گەرمی و پلەی گەرمی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-03-20:09:00 - کۆدی بابەت: 812
گەرمی و پلەی گەرمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

گەرمی و پلەی گەرمی (بە عەرەبی: الحرارة و درجة الحرارة، بە ئینگلیزی: Warmth and Temperatureگەرمی بریتییە لە گواستنەوەی وزە لە نێوان بەشەکانی تەنێک یان بریتییە لەو بڕە وزەیەیی کە لە تەنێکدا هەیە لە باری ئاسایی خۆی. پلەی گەرمی بریتییە لە پلەی هەستکردنی مرۆڤ لە هەوای سارد و گەرم یان ئەو وزەیەیی کە مرۆڤ هەستی پێدەکات لە ڕێگای هەستەوەرەکانی جەستەی پێی دەگوترێت (Sensible Heat) واتای گەرمی هەستپێکراو.

پێناسە و زاراوەکانی پلەی گەرمی

١- پلەی گەرمی هەرە بەرز
بریتییە لە بەرزترین پلەی گەرمی کە لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا تۆماردەکرێت.
٢- پلەی گەرمی هەرە نزم
بریتییە لە نزمترین پلەی گەرمی کە لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا تۆماردەکرێت.
٣- ماوەی گەرمی ڕۆژ
بریتییە لە جیاوازی نێوان بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمی لە ماوەی ڕۆژێکدا. کە لە ڕێگای ئەم هاوکێشەییە دەدۆزرێتەوە (بەرزترین پلەی گەرمی – نزمترین پلەی گەرمی).
٤- ماوەی گەرمی مانگ
بریتییە لە جیاوازی نێوان بەرزترین پلەی گەرمی و نزمترین پلەی گەرمی لە ماوەی مانگێکدا لە ناوچەییەکی دیاریکراودا. کە لە ڕێگای ئەم هاوکێشەییە شیکار دەکرێت (بەرزنرین پلەی گەرمی مانگێک لە ناوچەییەکی دیاریکراو – نزمترین پلەی گەرمی مانگ لە ناوچەییەکی دیاریکراو).
٥- ماوەی گەرمی ساڵ 
بریتییە لە جیاوازی نێوان تێکڕایی گەرمترین مانگی ساڵ لە ناوچەییەک لەگەڵ تێکڕایی ساردترین مانگی ساڵ لە هەمان ناوچەدا.
کە لە ڕێگای ئەم هاوکێشەییە شیکار دەکرێت (گەرمترین مانگی ساڵ لە ناوچەییەک – ساردترین مانگی ساڵ لە هەمان ناوچه).
٦- زیدەڕۆیی پلەی گەرمی
بریتییە لە تۆمارکردنی پلەی گەرمی هەرە بەرز یان پلەی گەرمی هەرە نزم. بۆنموونە بەرزترین پلەی گەرمی لە جیهاندا لە وێستگەی عەزیزییە تۆمارکراوە لە وڵاتی لیبیا لە ساڵی ١٩٢٢ کە (٥٨)° پلەی سەدی بووە، نزمترین پلەی گەرمی لە وێستگەی ڤۆستۆک تۆمارکراوە لە کیشوەری جەمسەری باشوور لە ساڵی ١٩٨٣ کە (٨٩,٢ -)° پلەی سەدی لە ژێر سفر بووە.

سیستمەکانی پێوانەکردنی پلەی گەرمی (Measurment Systems)

١- سیستمی سەدی (Selsius or Centigrade System)
ئەم سیستمە بۆ یەکەمین جار لەلایەن زانای سویدی Anderrs Celsius لە ساڵی ١٧٤٢ داهێنراوە، خاڵی بەستنی ئاوی  شیرینی بە (سفر)° سەدی داناوە و کوڵانی ئاوی شیرنی بە (١٠٠)° سەدی داناوە.
٢- سیستمی فەهرەنهایتی (Fahrenheit System)
ئەم سیستمە لە ساڵی ١٧١٤ لەلایەن زانای ئەڵمانی (Gabriel Fahrenheit) داهێنراوە، پلەی بەستنی ئاوی سوێری (٣٢)° پلەی فەهرەنهایتی داناوە و خاڵی کوڵانی ئاوی شیرنی بە (١٠٨)° فەهرنهایتی داناوە.
٣- سیستمی ڕەھا یان کڵڤن (Kelvin System
ئەم سیستمە لە ساڵی ١٨٤٨ لەلایەن زانای بیرکاری زان و فیزیکی ناسی بەریتانی (WilliaM . T . Kelvin) داهێنراوە. ئەم سیستمە پشتی بەستووە بە جوڵەی گەردیلەکانی ماددە، ئەو خاڵەی جووڵەی گەردیلەکانی سروشتی تیادا دەوەستێت (سفر = ٢٧٣)° پلەی کڵڤنە واتە لە سفر پلەی کڵڤنی پلەی بەستنی ئاوە، (٣٧٣)° پلەی کڵڤن پلەی کوڵانی ئاوە.

  • هاوکێشەی گۆڕینی سیستمی سەدی بۆ فەهرەنهایتی، ف= (س × ١,٨) + ٣٢
  • هاوکێشەی گۆڕینی سیستمی فەهرەنهایتی بۆ سەدی، س= (ف – ٣٢) ÷ ١,٨
  • هاوکێشەی گۆڕینی سیستمی سەدی بۆ کڵڤن، ك= س + ٢٧٣,١٥
  • هاوکێشەی گۆڕینی سیستمی کڵڤن بۆ سەدی، س= ٣٧٣,١٥ – ٢٧٣,١٥
  • هاوکێشەی گۆڕینی سیستمی کڵڤن بۆ فەهرەنهایتی، پلەی فەهرەنهایتی= (کڵڤن × ١,٨) – ٤٥٩,٦٧
  • هاوکێشەی گۆڕینی سیستمی فەهرەنهایتی بۆ کڵڤن، پلەی کڵڤن= (پلەی فەهرەنهایتی + ٤٥٩,٦٧) ÷ ١,٨

ئامێرەکانی پێوانەکردنی پلەی گەرمی Temperature Instruments

هەموو ماددەیەک بە گەرمبوونی گەردیلەکانی دەکشێت و بە ساردبوونەوەی گەردیلەکانی دەچنەوە بار یەک، جگە لە (ئاو) کە تاکە ماددەییە لە سروشتدا لە هەرسێ دۆخی (شلی و ڕەقی و گازی) بەدیاردەکەوێت. بیرۆکەی داهێنانی ئامێرەکانی پێوانەکردنی پلەی گەرمی دەگەڕێتەوە بۆ زانینی هاوکێشەی (کشانی فیزیایی ماددەکان) کە لە پێوانەی پلەی گەرمی بەکاردێن، بەڵام لە ناوچە ساردەکان لە جیاتی جیوە کحول بەکاردێت لە ئامێرەکان، چونکە درەنگتر دەیبەستێت. گرنگترین ئامێرەکانی پێوانەکردنی پلەی گەرمی بریتین لە:

  • تەرمۆمەتر
  • گەرمی پێوی تۆمارکەر (تەرمۆگراف)
  • گەرمی پێوی پلەی گەرمی هەرە بەرز
  • گەرمی پێوی پلەی گەرمی هەرە نزم
  • گەرمی پێوی شێدار
  • گەرمی پێوی پلەی گەرمی خاک
  • گەرمی پێوی تیشکی ژێر سوور بۆ پلەی گەرمی ڕووی زەوی

ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر دابەشبوونی گەرمی

١- تیشکی خۆر Solar Radiation
بڕێکی زۆر لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بە ھەر ناوچەییەک پلەی گەرمی ئەو ناوچەییە بەرزدەکاتەوە، بۆنموونە پلەی گەرمی لە نێوان ھەردوو خولگە بەرز دەبێتەوە بەھۆی زۆر بەرکەوتنی تیشکی خۆر، بەڵام لە ناوچە جەمسەرییەکان پلەی گەرمی دادەبەرزێت، بەھۆی کەم بەرکەوتنی تیشکی خۆر.

٢- دابەشبوونی ڕووبەری ئاوی و وشکانی Distribution of Water and Land
ڕووبەرە ئاوییەکان بە هێواشی وزەی گەرمی وەردەگرن و بە هێواشیش ئەو وزەیەی وەریانگرتووە دەیدەنەوە، بەڵام ڕووبەری وشکانی بە خێرایی وزەی گەرمی وەردەگرێت و بە خێرایش دەیداتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ:

  • تیشکی خۆر تا قوڵایی ٦٠ مەتر لە ئاودا دەچێتە خوارەوە، بەڵام لە ڕووبەری وشکانی لە ١ سانتیمەتر زیاتر نابڕێت.
  • ڕووبەرە ئاوییەکان ئەو وزەیەی لە تیشکی خۆر وەریدەگرن بەشێکی زۆری ئەو وزە گەرمییە بە فیڕۆ دەدەن لە ڕێگای کرداری بەهەڵمبوون، بەڵام ڕووبەری وشکانی ئەو وزەیەی لە تیشکی خۆر وەری دەگرێت هەمووی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی بەکاردێنێت.
  • وزەی گەرمی لە ڕووبەرە ئاوییەکاندا لە ڕێگای کرداری هەڵگرتن دەگوازرێتەوە کە خێراترە لە گەیاندن لە ڕووبەری وشکانی گەرمی پێ دەگوازرێتە.
  • گەرمی جۆری ئاو بەرزترە، گرامێک ئاو پێویستی بە یەک گەرمۆکە هەیە بۆ ئەوەی یەک پلەی گەرمی بەرز ببێتەوە، بەڵام خاک پێویستی بە نزیکەی (٠,٥) گەرمۆکە هەیە.

٣- تەوژمی زەریا Ocean Current
تەوژمە زەریاییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دابەشبوونی پلەی گەرمی، بەڵام ئەم کاریگەرییە تایبەتە بە ناوچە کەنارییەکان. تەوژمی ساردی زەریایی پلەی گەرمی ئاوی ئەو کەناراوانە دادەبەزێنێت کە بە نزیکیان تێدەپەڕن، بە پێچەوانەشەوە تەوژمە گەرمەکان پلەی گەرمی کەنارەکان بەرز دەکەنەوە.

٤- بەرزی لە ئاست ڕووی دەریا Sea Level Altitude
بە تێکڕایی بەرزبوونەوە بۆ (١٠٠٠) مەتر لە ئاست ڕووی دەریا، پلەی گەرمی (٦,٤٩)° پلەی سەدی دادەبەزێت، له هەوای وشک (٩,٨)° پلەی سەدی و لە هەوای شێدار (٥)° پلەی سەدی دادەبەزێت. ئەمەش بەهۆکاری دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی گەرمی هەوا کە گۆی زەوییە و کەمبوونەوەی توانای گڵدانەوەی گەرمی لە چینە بەرزەکان بەهۆی کەمبوونەوەی هەڵمی ئاو و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بە بەرزبوونەوە هەوا دەکشێت و وزەی ناو هەواش بەسەر ڕووبەرێکی فراوانتردا دابەش دەبێت و پلەی گەرمییەکەی کەم دەبێتەوە.

٥- هۆکاری ناوخۆیی Local Factors
وەکوو بەرگی ڕووەکی و ڕێژەی تیشکدانەوەی زەوی (ئەلبیدۆ).


سەرچاوەکان



10442 بینین