لە ڕەگ و گەڵا و گوڵەکەشی شیاوی خواردنن، بۆ دروستکردنی خواردن و خواردنەوەی جیاواز بەکاردەهێنرێت، هەروەها ڕێژەیەکی بەرز ئەنسۆلینی تێدایە و سوودی تەندروستی باش دەگەیەنێت، جگە لە ئەمانەش بە ئاسانی دەچێنرێت و گەشەدەکات بۆیە لە زۆرینەی وڵات و کیشوەرەکاندا بوونی هەیە، کە تەنها بە جێگیربوونی ڕەگەکەی ڕووەکەکەش لەوجێگەدا جێگیردەبێت و سەوز دەبێت.

دەکرێت تاڵیشکە لەگەڵ گژوگیای جیاوازی تردا تێکەڵ بکرێت بەهۆی شێوەی دەرکەوتنییەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕووەکێکی جیاوازە و بۆ گەشەکردنیش پێویستی تایبەتی خۆی هەیە، قەدێکی توندی کوڵکنی درێژی هەیە دەکرێت بگاتە نزیکەی مەترێک، لە بنەوە گەڵای زۆرە و گەورەن بەڵام لە بەشەکانی سەرەوەی قەدەکەیدا ژمارەی گەڵاکانی کەم و بچووکە و کۆتاییەکەشیان وەک ددان و شانەیە، گوڵێکی شینی وەنەوشەیی دەگرێت کە کاڵی و تۆخی ڕەنگەکەی دەگۆڕێت بە گوێرەی تەمەنی ڕووەکەکە و ڕێژەی بەرکەوتنی بە ڕووناکی خۆر

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گوڵەکەی ئەوەیە کە کرانەوەی بە گوێرەی خۆر دەگۆڕێت، بەیانیان پێش خۆر هەڵهاتن دەکرێتەوە لە دوای نیوەڕۆشدا دادەخرێت، واتە کاتێک بەیانیان زوو هەنگ و پەپوولەکان سەردانی دەکەن کراوەیە، هەروەها هەموو گوڵێکی تاڵیشکە تەنها یەکجار دەکرێتەوە دوای ئەوەی داخرا تەمەنی تەواو دەبێت، بەمجۆرەش هەموو گوڵێک لەماوەی تەنها دوو ڕۆژدا دەوەرێت، ئەوانەی کە دەپیتێنرێن بەرهەمێکی بچووکیان دەبێت و دەوەرنە سەر زەوی، تۆوەکانی لەناو ئەو بەرهەمەدایە و لە خاکدا چەکەرە دەکەن و بەمجۆرە سووڕی ژیانی تاڵیشکەکان دووبارە دەبێتەوە.    

هەنگاوەکانی چاندن

  • بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەکەی دەبێت خاکێکی شیبووەوەی بۆ ئامادە بکرێت، ئەگەر جێگەکەش قوڕاو بێت پێویستی بە زیادکردنی خۆڵە بۆ ئەوەی بە ئاسانی وشک ببێتەوە.
  • دواتر ئەگەر خاکەکە بەپیت نەبێت پێویستە پەینی کۆنی بۆ زیاد بکرێت.
  • لە سەرەتای بەهاردا کاتێک خاکەکەی گونجاو بێت تۆوەکەی دەچێنرێت، لە قوڵایی کەمتر لە سانتیمەترێک، جگە لە بەهار دەکرێت لە هەندێ کاتی تریشدا بچێنرێت، چونکە تاڵیشکە لە مەودایەکی فراوانی پلەی گەرمیدا گەشە دەکات.
  • پاش چاندنی دەبێت خاکەکە بە شێداری بهێڵرێتەوە هەتاکوو تۆوەکان چەکەرە دەکەن، بەڵام زۆر تەڕ نەبێت و ئاوی تێدا کۆنەبێتەوە.
  • لە ماوەی ٢-٣ هەفتەدا تۆوەکان چەکەرە دەکەن.
  • دواتریش دەبێت هەفتانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئاو بدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

جێگەی چاندنی دەبێت خۆرەتاو بێت و ڕۆژانە شەش کاتژمێر یاخود زیاتر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، دەکرێت لە جێگەیەکدا کە بەشێک لە کاتەکانی سێبەر بێت گەشە بکات بەڵام گەشەکردنێکی زۆرباش ناکات، هەروەها تاڵیشکە بەرگەی وشکی دەگرێت و پێویستە پلەی ترشێتی خاکەکەی لە نێوان ٥.٥-٧ پلە ببێت، هەرچەندە خاکەکەی بەپیتتربێت و خێراتر وشکببێتەوە ئەوا گەشەی گەڵاکانی گەورەتر دەبێت و تەندروستی ڕەگەکەشی زیاتر دەکات، کاتێک ڕووەکەکە دەستدەکات بە گەشەکردن پێویستە ژمارەیان کەمبکرێتەوە، مەودای نێوان بنجێک بۆ دانەیەکی تر بگاتە نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر.  

ماوەی پێگەیشتن بۆ ڕەگ و گەڵای تاڵیشکە بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بەڵام کاتێک ڕووەکەکە بە تەواوەتی پێدەگات خونچەکەی دەکرێتەوە و گوڵێکی جوانی شینی نزیک مۆر دەردەکەوێت، بەدرێژایی سووڕی ژیانی ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و میکرۆبی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە بە باشی چاودێری بکرێت و هەلومەرجی گونجاوی گەشەکردنی بۆ دابین بکرێت، ئەو ڕووەکانەی زیانیان پێدەگات لێبکرێنەوە، لەگەڵ ڕشتنی ماددەی قڕپێکەر و ڕێگای چارەسەری جیاوازتر، جگە لە ئەمانەش نابێت ئەندامانی تری خێزانی تاڵیشکە لە نزیکییەوە بچێنرێن چونکە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی بۆ یەکتر.

ئەگەر چاندنی تاڵیشکە بە مەبەستی بەکارهێنانی ڕەگەکەی بێت ئەوا پێویستە هەر ساڵی یەکەم کە تۆوەکەی دەچێنرێت دەربهێنرێت، چونکە لە ساڵی دووەمەوە زۆر ڕەق دەبێت و شێوەیەکی ئەستوور وەردەگرێت، کاتی پێگەیشتنی ڕەگەکەشی لە دوای گوڵگرتنەوەیە، کە بە نزیکەیی ١٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت لە پاش چاندنی تۆوەکەی، گەڵاکەشی شیاوی خواردنە و بۆ پێگەیشتن تەنها ٤٠ ڕۆژی پێویستە، کاتێک کەمێک گەورە دەبێت دەکرێت لێبکرێتەوە، دوای لێکردنەوەشی دەکرێت هەتاکوو هەفتەیەک لە بەفرگردا هەڵبگیردرێت و بمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



280 بینین