شوێنە گەشتیارییەکانی بەغداد

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-24-22:14:00 - کۆدی بابەت: 11097
شوێنە گەشتیارییەکانی بەغداد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شوێنە گرنگەکانی بەغداد یان شوێنە گەشتیارییەکانی بەغداد یاخود شوێنە ناودارەکانی بەغداد (بە عەرەبی: معالم بغداد یان اماکن سیاحية في بغداد، بە ئینگلیزی: sights in baghdad) شاری بەغداد پایتەختی عێراقە و خاوەن زۆرێک لە ناوچەی دێرین و گەشتیارییە، لە ساڵانی دواییدا و دوای سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی شارەکە ژمارەیەک گەشتیاران لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق بە مەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بە کولتووری شارەکە و کات بەسەربردن سەردانی بەغداد دەکەن.

مەزار و شوێنە ئایینییەکان

بەغداد خاوەن زۆرێک لە مەزارگە و مزگەوت و کڵێسای ئایینییە گرنگترینیان:

ئیمام ئەعزەم

مەزار و مزگەوتی ئیمام ئەعزەم یان مزگەوتی ئیمامی ئەبووحەنیفەی نوعمان یەکێکە لە مزگەوت و خوێندنگە ئایینییە مێژووییەکانی شاری بەغداد، دەوروبەری مزگەوتەکە پێی دەوترێت ناوچەی ئەعزەمییە و دەکەوێتە باکووری بەغداد لە بەشی ڕەسافەوە. لە ئێستادا كۆلێجێکی ئایینییە بە ناوی کۆلێجی ئیمام ئەعزەم کە بە سێیەم کۆنترین زانکۆکانی جیهان دادەنرێت و لە ساڵی ١٠٦٥ دروستکراوە، هاوکات گۆڕی ئیمام ئەبووحەنیفە لە بەشێکی بیناکەیە و کراوە بە مەزارگە و سەردانیکەرانی زۆرە.

مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی

گۆڕی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ڕێبەر و پێشەنگی تەریقەتی سۆفییەکان مزگەوتێکی بۆ دروست کراوە و بووە بە مەزارگە، بە دیاریکراوی دەکەوێتە ناوچەی ڕەسافەی بەغداد، شوێنەکە بە ناوەندی سۆفییەکان دادەنرێت و لە زۆرێک لە ناوچەکانەوە سەردانی دەکرێت، مەزارگەکە گۆڕی گەیلانی مزگەوتێک و قوتابخانەیەک بۆ خوێندنی ڕێبازی سۆفییەت و کتێبخانەیەکی لەخۆگرتووە، لەسەر شێوازی دیزاینی عوسمانی بنیاتنراوە.

مزگەوتی حەیدەرخانە

شوێنەوار و مزگەوتێکی کۆنە کە دەکەوێتە سەر شەقامی ڕەشید لەلایەن خەلیفە حەیدەر پاشا لە سەردەمی عەباسییەکان بنیاتنراوە، شوێنەکە لە بەشی ناوەوە بە نەخش و هونەری ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە شێوەیەکی چوارگۆشەی هەیە و بە گومەزە شینەکەی ناودارە کە بە ئایەتی قورئانی و هونەری ئیسلامی نەخشێنراوە.

مەزارگەی ئیمام مووسای کازم و محەمەد جەواد

لەسەر گۆڕی هەردوو ئیمام مووسای کازم و نەوەکەی بە ناوی محەمەد جەواد مەزارگە و مزگەوتێک دروستکراوە، شوێنی مەزارگەکە لە ناوچەی کازمییەیە بەرانبەر مەزاری ئەبوو حەنیفەیە ڕووباری دیجلە دەکەوێتە نێوانیانەوە و پردی ئەئیمە بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە، مەزرگەکە لە مزگەوت و گۆڕەپانێکی فراوان و چەند هۆڵێک دروست کراوە و مزگەوتەکە دوو گومەزی هەیە لەگەڵ بڵندگۆکەی و بە ئاڵتوون ڕووپۆشکراون، سەردانیکەرانی ئەم مەزارە زیاتر پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەن لە چەند بۆنەیەکیان سەردانی مەزارەکە دەکەن.

مزگەوتی خولەفا

مزگەوتێکی مێژوویی دێرینی بەغدادە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەکان و پێش حەوت سەدە دروست کراوە و دەکەوێتە ناوچەی ڕەسافە، بە بڵندگۆکەی ناسراوە کە بەرزییەکەی ٢٦ مەترە و بە دیزاین و هونەر و نەخشی ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە، هاوکات لە مزگەوتەکە کتێبخانەیەکی کۆن بوونی هەیە بەشێکی زۆری کتێبەکانی ئایینین و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەکان.

کڵێسای مەریەمی پاکیزە

بە کۆنترین کڵێساکانی بەغداد دادەنرێت و لە ساڵی ١٦٣٩ لە سەردەمی عوسمانییەکان دروستکراوە و نزیک شەقامی ڕەشیدە و تاکوو ئێستاش ڕێوڕەسم و بۆنە ئایینییەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت.

شەقام و شوێنە گشتییەکانی ناو بەغداد

شەقامی ڕەشید

شەقامێکە لە ناوەندی بەغدادەوە درێژ دەبێتەوە و تاکوو دەگاتە ناوچەی دەرگای موعەزەم و دەرگای ڕۆژهەڵات، شەقامی ڕەشید بە ناوەندی بازرگانی بەغداد دادەنرێت و زۆرێک لە دووکان و بازاڕە کۆنەکان لەسەر ئەو شەقامەن، هەروەها مزگەوتی خولەفا کە کۆنترین مزگەوتی بەغدادە لەو شوێنەیە.

شەقامی موتەنەبی

شەقامێکە دەکەوێتە ناوەندی بەغدادەوە و نزیکە لە شەقامی ڕەشید و ناوچەی مەیدانە، زۆرێک لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێب‌ فرۆشان و ناوەندەکانی فرۆشتنی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کۆن و نوێ لەو شەقامەیە، ڕۆژانی هەینی چەندان چالاکی گرنگی تێدا ئەنجام دەدرێت و بە شەقامی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیران ناسراوە، چایخانەی شابەندەر دەکەوێتە کۆتایی شەقامەکە کە لە ساڵی ١٩٠٧ـەوە ئەو چایخانەیە بوونی هەیە و هەر کەسێک سەردانی شەقامەکە بکات سەردانی چایخانەکەش دەکات، هاوکات لە ساڵی ٢٠٢٢ شەقامی موتەنەبی بە تەواوی نۆژەن کرایەوە و ناوی شەقامەکە بە ناوی شاعیر موتەنەبی ناونراوە و پەیکەری موتەنەبی لە كۆتایی شەقامەکە بوونی هەیە.

شەقامی ئەبوو نەواس

شەقامێکی درێژە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی بەغداد، لە پردی کۆمارییەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەی جادرییە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕۆخی ڕووباری دیجلەوە و بە کۆڕنیشی بەغدادا ناسراوە، بە ناوی شاعیری ناودار ئەبوو نەواس ناونراوە، لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلە لەو شەقامە چەندین شوێنی حەوانەوە و خواردنگە و چایخانە دروست کراوە، هاوکات پەیکەری ئەبوونەواس و پەیکەری شەهرەزاد یەکێکن لە دوو پەیکەری ناوداری بەغداد لەسەر ئەو شەقامەن.

گۆڕەپانی ئاهەنگەکان

گۆڕەپانێکی گەورەیە و پەیکەری دوو شمشێر و پەیکەری سەربازی نامۆی تێدایە و نزیک ناوچەی سەوزە، ناوچەیەکی فراوانە و زیاتر بۆ ئاهەنگ و بۆنە فەرمییەکان و نماییشی سەربازی ئەو گۆڕەپانە بەکاردەهێنرێت و لە ساڵی ١٩٨٢ـەوە دروستکراوە.

تاوەری بەغداد

تاوەری بەغداد کە بە تاوەری مەئموونیش ناسراوە، تاوەرێکی بەرزە و دەکەوێتە ناوچەی یەرمووک لە ڕۆژاوای بەغداد و بەرزییەکەی ٢٠٥ مەترە و لە ١٢ نهۆم پێکهاتووە، لە بەشی کۆتایی تاوەرەکە خواردنگەیەکی جووڵاو هەیە و دەوروبەری تاوەرەکە باخچە و سەوزایی و شوێنی حەوانەوەیە.

مەیدانی تەحریر

بە گۆڕەپانی ئازادی یان تەحریر ناسراوە و یەکێکە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکە، دەکەوێتە ناوەڕاست و ناوەندی بەغداد و نزیک دەرگای ڕۆژهەڵاتە، بە مۆنۆمێنتێک ڕازێنراوەتەوە کە بە مۆنۆمێنتی ئازادی ناسراوە، هەر کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک یان خۆپیشاندانێک لە بەغداد کرابێت سەرەتا لەو شوێنەوە دەستی پێکردووە، بۆیە بە گۆڕەپانی ئازادی یان تەحریر ناسراوە چونکە شۆڕش و ڕاپەڕین و کودەتاکان کە لە بەغداد ڕوویداوە لە گۆڕەپانەکەوە دەستی پێکردووە.

پارکی زەورا

پارک یان باخچەی زەورا پارکێکی گشتییە لە بەغداد و لە ناوچەی کەرخە، ڕووبەرەکەی سێ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ساڵانی حەفتاکانەوە دروستکراوە. پارکەکە شوێنی یاریکردن و باخچەی ئاژەڵان و تاوەری زەورای لەخۆگرتووە، شوێنێکی تایبەتە بە خێزان.

شوێنەوارەکانی بەغداد

مۆزەخانەی عێراقی

مۆزەخانەی عێراقی یان مۆزەخانەی نیشتمانی و بە مۆزەخانەی بەغدادیش ناسراوە، مۆزەخانەیەکی مێژوویی و کۆنە دەکەوێتە ناوچەی عەلاوی لە بەغداد و بە گەورەترین مۆزەخانە لە عێراق دادەنرێت، ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەوار و کەلەپووری دۆڵی دوو ڕووبار و عێراقی تێدایە، شوێنەواری سەردەمە جیاوازەکانی لەخۆگرتووە و لە ساڵی ١٩٢٣ـەوە لەلایەن بەریتانییەکانەوە مۆزەخانەکە دامەزراوە.

قشڵەی بەغداد

قشڵەی بەغداد لە شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکەیە و یەکەم بینای حکوومی فەرمی بوو کە شا فەیسەڵی یەکەم تێیدا لە ساڵی ١٩٢٠ ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی بۆ کرا و شوێنەکە نزیک شەقامی موتەنەبییە و ناوچەیەکی کەلەپووری و فۆلکلۆرییە کە گەشتیاران سەردانی دەکەن.

کۆشکی عەباسی

یەکێکە لە کۆشکە مێژووییەکانی بەغداد و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسی دووەم، ئەم کۆشکە بە نموونەی تەلارسازی ئیسلامی عەباسییەکان دادەنرێت و دیزاینی ئەندازیاری و تەلارسازییەکەی لە ناوەوە و دەرەوەی بیناکە زۆر سەرنجڕاکێش و تۆکمە و جیاوازە، لە زیاتر لە چل ژوور پێکهاتووە و بە گۆڕەپانێکی فراوان دەور دراوە، بە نەخش و دیزاینی ئیسلامی دیوار و بنمیچەکانی ڕازێنراوەتەوە و شوێنەوارێکی مێژووییە و سەردانکەری هەیە.

قوتابخانەی موستەنسرییە

قوتابخانەیەکی دێرینە و لە سەردەمی عەباسییەکان بنیاتنراوە دەکەوێتە ناوچەی ڕەسافەی بەغداد و نزیکە لە کەناراوەکانی ڕووباری دیجلەوە، نافوورەیەکی تێدایە و هاوکات کاتژمێرێکی لەخۆگرتووە کە کاتژمێرێکی دێرینە و بۆ کاتی نوێژەکان عەباسییەکان بەکاریانهێناوە، شوێنەکە وەکوو شوێنەوارێکی کولتووری پارێزگاری لێکراوە و بە چەندان نەخش و دیزاینی ئیسلامی ڕازێندراوەتەوە.


سەرچاوەکان



580 بینین