ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2019-08-30-20:08:00 - کۆدی بابەت: 70
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بەئینگلیزی: United States of America، یونایتد ستەتیس ئۆف ئەمێریکا)، کۆمارێکی دەستووری فیدراڵییە کە لە پەنجا ویلایەت و یەک ھەرێمی فیدراڵ پێکھاتووە، زۆربەی خاکی ئەم وڵاتە لە ناوەندی ئەمریکای باکووردایە، ٤٨ ویلایەت و واشنتۆنی پایتەخت دەکەونە نێوان ئۆقیانووسی ئارام و ئۆقیانووسی ئەتڵەسی، لە باکوورەوە لەگەڵ کەنەدا و لە باشوورەوە لەگەڵ مەکسیکدا ھاوسنوورە، ویلایەتی ئالاسکا دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەمریکای باکوور، هەروەها ویلایەتی ھاوای کۆمەڵە دوورگەیەکە لە ناوەڕاستی زەریای هێمن، هەروەها کۆمەڵێک زەوی و دوورگە لە کاریبی و زەریای هێمن لەخۆدەگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1776 زایینی لەدوای یەکگرتنی ١٣ ویلایەتی داگیرکراوی بەریتانیا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، کە یەکەمینیان ویلایەتی ڤێرجینیا بوو، ئەم وڵاتە 9.83 ملیۆن کیلۆمتری چوارگۆشە پانتاییەکەیەتی و نزیکەی ٣٣٣ ملیۆن دانیشتوانەکەیەتی لە ساڵی ٢٠٢١، وا مەزەندە دەکرێ فرە ڕەگەزترین وڵاتی جیھانە و ئەم جۆراوجۆرییە بەرھەمی کۆچکردنی ئەندازەگەورەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وڵاتانی ‌ترە بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە جیھاندا و سیستمێکی سەرمایەداری تێکەڵ جێبەجێدەکات.

ڕووبەر 9,826,675 کیلۆمەتری دووجا
ڕێژەی ئاو 6.76
پایتەخت واشنتۆن
زمان زمانی فەرمی نییە (ئینگلیزی بەکاردێت)
خەڵکەکەی ئەمریکی
جۆری دەسەڵات کۆماری دەستووری سەرۆکایەتی فیدراڵی
سەرۆک جۆ بایدن
دەسەڵاتی بڕیاردان کۆنگرێسی ئەمریکی
ئەنجوومەنی باڵا ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا
ئەنجوومەنی پلەنزم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا
دراو دۆلاری ئەمریکی
هێڵی پەیوەندی فریاکەوتن ٩١١
نیشانەی وڵات هەڵۆی سەرسپی
ژمارەی پەیوەندی نێودەوڵەتی ١+

جوگرافیا

ئەم وڵاتە 9،826،900 کیلۆمەتری چوارگۆشە پانتاییەکەیەتی و پاش ڕووسیا و کەنەدا سێھەمین وڵاتی گەورەی جیھانە، پێکھاتووە لە 50 ویلایەت کە 48ـیان پێکەوە لکاون و ئەلەسکا و ھاوای لەوانی دیکە دابڕاون، بەشێک لە زنجیرە شاخەکانی ڕاکی لەلای ڕۆژئاواوە دێتە نێو ئەم وڵاتە و میسیسیپی درێژترین ڕووباری باکووری ئەمەریکا لەم وڵاتەدایە.

لە باکوورەوە دراوسێی کەنەدایە و لەسەر سنووری لەگەڵ ئەم وڵاتە تاڤگەی نییاگارا ھەڵکەوتووە کە ناودارترین تاڤگەی جیھانە، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە ئاتلانتیک و لە ڕۆژئاواوە دەگات بە ئەقیانووسی هێمن، لە باشوورەوە دەگاتە کەنداوی مەکسیک.

لەبەر فراوانی ڕووبەرەکەی خاوەن ئاووهەوایەکی جیاوازە و هەر ناوچەیەک بە شێوەیەک لە ئاووهەوا بەناوبانگە.

خاوەنی زیاتر لە ١٧ هەزار جۆر ڕووەکی Tracheophytaـین و زیاتر لە ١٨٠٠ جۆر ڕووەکی گوڵ لە هاوای بوونی هەیە، زیاتر لە ٤٠٠ جۆر لە شیردەرەکان و ٧٥٠ جۆر باڵندە و ٥٠٠ جۆر لە خشۆکەکان لەم وڵاتە بوونیان هەیە، لەگەڵ ٩١ هەزار جۆر مێرووەکان.

مێژوو

دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمەریکا و ھاتنی ئەورووپییەکان

دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمەریکا، پێیان وایە کە 1200 تا 1400 ساڵ پێش ئەمە لە کیشوەری ئاسیاوە ھاتوونەتە ئەم وڵاتە نوێیەوە، لە ڕاستیشدا نیشانەی شارستانییەتێکی کۆن لە قەراغ ڕووباری میسیسیپی دۆزراوەتەوە کە پیشەیان کشتوکاڵ بووە، ئەگەرچی پاش ھاتنی ئه‌وروپیه‌كان بۆ ئەم وڵاتە، بەھۆی ھاتنی نەخۆشییە نوێیەکان، ژمارەیەکی یەکجار زۆریان تیاچوون.

لە ساڵی 1492 دا کریستۆفەر کۆلۆمبس، گەشتیاری ناودار، کاتێک لە ژێر فەرمانی پاشای ئیسپانیادا بوو، گەیشتە دوورگەکانی کاڕائیب و لەوێدا بۆ یەکەم جار ئەورووپییەکان چاویان کەوت بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا، بەھۆی ئەوەی کە مەبەست لەو گەشتە، گەیشتن بە وڵاتی ھیند بوو، کاتێ گەیشتنە ئەو وڵاتە بە ھیندیان دەزانی و دانیشتوەکانی بە ھیندی ناسران، پاش ئەوە ھەر یەک لە وڵاتانی دیکە بە سووپایەکەوە لە گۆشەیەکی ئەو وڵاتە دادەبەزین و پارچەیەکیان دەکرد بە بەشی وڵاتی خۆیان، وەک ئیسپانیا، ھۆڵەندا، فەڕەنسا.

لە ساڵی 1732 ئەم وڵاتە بریتی بوو لە سێزدە ویلایەت کە داگیرکراوی بەریتانیای گەورە بوون، ھەر یەک یاسا و ھەڵبژاردنیان ھەبوو بەڵام لە کۆتاییدا ھەموو یاساکان لەژێر حوکمی بەڕیتانیادا بوون.

سەربەخۆیی

ئەو خاکەی ئەمڕۆ ناوی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدایە لە ڕابردوودا خاکی نەتەوەیەک بووە کە ناویان  هیندییە سوورەکان (sioux indian) بوو، ئەمریکا پێشتر 13 هەرێم بووە کە لە نێوان ئەم هێزانەدا دابەشکرابوو (ئیمپراتۆریەتی ڕووسی، بەریتانیا، ئیمپراتۆریەتی فەڕەنسی، هۆڵەندا، دانیمارک، ئیتاڵیا، ساکۆنی، پۆڵەندا، بەلجیکا، ئیسپانیا، پورتوگال..هتد) وە بەشێكی کەم هی ڕەش پێستەکان و هیندییە سوورەکان بوو.

ئەم جەنگە لە 1765 هەڵگیرسا لەلایەن 13 کۆلۆنییەکەی بەڕیتانیا دژی سیاسەتی کۆنگرێسی بەریتانیا و پەرلەمانی بەڕیتانیا، سەرەتا پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کە شۆڕشەکەیان جەنگی لێبکەوێتەوە و لە وشکانی و دەریاوە هێرش بکرێتە سەر ئینگلیز.

لە ساڵی 1768 بەرەی شۆڕش پێكهێنرا و چەکیان هەڵگرت و چەند شارێكیان گرتەوە، بە تایبەت بۆستن و نیویۆرک و بەرەی شۆڕش لە 18 یەکەی سەربازی پێكهاتبوو.

یەکەی یەکەم

بۆستن هۆرم، بەدەست ئەلیکرۆس گریکۆی ئیسپانی بوو کە توانی لە پەنەما دژی ئینگلیز لە دەریاوە شەڕ بكات و پاکی کاتەوە.

یەکەی دووەم

بەدەست ژەنەڕاڵی فەڕەنسی گغات فۆنس بوو کە تۆپخانە و هێزی پیادەی لەبەر دەست بوو، توانی دەوروبەری بۆستن داگیرکات.

یەکەی سێیەم

بە دەست بنیامین ئەمریکانۆ بوو کە هێزی تۆپخانە و ئەسپ سواری پێبوو لە دەوروبەری نیوجێرسی شەڕی کرد و داگیری کردن.

یەکەی چوارەم

بە دەست پۆرتگس هارۆل بوو کە ژەنەڕاڵێكی پرتوگالی بوو، لە دەریاوە هێزی وشكانی ئینگلیزی لاواز کرد.

یەکەی پێنجەم

بە دەست مانسۆن گریکۆی ئیسپانی بوو کە لەگەڵ هێزی شۆڕشی گەل بوو و پاڵپشتیان بوو.

یەکەی شەشەم

یەکەی شەشەمی بۆستن بە دەست ژەنەڕاڵ ماجۆر بنیامین بوو کە جولەکە بوو و بنکە سەربازیەکانی ئینگلیزی داگیرکرد لە دەرەوەی نیویۆرک، شۆڕش فراوان بوو تا لە 1774 توانیان گشت بەرپرسانی ئینگلیز لە کۆنگرێس دەربکەن، و بەریتانیاش لە 1775 جەنگی ڕاگەیاند کە پۆڵەندا و هیندەسوورەکان هاوپەیمانی بوون، بەڵام لە ڕووی هێزەوە بەڕیتانیا زۆر ناوچەی ستراتیژی لەدەستدابوو توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی نەمابوو، وە هەروەها بەریتانیا دەیزانی کە کۆتایی دێ بەڵام دەیویست جەنگەکە بە هێزی مرۆیی هیندە سوورەکان بکات و خۆی زیانێکی ئەوتۆی پێنەگات.

لە 1778 بەڕیتانیا هێزی دۆزەخی دەریا (مارشاڵ)ـی داوا کرد کە نیویۆرک بگرێتەوە، بەڵام مارشاڵ تەنها توانی لە دووری چەند میلێكەوە تۆپ بارانی نیویۆرک بکات، هەر لەم جەنگانەدا بەریتانیا 2 ملیۆن هیندی سووری جینۆساید کرد، هەر لەو ساڵەدا فەڕەنساش جەنگی ڕاگەیاند دژی بەریتانیا، لە 1781 بەڕیتانیا 45 هەزار سەربازی هێزی تایبەتی لەلایەن ژەنەڕاڵ جۆرج واشنتۆنەوە بە دیل گیران لە 1783 پەیمانی ئاشتی مۆر کرد، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزرا کە سەرەتا 13 ولایەت بوون، ئێستا ٥٠ ولایەتن، وە لەم جەنگەدا بنیامین فرانکلین ڕێكخراوی ماسۆنی بەکارهێنا بۆ لاوازکردنی ئینگلیز.

شەڕی ناوخۆ

لە کلتوری بڕێک لە ویلایەتەکانی باشووردا ڕاگرتنی بەندە باو بوو، بەڵام لە ویلایەتەکانی باکووردا وانەبوو، بۆیە کاتێک ئەبراھام لینکۆڵن، نوێنەری زۆربەی ویلایەتەکانی باکوور و نوێنەری کۆمارییەکان، لە ساڵی 1860دا بووە سەرۆک کۆمار، بانگەوازی لابردنی ئەو یاسا و کلتوورەیدا و ھەموو بەندەکانی بەپێی یاسا ئازاد ژمارد، ئەوە بووە ھۆی ئاڵۆزی نێوان ویلایەتەکانی باکوور و باشوور، لە ساڵی 1861 ئاگری شەڕی ناوخۆی ئەمریکا سازبوو کە تا 1886 درێژەی بوو و تێیدا 620 ھەزار کەس کوژران، بۆیە بە خوێنینترین جەنگی مێژووی ئەم وڵاتە دەناسرێت، لە ئاکامدا باکوورییەکان سەرکەوتن و بەردەداری بەپێی یاسا نەما، ئەو ئەفریقی-ئەمریکیانەش کە بە پێی یاسا ئیتر بەندە نەبوون، بوونە خاوەن مافی هاوڵاتیبوون و مافی دەنگدان.

جهنگی جیهانی یهكهم و دووهم 

لە جەنگی جیھانی یەکەمدا، لە ساڵی 1914 ئەمریکا بێلایەن مایەوە ئەگەرچی زۆربەی خەڵکی پاڵپشتی فەڕەنسا یان ئینگەلتەرایان دەکرد، لە ساڵی 1917 ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانی کرد بەڵام گرێبەستی کۆتایی شەڕ کە لە پاریس واژۆکرا پەسەندی نەکرد.

لە ساڵانی 1920دا چەرخی وڵاتەکە بەتایبەت دۆخی شارە گەورەکانی بە شێوەیەک بەرەو پێشەوە دەڕۆشت کە ئابووری وڵاتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بێھێزتر دەکرد، ساڵی 1929 سستی ئابووری ڕوویدا و تێیدا یەک لەسەر چواری خەڵک کار و پیشەی خۆیان لە دەستدا، بۆیە ئەو ڕووداوە بە سستی ئابووری گەورە دەناسن.

لە جەنگی جیھانیی دووەمدا ئەمریکا دیسان بێلایەن بوو بەڵام پاش داگیرکرانی پۆڵەندا لە لایەن نازییەکانەوە، ئەمریکا بە ناردنی پێداویستییەکانی شەڕ بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانی و دواتر، کە ژاپۆن ھێرشی کردە سەر شارێکی ئەمریکا، بە فەرمی بووە ئەندامی ھاوپەیمانان و تێکەڵ بە شەڕ بوو.

ئەمریکا یەکەم وڵات بوو کە دەستی گەیشتە چەکی ناوەکی و بۆ یەکەم جار لەسەر ھێرۆشیمای ژاپۆن تاقی کردەوە و شەڕەکە بە کۆڵدانی ژاپۆن کۆتایی ھات.

ئاکامی شەڕ ئەگەرچی بردنەوە بوو لە ئەوروپادا، بەڵام ئەمریکا دوورترین وڵات لە گەرمەی شەڕ بوو بۆیە بێ ئەوەی تووشی خاپووری و تێکچوونی ئابووری بێت بە درێژایی شەڕ گەشەی ئابووری ھەبوو، بە شێوەیەک کە پاش جەنگی جیھانی دووەم، ئەمریکا بووە زلھێزی ئابووری جیهان.

سەردەمی ھاوچەرچ

لە کاتی دەسەڵاتداری جۆرج بووشی باوک، ئەمریکا لە جەنگی کەنداودا بەشداریکرد، ساڵی 1998 کلینتۆنی سەرۆک کۆمار، توشی ڕیسواییەکی سێکسی بوو بەڵام لە دەسەڵات مایەوە، ساڵی 2000 پاش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کە دادگای باڵای ئەمریکا ڕای کۆتایی سەبارەت بە ئاکامەکەی دەڕبڕی، جۆرج بووشی کوڕ بووە سەرۆک کۆمار.

گرووپی ئەلقاعیدە لە 11ی 9ی ساڵی 2001، زنجیرە جوڵانەوەی تیرۆریستی لە شارەکانی نیویۆرک و واشینگتۆن ئەنجام دا کە نزیک بە 3000 کەس کوژراوی لێکەوتەوە، و  دوای ئەوە ئەمریکا بە ھاوکاری ناتۆ ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان و تاڵیبان، دەوڵەتی ئەوکاتی ئەفغانستان و پاڵپشتی فەرمیی ئەلقاعیدەی سەرەوخوار کرد، لە ساڵی 2003دا و ھەر لە کاتی جۆرج بووشی کوڕدا ئەمریکا لە درێژەی کێشەکانی لەگەڵ سەدام حوسەین سەرۆک کۆماری عێراقدا، بە ھاوکاری زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی دونیا ھێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە و دەسەڵاتی سەدامی ڕووخاند و عێراقی داگیرکرد.

حکوومەت و ڕامیاری

ویلایەتە یەکگرتووکان کۆنترین حکوومەتی فیدراڵە، حکوومەتێکی دەستوورییە کە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی بنیاتنراوە کە تێیدا تەنانەت مافی کەمینەکانیش لەلایەن دەستوور و یاساوە پارێزراوە، حکوومەت بەپێی یاسای بنچینەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە سەرەکیترین یاسای وڵاتە، لەسەر بنەمای جودایی ھێزەکان دانراوە.

لە سیستەمی فیدراڵی ئەمریکیدا، حکومەت بە سێ بەشی: ناوچەیی، فیدڕاڵی و ویلایەتەکان دابەشکراوە، بەشی ناوچەیی وەک شارەوانی ئەو ناوچە ئەرکەکانی خزمەتگوزاری لەئەستۆیە.

بەشی فیدڕاڵی خۆی لە سێ ژێربەشی دیکە پێکھاتووە:

  • دەستووری: پێکھاتووە لە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرەکان و ئەم ئەرکانەیان لە ئەستۆیە: پەسندکردنی یاسای فیدڕاڵی، ڕاگەیاندنی جەنگ، چاودێری بەشەکانی دیکەی حکوومەت و لێپرسینەوە کە لە ئاکامی ئەمەدا دەتوانن کەسانێک لە حکوومەت لاببەن.
  • جێبەجێکردن: سەرۆک کۆمار، سکرتێری گشتیی ھەموو ھێزە سەربازییەکانە، دەتوانێ پەسندکراوەکانی پەرلەمانەکان (پێش ئەوەی ببن بە یاسا) ھەڵوەشێنێتەوە، ھەروەھا دەتوانێ وەزیرەکانی کابینە ھەڵبژێرێت (پێویستی بە پەسندکران لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە ھەیە).
  • دادوەری: دادگای باڵا و دادگاکانی فیدڕاڵ کە سەرۆکەکانی لەلایەن سەرۆک کۆمار و بە پەسەندی ئەنجومەنی پیران دادەنرێ، چاودێری یاسا و چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەکەن.

لە ئەنجوومەنی نوێنەران ٥٣٥ کەس مافی دەنگدانی هەیە، ئەنجوومەنەکە ٤٣٥ نوێنەری ھەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە و ھەریەک نوێنەرایەتی ویلایەتی خۆیان بۆ ماوەی 2 ساڵ دەکەن، ژمارەی نوێنەرانی ھەر ویلایەتێک بە پێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ویلایەتە دادەنرێت کە ھەر ١٠ ساڵ جارێک ژمارەی دانیشتووان مەزەندە دەکرێت، بۆ نموونە چەند ویلایەت کە کەمینەن ژمارەی نوێنەرەکانیان ١ کەسە، و ویلایەتی کالیفۆرنیا بە تەنیا 53 نوێنەری ھەیە.

ئەنجومەنی پیران 100 سیناتۆری ھەیە واتە ھەر ویلایەتەک 2 سیناتۆری ھەیە، سیناتۆرەکان بۆ ماوەی لانی زۆر 6 ساڵ ھەڵدەبژێردرێن ئەگەرچی ھەر ساڵی نا ساڵێک یەک لەسەر سێی کورسییەکان دووبارە ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێتەوە.

ماوەی خزمەتی سەرۆک کۆمار 4 ساڵە و دەتوانێ ھەتا دووجار سەرۆک بمێنێتەوە، سەرۆک کۆمار بەڕای ڕاستەوخۆی خەڵک پەسند ناکرێت بەڵکوو لەلایەن لیژنەی ھەڵبژاردنەوە دەستنیشان دەکرێت، دادگای باڵای ئەمریکا خاوەنی 9 ئەندامە و بۆ ھەمیشەیە.

حیزبەکان

ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ زۆربەی مێژووەکەی خاوەنی سیستەمێکی دوو حیزبی بووە، ئەو دوو حیزبە ئەمانەن: حیزبی دیموکڕات کە لە ساڵی ١٨٢٤ دامەزراوە و حیزبی کۆماری کە لە ١٨٥٤ دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنەکانیشدا، نوێنەرانی ئەو دوو حیزبە وەک نوێنەرانی سەرەکی جەماوەر لە قەڵەم دەدرێن، تەنھا لە ساڵی 1912 دا بوو کە ثیۆدۆر ڕۆزفێڵت بووە سەرۆک کۆمار کە ئەندامی ھیچ یەک لەم دوو حیزبە سەرەکییە نەبوو و لە سەدا بیستی ڕای جەماوەری ھێنا. پاش ئەم دوو حیزبە گەورە سێھەمین حیزب، حیزبی ئازادیخوازەکانە.

لە کولتووری ڕامیاری ئەمریکادا، کۆمارخوازەکان زیاتر بە خۆپارێز (لایەنی ڕاست) دەناسرێن و دیموکراتەکان بە لیبڕاڵ (لایەنی چەپ) بەناوبانگن، ویلایەتەکانی باکوور-ڕۆژھەڵات و کەناری ڕۆژئاوا بە "ئاوی" و پشتیوانی دیموکرات و ویلایەتەکانی باشوور و زۆربەی ویلایەتەکانی ڕۆژئاوا "سوور" و پشتیوانی کۆمارخوازەکانن.

جۆ بایدن نوێنەری دیموکراتەکان، سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠٢١ ھەڵبژێردرا، ٤٦ـەمین سەرۆک کۆماری وڵاتە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا کۆنگرێس خاوەنی ٤٧ سیناتۆری دیموکراتە، 2 ئەندامی سەربەخۆ کە ھاوکاری دیموکرات دەکەن و ٥١ ئەندامی کۆمارخوازی ھەیە، هەروەها لە  نوێنەرەکان ١٩٣ ئەندامی دیموکرات و ٢٣٨ ئەندامی کۆماری هەیە و چوار کورسی بەتاڵە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریگەری ھەیە لەسەر دۆخی ئابووری، ڕامیاری و سەربازی جیهان، ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و شاری نیویۆرک خاوەن ماڵی بارگەی سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا، ئەندامی ھەردوو (G-7) و (G-20) و ھەروەھا ڕێخراوی ھاوکاری ئابووری و ئاوەدانییە، زۆربەی وڵاتانی جیھان لە واشنتۆن دی سی باڵوێزخانەیان ھەیە و بە ھەمانشێوە ئەمریکاش لەم وڵاتانە باڵوێزخانەی ھەیە، جگە لە ئێران و کوبا و کۆریای باکوور و بۆتان و کۆماری چین (تایوان).

ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تایبەتی ھەیە لەگەڵ بەریتانیا و پەیوەندییەکی بەهێزی ھەیە لەگەڵ کەنەدا، ئۆسترالیا، نیوزیلاند، فلیپین، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئیسرائیل و ھەروەھا چەن وڵاتێکی دیکەی ئەوروپی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ھەروا ھاوکاری تەواوی ئەندامانی ناتۆ لە ھەوڵە ئاسایشی و ئەمنییەکان دەدات، بەردەوام ھاوکاری وڵاتی کیشوەری ئەمریکا دەکات، بۆ نموونە ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادیان ھەیە لەگەڵ کەنەدا و مەکسیکدا.

ھێزە سەربازییەکان

سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ھەموو ھێزە سەربازییەکانە و وەزیری بەرگری لەلایەن ئەو دەستنیشان دەکرێت، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ھەموو ھێزە سەربازییەکانی لەژێر فەرماندایە: سووپا، ھێزەکانی دەریایی، چەکدارانی دەریایی و ھێزەکانی ئاسمانی، پاسەوانی کەنارەکان لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدایە لە کاتی ئاشتیدا بەڵام لە کاتی شەڕ دەڕواتە ژێر چاودێری ھێزی دەریایی.

لە ساڵی ٢٠٢١دا ھێزە چەکدارەکان ١,٣ ملیۆن کەسن، ھێزە پاشەکەوتکراوەکان و پاسەوانانی نەتەوەیی ١ ملیۆن و سەد هەزار کەسن.

خزمەتگوزاری سەربازی لە ئەمریکادا بە دڵخوازییە بەڵام لەوانەیە لە کاتی شەڕ ژمارەیەک نیشانکراو بخرێنە ژێر فەرمانی خزمەتی سەربازییەوە، ئەمریکا خاوەنی یازدە کەشتی فڕۆکەھەڵگڕی ھەیە، و لە تەواوی دونیادا ٨٥٦ بنکەی سەربازی هەیە.

ئابووری

ویلایەتە یەکگرتووەکان سیستەمێکی ئابووریی سەرمایەداری تێکەڵی ھەیە کە بە سەرچاوەی سروشتی فراوان و ژێرخانی بەھێز و کلتووری بەرھەمھێنەری دەوڵەمەندکراوە، بە پێی لیژنەی نەختینەی نێودەوڵەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە داھاتی ناپوختی 15.1 تریلیون، لە سەدا 22ی ھەموو داھاتی ناپوختی دونیای بەخۆی تەرخانکردووە.

هەریەک لە کەنەدا، چین، مەکسیک، ژاپۆن و ئەڵمانیا گەورەترین ھاوکارانی بازرگانی و ئابووریی ئەمریکان، و ئەمریکا گەورەترین هاوردەکەری کەلوپەل بۆ ناو وڵاتە و لە ھەناردندا پلەی دووەمی ھەیە،  لە ساڵی 2010دا زۆرترین ڕێژەی هاوردەی نەوت و زۆرترین ڕێژەی هەناردەی ئۆتۆمبێلی هەبوو، هەروەها چین گەورەترین قەرزڕاگری ئەمریکایە.

بەرھەمە کیماییەکان یەکێک لە گەورەترین کاروبارەکانی درووستکردنە لە ئەمریکا، ئەم وڵاتە سێھەمین بەرھەمھێنەری نەوتە لە دونیادا و ھاوکات گەورەترین هاوردەکەری نەوتیشە، پلەی یەکەمی ھەیە لە بەرھەمھێنانی کارەبا و وزەی ناوەکی و ھەروەھا گازی سروشتیی شلە، سولفور، فۆسفات و خوێ، لە ڕێژەی داھاتی ناپوختەی ناوەکی، کشتوکاڵ کەمتر لە یەک لەسەدا بەشیەتی، لە ھەمان کاتدا ئەمریکا گەورەترین بەرھەمھێنەری گەنمەشامی و گۆشتی وشکە، کۆکاکۆلا و مەکدۆناڵد دوو ناسراوترین خواردنەوە و خواردنەکانی دونیان کە لە ئەمریکادا هەن.

ژمارەی کرێکارانی ئەم وڵاتە لە 2019 دا 157میلیۆن کەس بوو، حکوومەت بە 21 ملیۆن کەس زۆرترین ڕێژەی بێکاری هەیە، خزمەتگوزارییەکانی تەندرووستی و  و کۆمەڵگای بە 16.4 ملیۆن کەس گەورەترین هەلی کاری تایبەتی ھەیە.

زمان

تا ئەم کاتەش زمانی تایبەتی و فەرمی نییە بۆ ئەمریکییەکان سەرەڕای ئەوەش کۆنگرێسی ئەمریکا بەھۆی زۆری قسەکەران بە ئینگلیزی، ئینگلیزی کردە زمانی سەرەکی وڵاتەکە.

سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا

سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ئێستا ٤٦ کەسایەتی بوونەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە دوانیان کوڕ و باوکن کە ئەوانیش جۆرج دەبلیوو بوش و جۆرج بۆش کە ھەردووکیان کاندیدی پارتی کۆماریەکان بوون، لە نێوان ٤٦ کەسایەتیەکە تەنیا یەکێکیان ڕەنگی پێستی ڕەشە ئەویش باراک ئۆبامایە کە کاندیدی پارتی دیموکرات بووە.


سەرچاوەکان



28889 بینین