بنەماڵەی مێدچی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-16-23:34:00 - کۆدی بابەت: 11201
بنەماڵەی مێدچی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێدچی (بە عەرەبی: میدیشي، بە ئینگلیزی: Medici) بنەماڵەی دەسەڵاتداری شاری فلۆرەسی ئیتاڵیا بوون. بەوە ناسراو بوون کە سیستمی بانکی و شێوازی نوێی بازرگانیان داهێنا. ماوەی دەسەڵاتیان لە سەدەی ١٣ دەستی پێکرد تا سەدەی ١٨ بەردەوام بوون کە دەکاتە ساڵانی ١٤٣٤-١٧٣٧. ئەم بنەماڵەیە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە شۆڕشی ڕۆشنگەری ناسراو بە (ڕێنیسانس) لە شارەکەدا کە لە هەموو بوارەکانی ئەندازە، هونەر، ئەدەب، پزیشکی و زانستەکانی تر، هەوڵی پێشخستن و بوژاندنەوەی شارەکە و هەرێمەکانی دەسەڵاتی خۆیان داوە. لە پاڵ ئەوەی ئەم خێزانە زیاتر کاری بازرگانیان کردووە لە هەمان کاتدا چوار پاپای کاسۆلیک لەم بنەماڵەیە دەرکەوتوون کە ئەوانیش (لیۆی دەیەم، کلێمێنتی حەوتەم، پێوی چوارەم، لیۆی ١١).

سەرەتای بنەماڵەی مێدچی

سەرەتای دەرکەوتنی بنەماڵەی مێدچی بەپێی تۆمارە مێژووییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢ کاتێک ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە لە گوندی (توسکان) لە هەرێمی کافاجێلۆ بە سەرۆکایەتی (جیامبۆنۆ دی مێدچی) کۆچییان کرد بۆ فلۆرەنس و لەوێ خەریکی کاری بازرگانی و بانکی بوون لەگەڵ ئەوەشدا دامەزرێنەری یەکەم زنجیرە بانکی بازرگانی بوون لە ئیتاڵیا و ئەورووپا. کە بە شێوەی پێدانی قەرز و سیستمی (سوو) کاریان دەکرد. واتا کاتێک کەسێک بڕە پارەیەکی وەردەگرت دەبوو لە ماوەیەکی دیاریکراو پارەکە بگێڕێتەوە ئەگەر نا سوو دەچووە سەر پارەکە و ڕێژەی قەرزەکە بەم جۆرەی لێ دەهات (سوو دەچووە سەر سوو) ئەگەر کەسێک ١٠٠ لیرەی قەرز کردبێت بە ڕێژەی ١٠٪ سوو دەچووە سەری کە دەبوو لەماوەی شەش مانگ یان ساڵێک پارەکە بگێڕێتەوە بانک. واتا پارەکە دەبووە ١١٠ لیرە بەڵام کە دەڵێین سوو دەچێتە سەر سوو ئەوا ١١٠ لیرەکە دەبێتە ٢٢٠ لیرە! ئەمە تەنها وەک نموونەیەک. 

بەم جۆرە پێگەی خۆیان لە فلۆرەنس پتەو کرد. ئەوەی وایکرد جێگەی ڕەزامەندی خەڵکی فلۆرەنس بن ئەوەبوو کە کاری خێرخوازییان دەکرد و یارمەتی هەژارانیان دەدا. لە هەمان کات باڵەخانە کۆنەکانیان نۆژەن دەکردەوە. پڕۆژەی خزمەتگوزاری زۆریان بنیات نابوو لەسەر ئەرکی خۆیان. لەو ساتانەی نەخۆشی بڵاو دەبووەوه هەڵدەستان بە دابین کردنی پزیشک و نەشتەرکار و دەرمان لەسەر ئەرکی خۆیان. 

ئەو کاتەی بنەماڵەی مێدچی هاتنە فلۆرەنس، شارەکە بچووک و وێران بوو بەڵام ئەمان لە ماوەیەکی کەمدا چەندین کۆشک و تەلار کە ناسرابوون بە (پلازا) دروستکرد، هەر ئەم دەست ڕۆیشتووییە وای کرد بتوانن دەست بەسەر هەموو شارەکەدا بگرن لە ڕووی بازرگانی و ڕامیارییەوە بەهێزبن. یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بەناوی جیۆڤانی دی مێدچی (١٣٦٠-١٤٢٩) خانەدانترین کەسایەتی شارەکە بوو. خاڵێکی تر وایکرد ئەم بنەماڵەیە بەهێزبن لە ڕووی پێگەی ئابووری، ئەوە بوو کە متمانەیان هەبوو لای خەڵکی شارەکە کاتێک کەسێک پارەی دەخستە بانکەکانیان پارێزراو بوو. 

لوتکەی دەسەڵات سەدەی ١٥

لۆرێنزۆ دی مێدچی (١٤٤٩-١٤٩٢) بە یەکێک لە دەسەڵاتدارە گرنگەکانی بنەماڵەکە دادەنرێت، ماوەی دەسەڵاتی لۆرێنزۆ هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشی نوێگەری لە ئەورووپا کە چەقی شۆڕشەکە زیاتر لە ئیتاڵیا بوو لە نێو ئیتاڵیاش لە فلۆرەنس و ڤێنسیا کاریگەرییەکانی بەدەرکەوتن. لۆرێنزۆ گرنگی زۆری بە هونەر و ئەدەب و ڕامیاری دەدا بەتایبەتی کاتێک دەسەڵاتی وەرگرت لە بەردەم جەماوەر بەڵێنی دا کە خزمەت بە هەموو چینەکانی فلۆرەنس بکات. پلانی لۆرنزۆ ئەوەبوو منداڵەکانی لە بوارەکانیان سەرکەوتووبن ئەوە بوو جیۆڤانی کوڕی بوو بە پاپا کە بە (پاپا لیۆی دەیەم) ناسراوبوو 

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فلۆرەنس (دزە ڕاستگۆکان و بکوژەکان)

لەنێو فلۆرەنس لە پاڵ پێشکەوتنەکان هەمیشە ڕووداوی سەیروسەمەرەش ڕوویان دەدا، یەکێک لەو شتانەش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی شارەکە بوو کە دەستەیەکی تاوانکاری بوون پروپاگەندەی سەیریان بڵاودەکردەوە لەسەر مێدچییەکان کە دەبووە هۆی کوژرانی ئەندامانی خێزانەکە کاتێک دەهاتنە ناو جەماوەر. ئەم دەستەیە پەیوەندیان بە کوشتن و تەنانەت کۆتایی هاتنی بنەماڵەکەوە هەیە، ئەم ڕووداوە لەلایەن کۆمپانیایەکی بواری پەرەپێدانی یاری ڤیدیۆیی باسکراوە لە یارییەکدا کە ناوی (Assassin´s creed II) یە. بەهۆی ئەو پروپاگەندانەوە چەندین جار لە فلۆرەنس و توسکانسی ڕاپەڕین دژی مێدچییەکان کراوە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامەکانیان کوژراون هەندێکجار پێشەوایانی بنەماڵەکەش کوژراون یان بە سەختی بریندار بوون. 

کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی مێدچییەکان

لە سەدەی ١٨ ڕێژەی نێرینەکانی بنەماڵەکە بە هۆکاری جیاجیا کەم بوونەوە بنەماڵەکەش پەرتەوازە ببوو بەهۆی ئەوەی جیا لە ئیتاڵیا بنەماڵە ئیتاڵیەکە تێکەڵ بە بنەماڵەی پاشایەتی فەڕەنسا ببوو (کاسرین دی میدچی) هاوسەرگیری لەگەڵ شازادەیەکی فەڕەنسی کردبوو. واتا هۆکاری لە ناوچوونی بنەماڵەکە زیاتر بەهۆی ئەوە بوو زۆر فراوان ببوو و کەسێکیش نەبوو وەک ڕێکخەر.

لەگەڵ ئەوەشدا داڕمانی خەزێنەی بانکەکانی مێدچی و کەم بوونەوەی ژمارەی دانیشتووان بەهۆی نەخۆشی کە نزیکەی ٥٠٪ دانیشتووانی فلۆرەنس کەمی کرد و ٤٠٪ داهاتی مێدچییەکانیش لە ناوچوو. جگە لەوەش بەردەوام کودەتا بەسەر بنەماڵەی مێدچی کراوە لەلایەن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فلۆرەنس. لە ڕووی ئاسایش و ئارامیشەوە بارودۆخی شارەکە تەواو تێکچووبوو چونکە ڕێژەی بەکرێگیراوی کەسایەتیە خانەدانەکان و دز زۆر ببوون ئەمەش وای کردبوو دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچێت و دەسەڵاتدارانی شارەکە نەتوانن چارەسەری دۆخەکە بکەن. 

کۆتا دەسەڵاتداری فلۆرەنس کە لە بنەماڵەی مێدچی بوو بریتیبوو لە جیان گاستۆن دی مێدچی و کۆتا سەرداری بنەماڵەکەش بریتی بوو لە ئانا ماریا لویسا دی مێدچی. جیان گاستۆن لە ١٧٣٧ کۆچی دوایی کرد بەهۆی نەخۆشی. ئانا ماریا لە ساڵی ١٧٤٣ کۆچی دوایی کرد. بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەکە هات کە چەند سەدەیەک حووکمیان کرد.


سەرچاوەکان

121 بینین