ناوهڕۆك
سەرەتا
حەشاشییەکان (بە عەرەبی: حشاشیون، بە ئینگلیزی: Assassins) دەستەیەکی ئایینی و سەربازی شیعە بوون لە مەزهەبی نیزاری ئیسماعیلی. ناوچەی دەسەڵاتیان ئێران و سووریا و خاکی پیرۆز بووە. ماوەی دەسەڵاتیان لە نێوان ساڵانی ١٠٩٠-١٢٧٥ زایینی بووە.
ڕەگ و ڕیشەی ناوەکەیان لە چییەوە هاتووە؟
بە پێی بۆچوونی مێژوونووسان ڕەگی وشەی حەشاشی دەکرێت دوو سەرچاوەی هەبێت یەکەمیان دەکرێت لە وشەی (حەشیش) وەرگیرابێت بەوەی کە پیشەی سەرەتایان دەرمان سازی بووە بەتایبەتی دەرمانە سڕکەرەکان کە لە حەشیشە بەرهەم دەهێنران. دووەمییان لە وشەی (الاساسیون)ـی عەرەبی وەرگیرابێت کە بەواتای بناغەی شتێک دێت یان ڕێسای شتێک.
سەرەتای دامەزراندن
مێژووییەکی تەواو ڕوون لەبەر دەست نییە کە بڵێت لە چ بەروارێک بەتەواوی ئەم ڕێکخراوە تاوانکاری و ئاینییە دامەزراوە. بەڵام بەپێی کتێبی خواوەندی ئەلموت لە نووسینی پۆڵ ئامیر دەڵێت کە لە دەوروبەری ساڵی ١٠٩٠ لەلایەن (حسن السباح) دامەزراوە کە زانایەکی ئاینی شیعەکان بووە. لە ساڵی ١٠٥٠ لە قوم لە ئێران لە دایکبووە، خوێندنی ئەکادیمی لە میسڕ تەواو کردووە و خۆی و باوکی خزمەتیان بە (نیزار المستنسیر) کردووە لە کوفە کە شارێکە لە خوارووی عێراق.
ئامانج لە دانانی ئەم بزووتنەوەیە چی بوو؟
مێژوونووسان دەڵێن: حەسەن دەیویست گەلانی ئێران ڕزگاربکات لە کولتوور و دابوونەریتی عەرەبی و بەتایبەتی مەزهەبی سوننە. چونکە پێیان وابوو عەرەب بە درێژایی مێژوو ستەمی لە گەلانی ئێران کردووە و ئازادی و سەربەستی لێ زەوت کردوون. بۆیە بڕیاریان دابوو بە چەند قۆناغێک کولتووری عەرەب دابماڵن لە ئێران.
شێوازەکانی داماڵینی کولتووری عەرەبی لە ئێران
حەسەن سەباح لە ڕێگەی چەند زانینگەیەکەوە هەوڵی پێگەیاندنی لاوانی دەدا لە زانستەکانی سەردەم. بەتایبەتی لە زانینگەی (نیزامیە) لە توس. لەم زانینگەیە بابەتەکانی (ئاینی، پزیشکی، فەلسەفە، ژیربێژی و چەندان بابەتی تر) دەخوێنران. لە ماوەی چوار قۆناغدا کەسی فێرخواز شارەزا دەبوو لەم بابەتانە، وە دەیتوانی ببێتە زانای ئاینی و خەڵکی تر لە ناوچەی تر فێربکات یا ئەوەتا خوێندنی باڵای دەخوێند که تێگەیشتنی زیاتری ژیان و پەی بردن بوو بە نهێنییەکانی سروشت و ژیان.
قۆناغی باڵا
کاتێک فێرخواز لە زانینگەی نیزامییە وانەکانی دەخوێند لە لایەن مامۆستاکانی زانینگەکەوە چاودێری ئاستی تێگەیشتن و توانایان دەکران لە ژێر سەرپەرشتی (شەرەفەدین توسی) کە زانای گەورە و سەرپەرشتیاری زانینگەی نیزامیە بوو بە نهێنی پەیڕەوی ئاینی (باتنی) دەکرد کە ئاینی فەرمی حەشاشییەکانە. کاتێک فێرخوازێک قۆناغەکانی خوێندنی تەواو دەکرد دەبوو (شەرەفەدین توسی) ببینێت بە تەنها تا گفتوگۆی داهاتووی لەگەڵدا بکات. هەندێک لەم فێرخوازانە دەیان ویست کار بە زانستەکەیان بکەن و هەندێکی تریان دەیان ویست پەی بە نهێنییەکان ببەن. ئەوانەی دەیان ویست زیاتر بزانن دەنێردران بۆ قەڵای تەبەس کە شوێنێکی سەخت بوو.
لەم قەڵایەدا ڕاهێنانی سەربازی سەخت دەکرا بە فێرخوازانی قۆناغی باڵا کە ئەمانە پێیان دەوترا خۆبەخت کار لە پێناو ئاینی باتنی و کەسێک بەناوی (شێرزاد قەهستانی) سەرپەرشتی قەڵاکەی دەکرد. دوای گەیشتنی فێرخواز بە قەڵاکە دەبردرایە بەردەم شێرزاد و کۆمەڵێک پرسیاری شێوە فەلسەفەی لێ دەکرا تا بزانێت ئامادەیە یاخود نا. کاتێک فێرخوازەکە بیوتبایە ئامادەم ئەوا دەخەسێنرا! و پەشیمان بوونەوەش لە بڕیارەکە نەبوو چونکە بە نهێنییەکەی زانیبوو، واتا قۆناغی باڵا کە دەوترا پەی بردنە بە نهێنییەکانی ژیان ئەوەبوو کە لە پیاوەتی دەخران تاوەکو هەست و سۆز زاڵ نەبێت بەسەریاندا و لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکان هەرگیز ترس و بەزەییان نەبێت.
بەهەشتی بەڵێندراو
کاتێک ئایینی باتنی ئاشکرا کرا دوای کوشتنی شەرەفەدینی توسی لەلایەن دەوڵەتی سەلجوقی. حەسەن سەباح خۆی وەک مەهدی ناساند کە کۆتا ئیمامی شیعەکانە لە نێو ١٢ ئیمامەکە. لەم ساتەدا نوێژ لەسەر پەیڕەوانی ئایینی باتنی هەڵگیرا. لێرەدا بابەتێک لە نێو حەشاشییەکان وروژێنرا ئەویش بابەتی بەهەشت بوو کە پێی دەوترا (بەهەشتی بەڵێندراو) کە بەپێی دەقی کتێبی (ئیسماعیلییەکان) کە لەلایەن تیمێکی لێکۆڵەرەوەی زانکۆی فلۆریدا نوسراوە دەڵێت: حەشاشییەکان سەرکەوتووبوون لە فریودانی پەیڕەوانیان کاتێک کەسێک دەیویست بەهەشت بەچاوەکانی ببینێت دەبرایە ژوورێکەوە کەسێک کە ڕوخساری دیارنەبوو جامێک ئاوی پێ دەدا کە گوایە ئەم ئاوە پیرۆزە.
پاشان دەست بەجێ بێ هۆش دەبوو. لەم ساتەدا دەبرایە باخچە نهێنییەکانی نێو ئەلەموت کە مەڵبەندی باتنییەکان بوو لە ئێران لەنێو کۆمەڵێک سەماکەر و ئافرەتی شۆخ و شەنگ دادەنرا تا بە هۆش خۆی دەهاتەوە بەڵام کەسەکە هێشتا مەست بوو و چاوەکانی نەیدەتوانی دیمەنەکان بە جوانی ببینێت پاشان حەسەن سەباح بۆ چەند خولەکێک قسەی لەگەڵ دەکرد و پێی دەوت من (مەهدیم) ئەمەش (بەهەشتی بەڵێندراوە، کاتێک شەهید دەبیت ئێرە دەبێتە جێگەی تۆ!).
جەنگی حەشاشی و خاچ پارێزان لە شام و خاکی پیرۆز
لە پاڵ ئێران لە وڵاتی شام حەشاشییەکان بوونیان هەبوو. بەتایبەتی لە بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکە، مەڵبەندی دەسەڵاتیان بریتی بوو لە گوندی (مەسیاف) و سەرکردەیان (ئەحمەد سینان) و (ئەحمەد سۆفیان) بوون. لە میانەی هێرشی سوپای ئیسلام بۆ سەر خاکی پیرۆز و ڕزگارکردنی قودس لە دەست خاچ پارێزان، حەشاشییەکان هاوکاری تەواوی سوپای سەڵاحەدینی ئەیوبییان کرد. جیا لەمەش بەشی زۆری شامیان لە خاچ پارێزان پاککردەوە، بەتایبەتی لە دەوروبەری مەسیاف توانیان ڕێژەیەکی زۆر لە خاچ پارێزان بە دیل بگرن و بە دڕندانەترین شێوە لەناویان بەرن.
حەشاشییەکان ستراتیجییان وابوو کە جەنگی ڕاستەوخۆیان نەدەکرد بەڵکو بەشێوەی دزەکردن دەچوونە نێو سوپای دوژمن و سەرکردەکانیان دەکوشت و دەگەڕانەوە بێ ئەوەی ئاشکرابن. هەندێکجاریش کە ئاشکرا دەبوون ئەو کەپسولەی لە ژێر زمانییان دایان نابوو قوت دەدا کە ژەهرێکی کوشندە بوو و خێرا کاری دەکرد. بەمەش خۆبەختکارەکە خۆی دەکوشت و کەسیش نەیدەزانی کێیە و کێ ناردوویەتی.
مەترسی حەشاشییەکان بۆ سەر ئایینی ئیسلام
کاتێک دەسەڵاتی حەشاشییەکان لە ئێران زیادیکرد بە جۆرێک کە توانای ئەوەیان هەبوو سوڵتانەکانی دەوڵەتی سەلجوقی بگۆڕن و لە شام و خاکی پیرۆزیش بەهەمان شێوە دەسەڵاتییان هەبوو بۆیە سەڵاحەدینی ئەیوبی ئەمەی بە هەڕەشە زانی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئیسلامی، سەڵاحەدین پێی وابوو فیتنە دروست دەبێت و ناکۆکی دروست دەبێت لەنێو خاکی ئیسلام بە مانەوەی حەشاشییەکان. چەند ساڵێک بەر لە کۆچی دوایی سەڵاحەدین لەشکرێکی بردە مەسیاف و خۆی سەرکردایەتی سوپاکەی کرد. ئەم لەشکرە هێندە زۆر بوو کە ئەستەم بوو حەشاشییەکان بتوانن بەرگری بکەن. دوای چەند مانگێک گەمارۆدانی مەسیاف شەوێکیان کاتێک سەڵاحەدین خەوتبوو خۆبەختکارێک بەناوی (عومەر ابن لا احد) واتا عومەر کوڕی هیچ کەس نێردرا بۆ ئەوەی نامەیەک و خەنجەرێکی کوردی ژەهراوی جێبهێڵێت لەنێو پێخەفەکەی سەڵاحەدین و بگەڕێتەوه بۆ قەڵای مەسیاف.
لە دەقی نامەکەدا ئەحمەد سینان نووسیبووی " ئەگەر بمویستبایە بتکوژم ئەوا ئێستا مردبوویت، هێزەکانت بکشێنەرەوە و لە مەسیاف دوورکەونەوە نامانەوێت زیان بگەینن بە تۆ و سوپاکەت." پاش ئەمە سەڵاحەدین کشایەوە هۆکارەکەشی ترس نەبوو لە و نامەیە بەڵکوو دەیزانی کە گەمارۆدان سوودی نییە. گەر شەڕیش ڕووبدات بەهۆی سەختی قەڵاکە ئەستەمە بتوانن سەرکەون بەسەر حەشاشییەکان. لە هەمان کاتدا ئەو گڕوتینەی لە حەشاشییەکاندا بوو بۆ شەڕکردن دەبووە هۆی کوشتنی ڕێژەیەکی زۆری سەربازەکانی جا لەبەر ئەوە کشانەوەی هێزانەکانی بە باشترین بڕیار زانی.
چەکە سەرەکییەکانی حەشاشییەکان چی بوون؟
کاتێک سەربازێک لەو سەردەمەدا چووبێتە جەنگەوە شمشێر، تیروکەوان، ڕم، مەنجەنیقی پێویست بووە بەڵام حەشاشییەکان بە دەستێک جلوبەرگی سادە و تەنها خەنجەرێک کە بە (جامبیای کوردی) ناسراوە بەهۆی ئەوەی دروستکەرەکەی کورد بووە و خەڵکی کرماشان بووە هەر بە خەنجەری کوردی ناوی دەرکردووە کە دەتوانرا لە ژێر جلوبەرگ بشاردرێتەوە و کێشیشی کەم بوو. ئەم خەنجەرە بە ژەهر سواغ دەدرا تا بەیەکەم لێدان کەسەکە ژەهراوی بێت و بمرێت تەنانەت ئەگەر هات و بکوژەکە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە ئەرکەکەی ئەوا دواتر ژەهرەکە بەشێوەیەکی لەسەرخۆ دەیکوژێت.
بانگهێشتکارانی حەشاشییەکان کێن؟
بانگهێشتکار پلەیەکی بەرزی هەبووە لەنێو حەشاشییەکاندا (بە ئینگلیزی: Master Assassin) بانگهێشتکاری گەورە و ئیمام بریتیبوو لە حەسەن سباح. لە بەرەی سووریاش ئەحمەد سینان بریتیبوو لە بانگهێشتکاری گەورەی حەشاشییەکان. ڕاوێژکاری گەورەی حەشاشییەکان بریتیبوو لە (ئەبو حەمزەی کەفشگەر) کە سەرکردەی قەڵای ئەرجان بوو و مەحموودی سەجستانی کە لە قەڵای ئەلموت خزمەتی دەکرد. سەرکردە و پێشەوایانی حەشاشییەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەم جۆرە بوون، تێبینی/ ساڵەکان ماوەی دەسەڵاتییان دەنوێنێت:
- حەسن سەباح ١٠٩٠-١١٢٤
- بۆزوورگ ئۆمید ١١٢٤-١١٣٨
- محەمەدی یەکەم ١١٣٨-١١٦٢
- حەسەنی دووەم ١١٦٢-١١٦٦
- محەمەدی دووەم ١١٦٦-١٢١٠
- جەلالەدین حەسەن ١٢١٠-١٢٢٠
- علائەدین محەمەد ١٢٢٠-١٢٥٥
- ڕوکنەدین ١٢٥٥-١٢٥٦
کۆتایی حەشاشییەکان
لە دوای مردنی حەسەن سباح لە ساڵی ١١٢٤. تاکە سەرکردەیەکی کاریگەر توانیبێتی هەموو حەشاشییەکان بەڕێوەبەرێت (بۆزوورگ ئۆمید) بوو کە ڕاستەوخۆ دوای حەسەن سەباح بووە دەسەڵاتدار ناوبراو سەرکردەی قەڵای لەمسەر بوو لە ئێران. دوای ئەم حەشاشییەکان بە چەندین بارودۆخی دژواردا تێپەڕبوون دواهەمینییان هێرشی مەغۆلەکان بوو بۆ سەر ئێران و عێراق و شام. کە بەشێکی زۆری قەڵاکانیان ڕوخێنران لە لایەن لەشکری هۆلاکۆ. کە دواهەمین قەڵایان بریتیبوو لە قەڵای لەمسەر کە ساڵی ١٢٥٧ کەوتە دەستی مەغۆلەکان بەمەش حەشاشییەکان لە ئێران کۆتاییان هات. بەڵام لە شام و خاکی پیرۆز نزیکەی ٢٠ ساڵی تر بەنهێنی و خۆحەشاردان بوونیان مابوو پاشان کە هیچ هیوایەک نەما ئەوانیش لە ناوچوون.