كۆماری عێراق

له‌لایه‌ن: ئه‌حمه‌د تاڵه‌بانی - به‌روار: 2019-08-29-15:21:00 - کۆدی بابەت: 78
كۆماری عێراق

ناوه‌ڕۆك

كۆماری عێراق

کۆماری عێڕاق (عەرەبی: جمھوریة العراق) وڵاتێکە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. کۆماری ئێڕاق لە ساڵی 1921 دامەزراوە، لە سەرەتای دامەزراندنییدا لەسەر شێوازی سیستەمی حوکمڕانی پاشایەتی بوو، و لە ساڵی 1958 بە سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی تەممووز سیستەمی کۆماری بەرقەرار بوو.

لە ساڵانی 1958 بۆ 1968 چەندین کوودتای سەربازی لە ئێراقدا ئەنجامدران، کە دوایینیان کودەتای بەعسییەکان بوو. ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1968 تا 2003 دەسەڵاتی ئێراقی بە دەستەوە بوو.

ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق لە ساڵی 2003دا، بە خاڵی گۆڕان دادەنرێت لە ئێراقدا بەتایبەتی و ناوچەکە بە گشتی، ئەم شەڕە بوو بە ھۆی زیانێکی گیانی زۆر لە ڕێزی خەڵکی نەدەنیی ئێراقییدا، بۆشاییەک لە ئاسایشی ئێراقدا دروستبوو کە بوو بە ھۆی حاڵەتێکی نا ئاسایش و گرژ بێجگە لە ھەموو ئێراق بێجگە لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەمان کاتدا ھەندێک لەو بڕوایەدان ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ ئێراق ئەنجامی باشی ھەبوو ئەویش لابردنی ڕژیمی پێشووترە.

 

مێژووی عێراق

دەسەڵاتی سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان

سۆمەریەکان دەسەڵاتی زۆریان ھەبوو لە خوارو ناوەڕاستی ئێراقی ئێستادا، لە سەرووەش گەلانی تری لێ دەژیان. لە سەردەمی حامورابی لە 1750بۆ 1792پێش زاین لەگەڵ زۆربەی بەشەکانی تری یەکتریان گرت و بابلیشیان بە پایتەخت دانا، لە سەروشەوە ئاشوریەکان خەریکی بازرگانی بوون لەگەڵ ئاسیادا. لە 110-500 پێش زاین بابل بەڕێوە دەچوو لەلایەن ڕۆژ ھەڵاتە ئاسیایەکان، لە سەرو شەوە ئاشوریەکان دەمێکی باش دەسەڵاتیان ھەبوو تا ئەوکاتەی موسڵ لەلایەن بابلیەکان و مێدەکان (کوردەکان) لە ساڵی 612پێش زاین دەستی بە سەر دا گیرا.

دەسەڵاتداری ئێرانی

بابل لە ژێر دەسەڵاتی شایەتی ئێران دا بوون تا ئەو کاتەی ئەسکەندەری گەورە گرتی و پایتەختەکەی لە ڕۆژ ھەڵاتی خواروی بەغدای ئێستا دا بوو.

گرتنی ئێراق لە لایەن عەرەبەوە

دوای وەفاتی پێغەمبەر موحەمەد لە ساڵی 632 خەلیفەی یەکەم ئەبوبەکر ھێرشێکی کرد دژی ساسانیەکان و رۆمە. ئەوە بوو خواروی ئێراقیان داگیرکرد. وە خالیدی کوڕی وەلید سەرکردەی ھێرشەکە بووە. لە ساڵی 634-644 زاینی لە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی دووەم ئومەر ھێزی خۆیان لەم دوو شارە کۆکردە بۆوە. موسڵیش لە ژێر دەسەڵاتی ساسانیەکان دەرھێندرا و لە نەھاوەندیش دۆڕان بەم شێوەیھعەرەبەکان دەسەڵاتیان لە ڕۆژ ئاوا و ناوە ڕاستی ئێران ھەبوو بێجگە لە تەواوی ئێراق. پەیوەندی لە نێوان عەرەبە مسوڵمانەکان و خەڵکی ناوچەکە پەرەیەکی باشی سەند.

ھاتنی ئەمەوییەکان بۆ عێراق

دوای کوشتنی خەلیفەی سێیەم ئوسمان لە ساڵی 656ئاڵۆزی پەیدا بوو لە ناو خەلیفەکاندا. لە بەسرا لە ساڵی 656کێشە دروست بوو لە ناو مسوڵماناند. ئیمامی ئەلی لە ساڵی 661دا شەھید کرا. ھەر دوای ئەو فەرماندەی موئاویە لە سوریا بانگەوازی خەلافەتی خۆی کرد، ئەو بوو بەیەکەم خەلیفە لە ئەمەویەکان کە پایتەختەکەی دیمەشق بوو. لە ساڵی 680یەزید ھاتە سەر حوکم دوای مردنی موئاویە ئەوەش بوو بەھۆی ناڕەزایی چەند گروپێک و کەسێک لەوانە کوڕی دووەمی ئیمامی ئلی، حوسێن، کە لە پێشەوەی نارەزایەکان بوو. لە کەربەلا ئیمامی حوسێن لەگەڵ نزیکەی 200ئەسحابە شەھید کران.

ھاتنی مەغۆلەکان

لە ساڵی1258 مەنغولەکان ھێزی داگیر کەری خۆیان بەرە و بەغدا کەوتونەڕێو داگیریان کرد. نەوەی جەنگیزخان، ھولێگو، دەستی کرد بەلەسێدارەدانی ئاخیر خەلیفەی عەباسی. وە مرۆڤی زاناولێزان، نیگار‌کێش، شائیر وە مرۆڤی بە دینی لەسێدارەدان ھەر‌وھا شتەکانی لێتێکدان. ئێراق بەڕێوە دەچوو لە تەورێزەوە لە ئێران. دوای سەرکردەی مەغۆل ئەبوسەئید لە ساڵی 1335مرد، فەرماندەی جەلایل دەسەڵاتیان گرتە دەست لە ئێراق تا ئەو کاتەی سەرکردەیەکی مەغۆلەکان تەیمورلەنگ بوو، بەغدای لە ساڵی 1401داگیر کردەوە. وە زۆر لە خەڵکانی ئەوێی لە سێدارە دان. لەماوەی ساڵی 1400دا ئێراق لە بارێکی سیاسی ئاڵۆزدا بوو لەروی ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتی.

سەفەوی و عووسمانی

لە سەرەتای 1500 ئێراق داگیر کرا لە لایەن تورکیاو فەرمانرەوای شیئەی تورکی (سەفەویەکان). لە ساڵی 1534 ئێراق داگیر کرایەوە لەلایەن ئیسلامە سونیەکانی ئوسمانی کە ئەستەمبوڵیان پایتەخت بوو. لە ئێراق سێ ناوچە دروست بوو بەغدا، موسڵ و بەسرا، کە بەڕێوە دەچوون لە لایەن سێ پاشاوە کە سوڵتان لە ئەستەمبوڵ بۆخۆی دەست نیشانی کرد بوون. بەڵام ئوسمانیەکان وڵاتەکەیان بەشێوەیەکی کەم وکوڕی و بێسەرو بەر بەڕێوە دەبرد بۆیە سەفەویەکان لە ساڵی 1623 توانیان ئێراق بگرنەوە. لە ساڵی 1638 دیسانەکە ئوسمانیەکان بە سەرکردەی ئوسمان مرادی چوارەم، ھەرسێک ناوچەکەیان گرتنەوە. ئوسمانیەکان لە ئێراق بوون تا ساڵی 1918 بەڵام لە زۆر کاتدا، وە لە زۆر شوێندا ناوچەی سەربەخۆ ھەبوو. لەوانە کوردەکان فەرمان ڕەوای بابان دەسەڵاتی خستە ژێر دەستی خۆی لە سەروی ئێراق لە کۆتای 1600 دا. لە ناوچەکانی بەسرا دا زۆر ناوچە بە دەست شێخەکانی ناوچەکە دا بوون. لە ساڵی 1704 حەسەن پاشا لە بەغدا سەرکردایەتیەکی ناوچەی دامەزراند، کە تا ساڵی 1831مایەوە.

لە کۆتای 1890 دا و لە سەرەتای 1900 کێبەڕکێی گرنگی بریتانیەکان و ئەڵمانیەکان لە ئێراق بوو. ئەڵمانیەکان رێگایان پێدرا بوو لە لایەن سوڵتانەوە لە ئەستەمبوڵ کە ھێڵی شەمەندەفەر ڕاکێشێ بۆ بەغدا. ئەوەش لە لایەن بریتانیەکانەوە وەکوو دژایە تیەک دەبیندرا دژی دەسەڵاتی خۆیان لە ھیند و ئەڤغانستان.

جەنگی جیھانی یەکەم و عێراق

بریتانیەکان لە شەڕی جەنگی جیھانی یەکەم وردە وردە ئێراقی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس لە ساڵی 1919 ئێراق بوو بە ژێر دەستەی بریتانیا. وە قەرارەکەش جێبەجێ کرا لە ساڵی1920. بریتانیەکان قەراریان دا کە ئێراق بکەن بەمەلیکیەت وە مەلیک فەیسەڵیان دانا. مەلیک فەیسەڵ کە ھاوپەیمان بووە لەگەڵ بریتانیەکان دژی تورکەکان. ناوچەی موسڵ بوو بە پرسیارێکی ئاڵۆز لە نێوان ئێراق و تورکیادا، بەڵام (نەتەوەیەکگرتووەکان) کردیان بە خاکی ئێراق لە ساڵی 1925. لە جیاتی ئەوە بریتانیا داوای لە ئێراق کرد لە قەرارێک کە لە ساڵی 1923 دا ئیمزاکرا بوو کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بریتانیا لەوێ بمێنێتەوە بەڵام دەیان ویست زیاد بکرێت بۆ 25 ساڵ وە پارێزگاری لە کوردەکان بکەن لە ئێراق. دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراق ھاتەدەستی عەرەبی سونی کە مایەتی، مەلیک فەیسەڵ سونی بووە و وە بوونی ئەو چۆتەوە سەر ئایلەی ھاشمی. عەرەبی شیئەی زۆرینە دەسەڵاتی لێ کەم کرایەوە لەروی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا بەڵام کوردە سونیەکەمایەتیەکان دەسەڵاتی سیاسی خۆیان پتەوتر کرد.

سیستەمی پاشایەتی عێراقی

سەربەخۆ بوونی مەلیکایەتی لە ئێراق لە ساڵی 1932 دانی بەرەسمی پێدانرا، لە ساڵی 1933 مەلیک فەیسەڵی یەک مردو کوڕەکەی غازی ھاتە جێگای ئەو. غازی کێشەیەکی گەورەی ھەبوو لەگەڵ کوتلە ئاینیەکان و کەمەنەتەوەیەکان. غازی لە کارەساتێکی سەیارە دا لە ساڵی 1939 گیانی لە دەست دا. کە فەیسەڵی دوو منداڵبوو بۆیە ئامۆزایەکی خۆی، ئەمیر ئەبدوڵڵا دانا بە مەلیک نوری سەئید کە ھاورێیەکی مەلیک فەیسەڵ بوو دەسەڵاتی وەزیرایەتی تەواوی لە دەست دا بوو لە سەردەمی مەلیکایەتیدا ئێراق یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی نەتەوەیەگرتووەکانی عەرەب لە ساڵی1945 وە ھەمان ساڵ بوو بە ئەندام لە ووڵاتە یەگرتووەکان.

ئێراق دژی پلانی دابە شکردنی فەڵەستین بوو لە ووڵاتە یەکگرتووەکان وە بەشداری بەھێزی چەکداری شەڕی عەرەب و ئیسرائیل کرد لە ساڵی 1948. بەرھەم ھێنانی نەوت زیادی کرد و بۆڕی نەوت بۆ لوبنان و سوریا دروست کران لە نێوان ساڵەکانی 1949بۆ1952, ئەوەش بۆ ھۆی پەرەسەندنی ئابوری ووڵاتەکە. ئەو ھێزانەی کە دژی ڕژێم بوون زۆر بەخێرایی لە زیاد بوون دا بوون، بەھۆی ناڕەزای دژی ڕژێم وە بەڕازی نەبونی ھاوبەشیکردنی ڕژێم لە پەیمان نامەی بەغدا لە ساڵی 1955. ھەروەھا لە بەر ئەوەی ڕژێمی نوری کەوتبۆ پارە خواردن و بەرتیل خواردن وە خەڵکی سیاسی دژ بە ئەو ئازارو ئەشکەنجە دەدران. لە ساڵی1958کودەتایەک دژی مەلیکایەتی فەیسەڵی دوو نوری سەحید بەرپا بوو کە ناوی بە شۆڕشی 14ی ئەیلول دانرا. لە کودە تایەکەدا مەلیک فەیسەڵی دوو، وە ئەمیر ئەبدوڵڵا کوژران وە نوری سەئید لە ڕێگای ھەڵاتن دا کوژرا.

سەردەمی کۆماری 1958

لە ساڵی 1958 سەردەمی مەلیکایەتی ڕوخاو دەوڵەتی ئێراق دروست بوو و ئەبدولکەریم قاسم ھاتە سەر حوکم. قاسم بانگەوازی بیروڕای ئازادی دەکردو پەیماننامەی بەغدای لە ساڵی 1959 ھەڵوەشاندەوە. قاسم، بارزانی بانگ ھێشت کردەوە بۆ خاکی ئێراق لە ووڵاتی دەربەدەری یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە. قاسم لە سەرەتادا ھاریکاری دەکرا لە لایەن عەرەبەکان و شوئیەکان ھەروەھا سەرۆک ھۆزەکانی کورد وەک بارزانی لە حکومڕانی خۆیدا. بەڵام ئەو ھاریکاریە زۆر تەمەنی کورت بوو. گرژی لە نێوان قاسم و بارزانی دا دروست بوو لە سەر بەڕێوە بردنی ئۆتۆنۆمی کوردستان. ھەروەھا لەگەڵ کۆمۆنیستەکان بارو دۆخی ئاڵۆز بوو تاوای لێھات قاسم لەکودەتایەکی سەربازی لە ساڵی 1963 دا کوژرا. حکومەتێکی تازە بە سەرۆکایەتی ئەبدولسەلام ئارف ھاتە سەر حوکم. ئەبدولسەلام ئارف لەکارەساتێکی کۆپتەردا لە ساڵی 1966 دا کوژرا. جەنەڕاڵ ئەبدولرەحمان ئارف کە برای ئەبدولسەلام بوو ھاتە جێگای ئەو. لە ساڵی 1968 ئەبدولرحمان لە کودەتایەک دا لە سەر حوکم لابردرا.

ڕژێم بەعس

حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست و جەنەراڵ ئەحمەد حەسەن بەکر بوو بە سەرۆک کۆماری ئێراق. دروشمی حزبی بەعس ئەوە بوو«یەکێتی حزبی سۆسیالیستی عەرەبی بوو، لە دویشدا نیشتیمانی عەرەبی قسەی سەر زاریان بوو. دان پێدانان بەڕەسمی بەمافەرەواکانی کورد و ناوچە کوردیەکان، ئەوە بوو بەیانی 11 ئازاری 1971لێ کەوتەوە، بەڵام ڕژێمی بەعس لە پەیمانەکانی خۆی پاش گەز بۆوە پەیمانی جەزائیریان لە ساڵی 1974 مۆر کرد لەگەڵ ئێران. لە پاش مردنی (کوشتنی) ئەحمەد حەسەن بەکر لە ساڵی 1979سەددام حوسێن ھاتە سەر حوکم، کە دەمێک بوو دەسەڵاتی سەرەکی لە دەست دابوو.

ڕاپەرینی کوردەکان و شیعەکان

لە خواروی ئێراقەوە شیئەکان و لە کوردستانیشەوە کوردەکان ھەلیان قۆستەوە بە کزبوونی ڕژێم و دەستیان کرد بە ڕاپەڕین. لە کوردستان لە 5 ی مانگی 3 ی 1991 گەلی کورد بە ھاوکاری پێشمەرگە ڕاپەڕینی خۆیان دەست پێکرد لە شاری ڕانیەوە. گەلی کورد ئەوەندە تامەزرۆی ئازادی بوو یەکگرتنەکی تەواوی خەڵکانی گرتپۆوە، ھەمووی یەک دەنگ یەک ھەڵوێست بێ ئەوەی بیر لە تەسکایەتی حزبی یان کەسایەتی بکاتەوە. دروشمی خەبات و ئازادی بوو بۆ کوردستان. بۆ ماوەیەکی کەم گشت ناوچە کوردیەکان ئازاد کران بە کەرکوکیشەوە. بەڵام بە داخەوە ئەم ئازادیە زۆری نەخایەند. ڕژێم ڕوی تێکردین و دۆستانیش چاویان نوقاند و ڕویان لێ وەر‌گێراین.

کۆڕەوی 1991

ڕژێمی بەغدا لە خواروی ئێراقەوە کەوت بۆ سەر گیانی شیئەکان و کوشتن و برین و بەکۆمەڵ کوشتن. لە خووارو ڕاپەرینی شیئەی تواندەوە و ھەموو ھێزەکەی خۆی کۆکردەوە بۆ سەر کوردستان، بەکۆپتەرو تۆپ و لەشکرەوە ھێرشی ھێنا، ئەوە بوو کۆڕەوە بەکۆ‌مەڵەکەی چەند ملیۆنی لێ کەوتەوە. دەتوانین بڵێین خۆش بەختانە لەرێگەی میدیاکانەوە کارەساتە دڵتەزێنەکە گوێزرایەوە بۆ سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان لە گشت جیھاندا. ئەوە وای کرد کەھاوپەیمانەکان چاوی بەبەزەی خۆیان بکەنەوە و دەستی ڕەحمەت بۆ گەلی زوڵم لێکراوی کورد درێژبکەن. ھێزە ھاوپەیمانەکان دوو ھێزی دژە فڕۆکەیەکانی ئێراقیان دروست کرد، کە ئێراق نەتوانێ جموجۆڵی سەربازی و فڕۆکەیی لەم ناو چانەدا بەکار بھێنێ، ئەویش ھێڵی 32 لە خوارەوە، وە ھێڵی 36لە سەرەوە.

جوگرافیا

وڵاتی ئێراق رووبەرەکەی نزیکەی 453٫500 کم، شوێنێکی گرنگی ھەیە لە جیھانی نوێدا لەبەر ئەوەی شوێنێکی جوگرافی بایەخ داری ھەیە و دەروانێت بە سەر بەشی رۆژھەلاتی ناوچەی رۆژھەلاتی ناوەراست، ھەوەھا دەکەوێتە سەر پردێک زەوی ھەرسێ کیشوەرەکان بەیەکتر دەگەیەنێت ئەوروپا، ئاسیا، ئەفریقا، وە ئاسانترین شوێن و رێگای وشکانی و ئاوییە کە بە ناوچە ئاوەدانەکاندا دەروات، ئێراق بەشێکە لە ناوچەی یان لە رێگای (ھلال الخصیب) ئەم ناوچەیە دەست پێدەکات لە کەنداوی عەرەبی و پاشان پێچ دەخواتەوە بەرەو ئێراق و سوریا و فەلەستین و لوبنان و تا دەگاتە سەر دەریای سپی ناوەراست. لە سەردەمی مێژووی کۆندا ئەم ناوچەیە رێگای بە یەکگەیشتنی نەتەوەکانی رۆژھەلات بە ڕۆژاوا بوو. سەرەڕای پێشکەوتنی شارستانی و ھۆیەکانی گواستنەوە، ئێراق گرنگی و تایبەتمەندی شوێنی خۆی پاراست؛ لەبەر ئەوەی ھەموو رێگاکان لە ناوچەی کەنداو کۆدەبێتەوە وە ناوچەکانی باکورو رۆژھەلاتی کەنداوی عەرەب ناوچەی شاخاوی و سەختن سەرەڕای ئەوەی ناوچەیکەنداوی عەرەب شوێنێکی بازرگانی مامناوەندییە ئەویش لەبەر بوونی رێگاکانی ئاوی بەدەریای سوور و نۆکەندی سوێسدا. بەڵام باشووری ئێراق گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی بازرگانی یان بەناوچەیەکی (ترانسێت) ە سەرەرای گرنگی شوێنەکەی وڵاتی ئێراق لەرووی ئابوورییەوە بایەخی زۆری ھەیە چونکە مادەی سەرەتایی کانزایی زۆری تێدایە کە جیھانی نوێ پێویستییەتی، و ئێراق لەڕووی کشتوکاڵییەوە گرینگی خۆی ھەیە بەتایبەتی لە بواری چاندنی دانەوێلە (گەنم و جۆ)دا، سەرەرای بوونی چەندین جۆر کانزا و سامانی سروشتی تر.

سنوور

دەکەوێتە باشووری روژئاوای ئاسیا و باکووری روژھەلاتی نیشتمانی عەرەبی. تورکیا ئەکەوێتە باکوورییەوە و لای روژھەلاتی ئێرانە و ھەریەک لە سووریا و ئوردن و عەرەبستانی سەئوودی ئەکەونە ڕۆژئاوایەوە، و کووەیت و کەنداوی عەرەبی لە باشوورییدان.

 

 

كه‌ش و هه‌وا

لەکاتی ھەر لێکۆلینەوەیەکی ئاووھەوادا پێویستە رەگەزەکانی ئاووھەوا وەربگرین وەکو (گەرمی ,باران، با، پالەپەستۆ , شێ) بۆدیاری کردنی روخساری ئاووھەوای ھەرناوچەیەک وەھەر ھەرێمێکی جوگرافی. ھەندێک جارھۆکاری شوێن و دوورو نزیکی لە رووبەرە ئاویەکان رۆلی خۆی دەبینێ بۆ دەستنیشان کردنی جۆری ئاووھەوا لە ئیراقدا، پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە لەوەرزی ھاویندا پاشان نزم دەبێتەوە لە وەرزی زستاندا. بەرزی و پلەی گەرمی لەئیراقدا دەگەرێتەوە بۆچەند ھۆیەک وەک دووری شوێنەکەی لەرووبەرە ئاویەکان و نزیکی لە ھێڵی یەکسانی و درێژی کاتژمێرەکانی رۆژ کە لە ھەندێ رۆژەکانی مانگی تەممووز (14٫4) کاتژمێر و چوار دەقیقە دەبێت و ھەروەھا کەمی رێژەی شێ و ئاسمانی ساف (سامال). بەلام نزمی لەزستاندا دەگەرێتەوە بۆ و بەرزی ونزمی رووی خاکەکەی و سەرەرای کاریگەری پالەپەستۆ و پەستانی کەش کە کار لەئاووھەواکەی دەکەن لەم وەرزەدا. بەلام لەرووی باران بارینەوە کە جۆری بارانی گەردەلولە (بابۆران) و رێژەکەش جیاوازە ئەویش بەپێی ئەندازەی ھاتنی ئەو (نەوالە شێیانە). جیاوازی بەرزی لە ئاستی رووی دەریاوە کە رێژەکەی لەنێوان(10 – 100 سم) دەبێت ھەر چەندە بەرەو باکوورو باکووری رۆژھەلات برۆین بایەکەی لەجۆری باکوری رۆژئاوایە خێراییەکەی مام ناوەندییە بەدرێژایی رۆژەکانی سال، بەلام لەباشوردا جۆری بایەکە دەگۆرێ بۆ بای باشوری رۆژھەلات و ئیراق بەزۆری لەژێر پالە پەستۆی بەرزی نیمچە خولگەییە کە زالە بەسەر بیابانی گەورەی عەرەبی وە نابێ کاریگەری بەرزی ونزمی لەبیربکەین بەتایبەتی لەناوچە شاخاویەکاندا لەسەر ئاراستەی (با) و رێژەی باران و جۆری داباریندا. بۆیە ئاووھەوای ئیراق دەکەوێتە ژێرکاریگەری کۆمەلێک گۆراوی ئاووھەوای جێگیر و ناجێگیر کە ئەوانەی دەبنەھۆی جیاوازی ئاووھەوا لەزستانەوە بۆھاوین و لەباکورەوە بۆ باشوور.
 

دانیشتوان

کۆمەڵە ڕەگەزی و ئاینییە سەرەکییەکان لە ئێراقدا:
██ شیئەی عەرەب ██ سوننەی عەرەب ██ کورد ██ ئاشور ██ یەزیدی ██ تورکمان

بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئێراق 34٬768٬761 کەس بووە کە دەکاتە 0٫48 لەسەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مام‌ناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە 19٫9 ساڵە. ھەروەھا 66 لەسەدی دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین.[1]

مێژووی سەرژمێرییەکان

دانیشتوانی ئێراق لە سالی 1866 لە سەردەمی ئوسمانییەکان دواتر لە سالی (1905 و 1919) ھەندێک ھەول درا بۆ زانینی ژمارەی دانیشتوان لە ئێراقدا لە 1921 ھەروەھا 1923 ھەولێک لە ئارادا بوو بۆ زانینی ژمارەی دانیشتوان لە ویلایەتی موێل وەکو سەر ژمێر لە سالی 1927 سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام درا بەلام سەرکەوتوو نەبوو کە ژمارەی دانیشتوانی ئێراق لەو سەرژمێریەدا 2٫968٫000 کەس بوو، کە 1٫051٫000 کور بوو، و 1٫455٫000 کچ بوو، لە سالی 1934 دیسان ھەول درا سەرژمێری ئەنجام بدرێت وە ئەنجام درا بەلام نەک بە مانای سەرژمێری گشتی چونکە ئامادەکاری باش بۆ نەکرابوو، بەلام یەکەم سەرژمێری گشتی بەمانی سەرژمێری لە سالی 1947 ئەنجام درا ماوەی یەک مانگ بەردەوام بوو کە تێدا ژمارەی دانیشتوان نزیکەی (5٫000٫000) کەس بوو کە تێدا رێژەی گەشەی دانیشتوان 2٫6 بوو، دواتر بەرز بووەوە بۆ 3٫2 بەلام یەکەم سەرژمێری راست و دروست کە ئەنجام درا لە سالی 1957 بوو نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکرد ئەو کەموو کوریانەی کەلە سالی 1947دا ھەبوو چارەسەرکرا فۆرمەکانی بە زمانی (عەرەبی، کوردی، ئینگلیزی، تورکمانی، تورکی) چاپ کرابوو. دواتر لە سالی 1965 سەرژمێرییەکی تر ئەنجام درا کە زیاتر مەبەستێکی سیاسی لە دوواوە بوو بە تایبەتی لە کاتی یەکگرتنەوەی ھەرسێ ولاتی مێر و سوریاو ئێراق، ئەم سەرژمێرییە دوو سال پێش وادەی خۆی ئەنجام درا کە بە لۆژیکێکی (ئەقلیەت) شۆڤینیانە ئەنجام درا سەرەرای ئەوەی لەو سەردەمە بە تایبەتی لە دوای سالی 1961 شۆرشی کورد بەرپابوو کە بووە ھۆی دروست بوونی شەر ھەروەھا ئاوارە بوونی خەلکێکی زۆر، مەبەستی سەرەکیش لەو سەرژمێریەدا کەم کردنەوەی رێژەی کورد بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە نەتەوەکانی تری لێبوو وەکو تورکمان و عەرەب و کورد. کە رێژەی کورد بە جۆرێک کەم کرایەوە کەمتر لە 25 ٪ بوو، ھەروەھا بەشێک لە رێکەوتنامەی 11 ی ئازار لە سالی 1970 ئەنجام دانی سەرژمێری بۆ دیاری کردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان سەرەرای تەواو بوونی کارەکانی لیژنەی سەرژمێری وە مانگێک بەر لە ئەنجام دانی ئەم پرۆسەیە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار، ئەوەبوو لە سالی 1974 شەر دەستی پێکرد، لە سالی 1975 رێکەوتنامەی جەزائیر مۆر کرا لە نێوان حکومەتی شا و ئێراق لەو سەردەمەدا. پاشان شۆرەشی کورد تێکچوو وە زۆربەی گوندەکان تێک چوون چۆل کران وە خەلکەکە راگوێزرانەوە بۆ کۆمەلگا زۆرە ملێیەکان و خوارووی ئێراق، دواتر لە سالی 1977 سەرژمێری ئەنجام درایەوە کە لە کاتی شەرو بارودۆخێکی سیاسی نالەباردا بوو، دواتر دوای ھەلگیرسانی شۆرەشی ئێراق – ئێران، لە سالی 1987 سەرژمێری ئەنجام درا ئەوەبوو بارودۆخی کوردستان نالەبار بوو وە گوندەکانی کوردستان راگواسترانەوە کران بۆ کۆمەلگا زۆرە ملێیەکان، دوا سەرژمێریش لە سالی 1997 ئەنجام درا لەلایەن رێکخراوی خۆراکی جیھانی، ھەرچەندە سەرژمێرییەکی گشتی نەبوو کەمووکوری زۆریشی تێدابوو، بریار وابوو لە 2007 ئەنجام بدرێت سەرژمێری بەلام لەبەر بارودۆخی سیاسی ئەنجام نەدرا.

ژمارە ساڵ کوڕ کچ ڕێژەی گەشە
1 1947 2257 2559 2٫6
2 1957 3155 3144  
3 1965 4105 3954  
4 1977 6183 5817 3٫2
5 1987 8396 8475  

بە پێی ئەم خشتەیەی سەرەوە تێکرای زۆر بوون و گەشەکردن بەرەو سەرەوە دەروات لە زیاد بوون دایە لە 1947- 1957 (2٫6) بووە، دواتر گەیشتە (3٫2) لە (1977 – 1987) ھۆکارەکانی ئەم گەشە سەندنە سروشتیە بۆ جیاوازی لە نێوان رێژەی لە دایک بوون و مردووان دەگەرێتەوە. بۆ نمونە:لە سالی 1980 تاکو 1985 رێژەی لە دایک بوون 44٫000 بوو بەرامبەر رێژە مردن کە تەنھا 10٫000 بوو واتا زیاد بوونی سروشتی 3٫4 بوو، ئەمەش ژمارەیەکی بەرزە ئەگەر بەراوورد بکەین لەگەل ولاتانی تری عەرەبیدا لە (میسر- 2٫5)، لە (مەغریب – 3٫2)، لە (سودان – 3٫8)، (توونس – 2٫5)، (یەمەن – 3٫1)، (مۆریتانیا – 2٫8)، (لوبنان – 2٫4)، (سئودیە –6٫5)، (ئیمارات – 12 ٪)، (بەحرین – 14٫5)، تێکرای گەشەی سالانەی دانیشتوان. بەلام چری دانیشتوان لە ئیراقدا بەردەوام لە زیاد بووندایە. چری دانیشتوان لە سالی 1947 تەنھا 11 کەس بوو پاشان بەرز بووەوە بۆ 14 لە سالی 1957 دواتر 18 لە سالی 1965 پاشان 28 لە سالی 1977، 37 لە 1988، بەلام ئەم رێژەیە جیاوازی ھەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر.

پێکھاتەی تەمەنی دانیشتوان

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین سێ جۆر لە پێکھاتەی تەمەن دیاری بکەین:

  1. ئەوانەی کە تەمەنیان لە 15 سال کەمترە؛ ئەوەی یەکەم چینێکی بەکار بەرو مشەخۆرە بەلام ئەو رێژەیە واتا بە مانای کۆمەلگا لە باری لاوی دایە، تێکرای ژمارەکەی لە سالی (1987) 7٫381٫492 کەس بوو واتا 45 ٪ کۆی دانیشتوان ئەمەش رێژەیەکی بەرزە.
  2. ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان 15 تا 64 سالە؛ کە گرینگترین چبنەکانی کۆمەلگایە وە چینی بەرھەم ھێنە وە چینەکانی تر لە ئەستۆ دەگرێت ژمارەی لە سالی (1987) 8٫180٫261 کەس بوو واتا 50 ٪ کۆی گشتی دانیشتوان. بەلام ئەگەر بەراووردی بکەین لەگەل ولاتانی تری جیھان کە لە ھەندێک ولات دەگاتە 56 ٪ تاکو 60 ٪.
  3. ئەوانەی تەمەنیان لە 65 سال بەرەو سەرەوەیە؛ چینی سێیەم وەک چینی یەکەم چینێکی بەکار بەرە ژمارەیەکی زۆری لە ئافرەت و بێوەژن وپیرو پەک کەوتەی تێدایە، کە تێکرای ژمارەکەی لە سالی 1987 546٫665 کەس بوو واتا رێژەکەی 3٫3 ٪ ھەمووی دانیشتوانی ئێراق بوو، ئەم رێژەیەش کەمە ئەگەر بەراوورد بکەین لەگەل ولاتانی تری جیھان.

دابەش بوونی کارگێڕی

ئێراق دابەش دەبێت بۆ 19 ناوچەی کارگێڕی کە بە پارێزگا ناو دەبرێن، چوار لەم شارانە (سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجە) ئەکەونە ھەرێمی کوردستان لە ئێڕاقدا؛

  • بەغدا
  • سەڵاحەددین
  • دیالا
  • واسیت
  • میسان
  • بەسڕە
  • زی قاڕ
  • موسەنا
  • دیوانیە
  • بابل
  • کەربەلا
  • نەجەف
 


سەرچاوەکان

2182 بینین