کۆچی سیسلییەکان بۆ ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-20-22:09:00 - کۆدی بابەت: 11210
کۆچی سیسلییەکان بۆ ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆچکردن (بە عەرەبی: هجرة، بە ئینگلیزی: immigrate) بریتییە لە جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون بە هۆکاری سروشتی بێت یاخود بەهۆی جەنگ و ناسەقامگیری ئاسایش و داڕمانی ئابووری، بە مەبەستی دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام و ژیانێکی ئاسوودە کۆچ دەکرێت.

سیسیلیا

سیسیلیا نیمچە دوورگەیەکە دەکەوێتە خوارووی ئیتاڵیا، یەکێکە لە ناوچە گەشتیاری و پیشەسازییەکانی ئیتاڵیا. زەویەکی بەپیتی هەیە و شوێنی درەختی زەیتوون و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون. لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی بیستەم ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەم نیمچە دوورگەیە کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا و ئوستوڕالیا کە بەناوبانگترین کۆچ دادەنرێت لە مێژووی نوێدا.

ناوەڕۆک

لەوەتەی ژیان لەسەر زەوی دەستی پێکردووە کۆچیش هەبووە، هەر لە مرۆڤ و گیانداران و باڵندەکان بەردەوام لە کۆچدا بوون بەهۆکاری جیاواز. هەر چەندە لە کۆندا ژیان ساناتر بووە بەڵام هەلومەرجی ژیان لە شوێنێک باشتر بووە و لە شوێنێکیش خراپتر بۆیە ئەو کەسانەی لە بەشە خراپەکە بوون هەوڵیانداوە بە دوای ژیانێکی شایستەدا بگەڕێن، لەبەر ئەمە کۆچیان هەڵبژاردووە. جگە لەوەش ڕوودانی جەنگ و قەیرانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ڕووداوە سروشتییەکانی وەک زەمین لەرزە و لافاو بوونە هۆی شکستهێنان بە ژێرخانی ئابووری وڵاتەکان جا لەبەر ئەم شتانە بەردەوام مرۆڤ لە کۆچدا بووە. 

ئەوەی لای ئێمە ڕوونە کۆچی مرۆڤ لەگەڵ دۆزینەوەی جیهانی نوێدا ئەمریکا لە ساڵی ١٤٩٢ کاتێک کریستۆڤەر کۆڵۆمبسی دەریاوانی ئیسپانی خاکەکەی دۆزیەوە کۆچی بە کۆمەڵی ئەورووپییەکانیش دەستیپێکرد کە لە هەموو وڵاتانەوە بە کەشتی خەڵکی بۆ مەبەستی ژیانێکی شایستە کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا. هەندێک لە ڕێگەی کۆچدا مردن و لەبیرکران، بەڵام ئەوانەی گەیشتن بە خاکی نوێ چیرۆک گەلی سەیروسەمەرەیان بۆ کەسوکاریان دەنارد کە هێشتا بڕیاری کۆچیان نەدابوو. خەڵکی ئەورووپا بەگشتی لە ژینێکی خراپدابوون بەهۆی سەپاندنی باج و سەربازی ناچاری و زۆرلێکردن لە پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لەلایەن پاپاکانەوە. بۆیە بە هەزاران و سەدان هەزار کەس ڕێگەی ژیانێکی نوێیان گرتەبەر. 

کۆچی سیسلییەکان بۆ ئەمریکا

سیسلیا نیمچە دوورگەیەکە دەکەوێتە خوارووی وڵاتی ئیتاڵیا. ئەم نیمچە دوورگەیە بە درێژایی مێژوو گوزەران تێیدا خراپ بووە، بەهۆی ئەوەی بە دەست هەژاری و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان دەیان ناڵاند. لە ساڵی ١٨٦١ کاتێک ئیتاڵیا و هەرێمەکانی تر یەکیان گرتەوە و شانشینی ئیتاڵیای یەکگرتوو دامەزرا، خەڵکی سیسلیا زەرەرمەندی یەکەم بوون، حکوومەتی نوێ یاسای باج و سەربازی ناچاری سەپاند بەسەر خەڵکەکەدا کە بەشێکی زۆری لاوەکان نەیاندەتوانی لە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری یارمەتی خێزانەکانیان بدەن و بۆ حەوت ساڵ دەبوو خزمەت بە سوپا بکەن هەندێجار دەبوو زیاتریش خزمەت بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئیتاڵیا بە دۆخێکی ناسەقامگیری ئابووریدا دەڕۆیشت و گوزەرانی خەڵک لە تەواوی وڵاتەکەدا خراپ بوو. بۆیە وەک پڕبوونێک لە دەسەڵات سەرەڕای ئەوەی سیسلیا خاکێکی بەپیت و بەرەکەت بوو و زەوی زەیتوون و ڕۆن بوو لە نێو گوندەکان چەندین ڕەز و باخی دڵگیر و دڵڕفێن هەبوون کە سیمایەکی جوانیان بەخشی بوو بە دێهاتەکان. خەڵکەکە بڕیاری کۆچیان دا بە تایبەتی دوای ئەوەی خانمە شاعیرێک بەناوی "ئێما لازارۆس" چەند دێڕێکی نووسی لە ساڵی ١٨٨٣ و خەڵکی سیسلیا بڕیاری کۆچیان دا، لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بە خراپی دۆخی گوزارانی سیسلییەکانی کردبوو، ئاماژەی بە خاڵێکی تر دابوو کە ئەمریکا بێلانەکان و هەژارەکان دەگرێتە خۆی و ژیانێکی نموونەییان بۆ دابین دەکات.

سەرەتای کۆچی بە کۆمەڵی سیسلییەکان

لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠، گوزەرانی سیسلییەکان هێندە خراپ بوو بەتایبەتیش کاتێک چەندین ڕووداوی سروشتی ڕوویاندا وەک زەمین لەرزە لە ساڵی ١٩٠٦ نزیکەی ٩٠ هەزار کەس بەو ڕووداوە گیانیان لە دەستدا. پروپاگەندەکانی خەڵکی ئەمریکاش بەجۆرێک بوو کە ژیانیان شاهانەیە. بۆیە دەستیان بە کۆچی بە کۆمەڵ کرد کە کەشتییەکان لە پۆلێرمۆ و سیسلیا و ماسێنا دەستیان کرد بە گەشتەکانیان و خەڵک بە لێشاو دەڕۆیشتن تا بگەن بەو ژیانە شاهانەی هاونیشتمانی و ئەورووپییەکان لەوێ بانگەشەیان بۆ دەکرد. بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی لە ساڵی ١٩٠٦ نزیکەی ١٠٠ هەزار سیسلی کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا و تاکوو ١٥ ساڵ ٩٠٪ کۆچبەران کە دەهاتنە ئەمریکا بریتیبوون لە سیسلییەکان. ئەمەش ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزە.

کار و پیشەی سیسلییەکان لە ئەمریکا

کاتێک گەیشتن بە خاکی ئەمریکا بە ویلایەتە جیاوازەکاندا بڵاوبوونەوە، لە شاری نیویۆرک ناوچەیەکیان بۆ خۆیان دروست کرد شەقامی ٦٩یەم بەشی ڕۆژهەڵات کە بە شەقامی ئیلیزابێس ناسراوە شوێنی سیسلییەکان بوو و ناویان لێ نابوو "ئیتاڵیای بچووک" کە تا ئەمڕۆش ئەم شوێنە بوونی ماوە. لەم ناوچەیەدا سیسلییەکان هەموو کارێکیان دەکرد وەک پاککردنەوەی ماڵان، قاپ و جل شۆری، چێشت لێنان. گواستنەوەی کەلوپەل، بە گوێرەی دەقێک کە لە کتێبی Five families هاتووە دەڵێت "هەر کارێک مرۆڤ نەیکردبایە و لە توانایدا نەبایە، ئەوا سیسلییەکان بێ دوو دڵی لەبەرانبەر کرێیەکی کەمدا دەیان کرد تا خێزانەکانیان بژیەنن". بەشێکی سیسلییەکان کاری تاوانکارییان دەکرد کە خێزانێکیان بۆ خۆیان دروست کردبوو و بازرگانیان بە چەک و ماددەی هۆشبەر دەکرد یاخود قوماریان دەکرد. لەبەر ئەوەی لە ئەمریکادا هیچ یاسایەک بۆ ڕێگری لەو کارانە نەبوو بۆیە زۆربەیان لە ڕێگەی کاری نایاسایی بوون بە "دۆن" کە وشەیەکی سیسلییە و بە واتای باوکی ڕۆحی دێت، کاتێک کەسێک زۆر دەست ڕۆیشتوو بوو و پارە و سامانی زۆریشی هەبوو لە لایەن سیسلییەکان بە دۆن ناوی دەهێنرا. 

هۆکار چی بوو سیسلییەکان کاری نایاساییان هەڵبژارد بۆ باشکردنی گوزەرانیان؟

ئەم پرسیارە زۆر کەس دەیویست وەڵامەکەی بزانێت لەو کاتەدا بۆ کەسانی تر بە ڕێگای یاسایی دەوڵەمەند دەبوون بەڵام سیسلییەکان ئەو ڕێگا یاساییانەیان وەلاوە نابوو و بە کاری نایاسایی دەیان ویست دەوڵەمەندبن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت چاوێک بخشێنین بە هەردوو کتێبی "باوکی ڕۆحی" و کتێبی "پێنج خێزانەکە" کە هەردوو کتێب لە سەروبەندی کۆچی سیسلییەکان بۆ ئەمریکا نووسراون، باوکی ڕۆحی ڕۆمانێکە کە باس لە سەرەتای کۆچی سیسلییەکان دەکات بۆ ئەمریکا. نووسەر خودی خۆی سیسیلی بووە. هەردوو کتێب بیرۆکەکەیان لێک نزیکە باس لە کۆچ و بوون بە دۆنی سیسلییەکان دەکات.

هۆکاری ئەوەش کە کاری نایاساییان هەڵبژارد ئەوەبوو "پارەیان دەویست" دەیانویست خێرا ژیانێکی شاهانە بنیات بنێن بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان بە کاری یاسایی خەریک بوون فرۆشگا و خواردنگەیان بنیادنابوو پێشوازیان لە خەڵکی تر دەکرد و نزیکی کاری خراپ نەدەکەوتن یاخود بازرگانیان دەکرد لەگەڵ هاونیشتمانییەکانیان لە سیسیلیا وەک بازرگانی کردن بە تووتنی جگەرە و زەیتی زەیتوون و شەرابی ترێ. هەرچی دۆنەکانیش بوون جیهانێکی تایبەت بەخۆیان هەبوو کە لە سەرووی یاسابوون. دەستیان هەبوو لە بڕیارەکانی دادەوەر و سەرۆکایەتی ئەمریکا. بۆ نموونە لە شاری (نیو ئۆرلینز) لە وێستگەیەکی ترام ١١ سیسیلی کوژران هەر دوای ڕووداوەکە، تۆڵەی کوشتنیان کرایەوە لەبەردەم پیاوانی یاسا، ئەوانیش تەنها بینەربوون و نەیان دەتوانی هیچ بکەن لەبەردەمیاندا. 

ئەو شوێنانەی ئەمریکا کە سیسیلییەکان تیایدا نیشتەجێ بوون

  1. نیویۆرک، ناوچەی ئیتاڵیای بچووک. 
  2. شاری نیوئۆرلینز، لە بەشی فەڕەنسی شارەکە ناوچەیەک هەبوو ئیتاڵیەکانی لێ نیشتەجێ بوون کە بە نیوپۆڵیرمۆ ناسراوە. 
  3. شیکاگۆ، ناوچەی سیسیلیای بچووک. 
  4. سان فراسیسکۆ، کەناری باکوور ناسراوبوو بە زۆنی ترانکاریان کە دووبارە شوێنی سیسیلییەکان بوون. 
  5. بۆستن، شەقامی نۆرز ناسراو بوو بە ناوچەی سیسیلیا. 

کەم بوونەوەی ڕێژەی کۆچی سیسیلییەکان بۆ ئەمریکا

تا ساڵی ١٩٢٤ ڕێژەی کۆچ بەردەوام بوو بۆ ئەمریکا، بەڵام دوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنی کاروباری کۆچبەران کە لە ساڵی ١٩٢٤ دەرکرا لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە، ئیتر ڕێژەی کۆچی سیسیلییەکان کەمی کرد و لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان پاش وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمریکی و سامانێکی باش گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. لە ساڵی ١٩٢٤ بەپێی ئامارێکی فەرمی تەنها ٦٠٠٠ سیسیلی گەیشتنە ئەمریکا، کە پێشتر لە ساڵی ١٩٠٦ بە سەدان هەزار کەس دەگەیشتە سنووری ئەمریکا. 

جەنگی مافیاکان

جەنگی مافیاکان لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی پێکرد کە ئەویش لەلایەن "سیزار مانزێلا" یەکێک لە بازرگانە گەورەکانی ماددەی هۆشبەر کە پردێکی دروستکردبوو لە نێوان ئەمریکا و سیسیلیا بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر. کەسێکی دەست ڕۆیشتوو بوو یارمەتی دوو خێزانی تری دەدا (گرێکۆس) و (کالسیدۆنیۆ دی پیزا) کە هەردووکیان نەژادیان سیسیلی بوو لە هەوڵێکدا ویستیان تیرۆریان بکەن لە شاری میلانی ئیتاڵیا.

پاش ئەوەی گەڕایەوە ئەمریکا جەنگی دژی هەموو خێزانەکان ڕاگەیاند، بەمەش هەموو خێزانەکان کەوتنە خۆ پڕچەک کردن و پاراستنی ناوچەکانیان لە هێرشی خێزانەکانی تر. ئەم جەنگە بەردەوامی هەبوو هەتا ساڵی ١٩٦٨ کە حکوومەتی ئەمریکاش توانای چارەسەر کردنی نەبوو چونکە ئەم کەسانە وەک سەرۆکی وڵاتەکە وابوون یاسا بۆ ئەوان شتێکی بێ مانا بوو. جەنگەکەی مانزێلا ڕایگەیاند بارودۆخێکی ناسەقامگیری دروستکرد کە تۆڵەی کوژرانی هاوڕێکانی دەکردەوە بە دڕندانەترین شێوە. کەسانێک هەبوو تەنها جارێک لەگەڵ مافیاکان بینرابوو لەسەر شەقام هێرشی دەکرایەسەر و دەستڕێژی گولەی لێ دەکرا. یان فرۆشیارێک تەنها شتێکی بە خێزانێک فرۆشتبوو دەستڕێژی گولەی لێ دەکرا.

جەنگی ئەمریکا لەگەڵ خێزانە مافیاییەکان

ئەمریکا وڵاتێکی بێ یاسا بوو تا سەدەی بیستەم هەندێجار یاسا دەردەکرا بەڵام لەبەر ئەوەی کاری پێ نەدەکرا یان بە شێوەیەکی تر هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی نەدەگرتەوە کار بە یاساکە نەدەکرا. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم دۆخە ناسەقامگیرەی ئەمریکا کە بەهۆی (دۆن)ــەکان و بنەماڵەکان دروست ببوون بەتایبەتی بنەماڵەکانی نیویۆرک کە پێنج بنەماڵە بوون لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠کاندا کۆنگرێسی ئەمریکی یاسایەکی دەرکرد کە هەموو ویلایەتەکان پابەندی بوون ئەویش کوشتن یان دەستگیرکردنی دۆنەکان و سنووردارکردنی دەسەڵاتیان. بەم شێوەیە لە کۆتاییدا توانرا هەموو ڕێگەکانیان لێ بگرن و بە یارمەتی هەواڵگری CIA و پۆلیسی فیدڕاڵی FBI توانرا ڕێژەیەکی زۆر لە دۆنەکان بگرن و سزای توندیان بدەن کە هەندێکیان هەر لە زینداندا گیانیان لە دەستدا. کۆتا دۆن کە مرد لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو دوای ٤٠ ساڵ زیندانیکردن بە شێرپەنجە گیانی لەدەستدا. بەمشێوەیەش کۆتاییهات بە سەردەمی دەسەڵاتی پێنج بنەماڵەکە و کارە نایاساییەکانی دۆنەکان.


سەرچاوەکان

90 بینین