چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی خاوەن پرسە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-03-20-20:58:00 - کۆدی بابەت: 11208
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی خاوەن پرسە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مردن (بە عەرەبی: موت، بە ئینگلیزی: die)، بەشێکە لە ژیانی هەموو مرۆڤێک و هەمووان زوو یان درەنگ ڕۆژانی خەماوی لە ژیاندا ئەزموون دەکەین، هاودەردی و سەرەخۆشیکردن و بەشداریکردن لە مەراسیمی پرسەدا، ئادابی خۆی هەیە کە زانینی گرنگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی ئازیزێکیان لەدەست داوە و یارمەتیدانیان زۆر گرنگە.

لە پرسە چۆن مامەڵە بکەین؟

١-بەشێوەیەکی دروست سەرەخۆشی بکەن

سەرەخۆشیکردن یەکێکە لە ئادابەکان کە دەبێت جێبەجێ بکرێت بۆ دڵدانەوەی ئەو کەسەی پرسەی هەیە.

٢- بە خاوەن پرسە مەڵێن کۆتا خەمتان بێت

ئارەزووی باش بکەن بۆ کەسانی خاوەن پرسە و کاتێک ڕووبەڕوویان دەبنەوە، قسەی وەکوو کۆتا ناخۆشی و خەمتان بێت مەڵێن، لەبری ئەوە ڕستەی وەکوو خودا ئارامگریتان پێ بدات، خودا لەبەر ئارامگریتان پاداشتتان بداتەوە بڵێن. هەروەها واباشە کە نزای سەلامەتی و تەمەندرێژی بۆ خاوەن پرسە بخوازین.

٣-بە خاوەن پرسە مەڵێن مەگری

کەسی خاوەن پرسە بۆئەوەی ئارام ببێتەوە هەندێک کاردانەوەی وەکوو گریانی دەبێت تاکوو لە فشارە دەروونییەکەی کەمببێتەوە. بۆیە ڕێگری گریانیان لێمەکەن بەڵام ئەگەر کاردانەوەی وەکوو هاوار کردن و ئازاردانی خۆیان هەبوو، بیانوەستێنن و ڕێگایان پێ مەدەن.

٤-مەڵێن ژیانی ئەو دنیا باشترە

باشترە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی خاوەن پرسە ڕێز لەو ڕەنج و ناڕەحەتییە بگرین کە دەیچێژێت، قسەی وەکوو ئەوەی ئەو ئێستا لە جێگایەکی باشترە مەڵێن، چونکە ڕەنگە ئەو کەسە باوەڕی بە ژیانی دواتر نەبێت.

٥-مەڵێن ڕزگاری بوو لە ئازار و تۆ دەتوانی لە ژیان بەردەوام بیت

لەم ڕستەیە دووربکەونەوە، ڕەنگە بەڕای ئێوە مردنی کەسێک کە نەخۆشییەکی درێژخایەن و بەئازاری هەبووە ڕزگاربوون بێت و هۆکاری ئاسوودە بوونی بێت، دوای ئەوە کەسانی دوای خۆی بە ئاسوودەیی درێژە بە ژیانی ئاساییان بدەن، بەڵام ئەو کەسە ئازیزی لەدەست چووی ئەو کەسانەیە و بەدڵنیاییەوە هەبوونییان پێ باشترە لە نەبوونی کەواتە بەم شێوەیە هاوخەمی دەرمەبڕن.

٦-مەڵێن خەمەکان بەپێی کات لەبیر دەکرێن

ئەگەر بۆ هاوخەمی ئەوان بڵێن بەزوویی حاڵیان باشتر دەبێت و هەموو شتێک وەکوو پێشتری لێدێتەوە، واتا تۆ خەمەکەی ئەوانت پشتگوێخستووە، بۆیە پێویست ناکات ئەمەیان پێ بوترێت، بەڵکوو دەرفەتیان پێ بدرێت کە خۆیان لەوە تێبگەن و لە پرسەدا نەمێنن.

٧- بێدەنگ مەبن

خراپترین کار کە دەکرێت لەگەڵ کەسی خاوەن پرسە ئەنجامبدرێت، بە بێدەنگی مانەوە و قسە نەکردنە.

٨- قسەی ناپەیوەندیدار مەکەن

ئەگەر کەسی خاوەن پرسە باسی خەمەکەی بۆ کردن و قسەی کرد، هاوخەمی بۆ دەرببڕن و قسەکان مەگۆڕن قسەی ناپەیوەندیدار مەکەن.

٩- زیاتر گوێ بگرن لەبری ئەوەی زۆر قسە بکەن

گوێ لە قسەکانی کەسی خاوەن پرسە بگرن و ڕێگا بەو بدەن زیاتر قسە بکات، چونکە پێویستی بە قسەکردنە، کەواتە سەرەتا گوێ لە قسەکانی ئەو بگرن پاشان هاوخەمی بۆ دەرببڕن.

١٠- پرسیاری لێ مەکەن دەربارەی بڕیارەکانی بۆ داهاتوو

دوور بن لە پرسیاری وەکوو ئێستا دەتەوێت چی بکەیت؟ بڕیارت چییە بۆ داهاتووت؟ پلانت چییە؟، ئەو لە بارودۆخێکدا نییە بیر لە داهاتوو بکاتەوە و بڕیاری بۆ بدات.


سەرچاوەکان

73 بینین