چاندنی لوولپێچ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-05-21-15:23:00 - کۆدی بابەت: 11336
چاندنی لوولپێچ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی لوولپێچ (بە ئینگلیزی: cochlear implant، بە عەرەبی; زرع القوقعة) بریتییە لە نەشتەرکاری چاندنی ئامێرێکی ئەلکترۆنی بچووک کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەڕاندنەی هەستی بیستن بۆ کەسانی نابیست و ئەو کەسانەی بە زەحمەت توانانی بیستنیان هەیە بەتایبەت منداڵان. چاندنی لوولپێچ بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە ماوەیەکی زۆرە توانای بیستنیان لەدەستداوە یاخود ئاستی نابیستییەکەیان بەجۆرێکە تەنانەت بە یارمەتی ئامێری بیستۆکیش ناتوانن بە باشی ببیستن و لە قسەکان تێبگەن.

بە چەند بەش چاندنەکە ئەنجام دەدرێت؟

هەر چاندنێکی لوولپێچ دوو بەشی هەیە واتا بە دوو بەش کردارەکە ئەنجام دەدرێت:

  1. دانانی بەشێکی ئامێرەکە لە ژێر پێست: نەشتەرکار هەڵدەستێت بە دانانی بەشێکی ئامێرە سەرەکییەکە لە ژێر پێست لە بەشی پشتەوەی گوێ.
  2. دانانی بەشەکەی تری ئامێرەکە لە گوێدا: کەسەکە ئامێرێکی بۆ دەبەسترێت لە گوێیەکانی کە بەو بەشەی ئامێرەکە دەوترێت چارەسەرکەری قسە. ئەم بەشەی ئامێرەکە واتا چارەسەرکەر هەڵدەستێت بە گۆڕینی دەنگەکان بۆ نیشانەی کارەبایی و دواتر دەیان نێرێت بۆ بەشەکەی تری ئامێرەکە کە لە ژێر پێستی کەسەکە دانراوە.

ئامانجی چاندنی لوولپێچ چییە؟

چاندنەکە بۆ ئەوەیە ئەم نیشانە کارەباییانە بەکاربهێنێت بۆ هاندانی ڕاستەوخۆی بیستنە دەمارەکان، بەمشێوەیەش کەسەکە دەتوانێت گوێ بیستی دەنگ و قسەکان ببێت. دوای ئەوەی کرداری نەشتەرکارییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و کەسەکە ئەو دۆخەی تێپەڕاند، شارەزاییانی بیستن و نەخۆشییەکانی گوێ ئامێری چارەسەرکەر بە ئیش دەکەن و بەرنامەی چاندنی لوولپێچ دەخەنە ئیش. بە سەردانیکردنی چەند جارەی کەسەکە بۆ لای پزیشک، بەشی دەماخ و ناوچەی بیستنی کەسەکە دەتوانێت باشتر لێکدانەوەی نیشانە کارەباییەکان بکات.

مەبەست لە بەرنامەی چاندنی لوولپێچ چییە؟

دەستەیەکی پێکهاتوو لە پزیشکی نەخۆشییەکانی گوێ و بیستن، شارەزایانی بیستن و ڕاهێنەرانی ئەو بوارە، کەسانی تایبەتمەند و دەروونزان و هەروەها نەشتەرکار بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکدی بەشدار دەبن لەو بەرنامەیەی کە بۆ بیستنی کەسەکە دانراوە، بەرنامەیەکە بەشێوازێکی ورد و ڕێکخراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسەکە و ئەنجامدانی سەرجەم پێویستییەکانییەتی، و بەمەش یارمەتیدەری کەسەکە دەبن لە گەڕانەوەی توانای بیستن بۆی.

چۆن چاندنی لوولپێچ بۆ کەسانی نابیست دیاری دەکرێت؟

کەسانی نابیست پێش ئەوەی کردەی چاندنی لوولپێچیان بۆ ئەنجام بدرێت و نەشتەرکار هەڵبسێت بە کارەکانی خۆی، پؽویستە بە چەند پێوەرێک دا کەسی نابیست تێپەڕببێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئاخۆ ئەم کەسە دەکرێت کردەی چاندنی لوولپێچی بۆ بکرێت یاخود نا. بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دیاری بکرێت کەسەکە کۆمەڵێک هەڵسەنگاندنی گشتی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانجیان ئەوەیە باشترین شێواز دیاری بکەن بۆ باشترکردنی توانای بیستن یاخود گەڕانەوەی تونای بیستن بۆ نابیستان. بە گشتی ئەم هەڵسەنگاندنانە تا دوو ڕۆژ دەخایەنێت. 

لە هەنگاوەکانی کردەی هەڵسەنگاندن

ڕۆژی یەکەم، ئەنجامدانی پشکنینەکان

لێرەدا کۆمەڵێك پشکنین لە لایەن پسپۆڕی بیستن و نەخۆشییەکانی گوێوە دەکرێت، تەواوی پشکنینە پێویستەکان بۆ کەسەکە ئەنجام دەدرێت تا ئاستی نابیستییەکەی دیاری بکرێت. هەروەها توانای قسەکردنی کەسەکە، لە دوای ئەوەی بیستۆکی بۆ دادەنرێت و توانای بیستنی دەبێت، ئاسایی دەتوانێت قسە بکات یاخود کێشەی لە قسەکردن بۆ دروست دەبێت، ئەمانە هەمووی لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەکرێت بۆ ئەوەی لە سوودی چاندنی لوولپێچ دڵنیابنەوە و بزانن کە تا چەنێک یارمەتیدەری ئەم کەسانە دەبێت.

ڕۆژی دووەم، هەڵسەنگاندنی پزیشکی

ئەمەیان بریتی دەبێت لە ئەنجام دانی وێنەی زرنگانەوەی موگناتیسی MRI یاخود سیتی سکان CT scan، هەروەها ڕاوێژ دەکرێت بەو ستافە پسپۆڕەی نەشتەرکارییەکە ئەنجام دەدەن. ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی ستافی پزیشک و پسپۆڕان دڵنیاببنەوە لە رووی پزیشکی و تەندروستییە کەسەکە هیچ کێشەیەکی هەیە لەبەردەم کردەی چاندنی لوولپێچ یاخود نا.

کاتێک کەسەکە بە پاڵێوراو دانرا بۆ ئەوەی چاندنی لوولپێچی بۆ بکرێت پێویستە خاڵێکی تری گرنگ کە وەک کۆتا خاڵ دێتە پێشەوە ڕەچاو بکرێت، ئەویش بریتی دەبێت لە پشکنینی زیاتری توانای قسەکردنی کەسەکە و هەروەها هەڵبژاردنی باشترین ئامێری لوولپێچ، چونکە کۆمەڵێک جۆری جیاوازی ئامێر هەن و پێویستە پسپۆڕان و شارەزاییان بە وردی و بەپێی کەسەکان هەڵیبژێرن و دیاری بکەن.


سەرچاوەکان

34 بینین