کەناڵی سپەیس توون

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-31-21:24:00 - کۆدی بابەت: 11271
کەناڵی سپەیس توون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

کەناڵی سپەیس توون (بە عەرەبی: قناة سبیستون، بە ئینگلیزی: Spacetoon channel) گرووپێک کەناڵی تەلەڤزیۆنی تایبەت بە منداڵانە کە بنکەی سەرەکی کەناڵەکە وڵاتی ئیمارات و شاری دوبەی. بەرواری ١٥-٣-٢٠٠٠ بۆ یەکەمجار پەخشی دەستی پێکرد و بەردەوامە. 

مێژووی دامەزراندن

دامەزراندنی کەناڵی سپەیس توون شۆڕشێکی گرنگ بوو لە دونیای ڕاگەیاندن بە گشتی و دونیای منداڵان بە تایبەتی. لەو سەردەمەی کەناڵەکەی تێدا دامەزرا لە ڕۆژاوا کەناڵەکانی پەخش کردنی کارتۆن و پرۆگرامی تایبەت بە منداڵ پێویستی بە بەشداریکردنی مانگانە و ساڵانە هەبوو، واتا هیچی بە خۆڕایی نەبوون. 

بەڵام دامەزراوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەحرەین لە ساڵی ١٩٩٩ کاتێک بیرۆکەی دانانی کەناڵێکی تایبەت بە پەخش کردنی کارتۆن و ئەنیمی دانا بە زمانی عەرەبی و لە هەمان کاتدا بەخۆڕایی ئەمە شۆڕشێک بوو لە دونیای ڕاگەیاندنی عەرەبی. هەر چەندە لە سەرەتادا سەرکەوتوو نەبوو بەڵام دوای ئەوەی بارەگای کەناڵەکه لە ڕێکەوتی ١٥-٣-٢٠٠٠ بردرایە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی، ناوی کەناڵەکە دەنگی دایەوە لە هەموو وڵاتانی عەرەب. 

تایبەتمەندی کەناڵەکە چی بوو؟ 

دیارە کەناڵەکە جیاوازی هەبوو لەگەڵ کەناڵەکانی تری تایبەت بە منداڵ لە وڵاتانی تر. یەکێک لەو شتانەی کەناڵەکەی پێ دەناسرایەوە پۆلێن کردنی (ئەنیمییەکان و کارتۆنەکان) بوو کە بە شێوەی هەسارە بوون (هەسارەی کۆمیدیا، هەسارەی سەرکێشی، هەسارەی ئەکشن، هەسارەی گوڵ "تایبەت بە کچان" و چەندان پۆلینی تر) تا بە ئاسانی بناسرێنەوە لەلایەن بینەرانەوە. 

خاڵێکی تری بەهێز، میدیاکە هەڵدەستا بە کڕینی ئەنیمی و کارتۆنەکان بە چەشنێکی تایبەت بە خۆی، واتا ئەو ئەنیمیەی لە سپەیس توون پەخش دەکرا جیاواز بوو لە ڤێرژنە ژاپۆنییەکە لە چەند ڕوویەکەوە، بە نموونە گەر کارەکتەرێک وروژێنەر بایە لە ڤێرژنە ژاپۆنیەکە ئەوا لە کەناڵی سپەیس توون جلوبەرگەکانی داپۆشراو بوون. یاخود گەر کارەکتەرێک ئاڵودەی خواردنەوە کحولییەکان بایە ئەوا لە کەناڵەکە چیرۆکەکەی گۆڕدرابوو بۆ شتێکی تر یان ئەم دیمەنە بڕدرابوو تا بە هیچ جۆرێک کاریگەری خراپ جێنەهێڵێت لەسەر منداڵ. 

بەرهەمە دۆبلاژ کراوەکان

هەر لە سەرەتای کەناڵەکە ژمارەیەکی زۆر ئەنیمی و کارتۆن بە بەرزترین کوالێتی دۆبلاژکران، و زۆربەی ئەو ئەنیمی و کارتۆنانە پەیامیان لەخۆ دەگرت، بە نموونە ڕێزگرتن لە گەورەکان لە کاتی قسەکردن، هەست کردن بە بەرپرسیارێتی، یارمەتیدانی دایک و باوک، ڕێکخستنی ژووری خەوتن، ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوە کاتێک لە قوتابخانە گەڕاینەوە، دابەشکردنی کاتەکانمان و چەندین بابەتی تری گرنگ. کاتێک دوو کارەکتەر بەیەکەوە دەدوان بە شێوازێکی وەها دۆبلێرەکان قسەیان دەکرد کە کاریگەری جێ دەهێشت لەسەر بینەران کە زۆر جار پەند و ئامۆژگارییان پێ دەوتین. 

کەناڵەکە بە چەند زمان پەخش دەکات؟ 

گرووپی کەناڵەکانی سپەیس توون پێکدێن لە کەناڵێکی عەرەبی و ئینگلیزی و ئەندەنوسی و ئۆکرانی واتا بە چوار زمان پەخش دەکات.

نموونەی هەندێک ئەنیمی و کارتۆنێک کە پەخشکراون لە ڕابردوودا 

  • عەدنان و لینا
  • گریندایزەر
  • دراگۆن بۆڵ
  • سالی
  • ڕیمی
  • کاپتن ماجد
  • لێکۆڵەر کۆنان
  • بنجامینی فیل
  • کیسەڵە نینجاکان
  • شیرفرۆش
  • بلێزنگ تینس
  • هەنتەر X
  • هەنتەر


سەرچاوەکان

194 بینین