چۆن لەگەڵ مردنی دایک ڕابێم؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-03-27-22:01:00 - کۆدی بابەت: 11250
چۆن لەگەڵ مردنی دایک ڕابێم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن لەگەڵ مردنی دایک ڕابێم؟ (بە عەرەبی: كيف اتعود على موت الٲم، بە ئینگلیزی: How to Deal With the Death of a Mother)، بوونی دایک لە خێزاندا زۆر گرنگە و ئەو کەسەیە کە کاریگەرترین ڕۆڵی لە پەروەردە کردن و گەورە کردنی منداڵەکاندا هەیە، لە دەستدانی دایک ئازارێکی ڕۆحی و دەروونی بۆ بەجێماوەکان جێدەهێڵێت.

کاریگەری نەبوونی دایک لەسەر ئەندامەکانی خێزان

کاریگەری نەبوونی دایک لەسەر کچ

منداڵی کچ یان منداڵە کچەکانی کۆچکردووەکە، هاوخەم و هاوبەشی سۆزداری هەمیشەیی خۆیان لە دەست دەدەن و فشارێکی دەروونی زۆریان دەکەوێتە سەر، بەتایبەت ئەو کچانەی کە خوشکیان نییە، هەست بە تەنیایی دەکەن و نازانن خەمەکەیان لەگەڵ کێ بەش بکەن.

کاریگەری نەبوونی دایک لەسەر کوڕ

پەیوەندی نێوان دایک و کوڕ، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزە و دایک خۆشەویستی دڵی کوڕەکانییەتی، کوڕەکان ڕێز و خۆشەویستی زۆر لە دایکەوە وەردەگرن و بەهەمان شێوە دەیگەڕێننەوە، لەبەرئەوە ڕەنگە لەدوای نەمانی دایک لە پەیوەندی لەگەڵ خوشک و هاوسەر یان ڕەگەزی بەرانبەر زیانی بەر بکەوێت، بەهۆی بەراورد کردنیان بە دایکی.

کاریگەری نەبوونی دایک لەسەر باوک

بەگشتی دوای نەمانی دایک، باوک زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بەرانبەر خێزانەکە، دەکرێت پڕ فشار بێت بۆی، بەتایبەت ئەگەر باوک لە تەمەنێکی گەنج و مامناوەندا بێت، هەموو هەموو هەوڵی خۆی دەدات تا جێگای دایکیش بۆ منداڵەکان پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەگەر باوک بەتەمەن بێت، خەمی ئەوەی کە کەم توانایە بۆ خەمی لەدەستدانەکەی زیاد دەبێت، لەبەرئەوە دەبێت منداڵەکان ئاگایان لە باوکیان بێت و تەنیای نەکەن. 

چۆن لەگەڵ نەبوونی دایک ڕابێم؟

پرسەداری

کەسەکان لەدوای مردنی دایکیان، وەها شۆک دەبن کە تا ماوەیەک تەنانەت فرمێسکیش ناڕێژن، یان هەوڵ دەدەن نکۆڵی لێبکەن یان خەمەکەیان دەخۆنەوە، هەموو ئەو خەمانە پێویستیان بە بەتاڵکردنەوەیە، ئەگەر ئەوە ڕوونەدات و هەستەکان سەرکوت بکرێن، کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دەبێت، بۆیە گریان و بەتاڵکردنەوەی هەستەکان زۆر گرنگە.

نزیکبوونەوە لە ئەندامەکانی تر

کاتێک ئەندامێکی خێزان کۆچی دوایی دەکات، پێویستە ئەندامەکانی تر لەیەک نزیک ببنەوە، تاکوو بتوانن بەرگەی ئەو خەمە بگرن کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە.

قبووڵکردنی مەرگ

هەرچەند زووتر ئەوەی ڕوویداوە قبوڵ بکرێت باشترە چوونە سەر گۆڕی دایک، یادگارییەکانی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ قبوڵ کردنی ئەم خەمە هەرچەند قورس بێت.

ئاگاداری بارودۆخی جەستەیی خۆت بە

ئەو کەسانەی کە لەدوای لەدەستدانی دایکیان خواردن ناخۆن، نەک تەنیا زیان بە خۆیان و جەستەیان دەگەیەنن بەڵکوو زیان بە دەروون و تەندروستی چواردەورەکەشیان دەگەیەنن.

کات بدە بە خۆت

مەرگی ئازیزان بەتایبەت دایک، کۆستێکی دەروونییە کە ڕاهاتن لەگەڵی ئاسان نییە و کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە کات بە خۆتان یان کەسانی چوار دەورتان بدەن، هەتاکوو بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.


سەرچاوەکان

83 بینین