ئەو فەرماندانەی لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاون

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-20-21:30:00 - کۆدی بابەت: 11209
ئەو فەرماندانەی لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو فەرماندانەی لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاون (بە عەرەبی: القادة الذين لم يهزموا أي معركة، بە ئینگلیزی: commanders who have not defeated any battle) بریتین لە دەستەیەک کەسایەتی سەربازی کە هەرگیز لەو جەنگانەی ئەنجامیان داون ڕووبەڕووی شکست نەهاتوونەتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وریایی و کارکردن بە بنەما سەربازییەکان و تێگەیشتن لە جوگرافیا و زانینی خاڵە لاوازەکانی دوژمن. 

ناوەڕۆک

گەر لە مێژووی مرۆڤایەتی وردبینەوە ئەوا هەندێجار بابەتی سەیر و سەمەرە دەبینین، بەتایبەتی لە بابەتی سەربازی و ژیانی کەسایەتییەکان. بە درێژایی مێژوو جەنگ و کوشتار هەبووە (سەن زوو) لە کتێبی (هونەری جەنگ) دەڵێت " جەنگ ئاگرە، ئاگریش دەست دەسوتێنێت" سەرەڕای ئەوەی هەمووان دەزانن جەنگ کاولکاری و نەهامەتییە بەڵام مرۆڤ خۆی لە جەنگ بێ بەری نەکردووە بە درێژایی مێژوو. زۆرێک لەو کەسایەتیانەی جەنگیان کردووە بە زیانی کەم و قوربانی کەم لە جەنگەکەدا سەرکەوتووبوون. ئەمەش بە هەموو کەسێک نەکراوە. لێرەدا باسی دەستەیەک دەکەین لەو فەرماندە سەربازیانەی کە بە زاراوەی سەربازی "O killed" یان (O Death) لە جەنگەکەدا دەربازیان بووە کە هەردوو وشەکە بەواتای ئەوە دێت ڕێژەی مردنی سەربازەکانیان هێندە کەم بووە بە سفر هەژمار کراوە. 

ناوی فەرماندەکان و جەنگەکانیان

ئەسکەندەری گەورە "ئەسکەندەری مەکدۆنی"

لە سەدەی چوارەمی پێش زایین ژیاوە، ئیمپڕاتۆر و سەرداری سەربازی مەکدۆنیا بوو کە ئیمپڕاتۆریەتێکی بەهێزی بنیات نا کە سنوورەکەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا تاوەکوو هیندستان دەگرتەوە. ئەسکەندەر بەوە ناسراو بوو کە جەنگی دژی فارسەکان کردووە و تێکی شکاندوون، بەتایبەتی لە جەنگی "گۆگمێلا" یان "ئەربێلا" لە خاکی باشووری کوردستان و ناوچەی بادینان. هەروەها جەنگەکانی هیندستان بە گرنگترین جەنگەکانی ژیانی ئەسکەندەر دادەنرێن. ئەو سوپایەی ئەسکەندەر خۆی سەرکردایەتی کردبوو هەرگیز تووشی شکست نەبووەتەوە. 

سکیپۆ ئەفریکانۆس 

ئەفریکانۆس جەنەڕاڵێکی سوپای ڕۆم بووە هەرگیز ڕووبەڕووی شکست نەهاتووە لە ماوەی خزمەتی سەربازیدا چ وەک سەرباز و چ وەک پلەداری سەربازی. ئەفریکانۆس لە سەدەی دووەمی پێش زایین ژیاوە. گرنگترین جەنگەکان کە تیایدا فەرماندە بووە (جەنگی ڕۆم-سووریا، جەنگی زاما، جەنگی تیکانوس، جەنگی مەگنێسا، جەنگی پەنیکی دووەم).

خالیدی کوڕی وەلید 

خالید ئەو ناوەی لای هەموو موسڵمانێک ئاشنایە، ساڵی ٥٩٢ لە مەککە لە دایکبووە، سەرەتا بێ باوەڕبووە و لە جەنگی ئوحود دژی موسڵمانان شەڕی کردووە و سەرکەوتوو بووە. پاش باوەڕهێنانی بە خوای تاک و تەنها و ئایینی ئیسلام شمشێرەکەی لە خزمەتی ئیسلامدا بەکارهێناوە. خالید دژی سوپای ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمی بێزەنتی و ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی شەڕی کردووە  توانیویەتی  هەردوو سوپا تێکبشکێنێت. هەر سوپایەک خالید سەرکردایەتی کردبێت ئەوا لەو جەنگەدا سەرکەوتووبوون. 

موهوالی "موخالی"

فەرماندەیەکی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل بووە، ساڵی ١١٧٠ لە دایکبووە، ساڵی ١٢٢٣ کۆچی دوایی کردووە. موهوالی سەرەتا دوژمنی جەنگیزخان بووە. لە جەنگێکدا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە و توانی هێزەکانی جەنگیزخان شکست پێ بهێنێت. پاش لەناوچوونی هۆزەکەی "موهوالی" بڕیاریدا خزمەت بە جەنگیزخان بکات و هەرگیز خیانەتی لێ نەکات. موهوالی تاکە سەرداری ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆلەکان بووە کە هیچ جەنگێکی نەدۆڕاندووە. لە هەموو جەنگەکانی جەنگیزخان بەشداری کردووە بەتایبەتی جەنگەکانی دژ بە (جین) بە گرنگترین بەشدارییەکانی موهوالی دادەنرێت. 

تاریقی کوڕی زیاد 

تاریق کوڕی زیاد سەرکردەیەکی تری موسڵمانە کە حووکمی ئەندەلوسی کردووە و لەهیچ جەنگێکدا شکستی نەهێناوە. تاریق لە سەردەمی دەوڵەتی ئومەوییەکان ژیاوە و ئاڵا و پەیامی ئیسلامی گەیاندە ئیسپانیا کە ئەو کاتە بە ئەندەلوس ناسراو بوو. گرنگترین جەنگ کەتیایدا فەرماندە بوو (جەنگی هیسپانیا) کە توانی لەشکری دوژمن تێکبشکێنێت. لە جەنگەکەدا زیانێکی زۆر بەر مەسیحییەکان کەوت و چەندین سەرکردە و فەرماندەیان کوژران و لەشکری موسڵمانانیش بە زیانێکی کەم سەرکەوتن. ناوی (شاخی تاریق) کە دەکەوێتە خوارووی ئیسپانیا لە نێوان مەغریب و ئیسپانیایە لە ناوی تاریقی کوڕی زیادەوە هاتووە.

ئەلیکساندەر سوڤۆرۆڤ 

ئەلیکساندەر سوڤۆرۆڤ ١٧٣٠-١٨٠٠ یەکێکە لە سەرکردە سەربازییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا کە بەشداری لە چەندین جەنگ لە جوگرافیای جیاوازدا کردووە بێ ئەوەی شکست بهێنێت. سوڤۆرۆڤ پلەی جنڕالیسمی هەبووە کە بریتیە لە بەرزترین پلەی سەربازی لە سەدەی ١٨یەم کە هەمان پلەی جەنەڕاڵ بووە بەڵام بە هەبوونی پێنج ئەستێرە و شانێڵێکی سەربازی. گرنگترین جەنگەکان کە تیایدا بەشداری کردووە (ڕووسۆ-تورکی یەکەم و دووەم، جەنگی کۆنفدراسیۆن، جەنگی پراگ و چەندان جەنگی تر).

لویس نیکۆلاس داڤۆت

لویس نیکۆلاس داڤۆت جەنەڕاڵێکی هێرشبەری فەڕەنسی بووە و خزمەتی بە ناپلیۆن پۆناپارت کردووە. لە ساڵی ١٧٧٠ لەدایکبووە و ١٨٢٣ کۆچی دوایی کردووە. ئەو جەنگانەی تیایدا بەشداربووە (شۆڕشی فەڕەنسا و ڕووخاندنی لویس، جەنگی میسڕ و سووریا، ئوڵم، واگرام، ئوسترلیتز، بۆردینۆ، هامبۆرگ و چەندانی تر).


سەرچاوەکان

287 بینین